فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەڵمات

د. شادان عەلی
نووسەر و هونەرمەند، سلێمانی

……………………………

بەڕێگەدا دەڕۆیشتم و هەنگاوم دەنا، ڕۆژێک دوای بەفربارین بوو، کەشێکی سارد و ئاوە چۆڕەی سەرشەقام و ناو کۆڵان و گەڕەکەکان بەستبووی، بوو بوون بە زوقم.
لەکۆتا هەنگاومدا وەستام، هەستمدەکرد لەژێر پێڵاوەکانمدا شتێک هەیە، خەریکە دەمخلیسکێنێ و لەگەڵ زوقمی زەوییەکە غلۆر دەبمەوە.
بەهیواشی پێم بەرزکردەوە و ئینجا شەقێکی بچوکم لەو شتەی ژێر زوقمە بەستووەکەدا کەخەریک بوو بمخلیسکێنێت .
شتێکی بچوکم بینی ڕۆیشتمە پێشەوە هەتا لێی بڕوانم ،
کە سەیرمکرد چیم بینی؟
هەڵماتێک.
نوشتامەوە بۆ سەر زەوییەکە هەتا هەڵماتەکە هەڵبگرم ، بەدەم ڕۆیشتنمەوە لەگەڵ خۆمدا کەوتمە قسەکردن.
باشە هەڵماتێک لەژێر زوقمی سەرمای زستاندا، ئەوەندە تۆکمەبێت
درز ێکی باریک و شکاوییەکی بچوکی پێوە دیار بوو، ئەوەندەيش کۆن بوو بوو،
دەبێت پاڵەوانی؛ یاریکردنی ئەم هەڵماتە کێ بێت؟
ئیتر بەدەم سەیرکردنی هەڵماتەکەوە خەیاڵم ڕۆیشت بۆ هەڵماتێن( موشێن) کە یارییەکی کوردەواریی نیشانشکێن بوو، بیری پاڵەوانەکانی منداڵێم دەکردەوە.
پیاوان و منداڵان و جاحێڵانی گوند و شارەکان؛ لەنێوان خۆیاندا کۆمەڵ کۆمەڵ کۆدەبوونەوە و
کۆمەڵەکيەش لە سێ بۆ دەکەسێک پێکدەهاتن.
یاریشیان دەکرد بۆ چێژ وەرگرتن و کات بەسەربردن .
لە کۆتایی وەرزی پایز دەستپێدەکرا و هەتا سەرەتای وەرزی بەهار چێژو
گەرموگوڕییەکی پێوە دیاربوو.
هەر ناوچەیەکیش بەپێی نەریتی باوی خۆیان ئەم یاری هەڵماتێنە(موشێنە) یان دەکرد.
یارییەکە خۆش بوو، لە لادێکان خەڵکی لە کار دەکرد و لەشارەکانیش خوێندکارەکان خوێندنیان فەرامۆش دەکرد، تایبەت لەکاتی تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ، چونکە لەوەرزی زستان و کردنەوەی قوتابخانەدا یاری هەڵماتێن خۆشتر دەبوو، باکیان بە لێزمەباران و لافاو کڕێوە و ڕەشەبا و سەرما و سۆڵەی زستانیش نەدەهات، لە کۆڵان تایە یا کۆتە دارییان دەسوتاند بۆ خۆگەرمکردنەوەیان.
هەندێک جار چڵم بە لوتیانەوە شۆردەبۆوە و بە قۆڵی بلوزەکەیان چڵمیان دەسڕی و دەستەکانیشیان لەسەرما سور هەڵدەگەڕان و دەقڵیشان.
بەتەمەنەکان حەزیان لەم هەڵماتێنە نەبوو، جارجارەيش بەر گوێم دەکەوت
دەیانگوت:
چەند یارییەکی شوومە، بێکاری بەدوایدا دەهێنێ و هەروەها پەیدابوونی هەڵای شەڕە بۆ وڵات
پێش هەڵماتێن، هەر کەس بۆ خۆی بەردێکی دەهێنا و لەپەنایەکدا دادەنیشتن و خەریکی چەکوشکاری دەبوون، هەندێک جار لەکاتی پیاکێشاندا چەخماغەیشی دروستدەکرد وەکوو شۆڕتی کارەبا ،
جگە لە دروست کردنی چەخماغ هەتا تەواو دەبوون لەچەکوش کاری چەندین جار دەمە چەکوشیان دەکێشا بە سەر نوکی پەنجەیاندا و لەئازاردا پەنجەیان سڕدەبوو
بەچەکوش لەبەردەکەیان دەدا و بەردەکە خڕدەبوو و پێیان دەگوت :
هەڵماتی گلۆر
چەکوشەکەيش وەلفی سەیارەبوو، لە گەراجی چاکردنەوەی ترۆمبێل هەبوو، وەلفی چاکت دەست دەکەوت.
بەو وەلفانەيش هەڵماتی گلۆریان دروست دەکرد.
کە گلۆرەکە لەدروستکردن تەواو دەبوو، بەسمارتە چاڵوچۆڵيیەکەیان نەدەهێشت و بەڕۆنیش چەوریان دەکرد،
جاری وایش هەبوو پێش تەواو بوونی دەشكا.
ڕەنگی سوور یان خاڵ خاڵ بوو، هەندێکجاریش ڕەنگی ڕەش
یاری فلسێنیان پێدەکرد، براوەی یارییەکە فلسەکەی وەردەگرت.
یارییەکە بەنۆرەبوو، هەرجارەی هەلی یەکێک بوو،
زیرەکی و لێهاتوویی پێویست بوو، هەتا سەربکەویت بەسەر ڕکابەراکەتدا،
بۆ هەموو تەمەنێکیش گونجاو بوو هەرکەسێک حەزی بکردایە بەشدار دەبوو.
دەبووایە بەدروستی ئامانجەکەت بپێکایە، ئەگەرنا هەموو ئەو هەڵماتانەی هەتبوو لەدەستت دەدا.
لەدوای عەسر یان ئێوارانیش یاری دەستی پێدەکرد، چونکە لەو کاتانەدا خەڵکی دەستیان بەتاڵ دەبوو، هەرچەند کەشوهەواکەی ساردیش بووایە ، لێزمەباران و هەورە تریشقەيشی لەگەڵدا بوایەو بەفریش ببارییایە؛ منداڵان هەر یاری خۆیان دەکرد، لەکۆڵانیش چاوەڕوانی یەکتربوون کە بێنە دەرەوە بۆ هەڵماتێن، ئینجا بە کۆمەڵ بڕیارییان دەدا و لەکۆڵان یان ماڵی یەکێکیان هەڵدەبژارد و لەوێ هەڵماتێنیان دەکرد.
سەرەتا بازنەیەکی گەورەیان دەکێشا و لەناو بازنەکەیش خەتێکی ڕاست.
لەسەر خەتەکەيش هەریەکە و هەڵماتی خۆی لەناو بازنەکە لەسەر خەتەکە بەڕیز دادەنا.
ئینجا تەڕو وشک یان شێروخەتیان دەکرد
. بۆ دەستپێکی یەکەم و دووەم و سێهەم
یەکەم تیلکەر بەگیان پێدەگوت و دووەم پێی دەگوترا پاشبەگ، کۆتا تیلکەریش قڕە
یارییەکە بە تاک و جووت دەکرا،
ئەو هاوڕێیانەی نزیکتربوون لەیەکتر دوو دوو یان سێ سێ پێکەوە لەناو یاریەکەدا هاوبەش دەبوون، تیلی یەکترییان نەدەکرد و یەکتریشیان نەدەکوشت.
براوەکان بەردەوام دەبوون و لەپڕ دەیانگوت:
کوژرای، لەیارییەکە دەردەچوویت.
پێش هەڵمات خواردن دوو منداڵ لە تیل کردندا هەڵماتەکانیان لەیەکی بدایە، دەنگێکی لێوە دەهات و پێی دەگوترا ( قرچی کرد) یارییەکە بێ ئەنجام دەبوو، دووبارە لەسەرەتاوە دەستی پێدەکردەوە
هاویشتەکانیشی جیاوازبوون، بەناوی
(هەڵگرتەکی و خشکەیی و سەردەستەکی )ەوە بوون
یارییەکەيش بە بەگ دەستی پێدەکرد و
هەڵماتەکەی لەسەر پشتی دەستی لەسەر پەنجەکانی دادەنا و ئەنجا بەتیلی بەرز دەیهاویشتە هەڵماتەکانی ناو بازنەکە و هەڵماتەکانی دەپێکا و بڵاو دەبوونەوە،
پاشبەگ دەهاتە ناو یارییەکەوە،
هەڵماتەکەی بەشێوەی تیلی کەوانەیی دەگرتە هەڵماتی بەرامبەری ،هەندێک جار بەخشکەیی لەسەر زەوی بە پەلەپیتکە ئامانجەکەی دەپێکا.
براکەم هەڵماتێکی زۆری هەبوو، یەکێک لەهەڵماتەکانی کۆن و ناوەکەی پڕبوو، ئەم لاو لاکەیشی شکاوی پێوە بوو، دەستی تەنیا بەو هەڵماتە ڕاست بوو، هەمیشە لە هەڵماتێن (موشێن) دەیبردەوە.
بە هەڵماتەکەی دەگوت :
( دەسكەلا )
ناو گیرفانەکانی هەمیشە پڕبوون ، لەهەڵمات،
ئیتر کە یاری تەواو دەبوو، دەهاتە ماڵەوە لەگەڵ من یاری دەکرد، منیش نەمدەزانی یاری بکەم بەڵام هەوڵیدەدا فێرم بکات،
دەباشیرێکی سپی دەهێنا و بازنەیەکی گەورەی لەسەر فەرشەکە دەکێشا و خەتێکی ڕاستیش لەناو بازنەکە.
پاشان هەڵماتی ڕیز دەکرد، هەڵماتەکانی لە بردنەوە دەستی دەکەوت، باسی چۆنيیەتی یاریکردنی بۆ دەکردم و منیش کە پەلەپیتکەم لە هەڵماتەکە دەدا، سەری پەنجە و نینۆکم لە ئازاردا سڕ دەبوون و لەگەڵ سەرماکەدا ژانی دەگرت و دەگریام، بەم شێوەیه زیاتر هانی دەدام کە یاری بکەم ، لە کۆتاییدا بە باشی فێری کردم و لەگەڵ ئازاری هەڵماتە ڕەقەکە ڕاهاتم.
خەڵک هەبوو حەزیان لە یاری بوو، بەڵام دەستیان ڕاست نەبوو بۆ پێکانی هەڵماتەکان، بە گلۆرەکە یارییان دەکرد و پێ دەگوترا ( گۆجە)
هەر چەندە قەبارەی گلۆرەکە گەورەبوو، بەڵام پێکانی کەمتربوو لەچاو هەڵماتەکانی تر.
هەبوو هەر دەدۆڕا و قەت نەیدەبردەوە و هەيش بوو بردنەوەی زۆر بوو پڕ قوتووی دەکرد و هەڵماتە زیادەکانیشی دەفرۆشتەوە بە هاوڕێیەکانی.
منداڵ هەبوو هەڵماتی لەیەکتر دەدزی، ئەو دزیەيش جۆرێک بوو لە ئازایەتی و دیسانەوە یارییان پێدەکردەوە لە گەڵ منداڵان.
جارجارەيش خاوەنی هەڵماتە دزراوەکە هەڵماتەکانی دەناسییەوە لەکاتی یاریکردن، دەبووە شەڕە مناڵ.
هەرچەند یاریەکەيش فۆلکلۆرو خۆش بوو بەڵام قوماریش بوو کە مناڵانی تووشی هەڵە دەکرد.
هەر بۆیە
بەتەمەنەکانیش ڕاستیان دەگوت:
بێکاری شوومە و هەڵای شەڕ دەهێنێ و بەڵایە بۆ وڵات.
۲۰۲٦‌ / ۱ / ۲۹