بەشی دووەم
سەردار ڕەزا جاف
شاعير و ڕەخنەگر. ئەڵمانيا
…………………………..
ب – دەمودوو” الحوار ”
دەمودوو يەکێکە لەو هۆکارانەی کە لە نێوان کارەکتەرەکانی ڕۆمان دەخوڵقێت، بە يەکێک لە کۆڵگە سەرەکييەکانی پێکهاتەی ڕۆمان دادەنرێت، هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی پێگەيەکی سەرەکی لە يەکلاکردنەوەی تەواوی ڕۆمانەکە هەيە، نووسەر گەرەکە بايەخێکی زۆر گرينگ بەم لايەنە بدات، چونکە پێويستە تەواوی دەمودووەکانی نێوان کەسايەتييەکانی ناو ڕۆمانەکە بە شێوەزاری ئاخاوتنی ئەو دەڤەرە يان ئەو شارە بێت، ئەمە کۆمەڵێک خاسييەتی هەيە کە لە سەروو هەموويانەوە توانای نووسەر دەردەخات لە کارامەیی و ئاشنايەتی بە شێوەزاری ئەو دەڤەرە. (( هەندێک پێکهاتە و شێوازی ئاخاوتن بەکاردەهێنرێن بۆ ئەوەی تۆنێکی ناوخۆیی بە دەقەکە بدات، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری زمانی نووسين ببێت، ئەم خۆهەڵقورتاندنەی نێوان شێوەزار و نووسينی گشتیدا. دەبێتە مايەی پێکهێنانی زمانی سێيەم دەشێ بە ئاوێتەبوونێکی داهێنەرانە دابنرێت، بەجۆرێک کە زمانە ستاندارتەکە وەک چوارچێوەيەکی بونيادی ڕۆمانەکە بمێنێتەوە، کەچی شێوازارەکە لە پێناو ڕەنگاڵەییکردنی ديمەنەکە دزە دەکات، ڕەهەندێکی ويژدانی دەداتێ، بەم جۆرە، شێوەزارەکە بە تەنيا نابێتە فاکتەر بۆ پەيوەندی نێوان کەسايەتييەکان، وەلی بۆ ئامرازی پێکهاتەیی ناو دەقی ڕۆمانەکە دەگۆڕدرێت.))”٣”، لێرەدا پێمان دەوترێت کە جگە لە توانای خودی نووسەرەکە ڕەنگاڵەیی و ئێستاتيکا بە خودی دەقەکەيش دەبەخشێت، بەمەرجێ ئەم حاڵەتە کاريگەری بە سەر دەقەکەوە نەبێت.
هەڵوێستەيەک دەکەين و دێينەوە سەر لايەنی ڕێنووس کە بەڕێز ” ميران ” جۆرێک لە ئاوێتەبوونی دروستکردووە کە بە ديدی ئێمە نەدەبووايە وابێت، لە کردارەکاندا کۆمەڵێکی لە دەمودووەکان بە ” ئە ” دەست پێکردووە بەشێکی ديکەيان بە ” دە ” کە ئێمە هەموومان دەزانين، لە شاری سلێمانی نەمازە لەو سەردەمەی ” خانەقای ميرزا ” لێی دەدوێ، ئاخاوتن بە جۆری تايبەت بووە و ” دە ” وەک پێشگری کردارەکان بەکار نەهێنراوه، ئێستايش دەچينە سەر نموونەکانی برای بەڕێز ميرانی لە ڕۆمانەکەدا… :
لاپەڕە “٢٧” لە دەموودوويەکی نێوان مام زامن و ڕەحيمەشێت، (( * ئاوا کە ئەتۆ دەيڵێی و لە زمانی خۆتەوە دەيانبيستين. * ئەی ماڵ وێران خۆم. * کامە ماڵ؟ ماڵت کوا، نەکا بەم کولانەگورگە بلێی ماڵ؟ ئەمن ئەوەی دەزانم مام زامن، کە ئەتۆش وەک بەندە بێ ژن و ماڵ و حاڵی!. * وەک خۆی ئەفەرموويت ڕەحيم موکريانی، بە قەولی کوڕوکاڵی شار، ڕەحيمەشێتيت، تۆ سەهووت فەرموو، کە لەوەياندا من لە تۆ ناچم.))، لە دەمودووی يەکەم وشەی ” دەيلێی” و ” دەيانبيستين” لە دەمودووی سێيەم وشەی ” دەزانم”، لە دەمودووی چوارەمدا وشەی “ئەفەرموويت” ڕەنگە لەم دەموودووەدا پاساوێک هەبێت کە هەردوو کەسی دەمودوويان لە نێوان هەيە، يەکيان خەڵکی ڕۆژهەڵاتە و ئەوی دی کەسێکی جووی نيشتەنی شارە، تەماشا لە لاپەڕە”٣٥” ميرزا کەريم کە خەڵکی سلێمانييە چۆن دەدوێت، (( ئەگەر هەموومان وەک جەنابت بيری لێ بکەينەوە، ئەوا هەموو ڕێگاکان دەچنەوە کەرکووک ل٣٥)) ئێمە تەنيا مەبەستمان جارێ فۆنەتيکی ” دە ” و ” ئە ” ميرزا بە ” دەچنەوە ” دەئاخڤێ، ئەمەيش دەرچوونە لە شێوەزار، هەر لە دەمودوويەکی ناوخێزانی جەلالی ميرزا کەريم ئەم ئاخاوتنەيش دێت (( قادر گيان بێقەزابيت، تۆ ئاگات لەچييە، کاک حاميد فەرەج دەبينیت؟ل٤٥)). يەک دوو لاپەڕە دوای ئەوەجەلال دەڵێ ” دەيسووتێنم “ل٤٨. حەمەڕەشيدی فەڕاش دوای ئەوەی حەڵواکە لە گيرفانی دەردێنێ دەدوێ و دەڵێ (( هەرچی منداڵێک حەزی لە خوێندنەوە بێت، بەخشيش وەردەگرێت و ئەبێت دەمی بەم حەڵوا خۆشە شيرين بکات ڵ٥١و٥٢)). لە جێگەيەکی ديکە شێخ مەحموود دەڵێ : (( بريا سی ساڵ پێش ئێستا دوو خانەقای ئاوامان لەم شارەدا دەبوو ل٨٩)) ..نموونە زۆرن و ئەوانەمان وەک مشتێک هێناوەتەوە، لايەنێکی ديکەی شێوەزار بە تەواوی پشتگوێ خراوە.
(( ئێمە شێوەزاری کۆمەڵ بە خۆرسکيانە و ڕەسەنايەتی و تازەیی خۆی دەخوێنينەوە، لە بەرئەوە وای دەبينمەوە بەکارهێنانی شیوەزاری ئاخاوتن لە ڕۆمانی عارەبيدا ڕەسەنايەتی پێبەخشيوە، ڕۆمانی عارەبی بەرەو ڕيزی ڕۆمانە جيهانييەکان بردووە)) “٤”. ئێمە وەک خوێنەری ئاسایی پێويستيمان بەو ڕەسەنايەتی و زمانە خۆرسکيانە بوو لە دەمودووەکاندا تا زياتر چێژ لە ڕۆمانەکە وەربگرين، پێمانوايە ئەم حاڵەتە ئامادەبوونی دەتوانين بڵێين هەر نەبوو، بەندە تەنها جارێک بەرچاوم کەوت ئەويش کە قادر لە ماليک دەڕوانێت و دەڵێ : (( ئەئ وەتەن مەفتوونی تۆم و شێوەتم بير کەوتەوە. گەر پاقلاوەم بۆ نەکڕيت. وەک مار ئەيەم پێتەوە ل٨١)). هەر وەبيرهێنانەوەی خوێنەر، ( بير) و ( کەوتەوە ) وەک خۆی نووسيومە، کە زۆری لەو جۆرە تێدايە و بازمانداوە، ئاخاوتنەکەيش ئەوەيە ڕێک دەقاودەق سلێيمانيانە دواوە، ئێمە دەمانويست تەواوی دەمودووەکان وەک ئێرە بووايە، هەم ڕەنگاڵەیی پێدەبەخشی هەميش دونيايەکی ئێستاتيکا، ئەم لايەنەی باسمانکردووە بە واتای ئەوە نييە هێڵێکی راست و چەپی بە سەردا بێنين، نەخێر زۆر لێزانانە پيادەیکردووە و تا ئەندازەيەکی زۆريش تێيدا سەرکەوتوو بووە و دەستخۆشانەی لێ دەکەين، وەلێ باشتر بوو نەکەوتايەتە ئەم جۆرە حاڵانە….
هەروەک پێشتر باسمانکرد، ڕۆمان ڕەواجێکی باشی هەيە و لە ڕێگای ڕۆمانەوە کورد دەتوانێت هۆشيار لای تاک بخوڵقێنێت، بۆ جۆری ئاخاوتنيش بە هەمان شێوەيە نووسەر لە ڕێی ڕۆمانەوە دەڤەرە جياجياکانی کوردستان بە جۆر و شێوازی ئاخاوتنيان ئاشنا دەکات، هەرچەندە لە ” خانەقای ميرزا ئەوە نابينين ئێمە وای دەبينينەوە چۆن زێدەڕەوی لە شێوەزارەکان لە ناو رؤماندا دەبێتە هۆی شێواندنی ڕۆمانەکە بە هەمان شێوە نەبوونی ئاخاوتنی نێوخۆیی دەڤەرەکە دەبێتە يەکێک لە خاڵە لەبيرکراوەکان يان پشگوێخراوەکانی ڕۆمان. (( زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی شێوەزاری دەڤەر سەرلێشێواندن لای خوێنەری ئاسایی دروست دەکات، دەتوانێت، کەچی مانەوەی زمانی ستاندارد لە هەموو ژانرەکاندا دەبێتە مايەی ئەوەی کەسايەتييەکان هەندێک لە متمانەی خۆيان لەدەست بدەن، جا لەبەر ئەو هۆکارە، دەخوازرێت هەردوو جۆرەکە بە شێوازێکی زيرەکانەی هەستياری وردی زمانەوانی بەکار بهێنێت، لە ڕووی ئاواز و کۆنتێکستەوە توانای بە سەر کۆنترۆڵکردنیدا دەبێت، ئەم جياکارييە لێهاتوویی نووسەروا لێدەکات زمان بکاتە ئامرازێک بۆ دەربڕينی هونەرييانە نەک تەنها کاری گواستنەوە بێت.))”٥”
ڕەنگە زۆر لە خوێنەران وا بفکرن کە پێويستی بەم درێژدادڕييە ياخود هەڵوێستەکردن لە سەر زمان بەم جۆرە نەدەکرد، تەنها ئەوەی گرينگە نووسەر چی دەگەيەنێت، دەشێ ئەم بيرکردنەوە پەلبکوتێت بۆ خودی خوێنەری دڵکار و تەنانەت خودی نووسەرەکەيش، سەبارەت بە ڕێنووس ئێمەی کورد گەرەکە لە هەموو دەقێکدا ئاوێزانی ڕێنووس بين و ئەم سەرگەردانييەی ڕێنووس بەس بێت، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ خەمخۆريمان بۆ زمانەکە، ئێمە لە هەموو شرۆڤەيەکمان يەکەم هەنگاو لە زمان و ڕێنووس ورد دەبينەوە ئەگەر وا نەکەين هەر تاکێکمان دوژمنمان زۆر و دەيانەوێت زمانەکەمان نەک تێکبشکێنن وەلێ لە ناويشی ببەن. لێرەيشەوە ئەوانەی پێيان وايە زێدەڕۆييمانکردووە، تکايە کەمێک هزر و ئاوەزتان بەرەو گوگڵ ببەن يان ژيری دەستکرد و يان ئەو هەزاران کتێبەی لە بارەی زمانەوە نووسراون و دەنووسرێن، ئەوجا لە ماهييەت و بايەخی زمان و نووسينی ئاشنابوون دەگەن و هۆشياری ورد بە ئاگا دێت و لەدەرگا دەدات.
دووەم : کات و شوێن
أ – کات :
لە ناو خودی هەر تاکێک لە ئێمە دووکات هەيە، کاتێکی ئەو کاتژمێرەيە کە لێدەدات و بێبەهايە نرخێکی ئەوتۆی فسيۆلۆژی بە تاک ناگەيەنێت، کاتەکەی ديکە ئەو ترپە و لێدانەی دڵە کە لە تەمەنی مرۆڤ کەم دەکاتەوە، لەم ڕووانگەوە ئێمە دێين کات بە سەر دوو تەوەری سەرەکی لەم ڕۆمانەدا دابەش دەکەين، کاتی ڕۆمان و کاتی دەرەوەی ڕۆمان، کاتی ڕۆمان دوو بەشە، بەشی يەکەم ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەيە، کاتی دووەميش کاتی دەرەوەی ڕۆمانەکەيە، ئەم دوو بەشە ئێمە پێیدەڵێين کاتی ناوەوەی ڕۆمانەکە، کاتی دەرەوەی ڕۆمانەکەيش بە سەر چەند بەشێک دابەش دەبێت، کە ڕاستەوخۆ پەيوەستە بە خودی ڕۆمانەکەوە، دەشی بۆ هەر دەقێک لێکدانەوەی لەم جۆرە بێتە باسکردن، بەشەکانی دەرەوەی ڕۆمانەکە بريتين لەم ڕێچکانە، : (( تەمەنی جەلالی ميرزاکەريم هاوتەريبی تەمەنی ڕۆماننووس، جەلالی ميرزا کەريم ” ١٩٣٥ – ١٩٩٣ ” تەمەنی نووسەر” ١٩٧٠ – تائێستا و هيوای تەمەن درێژی و لەشساغی بۆ دەخوازين لە پێناو ژيانی خۆی و خزمەتکردن بە ئەدەبی کوردی” ئێمە لێرەدا تەمەنی (( ٢٣ )) ساڵ هاوژيانی لەگەڵ پاڵەوانی ڕۆمانەکەدا هەيە و ئەمەيش جێی مشتومڕ و لێکدانەوەيە، لە منداڵی و کامڵبوون و تاوەکوو گەورەبوون، کاتەکەی تر لە نێوان (( ١٩٩٣ – ٢٠٢٣ )) کاتی چاپکردنی کتێبەکە، ئەگەر پێێج ساڵێکيش بۆ کنەکردن و گەڕان بە دوای سەچاوە و ڕووداوەکان دابنرێت، ئەوا ئەم ماوە بۆ ” ١٩٩٣ – ٢٠١٨ ” کەمدەبێتەوە، ئەم پێنج ساڵەی کەممانکردەوە، دەبێتە بەشی دووەمی کاتی ناوەوەی ڕۆمانەکە، کە بە کاتی نووسين دادەنرێت، کاتێکی ديکەيش هەيە وەک باوە، کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەيە لای خوێنەر ئەوەيش کاتێکی ئازاد و کراوەيە، ئەم کاتانە دەکەونە ناو کاتە فسيۆلۆژييەکەوە، کە جگە لە کاتی خوێندنەوەکە لای خوێنەر ئەوەی دی سوودێکی لە دونيای ڕۆمانەکەدا نەبووە. (( کات دياردەيەکی وەهمييە، ژيان و بوونەوەر و شتەکان بە هۆی کاری ڕابردووی وەهمەوە دەکاتە کات، کەچی نەبينراو و هەست پێنەکراوە، کات مينا ئۆکسجين لە هەموو ساتێکی ژيانماندا لە گەڵماندا دەژی، لە هەموو شوێنێک کە جووڵەمان تێيدا هەبێت، کەچی ئێمە هەستی پێناکەين و نايبينين، هەروەها ناتوانين بە دەست بيگرين))”٦” لە هەمان کاتيشدا لە تەمەنمان تێدەپەڕێت و بە تێپەڕبوونی کات، لە لەشولارماندا کاريگەرييەکانی کات تێدەپەڕێت هەروەک گوتمان، ئەو ترپەی دڵەيە، ئەوی ديکە دەخزێتە خانەی وەهمەوە.
دەگەڕێينەوە بۆ ئەو کاتانەی ئاماژەمان پێدا، لای ئێمە کاتێک هەيە ونە و لە خەياڵدانی خۆمانەوە دروستمانکرد، ئەويش ئەو پێنج ساڵەيە ڕۆماننووس کنە و پشکنينی بەدوای ژيانی نووسەر کردووە، چونکە پێشتر ڕوونمان کردۆتەوە کە ڕۆماننووس هاوتەمەنی جەلالی ميرزاکەريم نەبووە، کەواتە دەبێ لە سۆراغ بێت، بؤ….؟ چونکە بۆ خۆی دەڵێ کە ئەو نووسەرێکی رياليستييە، لێرەيشدا تەمەنی مرۆڤێکی ديار و بەرچاوی بواری ئەدەبی هاوچەرخی کوردی دەنووسێتەوە، لانی کەم دەبێ ئاشنايەتييەکی لە ڕەوتی ژيانی جەلال هەبێت، کەواتە ئەو پێنج ساڵە ونەی ئێمە لە مناڵدانی ئەندێشەوە هاوێرمانکرد و لە دايک بوو، ئەوە زەمەنە گرينگەکەی نووسين و سۆراغکردنە، ئەو کاتەيش لای ئێمە ونە، ونە بەو چەمکەی دکتۆر عەبدولمەليک مورتاز دبێژێت: ” کات دياردەيەکی وەهمييە”، لێرەدا ئێمە بەو پێيەی ڕياليستیترين لە خودی نووسەر، پەنا نابەينە بەر خەيالێک بۆ لێکدانەوەی چۆنييەتی بيرکردنەوە و نووسين و گەڕان بەدوای وردەکارييەکانی ژيان، چونکە ئەوە کاری خودی نووسەرەکەيە، دەتوانێت و ئەو مافەی هەيە پەنا بۆ خەياڵی خۆی ببات و لەگەڵ واقيعدا ئاوێتەيان بکات و ئێستاتيکايەک بە ڕۆمانەکە ببەخشێت کە خوێنەر چێژ و دەستخۆشانە و ئافەرينی بۆ بنێرن. لێرەدا خاڵێکی گرينگ هەيە کە پێويستە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوە بە قووڵی درکی پێبکات ئەوەيش هەرچەندە لەم کاتانەدا خوێنەر دڵپێدەر دەڕواتە ناو تەواوی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە وەلێ ئەوەی گرينگە جياوازيش لە نێوان زەمەنی ڕۆمانەکە و ئەو کاتەدا بکات کە تێيدا دەژی.(( خوێندنەوە کاتی ڕۆمانەکە – ناوەوە و دەرەوە – پێويستی بە ڕوانگەيەکی هێرمێنۆتيکی هەيە، کە هاوبەش دەبێت لە دووبارە پێکهێنانەوەی تۆڕی پرۆسەکە و دەبێتە مايەی بەرزکردنەوەی کارە ئەدەبييەکە بۆ سەروو قووڵاییە ناڕوونەکانی ژيان و ڕەفتار و تراژيدييەکان، ئێمە پەيگيری کاتێکی وێناکراوی پێشينە دەکەين، بۆ کاتێک دەگۆڕدرێت، وێنەکەی بە هۆی نێوەندگيری کاتی وێناکراو دەگوازێتەوە))”٧”. نووسەر لێرە لە دەرەوەی پاڵەوانی ڕۆمانەکە ڕووداوەکان دەبينێت و ناڕوونييەکانی ژيان بۆ خوێنەر جوان دەکات، مەرج نييە تەواوی ڕووداوە و کاتەکان وەک خۆی بۆمان بگوازێتەوە، ئەوە نووسەرە کار لە سەر ئەوە دەکات و گێڕانەوەيەکی پۆزەتيفمان پێدەدات.
(( لە نيوەشەوێکی ڕۆژی هەينی مانگی يەکەمی زستانی ساڵی ١٩٣٥دا،ل))١٣. ئەمە ڕۆژی لە دايکبوونی جەلالی ميرزا کريمە، کات لێرە ناديارە، لە نێوان (( زستانی مانگی يەکەمی ١٩٣٥ و مانگی يەکەمی زستانی ساڵی ١٩٣٥)) ڕستەی يەکەمی ناو ئەو دووکەوانەيە پێمان دەڵێ جەلالی ميرزا کەريم لە نيوەشەوێکی ڕۆژی هەينی مانگی يەکی ١٩٣٥ لە دايکبووە، بەڵام رستەی دووەم ناڕوونييەکی دروستکردووە، کە نووسەر دووەميانی بەکارهێناوە، بەم جۆرەی نووسەر بێت گومان لە نێوان مانگی ١ / ١٩٣٥ و مانگی ١٢/١٩٣٥ دروست دەکات، خوێنەری دڵکار دەيەوێ بگەڕێت بە دوویدا و ساغی بکاتەوە ئاخۆ مانگی يەک يان مانگی دوانزە لە دايکبووە، بە سەر حاڵەتێکی ديکەی نامەئلوف دەکەوێت، تەماشا نووسەر چيمان پێدەڵێت: (( بەڵام مانگێک بوو قوتابخانە کرابووەوە، جەلال هێشتا ئەو گفتەی بە مالێکی ئامۆزای دابوونەيشکاندبوو، کە بێ ئەو بۆ قوتابخانە ناچێت. هەروەها کاريگەری مردنی لە ناکاوی جەمالی سێ ساڵان، کە دوو ساڵ لەوان منداڵتر بوو، بە سەريانەوە بوو، هەردووکيان تەواو هۆگری بووبوون و وەک هاوڕێيەک لێيان دەڕوانی. ئەو بەيانييە جەلال و ماليک لە خەودا دەبن، نيوەشەو جەمال بۆ نەخۆشخانە دەبەن و ئيتر ئەوان نايبيننەوە. بەردەوام خەونی پێوەدەبينن و بە درێژایی تەمەنيان لە پێش چاويان ون نابێت ل٤٠))، کات لێرە پێمان دەڵێ جەلال لە پێنج ساڵان چۆتە قوتابخانە، جەمالی سێ ساڵان و دوو ساڵی گەورەیی جەلال و ماليک دەکاتە پێنج ساڵ، باسيش لە تێپەڕبوونی مانگێک بە سەر کردنەوەی قوتابخانەدا دەکات، کەچی لە پڕ دەڵێ (( ئەو بەيانييە )) ڕێک پەلی خوێنەر ڕادەکێشێت بۆ ئەو ڕۆژەی مانگێک بە سەر تێپەڕبوونی کردنەوەی قوتابخانە دەچێت، ئێمە پێمانوايە هەر ئەو ڕۆژە نەبووە و دەبووايە ڕۆماننووس بە جۆرێکی ديکە باسی مردنی جەمالی بکردايە، وەک ئەوەی بيگووتبا ( ئەو شەوەی جەماليان بۆ نەخۆشخانە برد ئەو بەيانييە جەلال و ماليک لە خەودا دەبن ) يان بە هەرجۆرێک بنووسرابا کە خوێنەر کاتی لەلا روونبايە.
لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو دووبەشەی ڕۆمانەکەی ڕۆماننووس ژمارەی لە سەردەمە جياوازەکان داوە و وەک لايەنێکی ژيانی نووسەر باسی لێکردووە و ئەمەيشی خۆی لە خۆيدا مينا ئەوەيە پارچە شکاوەکانی شووشەيەک کۆبکرێتەوە و لێکی بداتەوە، ئەوە لە ڕۆماننووسيندا کارێکی لەبار و شياوە، وەلێ ئەوەی کە يەک ناگرێتەوە لەگەڵ کاتدا ئەوەيە کاتەکەی لە خوێنەر ونکردووە، گەرەکە بە زەڕەبين بگەرێت و لە سۆراغی کاتدا بێت، بۆ نموونە کاتێک لە ئامريکا لە نەخۆشخانە دەبێت دەمانگەڕێنێتەوە بۆ بەر لە خاڵی يەکەم و خودی يەکەميش لە بەشی ( ڕووانينەکانی چاوی شەقام )، تەماشا جەلال چۆن لە کات دەڕوانێت،: (( ديمەنی هەندێک کاتی ناوازە بچرکێنم. وەک بڵێی هەستم بەوە کردبێت لە داهاتوودا چی ڕوو دەداتل٢٠١)). ئەمە ئەو کاتەيە باس لە شکاندنی کامێراکەی دەکات لە لايەن مچەی بابەگەورە و سالەی قالە حەلاو، مەبەستەکەمان لێرە کاتە، دەڵێ : (( کاتی ناوازە بچرکێنم ))، ئەگەر ئەمە لە مناڵدانی خەياڵی نووسەريشەوە هاوێر بووبێت، ئەوا دەبووا پێمان بڵێت، کە کاتی بوونی لە نەخۆشخانەکە کەی بووە، يان کاتی ديداری بە سپرنيگ لە باڕەکەدا، هەموو ئەوانە پەيوەستن بە کاتێکی ناديارەوە، کە يەکێکە لە ساتە هەرە گرينگەکانی جەلالی ميرزا کەريم چونکە مرۆڤێکی لە قۆناغێکەوە بەرەو قۆناغێکی پەککەتن برد، ئەمە لای خوێنەر گرينگە، کاتێک سپرينگ باسی سەفەرکردنی بۆ ئێراق دەکات، پێی دەڵێت لەوێ شەڕە، کام شەڕ ديار نييە، کاتێک مرۆڤ پەنا دەباتە دەرەوەی ڕۆمانەکە بۆی دەردەکەوێت مەبەست شەڕی ئێران – ئێراق بووە، لە ژياننامەکەی وا باسدەکرێت کە ساڵی ١٩٨٢ لە ئامريکا ترومبێل لێیداوە، ئەم ناڕوونييە لە کاتدا خۆی لە خۆيدا لادانە لە يەکێک لە بنەما و کۆڵەکە سەرەکييەکانی خودی ڕۆمان. کاتێکيش باسی ديداری جەلال لە گەڵ ” نازک الملائکة ” دەکات، دەڵێ ئەو کات نازک تەمەنی (( ٣٧ )) ساڵان بووە، مرۆڤ کە ئەوداڵی لەدايکبوونی نازک دەبێت بۆی دەردەکەوێت ساڵی ١٩٦٠ بووە، نازک لە ١٩٢٣ لە دايک بووە لە ڕۆمانەکەيش دەڵێ ٣٧ ساڵ بووە، کەواتە دەکاتە ساڵی ١٩٦٠، لێرەدا ئاراستەيەک زەق دەبێتەوە کاتێک شاعيرێک دەقێک دەنووسی خوێنەر عەوداڵی چەمکی دەقەکە دەکات، کەچی ميران ئەمەی بۆ کات بەکارهێناوە، کە فرە خوێندنەوەی بۆ نييە و کاتەکەيش بە ڕەهایی بەدەستەوە دەردرێت. ئەوەتا لە پەڕەگرافی سێيەميش کات لە خوێنەر ئاڵۆز دەکات ئەم پەڕەگرافە لە لاپەڕە ٢٢٤ دەست پێدەکات و لە لاپەڕە ٢٢٩ پێمان دەڵێ کە مانگی پێنجی ساڵی ١٩٦٣يە، ئەوەيشی نەگوتبا ڕوداوەکەی گوندی سيارە دەریدەخات ساڵی ١٩٦٣، ئێمە پێمانوايە لە ڕۆماندا کات گرێيەک نييە خوێنەر بەدوويدا وێڵ بێت. خاڵێکی ديکەی زۆر گرينگی ئەو سەردەمە ڕۆماننووس خۆی لێدوورە پەرێز دەگرێت، نەنووسينی مێژووە لە سەر پشتی وێنەی ياريزانەکانی تيپی خەبات، ئەم بڕگە و ديمەنەيش بەوە مێژووەکەی ئاشکرا دەبێت، ئەو دەمەی ” فايەقی سەعۆڵ ” لە مامۆستا ياسين دەپرسێت مەبەست لە چوونەکەيان بۆ ماڵی ميرزا کەريم چييە؟ لە وەڵامدا دەڵێ : (( کاک فايەق، حەلاوەخانی خێزانی ميرزا کەريم لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە ………. تاد ل٢٣٨)). بەم قسەيەی مامۆستا ياسين دەزانرێت، کە ساڵی ١٩٦٣يە، وەلێ خۆ هەر دەبوو لە گەڵ نووسينی ناوەکان ڕۆماننووس ئاماژەی بە نووسينی مێژووی وێنەکە بکردايە کە جاران وا باو بوو لە پشت وێنەکە هەر دوای ناوەکان مێژووەکە بنووسرێت، بەڵام پێويستە ئەوە بگوترێت لێرەدا خوێنەر هەست بە پەيوەستبوونی بە دوای يەکی بڕگەکان بکات، هەموو ئەو گێڕانەوانەيش لە سەردەمی هەشتاکانەوە چەکەرەی کردووە و بۆيە لە پەڕەگرافی چوارەم دەمانباتەوە بۆ ئامريکا و کاتی دەرچوونی جەلال لە نەخۆشخانە و ساڵی ١٩٨٢.
لە لاپەڕە ٢٨٢ خوێنەر بە جۆرێک سەری لە کات تێک دەچێت بيری بۆ ئەو ڕووداوی ترومبێلەی تووشی جەلال بوو لە هزريدا گينگڵ بخوات، جەلال شکستی رووداوەکەی پێوە ديار نييە، لە کاتێکدا خودی کتێبەکە لە دوای ڕووداوەکەوە کڕدراوە کە لە پەڕەگرافی ( ٥ ) وامان پێدەڵێت دەمانگەڕێنێتەوە بۆ لاپەڕە ” ٢٤١ ” لە پێناو عەوداڵ بوون بەشوێن کاتدا، کاتيش دەچێتە بێهۆشييەوە و بە ئاگامان ناهێنێتەوە ئەوەندە نەبێت کە دەڵێ : (( ئەو ڕۆژە يادی کوژرانی ڕەحيم موکريانی بوو، کە لە کاتی خوێندنەوەی بەيانی يازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ دا، لە نزيک باخی گشتی لە ئۆتۆمبێلێکی سەربازييەوە تەقەيان لێ کردبوو. ل٢٨٢)). لێرەدا زانيمان مانگی سێيە و بە دياریکراويش ڕۆژی خوێندنەوەی ڕێکەوتننامەکەی ئازار بوو، وەلێ ساڵ ناديارە ئاخۆ ١٩٨٢ يان دوای ئەوە بە چەند ساڵێکە.
نووسەر ئازادە لە دەسپێکی ڕۆمانەکەی لە کوێوە دەست پێدەکات و لە کام سەردەمەوە تێهەڵدەچێت و مەرج نييە ڕووداوەکان بە زنجيرەیی باس بکات هەندێجار ڕۆماننووس لە پارادۆکسەکانی کات لێزانانە کاری کردووە، سەرنجی خوێنەری لە تەواوی ڕۆمانەکە گۆڕيوە لە سەرنج خستنە سەر کاتەوە بۆ سەرنج خستنە سەر ئەو ڕووداوانەی لە ” خانەقای ميرزا ” هەن، بۆيە کاتێک دەبينين خوێنەر لێرەولەوێ بێگوێدانە لايەنە هونەری و وردەکارييەکانی گرێچنەی ڕۆمانەکە، هەست بە تاموچێژێکی شيرين دەکەن و دەماودەم دەچێت، ڕۆماننووس زيرەکانە بيرکردنەوەکانی لە کاتەوە گۆڕيوە بۆ ڕووداو، ئاقلانە تەمومژێکی خوڵقاندووە ئەوەيش لە ڕێگای پەيوەستبوون بە ئەو چوارچێوە کاتەی لە ڕۆمانەکە دياری کردووە و ئيدی وای لە خوێنەرکردووە نەفکرێتە سەر ئەوەی فڵانە ڕووداو لە کام ڕۆژ و مانگ وساڵ ڕوویداوە، ئەگەر ديقەتێکی سەرکەوتووترين ڕۆمان بدەين لە بارەی کاتەوە(( يۆليسيسی )) جيمس جۆيسە، کە تەواوی ڕووداوەکانی لە ٢٤ کاتژمێردايە، لە دوای هۆميرۆس بە شاکار دادەنرێت، لەم ڕۆمانەدا جيمس باس لە ساتەکان دەکات بە کاتژمێر، ئێمەيش لێرەدا عەوداڵی ساڵين. (( بە پاراستنی هێڵی کاتەوە پەيوەست نييە، کات تێکدەشکێنێت و گێڕانەوە لەو خاڵەوە دەست پێدەکات کە هەڵيبژاردووە، لە ڕووی کاتەوە دەتوانێت بگەڕێتە دواوە، پاشان گێڕانەوەکە بە ئاراستەی يەکەم تەواو بکات ))”٨” کەواتە لەم ڕوانگەوە ” ميران ” کارێکی بە سەليقەی کردووە و زيرەکانی زهنی خوێنەری تێکشکاندووە لە تێشک خستنە سەر کاتەوە بۆ تەواوی خودی رووداوەکان کە لە نێوان ساڵانی ( ١٩٣٥ – ١٩٩٣ ) ڕوويانداوە.
سەرچاوەکان
١ – ڕۆمانی ” خانەقای ميرزا ” نووسينی ” ميران ئەبراهام ” لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر، ساڵی ٢٠٢٣.
٣ – أستخدام اللهجات المحلية في الرواية العربية المعاصرة، موقع نبض العرب، الثقافة والتراث العربي/ وائل عصام صيام – ١٧/٤/٢٠٢٥
٤ – الرواية واستخدام اللهجات العامية عمر أبو الهيجاء……. جريدة الوطن ، ٢٨/٥/٢٠١٨
٥ – هەمان سەرچاوەی پێشوو.
٦ – في نظرية الرواية – بحث في تقنيات السرد – تأليف د. عبدالملک مرتاض، ديسمبر ١٩٩٨.
٧ – ماهية الزمن في الرواية… رؤية في ضوء قضايا الإنسان، مصطفی عطية جمعة، ٨ / ٥ / ٢٠٢٤
٨ – تقنيات الزمن الروائي دراسة في المفارقات الزمنية واإليقاع الزمني، د، أمين خروبي، المرکز الجامعي بأفلو- الجزائر.

