فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

“هەزار و یەک ژن”

شوان تۆفیق
شاعیر، ڕاپەڕین

…………….

بێ ئەوەی لە سەردەمی باوکمدا ژیابێت
ئەو دایکم بوو،
هەرگیز دەرگەی ماڵەکەی بەڕوودا دانەدەخستم،
لە ژەمەکانی خواردنی دەپرسییم ..
چاودێری کەش و هەوای دەکرد و
شەوان پێی دەوتم بۆ بەیانی چی لەبەرکەم ..
هەرگیز کۆڵانەکەی ئێمەی نەبینی بوو،
لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونمدا مۆمێکی دانەگیرساندبوو،
کەچی ئەو خوشکی بچووکم بوو، هەموو جارێک،
خەمی بۆ لۆچی سەر کراسەکانیشم دەخوارد ..
بە بۆنی عەترەکانم لە تاریکیدا دەیناسیمەوە ..
کاتێک ئێواران دڵتەنگ دەبووم،
سەری دەخستە سەرشانم و
لەگەڵ مندا دەیدا لە هاڕەی گریان ..
ئەو دەستگیرانم بوو،
لەسەر دووسەد لیرەی ڕەشادی، نا ..
لەسەر نۆزدە مسقال قەسیدەی درێژ
لەخۆمم مارەکردبوو ..
ئێمە هەرگیز ڕۆژێک لەبەر دەمی مێزی دادوەرێکدا بەیەکەوە نەوەستابووین،
بەڵام گرێ بەستی خۆشەویستیمان
لەسەر ڕۆحمان هەڵکۆڵی بوو ..
من نەزۆک بووم، ئەو دایکی هەموو مناڵەکانی ناو ڕۆحم بوو، کە قەرار نەبوو لە داهاتوو هەرگیز لە دایکبن ..
ئەو بەخێوکەری هەموو ئەو پەپوولانەبوو
ڕەشەبا بردینی و
لەسەر گوڵی حەوشەکەی ماڵی ئێمە نەنیشتنەوە ..
ئەو کێ بوو؟
خۆم و خودا و فرمێسک نەبێت کەس نەیزانی چەندە نیان بوو!
ئەو کێ بوو؟
لەتێک مانگ بوو لەناو دڵی تاریکیدا
شەوان چاوەڕێی دەکردم ..
ئەو کێ بوو؟
هەر بەتەنها سێ ژن، نا ..
هەزار و یەک ژن بوو، لە ژنێکدا هەناسەی دەدا و
لەسەر ڕێگەی وەرزە ساردەکانمدا وەستابوو،
بە دووهەزار و دوو قۆڵەوە تەنیایی
لە ئامێز گرتبووم.