فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقی شيعری

شنيا عەبدولمەجيد
شاعير، هەولێر

………………

بەجۆرێ پلەی گەرمی نائومێدیم بەرزبۆتەوە…
کە ئەتوانم بڵێم بێتاقەتیەکانم لە ساردو سڕی،
ئەو چەن ڕۆژانەی بەهار ئەچێ!
خەونەکانم لەبەسەرهاتی باڵندەیێک دەکا،
کە باڵەکانی شکاون و.. بەنیازی فڕینیشە!
بەس خۆمەزانم چەندە بەسەختی جەنگاوم،
لەگەڵ ئەم ژیانە نەگریسەدا…
لەزەوی زیاتر پێم لەسەر خۆزگەکانم دانا!
دوێ شەو گریام دایە!
چون نەمزانی چۆن دڵی خۆم بدەمەوە؟
تۆ لێرە نەبوویت، تا هەر بەتەماشایەکت پێمبڵێیت:
” کاڵێ بۆچی ڕەنگت وەک لیمۆ زەرد بووە؟”
چی لەدڵتایە؟
ئاخر تۆ نۆژداری دڵم بوویت، هەم دکتۆرو..
هەم دەردیشم بوویت، دایە!
نازانی گەورەیی چی پێکردم ؟!
لە دوایی تۆ…
هەر دەرگایێکی بۆی دەچووم، بەسەرما دادەخران!
دەزانم هەموو ئەوانە باجی ڕاستگۆیین!
بەس من کوا دەتوانم درۆزنانە ڕێ بکەم!
بیرکردنم بۆ تۆ دایە، نامکوژێت
بەڵکو… تا لێواری مەرگم دەبات!
نازانی چەندە تاسەبارتم!
وەک چۆن مار لەقەدی دارێ.. یان چوزانم،
لە باڵایی کەسێ دەئاڵێ،
هەرواش تەنیایی و.. خەم لە باڵاما ئاڵاون!
هەموو سوچێکی ئەم ژیانە بۆمن بوونەتە
بیرەوەری ئێوە ئازیزانم، ڕۆیشتووەکانم….!
دڵم خراپ ئێوەی دەوێ،
خراپ گرینۆکم ئەمنی دڵنازگ!
سوێندت بۆ دەخۆم دایە:
” کەمێکی تۆ… زۆری هەمووانە”
ئاخر لەکوێت پەیدا بکەم توخوا؟
درۆیە وشەکان ئەو کارە ناکەن ،
کە دەمانچە دەیکا،
بەڵکو ئەوە بیرەوەریە!
ئەو کاتەی مەرگ هات و.. تۆی لێسەندم،
هەمووان دەستیان خستبووە سەر گوێچکەکانیان،
لەتاوی ئەم هەمووە گریەو.. زاریەیی من،
کەچی ئەمنی ژار، دەستم خستبووە سەر دڵم و…
وڕێنەی بێ تۆییم دەکرد!
لە من تەنهاتر تۆیت لە نێو دڵمدا دایە!
بیرت دەکەم…
کاتێک کە دەزانم هیچ کەس وەک تۆ نیە!
ئەتوانم دڵنەوەیی هەموو دنیا بکەم،
بەڵام کاتێ نۆرەی خۆم دێ…
“خامۆش ،خامۆش، گڵۆپەکان دەکوژێنمەوە”
.
.
.
.
.
.
چون بێ تۆم دایە