دەريا هەڵەبجەیی
شاعير، سلێمانی
ئێوارەیەک من دێمەوە
پێش ئەوەی دایکم ببینم
لەدەرگاوە بۆ لای تۆ دێم..
بۆ سڵاوێکی گەرمی تۆ
بزەیەکی شیرینی تۆ
باوەشێکی دایکانەی تۆ
پڕ بە ڕۆحی خۆم تامەزرۆم..
ئێوارەیەک دێمەوە بۆ ئەو کۆڵانەی
عەتری ژنێتی تۆ و دایکمی
لێ دەچۆڕێت..
لە دەرگاوە دەڕوانمه حەوشەی چۆڵ و
گوڵی عاجزی ئینجانەی
سەرما بردووی ئەم کانوونه
بانگت ئەکەم..
پەرۆشی دەنگێکی نەرم و
خوڵقێکی گەرمی جارانتم..
دڵه کوتێ ئەمگرێت و
ترسێک گیانم دائەپۆشێت..
نە ئەتوانم بێمە ژوورو
نە قاچیشم هێزی هەنگاوی ئەمێنێت…
به خۆم ئەڵێم ڕەنگە خەوی لێ کەوتبێت..
ئەشێ لەودیو لای دایکم بێت
بەدەم قسەی شیرینەوە
دایکم چای بۆ تێ بکات
گوێی لە هاتنی من نەبێت..
دەنگی دایکم
دێتە گوێم و
بە دڵێکی ئێجگار پڕ و
دووچاوی پڕ فرمێسکەوە
لێم دەڕوانێت
ناتوانێ بڵێ جارێ تر
تەنیایی ڕووی لە ماڵم کرد..
دڵی نایه بڵێ چیتر
وەکو جاران لەدەرگاوە سڵاو ناکات
ئەو جوانی دەمەو عەسران و
گەرمی ماڵی لەگەڵ خۆی برد..
باوەش ئەکەم بە دایکمدا
بۆنی نەبوونی تۆ و باوکم
لە تەنیایی دایکم دەڕژێت..
لە چاوەکانی دەڕوانم
ئەیەوێ بڵێ ئەویش ڕۆشت
من دڵی دایکم ئەبینم
چەند عاجزه
ڕۆحی تەنکی چۆن ئەلەرزێت..
وەک ئەو ئێوارەی باوکم ڕۆشت
جارێکی تر
دڵی ئەشکێت..
نە بە من ژیر ئەبێتەوه
نە سەبووری بە هیچ کەس دێت..
خودا دایکم لەوە زیاتر عاجز مەکه
وەک پەپوولەیەک
گڕ بگرێت
دەنگی نایەت
تەنها بێ دەنگ ئەسووتێت و
لەناو خۆیدا هەڵدەوەرێت..
دەی چی ئەبێت
ئەمه خەو بێت
خەوێکی قورسی عەسرانی
کۆتا ڕۆژی ئەم ساڵه بێت..
بە دەنگی شیرین و گەرمی دایکانەی تۆ
چاوەکانم بەخەبەر بێت..
باوەشم کەیت
باوەشێکی بێ کۆتا بێت..
بۆ کۆچی دوایی ژنە سەلارو سەنگینەکەی شار
دراوسێی ماڵە باوان
خاتوو زەکیە حاجی حەمه ساڵح..
گۆڕت پڕ نوور و ڕەوانت شاد بێت..

