سەردار نۆڕێ
نووسەر، گەرمیان
…………………
دوای ئەزموونی (پێکێ گریمانە – ٢٠٢٠)ی شاعیر “ئارام حاجی”، ئێستێ بە دیوانێکی نوێوە بەناوی (تۆماری زامێک) دەگەڕێتەوە ناو کایەی ئەدەبیی کوردی.
(تۆماری زامێک) ٢١ ناونیشانی شیعریی لەخۆ دەگرێت و لە دووتوێی ١٠٢ لاپەڕەدایە. کاری دیزاینی بەرگەکەی “زاری” نەخشاندوویەتی و لەلایەن “وەشانی نووسیار”ەوە بڵاو دەبێتەوە.
ئەم کۆمەڵە شیعرەی ئارام حاجی، گەشتێکی قووڵە بەناو فەلسەفەی ئێشدا، لەوێدا کە زام لە برینێکی جەستەییەوە دەگۆڕێت بۆ ناسنامەی مرۆڤی ماندووی ئەم سەردەمە و زیاتر بە لای دونیای پرسیارە جەوهەرییەکاندا چووە. ئارام لەم “تۆمارە”دا بێدەنگیی کرێکار، ئازاری مێژوویی نیشتمان و نامۆبوونی مرۆڤ دەکاتە تابلۆیەک کە ڕەنگەکەی لە خوێن، تۆز و ڕاستییەکی تاڵ وەرگیراوە.

پیرۆزباییەکی گەرم لە کاک ئارام دەکەین و هیوای دەنگدانەوەیەکی شایستە بۆ ئەم بەرهەمە جوانەی دەخوازین.
ئارام حاجی، لە دەربەندیخان لەدایک بووە. دەرچووی بەشی عەرەبییە لە زانکۆی هەڵەبجە. چەند خەڵاتێکی شیعریی لە فێستیڤاڵەکانی کوردستان بردووەتەوە. لە دیارترینیان؛ خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ.
وەک شاعیر و ڕۆژنامەنووسی ئەدەبی، خاوەنی ئەم کتێبانەیە.
١-پێکێ گریمانە- شیعر ٢٠٢٠
٢-سەکۆی پەرێزان- دیداری شاعیران. ٢٠٢٢
٣-بەرگری لە شیعر- دیدار لەگەڵ “ڕێبوار سیوەیلی” لەبارەی شیعرەوە. ٢٠٢٢
٤-وێژان- ٤٥ دیداری شیعری. ٢٠٢٣
٥-تۆماری زامێک- شیعر ٢٠٢٦

