د.مســتەفـــا زەنگـــــنە
نووسەر و مامۆستای زانکۆ
…………………………
من کەسێکی کۆنە پەرست نیم و ئاگام لەدەورو بەرودنیا هەیە و هەنگاو بە هەنگاو پێشکەوتنەکانی دنیا دەبینم، چونکە ڕۆژانە دەخوێنمەوە و بەدواچوون دەکەم بەڵام لەوانە گرنگتر وردبوونەوەیە لە کۆمەڵگەکەی خۆم و ئەو گۆڕانکارییانەی بەنەرێنی کەوتوونەتەوە، لێرەدا پرسیارێکی دوو وەڵامی دێنە گۆڕێ، پرسیارەکەيش ئەمەیە. ئایا ئێمەی کورد خراپ لە پێشکەوتن تێگەیشتوین، یان تەنها توێکڵی پێشکەوتنەکانمان وەرگرتووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، من چەند نموونەیەک دەخەمە ڕوو، پاش خوێندنەوەی ڕاستییەکان بەڕێزتانن سەرپشکن لەوەی چۆن وەڵامی پرسیارەکە دەدەنەوە..
نموونەکان:-
+جاران لەهەر ماڵێکا ئاشپەزخانەیەک هەبوو، بچووک، تەنها دۆڵابێکی ئاسنی تێدابوو، هەموو قاب وقاجاغەکان لەودۆڵابەدا دادەنران، تەباخێکی نەوتی دووچاویی تیابوو، بەو تەباخ و دوو مەنجەڵەفافۆن یان مسە، هەموو چێشتێک لێ دەنرا، پارەیەکی کەمی تێدەچوو، بێ گۆشت و بێ تەنتەنە و عەنعەنە بوو، ئێواران دادەباریینەسەری، کەچی ئێستا چێشتخانەی ماڵ کاونتەری بەمۆدێل و تەباخی پێنج چاوو بەفرگرو یەخچاڵ و جۆرەها مەنجەڵی تیڤاڵ و بوخارو مایکرۆو بەزم و ڕەزمی تێدایە، کەچی چێشتە پڕگۆشتەکان تامیان نییە، بۆیە زۆربەی کات دلێڤەرییان بۆدێت.
+جاران هەرماڵەی هەشت نۆ مناڵی تێدابوو، خانووەکانیش دوو ژوورو بەرهەیوانێ بوون، هەموو ئاگایان لەیەک بوو، یەکیان خۆشدەویست، ئێواران لەسەریەک سفرە نانیان دەخوارد و خواردنەکانیش تام وچێژیان هەبوو، مناڵەکان هاوکاری باوک ودایکیان بوون ،بێ کێشە و سەر ئێشە بوون، کەچی ئێستا هەرماڵەی چەن ژوورێکە و، یەک یان دوو مناڵیان هەیە، بەڵام هەر مناڵە و لە ژووری خۆی دایە، کەس ئاگای لەکەس نییە، مانگی جارێکیش لەسەریەک سفرە نان ناخۆن و زۆربەی مناڵەکانیش بۆ دایک و باوکیان بوونەتە کێشەو سەرئێشە .
+جاران خێزان لەسەرحەسیرەشڕێک یان لباد یان گڵێمێک دەنوستن و جاجمێکیان ئەدابەخۆیانا و تا بەیانی بە ئیسراحەت پرخەی خەویان دەهات، کەچی ئێستا دۆشەکی نیو مەتر ئەستوورو بەتانێی کەهرەبای و سیسەمی دەسکرد، بەڵام تابەیانی ئەمدی و ئەودیو دەکەن وشەوێک بەئیسراحەت نانوون.
+جاران هەرماڵەو تەلەفزیۆنێکی ڕەش و سپیی هەبوو، ئەندامانی خێزان فلیم و بەرنامە و هەواڵەکانی دنیایان لەڕێی ئەو تەلەفزیۆنەوە دەزانی، کەچی ئێستا، هەر ژوورەی تەلەفزیۆنێکی ڕەنگا و ڕەنگی گرانبەهای تێدایە و مۆبایلێکی هەژدەگەڵاییان پێیە، کەچی نە ئاگایان لەهەواڵەکانی دنیایە، نە بەرنامەو فلیمەکان دەبینن.
+جاران خەڵکی بیرۆکە و زانییارییەکی ئەوتۆیان لەسەر وەرزش نەبوو، بەڵام بەکارکردن، خاوەنی تەندروستیی باش بوون وتەمەنیان درێژتربوو، نەخۆشییەکان وەکوو ئێستا نەبوون، کەچی ئێستا خەڵکی ڕۆژانە قسە لەسەر سوودی وەرزش دەکەن، بگرە زوربەیان هەموو وەرزشێک دەکەن ، کەچی هەردەم نەخۆش وکزن.
+جاران هۆکارو یارمەتیدەرەکانی فێربوونی خوێندن نەبوون، لەماڵێکدا چرایەک یان لۆکزێک یان قوتیلەیەکیان هەبوو، منداڵەکان بەشەوان لەبەردەمیا دەیانخوێند، کەچی
قوتابی ودەرچووکانی قۆناغەکانی خوێندن بلیمەت بوون، فێر دەبوون، کەچی ئێستا، هەموو پێداویستییەکانی خوێندن لەجانتا و کۆمپیوتەرو ئایپات وتەختەی زیرەک و زیرەکی دەسکرد و داتاشۆ و مامۆستای پسپۆر هەن، سەرەڕای ئەوە خولی بەهێزبوون و مامۆستای تایبەت و پارەی خەرجیی زۆریان بۆدابین دەکرێت، کەچی قوتابی دەردەچێ وهیچ نازانێت.
+جاران ئەو هەموو خزم وکەس وکارانە، سەردانی یەکیان دەکرد، بەسەریەکدا دەمردن دەسوەگیریی یەکیان دەکرد، کەچی ئێستا برا ئاگای لەبرانییە و خوشک ئاگای لەبرای نییە و ئامۆزا و خاڵۆزايش يەک ناناسنەوە.ئێستا هەرکەس بۆخۆیەتی.
+جاران پارە نەبوو، پێداویستییەکانیش کەم بوون و بەردەست نەبوون، بۆنموونە هەبوو تا دەمرد لەوگوندانە پرتەقاڵ و لالەنگیی نەدەبینی، ئەناناس و گوێزی هندی و مۆزی بەرچاو نەدەکەوت، بەڵام هەموو شتێک تام وچێژی خۆی هەبوو، گەر پرتەقاڵێکی بخواردایە نرخ و گرنگیی پرتەقاڵەکە و تام وچێژەکەی دەزانی، ئێستا پارە هەیە، هەموو شتێک هەیە، بەڵام تام و چێژیان نییە. مرۆڤ بەپەرۆشەوە دەسیان بۆنابات.
دیارە نموونەی کەمان زۆرن، بەڵام لەبەردرێژیی بابەتەکە، من لێرەدا بەجێی دێڵم و چاوەڕێی وەڵامی ئێوەی بەڕێزم.

