دەریـــا خۆشــناو
نووسەر، و شاعیر
نەرویج
……………….
زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری، بەڵکو پاسەوانی نەتەوە و نیشانەی ئاستی هۆشیاریی تاکە.
زمانی کوردی و ڕێنووسەکەی، پێویستە وەک کۆڵەکەی مانەوەی نەتەوە، سەیری بکەین. زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەند، فرەزاراوە و خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژە، بەڵام ڕێنووس (شێوازی نووسینەکەی) ئەو ئامرازەیە کە ئەم دەوڵەمەندییە بنیاددەنێت.
لەبارەی ڕێنووسەوە، وتەیەیەکی دۆستۆیۆڤسکی هەیە کە دەڵێت؛
“لە حەفتا دێڕدا جوێنیان پێدام، کەچی هیچیان نەیانھەژاندم، تەنیا هەڵە ڕێنووسەکانیان نەبێت”.
ئەوە یەکێکە لە قووڵترین و پڕماناترین دەربڕینەکان سەبارەت بە بایەخی زمان و ڕێنووس. کاتێک کەسێک لە ئاستێکی بەرزی فیکریدا دەبێت، تەنانەت جوێن و سووکایەتییەکانیش کار لە دەروونی ناکەن، بەڵکو ئەوەی ئازاری دەدات تێکدانی جوانی و ڕێساکانی زمانە.
کاتێک دۆستۆیۆڤسکی دەڵێت تەنیا هەڵە ڕێنووسییەکان بێزاریان کردووە، مەبەستی ئەوەیە کە ئەو کەسەی توانای ئەوەی نییە زمانەکەی بە دروستی بنووسێت، هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ڕەخنەکانی شایەنی وەڵامدانەوە بن.
چەند ڕەهەندێکی گرنگی زمانی کوردی و ڕێنووسەکەی.
١. زمانی کوردی زمانێکی سەربەخۆ و زیندوو، سەر بە خێزانی زمانە هیندۆ ئەورووپییەکانە. ئەمە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە نیشانی دەدات کە لە ڕەگ و ڕیشەدا جیاوازە لە زمانە سامییەکانی وەک (عەرەبی).
هەروەها کوردی زمانێکی پێوەلکاوە، واتە بە هۆی پاشگر و پێشگرەوە دەتوانرێت بێشوومار وشەی نوێ و واتای جیاواز دروست بکرێت، ئەمەش وای کردووە کە زمانەکە هەمیشە نوێ بێتەوە.
٢. ڕێنووس پردی نێوان زاراوەکانە. ئێمە خاوەنی چەندین زاراوەین سەرەکیترینیان:
. کورمانجی- کوردیی باکوور.
. سۆرانی – کوردیی ناوەڕاست.
. کەڵهوڕی، فەیلی، لەکی- کوردیی باشوور.
. زازاکی و هەورامی ـ گۆرانی، زازا
لێرەدا ڕێنووس دەبێتە ئەو زمانە هاوبەشەی کە هەمووان لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە. کاتێک بە ڕێنووسێکی ستاندارد دەنووسین، خوێنەرێکی بادینی دەتوانێت لە نووسەرێکی گەرمیانی تێبگات.
هەڵەی ڕێنووس تەنیا هەڵەی پیت نییە، بەڵکو تێکدانی ئەو (کۆدە) هاوبەشەیە کە کورد بە یەکەوە دەبەستێتەوە.
٣. تایبەتمەندییەکانی ڕێنووسی کوردی (ئەلفوبێی ئارامی- کوردی).
سیستەمی نووسین لە باشوور و ڕۆژهەڵات، تایبەتمەندییەکی دەگمەنی هەیە کە پێی دەوترێت نووسینی فۆنەتیکی. هەرچی دەوترێت، ئەوە دەنووسرێت، بە پێچەوانەی عەرەبی یان ئینگلیزی، لە کوردیدا پیتی (بێدەنگ)مان نییە. هەموو بزوێنەکان دەنووسرێن (وەک: وو، ۆ، ێ، ا، ی).
جیاوازی پیتەکان، بەکارهێنانی دروستی پیتەکانی وەک (ڕ بەرامبەر ر) یان (ڵ بەرامبەر ل) بۆ جوانکاری نییە، بەڵکو گۆڕینی یەکێکیان واتای وشەکە بە تەواوی دەگۆڕێت. (بۆ نموونە: کەر- ئاژەڵ، کەڕ- نابیست، هەروەها (گوڵ – ڕووەک، گول- نەخۆشییەکی پێستە).
٤. ڕێنووس لە ئێستادا لە مەترسیدایە بە چەند هۆکارێک، لەوانە؛
- تەکنەلۆژیا: زۆرێک لە گەنجان بەهۆی بەکارهێنانی تەختەکلیلی(کیبۆرد) عەرەبی یان فارسی، پیتە ڕەسەنەکانی کوردی (ک، گ، چ، پ، ژ، ڤ) بە هەڵە دەنووسن یان وائەکەن پیتی زمانەکانی تر جێگەیان بگرنەوە.
- پشتگوێخستنی زمانەوانی: زۆرجار وشەی بیانی (عەرەبی یان ئینگلیزی) بەکاردەهێنین تەنیا لەبەر ئەوەی ئاسانتر و خێراتر بە بیرماندا دێت، لە کاتێکدا زمانی کوردی بۆ هەر یەکێک لەو چەمکانە وشەی زۆر جوانتر و قووڵتری هەیە.
بۆچی ڕێنووس لە زمانی کوردیدا گرنگە؟
- بۆ ئێمەی کورد، زمان تەنیا ئاخاوتن نییە، بەڵکو تاکە قەڵایەکە کە ناسنامەمانی تێدا پارێزراوە. تێکدانی ڕێنووس، بە مانای درزخستنە نێو دیوارەکانی ئەم قەڵایە.
• کاتێک بە کوردییەکی پەتی و ڕێنووسێکی دروست دەنووسیت، تۆ ڕێز لەو کەسە دەگریت کە بابەتەکەت دەخوێنێتەوە. نووسینی شێواو، نیشانەی بێسەلیقەیی و پەلەکردنە لە بیرکردنەوەدا.
• هەرچەند پەیامەکەت بەهێز بێت، ئەگەر لە قاڵبێکی زمانەوانیی لاوازدا پێشکەش بکرێت، هێزەکەی لەدەست دەدات. هەڵەی ڕێنووس وەک پەڵەیەکی ڕەش وایە لەسەر جلی سپی، کە تەنیا پەڵەکە دەبیندرێت نەک جوانیی جلەکە.
کێشەی ڕێنووسی کوردی
بەداخەوە لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیادا، جۆرێک لە تەمبەڵی و خەمساردی بەرامبەر پیتی کوردی و ڕێزمانی کوردی هەیە. تێکەڵکردنی زاراوەکان، بەکارنەهێنانی (ڕ، ڵ، ڤ، ژ) بە دروستی، و سەرپێچی کردن لە بنەماکانی ڕێنووس، نەک هەر زمانەکە دەشێوێنێت، بەڵکو نەوەی داهاتووش تووشی سەرلێشێوان دەکات.
ڕەهەندی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و پاراستنی زمان.
١. کاتێک هەڵە دەبێتە خوو:
زمان ڕەنگدانەوە و ئاوێنەی ڕێکوپێکیی مێشکە. کاتێک ئێمە لە نووسینی سادەترین ڕستەی کوردیدا کەمتەرخەم دەبین، لە ڕاستیدا پەیامێک بە جیهان دەدەین کە ئێمە لە بیرکردنەوەشماندا پەرش و بڵاوین. هەڵەی ڕێنووس تەنیا هەڵەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە کەمتەرخەمیی ڕۆشنبیری. کەسێک کە ڕێز لە یاساکانی زمانەکەی نەگرێت، چۆن دەتوانێت ڕێز لەو مێژوو و قوربانییە بگرێت کە ئەو زمانەی پێ پارێزراوە!
٢. شەڕی سارد و وشەی کوردی:
لە جیهانی ئەمڕۆدا، شەڕی گەلان تەنیا بە چەک نییە، بەڵکو شەڕی کولتوور و مانەوەیە. زمانی کوردی بۆ ئێمە ناسنامەیەکی سیاسی و بوونگەراییە. کاتێک بە زمانێکی تێکشکاو و پڕ لە هەڵە دەنووسین، ئێمە بەبێدەنگی خەریکی بچووککردنەوەی خۆمانین. پاراستنی ڕێنووسی کوردی کەمتر نییە لە پاراستنی خاک، چونکە نەتەوەی بێ زمان، نەتەوەیەکی بێ نیشتمانە، تەنانەت ئەگەر لەسەر خاکی خۆشی بژیت.
٣. مانیفێستی نووسین:
با ئەم وتەیەی دۆستۆیۆڤسکی بکەینە نەخشەڕێگا، با هیچ شتێک ئەوەندەی شێواندنی زمانەکەمان ئازارمان نەدات، با ڕێنووس هێڵی سوور بێت. با لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن، با لە سۆشیاڵ میدیا، لە تابلۆی دوکانەکان، لە نامە گۆڕینەوەکانماندا، تەنیا مەبەستمان گەیاندنی مەبەست نەبێت، بەڵکو مەبەستمان (جوان گەیاندنی مەبەست) بێت.
با بایەخ بە خاڵبەندی بدەین، خاڵ و کۆما و نیشانەکانی وەستان، وەک ئاماژەکانی هاتووچۆ وان، ئەگەر نەبن، مانای نووسین تووشی پێکدادان دەبێت.
گومانی تێدانیە کاتێک داگیرکارێک دەیەوێت نەتەوەیەک لەناوببات، زمانەکەی لێ دەستێنێتەوە. بۆئەوەی نەتەوەکەمان هەمیشە بەزیندوویی بمێنێتەوە، ڕێز لە زمان و پیت و وشەکانی بگرن.
با سەربەخۆیی زمانەوانی بپارێزین، و وشەی کوردی ڕەسەن
بەکاربهێنین لەبری وشەی بێگانەی سەپێنراو.
پێویستە هەریەک لە ئێمە وەک پاسەوانێکی زمان مامەڵە بکەین. با ڕێگە نەدەین هیچ کەسێک کەرامەتی زمانەکەمان بە هەڵەی ڕێنووس و پشتگوێخستن بشکێنێت. جوانیی فیکر، لە جوانیی زمانەوە دەست پێ دەکات.
لە کۆتاییدا دەڵێم؛ زمان ئاوێنەی نەتەوەیە. زمان تەنیا پیت نییە، شکۆیە، کاتێک ئێمە بە کوردییەکی پاراو و ڕێنووسێکی بێ هەڵە دەنووسین، خەریکی نیشاندانی شارستانییەت و ڕەسەنایەتی خۆمانین. هەڵەی ڕێنووس وەک (خەوش)ێک وایە لەسەر ڕووخساری مێژوومان، بۆیە با هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی ئەم ڕووخسارە بە جوانی و درەوشاوەیی بمێنێتەوە.
تێبینی:
فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکی (١٨٢١ – ١٨٨١)، یەکێکە لە مەزنترین و کاریگەرترین ڕۆماننووسەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و وەک (پەیامبەری ئەدەبی ڕووسی) دەناسرێت. ئەو هەر چیرۆکخوان نەبوو، بەڵکو گەڕیدەیەکی قووڵی نێو دەروونی مرۆڤ بوو.

