سۆران حوسێنی
شاعیر، بانە
…………..
تا شەولەبان م دوورخستەوە لە شێعر
گوللە دایکرد
کۆڵانمان لێ پڕ بوو لە ویزە
ویستم باڵ بدەم بە خەیاڵ
میک یەخەی گرت بە ئاسمان
پێڵووی پەرێشان کرد لە زەین و
خەتی کێشایە ناو سینەی کات
لەوساوە
هەر ئەپەڕێ چاوی ئەندێشەم
ناوێرم ناوی تۆ بێنم؛ لێوم ئەفڕێ
دەستم ئەڵێی شەپڵە لێی ئەدات
کە ڕای ئەدێرم بۆ تۆ
من بۆ تۆم تازە دەستەمۆ کردبوو ڕستە
کە شار تۆرا لە ئاوەدانی
ڕووی نا لە هەندەران
ئەیانویست تارایەک لە دروشم بدەن بە شێعرا
ڕەش دائەگیرسا سیمای
ئەیانەویست مردن بدەن بە کۆڵیا
دائەهێزا ئەژنۆی
نازانم چ پیلەیەکیان بە شەوە
بۆ خێو ئەبەنە بەر دەرکەی زلهێز
بۆ ئەبزۆێنن حەماسەت
بۆ لەڕەگ ئەیانەوێ دەربێنن وەچە لە زایۆن
دەستیان بۆ شل نابێ لە شەو؟
ئەوان چاویان هەردێ و بزتر ئەبێ
ئێمەش هەر دێین و کزتر
نامەوێ دەستی داڵغەم دابشۆرم لە تۆ
من خستوومەتە سەردەمی شێعر
گۆرانی
ئەمەوێ کۆپلە دانێ لە سەر کۆپلە و
باڵا بدا بە شار
چەپڵە لێبدا بۆ پارک
وێرە بخاتەوە سەر دەمی منارە
پێنووس بکاتە ئاونما
ئەگەر
هەور بێنەوە ئاوس و
بارگە وەپێچێ وشکەساڵی
کێتان درکی پێ نەکردووە
کە من
هەر سەرنجم دزیوەتەوە لە شەڕ
دڕم داوە بە شەو
ئێوەش هەر ئاخنیوتانە گوێچکە لە کات
ئەوەی کە تێئەپەڕێ جوانییە
و
ئەوەی کە هەڵئەفڕێ لە دەستمان، سەدەن
ئەوەی کە پێوە ئەدرێ پەنجەرە
و
نایەڵن ڕۆژ وەبێ شەمشەمە
زاووزێ ئەکا خێو
چاو بز ئەکەنەوە لە تیشک
مۆڕە ئەکەن لە کات
ئاوقا ئەبن بە ڕووناکی
هەر ئەمەوێ تۆ بنووسمەوە و ئەترسم
شەقامیان گرتووە لەخۆ
داهاتوونە کۆڵان
بەربوونە گیانی دەلاقە
دەرفەت نییە کە دەربچێ لە دەستیان
ئێمە لەیەک ترەنجاوینەتە ئازادی
نە جێی خۆمان بۆ ئەبێتەوە تێیدا و
نە ئەوێرین دەست بەربدەین لێی
ژوورێکمان گرتووە لە وێژە
سەری ناوە بە سەرمانەوە سام
چاوتان داپچڕیوە لە شێعر و
متەقتان بڕیوە لە خۆ
من هەتا دێم بنووسمەوە لە ئێوە
هەڵ ئەکاتە درۆن
دائەکاتە کڕووز
هورووژم ئەهێنێ ئاگر
چەڕەدووکەڵ هەڵدەستێ لە سەرمەوە ئێستا
خۆمم لێبۆتە قەقنەس
خووم گرتووە بە سووتان
خەریکە سوێم ئەبێتەوە بۆ نووسین!

