ھیبە فەیساڵ
نووسەر، دانیمارک
…………………
وتم بۆم بگێڕەرەوە، چۆن بووم …
.
هەناسەیەکی هەڵکێشا و وتی وەك ئەمڕۆ لە سەر دەستی شیرینی مامان ( خوا عەفوی کا، ئەو زۆر لێزان و ڕێکوپێك بوو). کات لەنێوان پرشنگ و قڕچنگی هاوینێکی پڕۆکێنەر لە ماڵەوە، لە ژوورەکەی ناوەڕاست پاش ئازار و هاوار و ماندوویەکی زۆر، چاوت بەم دونیایە هەڵهێنا.
بە خەندە و بەلایەکی چاو تەماشای کردم و برۆکانی بۆ ئاسمان، وتی خوا تۆببە زۆر ئەسمەر و لوسکە بووی، نازانم لەکێ دەچووی!.
وتم دەی ئەوا ژانی تۆ، ژیانی بە من بەخشی. ئێستەیش ئەوها لەو دوورییە نە دەتوانم بە دڵی خۆم خوانێکی گەرمت بۆ بڕازێنمەوە و نە شەڕەکانیشمان دەگەیەنینە مەخسەد. وتم من هەتا خۆم نەبوومە دایك، نەمزانی شەونخونی مانای چییە. یان ئەو تامێسکانەی لێویان بەخوێن دەهێنایت، سەرچاوەی ڕاچڵەکین لە چرکری دەرگا یان ترسێك بوو؟ ترسی تۆ لە حەیا و حورمەت. ترس لە خۆێندن و نەبوونی. هەڵگوشینی تەماتە، دانوولە و دڵەلەرزێی گرتنی ئاوی باران. ترس لە کوردبوون، بە ڕاپەڕین و کۆڕەوییەوە. ترس لە پیاوخراپ و بازاڕێکی بێ متمانە و بێ ڕەحم.
نەمزانی فرمێسك، پەرچدانەوە، سڵەمینەوە و هێزی تۆ لەکوێیەوە سەرچاوەی دەگرت.
وتم نازانم گەر ژیانی ئێستا لەو کاتەی تۆ ئاسانتر بووبێت، بەڵام ئەوەندە دەزانم خەریکە دەرەقەتی چقڵ و گازەکانی نادەم. من درەنگ پێمزانی کە درەخت جگە لە سێبەر، کرمیشی هەیە. وتم چی بکەم بەرانبەر ئەو ڕۆژانەی کە تێدا دەست بۆ ئاسمان بەرزدەکەمەوە و تەنانەت هەورەکانیش بەجێم دەهێڵن؟ وتم ئەو کۆترە شەلەی ڕۆژێك لە دارستان بینیم، بۆ سبەی، بە خۆم و مشتێ گەنمەوە چومەوە لای، کەچی بینیم لەوێ نەمابوو. تومەس لە بۆنکڕوزی تەنیایی من هەڵهاتبوو. یان ئەو وەك مرۆڤ نییە چاوەڕێی دەستی ئەم و ئەو بێت. ژیان لەلای ئەو ئەرك و ئازادییە.
وتی مەلۆتکەیەك بوویت و منیش نەمدەزانی بۆ هێندە دەگریای؟
وتم من هەرگیز لەبیرم نایە کە بۆ ژیرکردنەوەی خۆم، پەنجەیەکم لە دەم و لیکی خۆمدا خوسانبێتەوە. بەڵام هەمووکات لەترسی لەدەستدانی تۆیش وەك ئەو، دەستی درێژم بەدەم خەوەوە دەگرت بە لووتی تۆوە. وتم ئیدی ئێمەی مرۆڤ ئەوهاین. بۆ بەردەوامیمان دەبێت هەمیشە شتێك هەبێت کە ئومێد و هیواکانمانی پێوە گرێ بدەین و بە دان بیگرین.
وتم من لە بێدەستەڵاتی خۆم و لە خەمی بەقوڕدا چوونی ئەم زەمینە زۆر جار لە تۆ زیز، وەڕس و توڕە دەبم. زگێك ئاوس بە وڕێنەی زبر، سەرزەنشت و گازندەی تۆمەتباریت بۆ دەنێرم. دەڵێم ئەو ڕۆژەیشم بەنەفرەت کرد کە نابووت، بێفەڕ، خۆپەرست و نەویستێکی وەك منتان هێنا. بەڵام زۆریشی پێناچێت و وەك هەموو هەڵچونەکانی دیم و ئەو بڕیارەی بە ئەقڵ دەیدەم، دڵ دێت وتێکی دەشکێنێت، پەشیمان دەبمەوە. ڕێك وێنەی کۆترە شەلەکەم دێتە پێش چاو و قۆڵی لێ هەڵدەکەم. ڕەنگە ئەمەیش لە خۆیدا پەندێك بێت. پێویستییەكە و دەبێت لە تاقی ترش و خوێی چێشتخانەی مندا جێی هەبێت. لەوانەیە ئەمانەبن کە بوونی من وەك تۆ دەکاتە پژمەیەك. ئاڵۆزە، ناگیرێت و موچورکەش بەتەوقی سەردا دێنێت.

