هيبة فەيسەڵ
نووسەر، دانيمارک
لە تەپ و تۆزی ئەم کەم و کورتيیەدا، ساتێك بە ئەدەب….. …..
هەناوێكی پڕ، لە بەرانبەری دانیشتم وتم ڕۆژانێك هەن هەتا دەستی ڕاستی پڕ میکرۆبم بەسەر دەرووندا دەگرم، دەبینم جەستە لە دەستی چەپکراوم هەڵدێت!.
نازانم دەردی نەزانیيە، ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو یان نزایەکی ناهەقی ئەوە، ملی منی شکاندووە؟
پرسیم ئەمە منم بەوجۆرە دەستەودامێن گیرۆدەی ئازارێك؟ یان هەر خۆمم و ئازارێکم لە جەستەدا بە دیل گرتووە؟
هەمووجار کە لێم دێتە وڕك و بیانوو، ئیدی نازانم چۆن و بۆ کوێ سەر هەڵگرم. دەڵێی لەش بۆتە داڵدەری خاشەی سەر و سەریش بە سستی، شل و شڕی ئەم لەشە قایل نیيە. من بەدرێژایی تەمەن تەنها یەکجار گازندەم کرد. بە دەنگی گەورەیەك وتم ئازاری من مناڵێکە، کەچی هەموو بە تیزێکەوە گوتیان کە گەورەبوویت لەبیرت دەچێتەوە.
ئیدی ئەو چاوێکی لێ کزکردم سەر بۆ خوار. وتی: (دەردی سەر، بە دەرمانی بەر دەکرێت). بە قاچی ڕاستی گوژمی دایە کورسیيەکەی و خۆی بەروپێشم خشاند.
ئەژنۆی چەپی بووە بەربەستێك لەنێوان مانەوەی من و هەڵاتنی ترپەکانی دڵم. خڕەی ڕەوڕەوکانی وەك ئەو ئاگرە بوو کە دایکم هەموو بەیانی هەینیيەك دەینا بە ژێر گەرماوی ماڵەوە. وتی: “دەزانی مرۆڤ نازانێت چۆن حەکیمی گیانی خۆی بێت؟ من و تۆیش و هەموو ئەوانی دیش پەروەردەی خۆبەخشین و زەبوونی هەمیشەیی کراوین. تەنانەت ناوێرین لە دڵی خۆیشمانا گۆرانیيەك بە ڕەنگی عەشقی منداڵيیەوە بڵێينەوە. گەر دەستمان بڕۆیشتایە، بە پول، بە خوێن یان بە زەبری تۆقاندن و شەرم، نهێنیيەکانمان لە یادەوەری سێبەری خۆیشمان دەسڕیەوە. بیرمان دەچێت هێڵێك بەسەر جێبەجێ کراوەکاندا بهێنین، تا نیگەرانيیەکان دەرکەون و جێگەیان بگرنەوە. چاوەکانی پڕ بوو لە ڕیشاڵی زەعفەران و وتی، من بەش بەحاڵی خۆم ئەو ڕۆژە شکۆم لە قوڕنا کە نەمتوانی (غەزالێك) لە هەمێزی مردن بسەنمەوە”.
وەلێ ئەو هەناسەیەی کە بەدرێژایی قسەکانی ئەو گرتبووم، سینەی گرژ و گوشراوم بەڕەڵای کرد و دامەوە. ئەو چینێکی دی لێم هاتە پێش و دەستە خاوێنە، گەرم و دەماراویيەکانی خستە سەر شوێنی ژان گرتووم. هەستم کرد وردە وردە پێیەکانم وەك ئەرزی گەرماوەکەمان داغ دەبن. هێندەی نەمابوو لە بەرگی خۆم بێمە دەر.
ئەو لەو ڕۆژەوە نەك تەنها ملم، بەڵکوو ڕۆحیشمی تێکشکاند. من چیدی نە بەرانبەر ئەو دانیشتمەوە و نە لە ئاوێنەی کولانەکەيشمدا پرچی شڵەژاوم بە زەبری شە ئارام کردەوە
گەڕانەوە… سوێند … پزيشک … جەستە … جەرگەگيان … دەروون … ويژدان … تۆ … من … ئازايەتی …

