ڕووناک ئاڵتوون
شاعیر، سلێمانی
……………………
ئارەزووم بەڕێی کانییەوە شکا
دڵم بەقەد یاسەمینەوە جێما
لەگەڵ سنەوبەردا
کردمانە گفتوگۆ
ئاخۆ یەکەمین کڵاوی
بۆکێ چنیوە؟!
دەمێ لەگەڵ ئازاد
گۆرانی گڤە گڤەی با مان گوت و
کازیوە هەڵی کوتایە سەرمان و
تەڕی کردین
بەیانی چاومان کردەوە
نامەی دڵداریمان تەڕ تەڕ و
دوایین وشەی خۆشەویستیمان
لەژێر پەڕ و پوشی ناو لانە
هێشتا خەونی دەبینی،
چەند حەزم لەکۆڵانی تەنگەبەری لای ماڵی کۆترە
لەو شان بەشانە پەلپەلانەی
دوور لەچاوی ڕاوکەرە!
ئای لەو مەغریبانەی
ترسی شادیم دەردەکرد و
کراسێکی ئەرخەوانیم دەکردە بەرم
بەبرینی سوورێژە و
بە تای خۆشەویستیتم دەوت
ئێرە کانی ڕازی ئێوەیە!
ئای لەو پیاسانەی ناو گوڵان
من بەدڕکیشم دەوت
پاچ حەددی چییە
بێتە سەرتان!
بەشەونمم دەوت
تادرەنگانێ لەسەر گۆنام بنوو
ئەمڕۆ خۆر مۆڵەتی وەرگرتووە،
دڵی قومریم دەدایەوە و
لەپرسەی شیعردا
پێکەوە دەگریایین،
وەک (پەناھی ) جارێک بۆ برینی دڵی ھەژاران و
جارێک بۆ کراسە بواردووەکەی باوکم
بۆ دوعا لێکراوی مەرگی خۆم
لەم دوورەوە نزاکانم باڵدەگرنەوە
وەکوو ڕەوە هەوری بەهاران
دەترسم دوعای دەستێکی بەرزکراوە
بێتەدی و
ئەو ڕۆژەی من بەخاک دەسپێرن
سێ گەز بەفر باری بێ ،
ڕێ بەر ڕێبواران نەکەوێ
گەردنم ئازاد بکەن
دڵم تەڕە و نابارێم
لەوێ
زیخێک. لەپاپوجی مرواریدا
جێدەمێنێ
لێرە ماسییەکەی من بەھەنگەشەلە
تا قوڵایی دەریا دەڕوات..

