ناسک نەسیری
شاعیر، بەلژیک
…………….
لە عەشقەوە بۆ نەفرین
لە ئامێزەوە بۆ هەڵاتن
لە ماچەوە بۆ ڕوخسارێکی گرژو
چاوانێکی پڕ لە ئەسرین
چ با ڕەشێکی دەجالانە بوو هەڵی کرد
چ سیحرێکی دابڕان بوو
بەقەڵەمی ڕەشی خۆشەویستی لە گەرومت گیرکرد .
یان وەرگێڕانی چەرخێکی فەلەک بوو
قبوڵی نەکرد لە خەونی ئاڵۆزی تۆدا بمێنم .
ئارەزومە نەتبینمەوە
بۆ هەمیشە لە بیرى خۆمت بەرمەوە
وەک ڕێبوارێک کە ناتناسم
چاوەکانم لێت دابخەم،
دەمەوێیت بگەڕێمەوە بۆ دوور
ئەو کاتانەی
خاڵی بووم لە تۆ
خاڵی لە ماچکردنی دەستەکانی
بە پیرۆزی ماچم کردو،
کەچی لەبەر چاوم لە
گەردنی خیانەتت ئاڵاند.
دەمەوێت پاکتاوی ئەو عەشقە بکەم
کە ساڵانێک
بە گوڵی وەفا ڕازاندمەوە،
بەڵام بە گڕی درۆ
بوو بە خۆڵەمێش
دەمەوێت
باوەڕ بەو ڕاستییە بکەم
کە چاوەکانم بینی
هەنگاوەکانم هێواش بکەمەوە،
ڕێڕەوی ڕێگاکەم بگۆڕم،
ئەو ڕێگایەی
بۆ دیتنت دڵە کوتەم دەگرت.
.تکام دەکرد کات بوەستێ
بەڵام ئێستا
نەک هەر جارێ هەزاران جار بەنەفرەت بێ بۆ دیتنت
ئێستا دەڵێم
نە دڵێکم ماوە بۆ لێدان و نە بە دیتنی خۆشحاڵم
کات دەڕوات و تێدەپەڕێ .
چ هەستێکە
لە وەرزی دەسپێکی عەشقت تەنها
دەڵێم ئارەزوومە
مانگ ون بێت،
هەتا سی ڕۆژ تێپەڕ دەبێت
بە هۆش نەیەم.
ناک لە زەنگی یادەوەریت ڕابچڵەکێم
ئەو یادانەی
کە بە قەڵەمی پیرۆزی عەشق نوسیمەوە،
کەچی بە بارانی شەختەی خیانەتت
شۆردتەوە
کۆشکێکم لە وەفا دروست کردو
بە تۆفانی درۆ
وێرانت کرد.
دەمەوێت فەرامۆشت کەم وێنەو ناوت
ببێتە هیچ
کە هەر هیچ بووی
لە هیچ بۆ هیچ .

