ڕێڤان جاف
نووسەر، هۆڵەندا
” ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی و سنووری کەسانی تر، بنەمایەکی گرنگی پێکەوە ژیانی شارستانی شایستەیە”
هەروەک زۆرجار بینیومانە و تێگەیشتووین پەیوەندیی یە مرۆییەکان تەلیسمێکە ناکرێ بە ڕوونی تێی بگەین، بەومانایەی پەیوەندییەکان ئاڵۆزن و تێگەیشتن لێیان کات و پشوودرێژی زیاتری پێویستە، کەواتە تێگەیشتن لە ئاڵۆزی پەیوەندی یەکان و پێکهاتەی مرۆڤەکان یەکێکە لە سەختترین شتەکان و بابەتێکی قووڵ و فرە لایەنەیە چونکە مرۆڤ پێکهاتەیەکی جێگیر و یەکگرتووی نییە. بەڵام ئەوەی زیاتر لە پەیوەندی و ناسین و گفتوگۆی هەندێ کەسدا زیاتر هەست بە سەختی و بارگرانی دەکەم و دڵتەنگ و بێزارم دەکات و غەمی لێ دەخۆم ئەوەیە کە ناتوانم وەڵامی هەندێ لە پرسیارە لەناکاو و بێ مانا و تایبەت و کەسییەکان لە کات و ساتی خۆیدا بە پێی پێویست بدەمەوە، کە زۆرجار ئەم جۆرە پرسیارانە لە ئەنجامی فزولییە لە ڕێگەی دیدار و دواندنی لێڵ و تەمومژاوی پڕ لە پێچ و پەنای نادیار و شاراوە و گەڕکردن بەو کەسە بە مەبەستی بەگیرهێنانی ناڕەوا بۆ چوونە ناو تایبەتمەندیەکان و دەستێوەردانی ژیان و کاروبارەکان، یان لە نەبوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتییەوە دروست دەبن، ئەم ئاکتە کۆمەڵایەتییە باوانە، ئاماژەیە بە تێپەڕاندنی ئەو هێڵە سوورانەی کە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەن. ئەم سنوور بەزاندنە کاتێک ئازاربەخش و بێزارکەرە کە پرسیارەکان بچنە ناو وردەکارییەک کە مافی تایبەتمەندی کەسەکە پێشێل دەکات، ئەم دەستوەردان و ئەدکاری خۆهەڵقورتانە لە کار و ژیانی خەڵکی دوور لە نیاز پاکی و نيیەت و ناخی سافەوە کارێکی نابەجێ و بێ سوودە. ئەم دیاردە ئازاردەر و ناجۆرانە دەبنە هۆی بێتاقەتی و پەستی و سنووردارکردنی ئازادی کەسیی و تێکدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
هەرچەندە درێژەی هەوڵ و هەنگاوەکانم بۆ بەرزڕاگرتنی جیهانی مرۆڤایەتی و گرنگی و کاریگەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە بەردەوامیدایە بەڵام لە پێناو ڕاگرتنی ئەو سنووربەزاندنە و کۆتایی پێهێنانی پرسیارە ناباب و بێ ئەرزشەکاندا باوەڕم بە هونەری ئەم وەڵامە دەمکوتکەرە هەیە: ( ئەمە بابەتێکی تایبەتە و حەزناکەم قسەی لەسەر بکەم). ئاخر ئەم جۆرە کەسانە ئەگەر وەڵامێکی توند و بەکلاکەرەوە وەک چەپۆکێک بە سەر سەریانەوە نەبێت نەک هەر سنوور دەبەزێنن بگرە هێز لە بوون و تواناکانت دەبڕن. بەڵام بەداخەوە ئەم پرسیارە چاوەڕواننەکراوانە ئەوەندە لە ناکاو کتوپڕن هەر ژیان و خۆم نا، زمانیش لە وەڵامدانەوە دەشکێنێت و شڵەژان و هێدمەیەکی توند و تاڵ دەمگرێت ئارامی و سەقامگیریم شێواو و ئاڵۆزدەکەن، چەند هەستێکی دژبەیەک لە ناخمدا دەوروژێنێت و لە هەموولایەکی مێشکمەوە هوروژم دەهێنێت، بە ڕاچڵەکینێکی گەورەی زهنی و دەروونی کۆتایی دێت، هەروەک بڵێی هەرگیز چاوەڕێی ئەم جۆرە پرسیارانەم لە کەسی پرسیارکەر نەکردبێت.
ئەم جۆرە لە پەیوەندی و گفتوگۆ تەنها بارێکی قورس و وەڕسکەرن بەسەر سەرمانەوە.
بە پێی توێژینەوەی زانستە کۆمەڵایەتیيەکان کە تیشک دەخەنە سەر چۆنێتی ڕەفتار و کاردانەوەی کەسی پرسیارلێکراو، دەڵێن لە کاتی هێدمەی نوێدا کاردانەوە دوادەکەوێت یا ڕەنگە لەبەر لە ناکاوی شێواز و وتنی ئەو جۆرە پرسیارانە و دەستوەردان لە ژیانی خەڵک و بەدواداچوون بۆ کاروبارە تایبەتمەندییەکانیان وا لە مرۆڤ بکات لە حاڵەتی نکۆڵیکردندا بژی و نەیەوێت ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە لەناکاو و نادروستانە ببێتەوە.
هەروەها بەپێی زانیاری و لێکۆڵینەوەکانی گەشەی مرۆڤ و بونیادی کەسایەتی دەرکەوتووە هۆکارە سەرەکییەکانی پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکانی تاک هەر لە تایبەتمەندی و کەسایەتی کەسەکان بۆخۆی ڕەنگدانەوەی بەرچاوی لەسەر چۆنيیەتی مامەڵەکردن و کاردانەوە و بیرکردنەوەی تاک هەیە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕێکخستن و دروستبوونی کەسێتی و بەها کۆمەڵایەتیيەکان و داڕشتنی شێوازی ڕەفتار و تێڕوانینی بۆ ژیان دروستکردووە.
زۆرجار ڕۆڵ و ژینگەی خێزانی و قۆناغەکانی پەروەردە ناچارمان دەکات بە کۆمەڵێک ئاداب و ئاکاری گشتی و بنەماکانی ڕێزگرتنی خودەوە پابەندبین و بجوڵێینەوە، دوور لە مشتومڕ بێدەنگیيەکی ئازاربەخش هەڵبژێرین، ئەو کاتانە دەکەوینە بەر هێرشی سەختی بیرکردنەوە کە لێکەوتەی خراپ و قایمی لەسەر حاڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبێت و گەشەی کەسایەتی ناجێگیر و شێواو دەکات.
من بۆ خۆم واملێدەکات خۆزگە بخوازم وەڵامی پرسیارە یەک لە دوای یەکە هەراسانکەر و تاقەتپڕوکێنەکان ئاسان بدۆزمەوە و کاردانەوەکانم دوور لە دواکەوتن لە کاتی خۆیدا بە پێی پێویست بێت، یا خۆزگە دەخوازم هەموو ئەو پرسیارانە و خاوەنەکانیان بە جۆرێک لەبیربکەم هەتا هەموو ئەو وێنە ئازاربەخشانە لە مێشک و خەیاڵدا بسڕمەوە.

