فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

٢٠ هایکوو بۆ ئەنفال

 

سەردار نۆڕێ
شاعیر، گەرمیان

……………..

 

(١)
(يَسْئَلُونَكَ عَنِ الأَنفَالِ…)*
بێژە: “بنە”ی کوردی بێ گیانن
لە ژێر ڕەحمی لمی بیابانن.

(٢)
-با- هەموو ڕۆژێ
خۆڵەکان ڕادەژەنێ؛
لانکەی هەزاران کۆرپەیە.

(٣)
بەلەم و پیرەژنی کورد
پڕ لە ڕازی دەریا و ڕازی ئەنفالە
-چارۆکەیان!

(٤)
ئاخر، بیابانی کەچەڵ
بۆ چییەتی شانە-ی
ئێسکی دەست‌وپێی کورد؟!

(٥)
زیڕەی برینی کورد
لە ڕێی ماڵی خواش،
قافڵە بە عەرعەردا تێدەپەڕێت!

(٦)
کاتژمێرێ وەستاو
لە مەچەکێکی بێ‌ گیان،
بیابان کاتی نییە!

(٧)
مێژوو خنکا،
لەو چاڵانەی پڕ بوون لە
هەناسەی منداڵ!

(٨)
سەحرای پیر
مەمکەمژەی منداڵی کورد
دەمژێ تا ڕزین!

(٩)
لەنێو تاریکیی چاڵ،
هەر چاوەڕێی گەڕانەوەیە
چاوی بووکەشووشە!

(١٠)
ئەرێ دەستنوێژم دەشکێ؟
فرمێسکم دەتکێتە سەر
سوورەتی ئەنفال.

(١١)
لای کورد مێژوو چییە؟
کتێبێ بێ دەنگە؛
لە مەرەکەبی خۆڵ.

(١٢)
بووکەخان هەر چاوەڕێیە،
ئەڵقەیەک لە پەنجەی
ئێسکەپەیکەرێکی ئەنفال!

(١٣)
کەڵەگەتە مەرگی کوردان،
بۆیە بردیان بۆ
دەشتێ بەرین.

(١٤)
بەرد هاتە دەنگ و
خودا نا،
پەیکەری تاشراوی جینۆساید.

(١٥)
دەنگی وشککراوەیان،
باران بە خووساوی
دەیهێنێتە بەر گوێمان!

(١٦)
ماسییەک
لەژێر لمی بیابانی باشوور،
کەوای پوولەکەی ژنەئەنفال!

(١٧)
باران مەبارە،
منداڵەکان هێشا خەریکی
خەونی خۆڵینن!

(١٨)
(وتەی ئێسکوپروسکی کوردێ)
سوورەتی ئەنفالی پێدەرخ‌کردین،
لە ژێر لمی سەماوەین و
نەهاتە دەنگ سەماوات!

(١٩)
لم ئاوێنەیە،
کورد تێیدا دەڕوانێتە
لەبیرچوونەوەی خۆی.

(٢٠)
بۆ ئەوان قُرنَفُل‌
بۆ ئێمە قڕ-نەفەر
(ل ا ف ن ا)

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*الأَنفَال( ۱)
قُرنَفُل‌: مێخەک.
(ل ا ف ن ا)=(ا ن ف ا ل)