محەمەد سۆران
شاعیر، سلێمانی
……………….
بێدەنگی خۆم لەچاوەکانتدا دەشارمەوە!
لەدامێنی چیای عیشقدا
وەک کانیاوێک خاکی دڵم پاراو دەکەی. ئیدی ئەستێرەکانت بۆ دەژمێرم،
چرکەکانی پێکەوە بوونمان
لەسەر دیواری ماڵێکی زەنگین دەنووسمەوە.
ئیدی شەقامەکان بە بۆنی یادەکانت بۆن خۆش دەکەم،
کاتێک بارانی بەهار دێت
دەبمە چەترێکی بچووک، دەستت دەگرم و
هەنگاوەکانت بۆ دەژمێرم هەتا دەگەیتە ژوورەکەت.
هاوشێوەی فاڵچییەکی پیر
تەماشای نێو دەستی خۆم دەکەم و
مەدالیای بەیەک گەیشتنمان بە گەردنی چارەنووسدا هەڵدەواسم.!
لەژێر درەختێکی ساوادا
تەماشای پەلکەزێڕینە دەکەین و
خەندەکانمان دەبەخشین بەو خونچانەی هەرگیز (با)یەک نائومێد لە خەوی ڕانەچڵەکاندون،
چرکەی کاتژمێرەکەت لەگەڵ ترپەی دڵم هاوشان دەکەیت و
دووبارە مژدەی سەوز بوونی شیعر بە پەنجەکانم دەدەیتەوە.
ئیدی منداڵ دەبمەوە،
بەدەم ڕێگاوە خەندە دەکەم و
بەهێمنی هەنگاوەکانم هەڵدەنێم.
هەناسەکانی تۆ
ئاسمانی سینەم پڕ دەکەن لە باڵۆنی خۆشەویستی!
ئەو ساتەی دێیت،
خەمەکانم یەک یەک کۆچ دەکەن و
ئاسمانێکی ساماڵم پێ دەبەخشن،
هاوشێوەی باڵندەیەک،
لە سەرووی هەورەکانەوە بۆ شوێن پێیەکانت دەگەڕێم.
لەسەر تاقی پەنجەرەکەت
هێلانە دروست دەکەم و
بەیانیان بە تەماشاکردنی جەنگی چۆلەکەکان بە ئاگات دەهێنم و دەڵێم:
هیچ شتێکی دونیا، هێندەی هەبوونی تۆ جوان نییە.

