عەبدوڵڵا سەڕاج
نووسەر و ڕۆماننووس، سويد
……………………….
وەکوو ئێستا لە بیرمە کە پانتایی شاری کەرکوکی زێدم چواریەکی ئێستای بوو، بگرە کەمتریش لە نۆبەرە ڕۆمانمدا ( هەڵکشان بەرەو لوتکە) کەم و زۆر هەست بە جوگرافیای شارەکە دەکرێ.
بە لای شاری سلێمانیدا تەکیيەی شێخ جەمیل و گۆرستانی ئیمام محەمەد و شێخ محێدین سنووری شار بوون، کنیسەی کلدانیيەکانیش لە دەرەوەی شار بوو.
بە لای شاری بەغدايشدا سنووری شار ئیستگەی شەمەندەفەر بوو، دەبوایە ماوەیەکی زۆر بڕۆیشتایتایە بۆ ئەوەی بگەیتە دێی ( تسعین) . بە لای شاری موسڵیشدا کۆتایی شار ئەو پردە بچووکە بوو کە بەسەر هێڵی شەمەندەفەری هەولێردا دروست کرا بوو، بە تەکیيەکەيشەوە کۆشکی قازی و بەنزینخانەکە کۆتایی شار بوون، هەروەها گەڕەکی موسەڵا و گۆرستانی ئەبوعولوك باشوورە سنووری شارەکەمان بوون.
بە لای چایخانەی ئەحمەد ئاغا و قۆریيەيشەوە دار زەیتونەکانی گاوەرباخی کۆتایی شار بوون.
هەر چوار گەڕەکی : ڕەحیماوا، کەرکوکی تازە، ئیسکان و ئازادی نەبوون. هەر دوو گەڕەکی شۆریجە و گردی مەلا عەبدوڵڵا سەروو تەنها دوو سێ کۆڵان بوون جێی خۆيشيیەتی کە بێژم: کوێخا ڕەحیمی بنیاتنەری گەڕەکەکە برای حاجی ڕەشیدی خاوەن کۆگا بەناوبانگەکەی شەقامی جمهوری بوو. مەلا عەبدوڵڵايش کە گەڕەکەکەی بە ناوەوەیە باپیری محەمەد موختاری ئیمام قاسم بوو.
ئەوسا مەبەستم لە چلەکانی سەدەی ڕابردووا شەقامی سەرەکی لە بەغداوە دەهات بەرەو کەرکووك و سلێمانی هاوشانی خڕی خاسە بوو بۆ پشوو لە پێش چایخانەی عاشوور دەوەستان. لەوێشەوە بەرەو چایخانەی یادگار کە دەبووە دوو ڕێيان، شەقامی سەرەکی بەرەو ڕاستا ڕووی لە نزیکی کڵێسەکە دەکرد و بەرەو قاتقاتەکان و سلێمانی، بە لای چەپیشدا ڕێگایەکی خۆڵین بەرەو باروتخانە و دێی ( یاروەلی ) دەچوو.
تێبینی:
بە یادی من موتەسەڕیفەکان ( پارێزگاران) ی شاری کەرکووك کورد بوون وەک: ڕەشید نەجیب و موستەفا قەرەداغی و هەتا دوایی جێی خۆيشيیەتی کە ئاماژە بکەم کە لە ساڵی١٩٥١-١٩٥٢ مەدالیای زیوم لە دەستی خوالێخۆش بوو ڕەشید نەجیب وەرگرت لە بارەی پۆرترێتی غاندی کە بە مەرەکەبی چینی کێشا بوو، ڕەشید نەجیب یەکێکە لە نوێخوازانی شیعری کوردی لە تەك گۆران و نوری شێخ سالح…. .

