نووسینی: دوکتۆر مەحموود فەلەکی (محمود فلکی)
وەرگێڕانی: مریەم کاکەیی
نووسەر، ئەڵمانيا
………………………..

کاتێک لە کوڕە چوار ساڵانەکەی یەکێک لە دۆستانی پەنابەر دەپرسن: پەنابەر یانی چی؟
دەیوت: واتا دابەشکردن. هێندەی دایک و باوکی و هاوڕێ و ناسیاوەکانی لە هایمەکان* لە نێو سیرەی جۆراوجۆر باسی دابەشکردنیان کردبوو کە ئەو منداڵە لە پەنابەری تەنها دابەشکردن فێر ببوو. لێرە، واتا لە ئاڵمانیا، کاتێک کەسێک داوای پەناهەندەیی دەکات کەمتر روودەدات کە تا دیاریکردنی چارەنووسی، هەر لەوێ بمێنێتەوە، بە زۆری فڕێتدەدەنە شارە بچووکەکان یان دیهاتەکان. ئەم دابەشکردنە ڕەنگە چەندین جار ڕووبدات و چەندین هەیڤ بخایەنێت و ببێتە شێوەیەک لە هەوڵ و جیاکردنەوە. بەندە و خێزانەکەمیشیان دووای چەندین جار دابەشکردن، بۆ شارۆچکەیەکی بچوک لە نزیکی رووباری راین بەناوی ئاندرناخ Andernach دابەشکرد. کە خوا هەڵناگرێ شارێکی جوان بوو. نامەوێ بە وتن و وەسفی گەورەیی ڕووبار و جوانییەکانی سروشتی ئەوێ سەرتان بێشێنم بەتایبەت کە هەندێ لە هاوڵاتیان ئەڵێن کە هیچ نەبووە، خەریکە بە نیسبەتی ئاڵمانیاوە دەمارگیری پەیدا دەکات، مەگەر ئێرانی خۆمان لەم جوانییانەی کەمە؟ ئەمانیش ڕاست دەکەن. من خۆم خەڵکی باکوورم له نێو بوونی دەریا و جەنگەلدا گەورە بوومە و باڵام کردووە. لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکە سەرم دەچەمێنمەوە و ئاخیش هەڵدەکێشم بەڵام دەبێ دان بەوەدا بنێن کە هەر شوێنێک جوانی تایبەتی خۆی هەیە و لەگەل ئەوەيشدا نازانم بۆ سروشتی ئێرە ئەوەندە تەمیز و پاک و خاوێنە! لامەزهەبینە چما هەموو بەیانییەک سروشتیان بە شەونم ئووتوو دەکەن. بەڵێ… لەم شاری گوڵ و بولبولەدا، لەگەل خێزانم دوو سێ هەفتەیەک سووڕاینەوە، واتا هەر دەچویین بۆ لای رووبارەکە وپیاسەمان دەکرد. تەماشای ئەو گوڵانەمانە کرد کە لە هەموو شوێنێکدا بوون و زەردەخەنەمان گۆڕییەوە، بە نێو فرۆشگاکاندا گەڕاین تاکە شەقامەکەی شارەکەمان چەندینجار پێوا. تا ئەو ڕۆژەی کە نامەیەکمان بە زمانی ئاڵمانی پێنەگەیشتبوو، هەموو شتێک باش و جوان دەردەکەوت و وەک ئادەم و حەوا کە هێشتا لە بەهەشت بەدەرنەکرا بوون پیاسەمان دەکرد. لەم چەند هەیڤەدا کە سەرقاڵی دابەش بوون بووین، هێندەی لە شوێنی دابەشبوون، ئاماری دابەشبوون و ئێرانییە دابەشکراوەکان باسی گەرم و گوڕ و درێژخایەنمان لەگەل هاوڵاتییانی ئازیز هەبوو، هەر لە بیرمان چووبوو کە لە تاراوگەداین و بۆ هەناسەدانیش دەشێ زمانیان فێر بی. هەی دڵی غافیڵ! ئەمێستا چی بکەین! لە ئاڵمانیدا لە بناغەوە عەرەبین.* و هیچ ناسیاو و نەناسیاوێکی ئێرانیشمان تا مەودای پەنجا کیلومەترێ نەدەناسی. نە موڵەتی چوونە دەرەوەمان لە شار هەبوو تا یەکلابوونەوەی پەناهەندەیی، تەنانەت نە پارەشمان هەبوو بۆ سەفەر کردن. لە پڕ هەستمان کرد، خنکاوێکێ قوورتار بووین کە فڕێدراوینەتە دوورگەیەکی دوورکەوتوو و چوڵ و هوڵ. بەم شێوەیە غەریبی هاتە ئاراوە، هات و لە کانگای دڵماندا دانیشت. کەواتا غەریبی وابوو؟ کەوتبووینە نێو چ چاڵێکەوە، وەک ئەوەی بنی نەبێت و ئێمەش هەر بەرەو خوارەوە دەچووین. ئێ کۆچبەرییە و زۆرەملێ لە قەبووڵکردنی بارودۆخەکە. ئەوەی خەربزە ئەخوات دەبێ بەرگەی لەرزەکەشی بگرێت. خۆزگە تەنها لەرز دەبوو. ئاخە ئێمە پێی ڕاهاتبووین. کاتی ڕاکردن، لە سەر کێوەکانی تورکیا زۆر لەرزا بووین. نە تەنها لە سەرمانا، لە ترسی مەرزبانەکانیش، لە ترسی کەوتنەخوارەوەی بۆ نێو دەرەیەک کە لە تاریکیدا دەمە چەقیوەکەیمان نەدەبینی، لە ترسی قاچاخچییەکان کە ڕووتمان نەکەنەوە و بماندەنە دەس خواوە، بەرەڵامان بکەن. لەوێیش جارێکیان هەستێکی وامان هەبوو. واتا هەستمان بە تەنیایی دەکرد. کەواتە غەریبی هەمان تەنیایی بوو؟ لەبەرخۆوە وتم: کەواتا دەبێت زۆرێک لە وڵاتی خۆیانیشدا غەریب بن. کە نامەکەمان کردەوە، جگە لە ناوی خۆمان هیچ شتێکی دیکەمان بۆ ڕوون نەبوو. بە درێژایی ژوورە دوو مەتر و نیوەکەدا سەر و خوار دەهاتین و دەچووین. بە چی بکەم و چی نەکەم خۆم و خێزانەکەمم تووڕە کردبوو. لەپڕ خێزانەکەم هاواری کرد: دیکشنەری. بەڵێ فەرهەنگی وشەکان چارەسەرکەری هەر جۆرە کێشەی زمانەوانییە. ئارام بووینەوە. غەریبییەکە، هەندێ چنگەکانی لە ناقەڕەماندا شل کردەوە. لە کۆتاییدا دووای چەند کاتژمێرێک لە چالاکی فەرهەنگی زمانەوانەیی هەموو لەشم لە عارقا فیسا بوو. خێزانکەشم زوو زوو چای پێی هەڵدەقووڕاندم. بە هەندێک شت گەیشتم، (لە نێوان دوو کەوانەدا بە دزییەوە دان بەوەدا دەنێم، لە ڕاستیدا لەو سەردەمەدا ئێمە بە لاسایی سەبکی ڕۆژاواییەکان زیاتر قاوەمان دەخواردەوە، من زۆر حەزم لێی نەبوو، بەڵام خۆ هەر دەبوو بەشێوەیەک دەستمان پێ بکردایە. کەواتا ئەو وشەی “چای”یە لە ڕاستیدا هەر بوونی نییە، باشترە لە جیاتی وشەی چای قاوە بەکار بهێنرێت.) بەڵێ… وشە گیرەکە لە نامەکەدا وشەی Friedhof بوو. وتم ئەمە دەشێ لە دوو وشەی جیا پێکهاتبێت، لە Friedو hof . لە بەر ئەوەی کە( hof)م دەناسی. هێندەی کە لە Bahnhof .”وێستگەی شەمەندەفەر ” چاوەڕێی هاوڕێیان بووین. یان لە کاتی دابەشکردندا ئێمەیان بۆئەوێ برد تا سواری شەمەندەفەرمان بکەن. ئیتر وای بۆ دەچووم کە hof دەبێ وشەیەکی گرنگ بێت. بە یارمەتی فەرهەنگی وشەکان، ئاڵمانی بۆ فارسی کە دوواتر بۆم دەرکەوت کە بایی لەعنتێکی خواش نییە، مانای وشەکەمان دۆزییەوە. دیکشنەری وای فەرمووHof واتا حەوشە و Fried واتا ئاشتی ئاساییش. کەواتە Fridhofواتە حەوشەی ئاشتی، هەڵبەتە وشەی ” arbeiten ” واتا (کارکردن)یش لە تەنیشت ئەو وشە ئارام بەخش و ئاشتیخوازەدا هەبوو. لە پڕ کەیفخۆش بووم. کەواتا ئەوان بەمەیان زانیوە کە من شاعیرم و ویستوویانە من بۆ جێیەکی ئارام بنێرن کە بۆ خۆم کار بکەم. عەجەب میللەتێکی هونەردۆست و هونەرپەروەرن! لەبەر خۆوە وتم: لەو ئێرانە کەس درکی بە ئەرزشی ڕاستەقینەی من نەکردبوو. بەڵام لێرە؟ ئەی، ئەمەیە جیاوازی کلتووری پێشکەوتوو. کەواتە ئەو هەموو بەم داماوانە ئیمپریالیزم و داگیرکەر و زاڵممان دەوت، ڕاست نەبوو؟ ئەگەر ئیمپریالیزم ئەمەیە دەک بە قوربانی بم. ئەو شەوە بۆخۆمان ئاهەنگمان گێڕا و بە سەلامەتی Friedhofخواردمانەوە. بۆ بەیانییەکەی بۆ هەمان ئیدارە کە نامەیان بۆ ناردبووین و کار پەناهەندەکانێان جێ بە جێ دەکرد چووم. خۆم کەشخە کردەوە و لەسەر ڕاسپاردەی خێزانەکەم بۆنێکی زیاترم لە خۆم دا تا بزانن سەروکاریان لەگەل مرۆڤێکی ئاساییدا نییە، بەکورتی، لە نێو هالەیەک لە پاک و خاوێنی و بۆن و بەرامە و تازەیی روح، چووم بۆ ئەوێ. بەرپرسەکەی ئەوێ کاتێک شادمانی ڕەواڵەتی منی بۆ گەیشتنی نامەکە بینی، خۆشحاڵ بوو و بەپێچەوانەی ڕۆژی یەکەمی هاتنەکەمان میهرەبانتر دەردەکەوت. تەنانەت هەستم کرد کە چیتر چاوەکانی لە پشتی چاوێلکە بن ئیستکانییەکانیەوە خێل و خوار نابێتەوە. تەنانەت بۆم دەرکەوت ڕەنگی گلێنەکانی شینە. نازانم بۆ پێشتر گلێنەکانیم سوور دەبینی. زانیم کە ئەو بە تازەیی لە ئاستی هونەری من ئاگادار بووەتەوە. بۆ ئەوەی کە بە کابرا پێشان بدەم کە لە قسەکانی تێدەگەم چند ja, ja واتا (بەڵێ، بەڵێ)ی درۆیینەم بۆکرد، بە پێی نەریتی هەمیشەیی پەنابەرە زمان نەزانەکان. ئەویش ئادرەسی ئەو شوێنەی لەگەل نامەیەکی تردا دامی و ڕەوانەی کردم. هەستم دەکرد کە قاچەکانم بەر زەوی ناکەون. لەگەل ئەوەشدا کە دوو کاتژمێری تەواو بەملاو ئەولادا بۆ دۆزینەوەی ناونیشانەکە ڕاکە ڕاکم کردبوو هەر هەستم بە ماندوویەتی نەدەکرد. دوواجا زانیم کە مەودای شوێنی ئیدارەکە تا بەهەشتی بەڵێن پێدراوی من، تەنها یەک چارەک ڕێگا بوو و من دوو کاتژمێر بە دەوری خومدا دەخولامەوە. بە کورتی، گەیشتمە حەوشەی ئاشتی. لە سەر دەرگای چوونە ژوورەوەی ئەم حەوشە نووسرا بوو: Friedhof. هەڵە نەبووم. تا چاوم لە ئارای پەرژینەکانەوە کەوتە سەر ڕزە گوڵە جوان و ڕەنگاوڕەنگەکان کە بە ڕێک و پێکییەکی تایبەتەوە لە نێو باخچەکەدا چنرا بوون. چیتر ئەو هەندە گومانەشم کە لەسەر ئەم بابەتە هەبوو، نەما و بە خۆشحاڵی و فیکەلێدانەوە بەرەو ئەو ژوورە چکۆلەیە کە لەبەردەم دەرگای سەرەکیدا بوو چووم. ئەو پیاوە کە لە پشتی مێزەکەی ئەوێوە دانیشتبوو بە پێچەوانەی ئەوەی کە چاوەڕێم ئەکرد، پەست بوو. لەبەر خۆوە وتم: چارێ نامناسێت. کاتێک کە نامەکە و ناوەکەم ببینێت، چارەی دەگەشێتەوە وگوڵی لێدەبارێت. نامەکەم بە زەردەخەنەوە دا بەدەستیەوە. هەر کە نامەکەی بینی بە سووکایەتییەوە لێیڕوانیم و دەم و چاوی زیاتر کرژ بووەوە. هەستم کرد ڕیشە زەرد و نەرمەکەی سەر چناگەی سەرەتا شەپۆڵێکی دا و پاشان ڕاست بووەوە. هەنێ شتی وت کە هەر تێنەگەیشتم. بەڵام دیسانەوە بە درۆوە وتم ja, ja. بە سەرسوڕمانەوە ڵێی ڕوانیم، زانیم کە دەبووایە لە وڵامدا شتێکم بووتایە و دیار بوو ” ja“کەی من زۆر پەراوێزانە و و بێ مانا بوو. لە پشت میزەکەوە هەستا و لە ژوورە بچکۆڵانەکە هاتە دەرەوە. بە دەست ئاماژەی کرد کە بکەومە شوێنی. بە شوێنیەوە چووم. لە ڕێچکەیەکی باریکدا کە لە هەردوو دیویەوە گوڵی جوان چنرابوو تێپەڕین تا گەیشتینە ژوورێکی بچکۆڵانەی دیکە. لە ڕێگادا بینیم لە نێوان گوڵەکاندا هەنێ خاچیش چەقێنرا بوو. وتم ئەمانە مەسیحین و خاج هێمای مەسیحی ئاشتیخوازە و ئێرەش حەوشەی ئاشتی. هەرگیز ڕێگەم نەدا بیرکردنەوەی نەشیاو ئازارم بدات. گومانی خراپم بەدڵدا نەهێنا. بەڵام کە گەیشتمە ئەو ژوورە بچووکە کەمێ چارەم ترش بوو، چونکە بیرم کردەوە شوێنی من لەم ژوورە تاریکەدا دیاری کراوە، بە هیچ شێوەیەک حەزم لێ نەدەهات. کاکی تووڕە چووە نێو تاریکی ژوورەکەوە و دووای جەند چرکەیەک بە گسکێکی دەستە درێژ و بێڵێکەوە گەڕایەوە و دایە دەستمەوە. چونکە بینی بە سەرسۆڕمانەوە تەماشای دەکەم، دەستی گرتم و بە زمانی نێو دەوڵەتی لاسایی گسکلێدانی کردەوەو وتی: arbeiten. “کار بکە!”
تازە بۆم دەرکەوتبۆ لەبری ئەو مووچە بخوو و مەمرەی کە دەیانداینێ، دەبوو کاری زۆرەملێم کردبا؛ ئەویش نەک لە حەوشەی ئاشتی، بەڵکو لە گۆڕستان. دوواتر زانیم کە Friedenhof واتا گۆڕستان.
بۆن 1985
* هایم Heim.: ئەو شوێنەی کە پەنابەر و ئاوارەکان سەرتا بۆ ماوەیەکی کاتیی تێیدا نشتەجێ دەکرین. کەمپ، ئۆردوگا.
**ئەم دەستەواژەیە (لە بناغەوە عەرەب بوون) ئاماژەیە بۆ نەزانینی تەواو و تێنەگەیشتن لە پرسێکی دیاریکراو.
کورتەیەک لە بیوگرافی نووسەر:
بیرمەند و نووسەر دکتۆر مەحمود فەلەکی(محمود فلکی)، لە ساڵی ١٩٥١ لە شاری ڕامسەر لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٧٢ بە بڵاوکردنەوەی شیعر دەستی بە کاری ئەدەبی کردووە. لە ئێران بەشی کیمیا و زانستی کتێبخانەی خوێندووە. لە ساڵی ١٩٨٣ کۆچی کردووە بۆ ئەڵمانیا. لە ئەڵمانیا لە زانکۆی هامبۆرگ زمان و ئەدەبی ئەڵمانی و بەشی ئێرانناسی خوێندووە و دکتۆرای لەو بوارانە وەرگرتووە (تەوەری تێزی دکتۆراکەی: “گۆتێ و حافز: تێگەیشتن یان تێنەگەیشتن لە کولتووری ئێرانی و ئەڵمانی”). کاروانی ئەدەبی فەلەکی شیعر، ڕەخنە و لێکۆڵینەوە لەخۆدەگرێت و تا ئێستا زیاتر لە سی کتێبی چاپکراوی هەیە. سێ کۆمەڵە شیعر و چیرۆکی خەیاڵی و ڕۆمانی “سێبەرەکان” و “مەرگی تری کارۆلا” بە زمانی ئەڵمانی وەرگێڕدراون و چاپ کراون و بەشێک لە شیعرەکانی بە پێنج زمانی دیکە وەرگێڕدراون و چاپ کراون. فەلەکی بە زمانی ئەڵمانیش دەنووسێت. جگە لە دوو کۆمەڵە شیعر و ڕۆمانێک و بابەتی لێکۆڵینەوە، کۆمەڵێک چیرۆکی لەلایەن ئەوەوە بە ناوی “Ich bin Ausländer und das ist auch gut so!” (من کەسێکی بیانیم و ئەوەش باشە!)، چاپکراوە، کە لەلایەن خوێنەرانی ئەڵمانی پێشوازییەکی زۆری لێکرا و ئێستا لە چاپی شەشەمدایە. بەشێک لە چیرۆکەکانی ئەم کۆمەڵەیە لە لایەن گرووپێکی شانۆیی ئەڵمانیەوە نمایش کراوە. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم کتێبەدا، ژیاننامەی فەلاکی و چیرۆکێک لەم کۆمەڵەیە لە کتێبی خوێندنی قوتابخانەکانی ئەڵمانیادا هاتووە. هەروەها سێ بەرگی کتێبی فێرکاری فارسی بۆ ئەڵمانی زمانەکان نووسیوە.

