فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شەکەت

هونەر موکريانی
شاعير، مەهاباد

 

ئەشکەنجەگەر! هەڵدەکەنی روحم
ئەشکەنجەگەر! بە جەستەوەم گۆڕی
خوێنرێژتر لە چاوەکانم نیت
ئێستا دەژی به کاتی سەرشۆڕی
رۆژێ لە ساعەتت دەبم بە ژمار

زامم لە فیشەکا دەقیژێنم
ڕۆژێ کە چەک لە دەرد هەڵدەگرم
من کێو بۆ گەزیزە هەڵدەچنم
دەستم لە دار و بەرد هەڵدەگرم
رۆژێک دەبمە ڕێڕەوی کۆسار

رۆژێ کە دەبمە یەک گەروو فریا
زارم دەبێتە بەستەیەک هاوار
چاوم دەبن بە پەنجەرەی گولـلە
دەستم دەبن بە ئەسلەحەی بڕیار
ڕۆژێک تا ئەوین دەبم ڕزگار

ئاواتەکان لە ڕێگە ناتۆرێن
ئیمانەکان بە ڕەنج شڕ نابن
ئەستەم بە ئەستمی هەموو زستان
هەنگاوەکانی عەشق سڕ نابن
ڕۆژێک دەبمەوە بەهار و یار
….
ڕێگایەکەم بەرەو هەواری دەنگ
گۆرانییەک چڕینی ئینسانم
شێعرێکی پێ‌پەتی دە شێتیدام
عاشق دەهۆننەوە بە بەندانم
ڕۆژێک دەبمە وێژەرێ وشیار

ئەشکەنجەگەر! برینەکانی من
دەنگن دەگەن بە گوێی ڕزگاران
نامەن بە دەستی خوێن نوسراون
دەیخوێننەوە لە شار تا شاران
ڕۆژێک دەتگرن دەگەڵ ئازار

تا قامچی‌ترینی پشتی ئێش
باوەش بە باوەشی بەشەر دەگریم
ساتێک تا سپی بە شێعری سوور
شین‌تر لە ڕووڕەشی بەشەر دەگریم
رۆژێ،،،،، کە نایە نا خودا هاوار……