فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیعر

ناسک نەسیری
شاعیر، بەلژیک

……………

ساڵانێکە چاو لەڕێگایی هەواڵێکتم
قاسیدێکم لە دوات نارد و نەهاتەوە
کێوی فەنا لەبەر دەمما ڕەگی کوتا
چنکی لەسینگی زەوی گرت
پاڕامەوە و ڕجام تیا کرد
ڕێگەم بدە
بیبینمەوە
ساڵ هات و چوو
بەفری سپی زستانی سەخت
سەر سەرمی گرت
چاویلکەی تەماوی بەختم ناو چاومی گرت
هەزاران جار تکام لە دەریاو باران کرد
لە بای وەشنێ
لە گەڵای زەردی پایزان
لە پیرەداری دارستان
لە چرای ماڵە هەژاران
لە تیکە نانی ڕێبواران
لە قرچەی دەرونی دابڕانی عاشقەکان
تکام تیا کرد
بتبینمەوە
ئەو داستانەی ساڵانێکە لە کوانوی دڵما هەڵمگرت وەک ئامانەت بدەمەوە
داستانی خۆشەویستیت بۆ بگێڕمەوە
تۆ نەهاتی
هەر نەهاتی
منی ماندوو
وەرزی تەمەن پەلەی لێم کرد
ئەوە ئێستا
لەسەرو بەندی کۆتایی
لەبەردەمی چرای ژیان
تا کۆتایی گلەی بێت
کـــــە نەهاتی .