لە بواری ئەدەبی، فەلسەفی، کۆمەڵناسی و فێمینیستی
مەجید هەرشەمی
……………………………
دەقی شیعریی «تەونی خودا، نەخشی ژن»ی دەریا هەورامی لەو دەقە دانسقانەیە کە ئەزموونی تاکەکەسیی ژن لە چوارچێوەی سۆزداری تێپەڕ دەكات و دەیگوازێتەوە بۆ ئاستی پرسیارێکی گشتیی مرۆیی، فەلسەفی و کۆمەڵایەتی. ڕامان تێیدا ئەوەیە کە ژن لەم دەقەدا تەنها بابەتی وەسف و ستایش نییە؛ بەڵکو لە ڕێگەی سێ قۆناغی سەرەکییەوە دەگۆڕێت:
یەکەم، لە بابەتی وەسفەوە دەبێتە سەنتەری بەرهەمهێنانی مانا
دووەم، ئازار لە ئەزموونی تاکەکەسییەوە دەگوازرێتەوە بۆ گەواهیدانی مێژوویی و کۆمەڵایەتی.
سێیەم، جەستە لە قەفەزی کۆنترۆڵ و نامووسەوە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی دەنگ، داهێنان و خۆنووسینەوە.
بونیادی سیمبولی و وێنەی شیعریی
دەقەکە دوورە لە گێڕانەوەی ڕووت و، سەرجەم بارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی تۆڕێکی توندوتۆڵی سیمبولییەوە خۆی وێنا دەکات، واتا هێماکان بۆ لێکدانەوە مانا و دەلالەتی فرەڕەهەندی درووست دەکەن:
کلیل و قوفڵ: لە دێڕی (کلیلێکی تریان خستە دەستی ئەو، من قوفڵێک!)دا، نایەکسانیی قووڵی باڵادەستەکان دەردەکەوێت. کلیل هێمای بڕیار، دەستگەیشتن و جووڵەیە، لە کاتێکدا قوفڵ هێمای داخستن، پاراستنی سنوور و بەندکردنە. ئەم دوو پێگەیە نایەکسانیی پێکهاتەیی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا نیشان دەدەن.
برینی سپی: لە دەقەکەدا ئازار تەنها بە ڕەنگی سوور و خوێن وێنا ناکرێت، (برینی سپی ئەوانەن کە پلەی شەھیدییان نادرێتێ و دەبنە سکووت!). ئەمە وێنەی ئازارێکی بێدەنگ و نەبینراوە کە کۆمەڵگە دان بە بوونیان نانێت و شایستەی گەواهیدەری نایانگرێتەوە.
باخ و پەروانە: باخ و گوڵزار هێمای گەشە و نوێبوونەوەی ژیانن. ژن لێرەدا هێزی بەرهەمهێنانی ژیانە، بەڵام دەقەکە ئەم ڕۆڵە لە خزمەتکاریی ڕووت دەرباز دەکات و، ژن داوای مافی شینبوون لە وەرد و بێستاندا بۆ خودی خۆی دەکات.
چاو و پەنجەرە: دەروازەکانی دەرچوون و ئازادی دەگۆڕێن بۆ چاودێری («دەرگاکان لەبەرچاوم چاو بوون، چاوەکانیش لەبەرچاوم چوار!»)، کە ئەمەش گوزارشتە لە چاودێریی بەردەوامی خێزان، کۆڵان و نەریت لەسەر هەنگاوەکانی ژن.
دەریا و گلێنە: وێڕای تێکەڵکردنی ناوی خودی دەریای شاعیر کە ڕەهەندێک بۆ مانا هەڵدەگرێت، تێکەڵبوونی بینین و ئازار لە وێنەی «دەریا لە گلێنەدا ئاوەکەی سوور سوور برین بوو» دەردەکەوێت، کە تێیدا جەستە دەبێتە ئارشیفێکی زیندووی تۆمارکردنی یادەوەرییە بریندارەکان.
ئاگر و ڕووناکی: ئاماژەی ئاگر و ڕووناکی وەک هۆشیاری و زانین دەردەکەوێت، تەنانەت ئەگەر کۆمەڵگە بە تاوانی بزانێت، ژن ئامادەیە باجی ڕووناکی بدات، بەڵام جەسوورانە دەنگ هەڵدەبڕێت و شاگردی تاریکی نابێت.
باڵ و ئاسمان: لە لوتکەی بەرەنگاربوونەوەدا، ژن پێوەری ئازادی لە ناخی خودەوە دەردەهێنێت («من بینینم پێوانەی باڵەکانمە… هەورەتریشقە لە شەقەی باڵم دەنووسێت!») و، ژنی شاعیر دەبێتە نووسەری مێژووی خۆی.
فەلسەفە، کۆمەڵناسی و فێمینیستییەکان
بوونگەرایی و ناسنامەی سەپێنراو: پێچەوانەی بنەمای بوون پێش ناوەرۆک، کە (سارتەر) ئەمە بەڕوونی دەڵێت و لە چەمکی فێمینیستی (دیبوڤوار)یش هەر وا دەردەخەن، ناسنامە بوونە، دواتر ناوەرۆک دێت، بەڵام کۆمەڵگە هەوڵ دەدات پێش ئەزموونی خودی ژن، ناوەرۆک و ڕۆڵی بۆ دیاری بکات (لە مناڵی فێریان کردم، پێش دارەدارە لەسەر ناوم ڕێ بکەم). لەپاڵ ئەمەشدا، تەنهایی لە دەقەکەدا تەنها لاوازی نییە، بەڵکو لە ڕێگەی وێنەکانی «فەقیانە» و «موتووربە»وە دەبێتە مەکۆی پاراستنی خود لە کۆنترۆڵی دەرەوە. ئەمەش ناچێتە خانەی دەربڕینی پێچەوانە، هێندەی داکۆکییە لەو بۆچوونانەی ئەوان کە تەنزێکی پێچەوانە هەڵگرە بۆ دەرخستنی نەریتی نابەجێی کۆمەلگە.
فێمینیسم و سیاسەتی جەستە: دەقەکە دابەشکاریی تەقلیدیی جەستە وەک قەفەز و دڵ، وەک باڵندە تێکدەشکێنێت و جەستە دەگۆڕێت بۆ (زمزمێک بە پێکۆڵی شیعر هەڵقوڵێت). بەمەش جەستە لە سیمبولی کۆنترۆڵ و نامووسەوە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی داهێنان.
ئیکۆفێمینیسم: پەیوەندیی نێوان ستەمی ژن و دەستدرێژی بۆ سەر سرووشت لە ڕێگەی لۆژیکی خاوەندارێتیی پیاوسالارییەوە دەخوێندرێتەوە. دابڕانی ڕەگ لە خاک هێمای بێجێگایی و نامۆبوونی مێژووییە، لە کاتێکدا داواکاریی شینبوون لە باخدا جەختکردنەوەیە لەسەر مافی بوون و گەشەکردن.
دەروونناسیی ستەم و پانتۆپتیکۆنی چاودێری: ستەم لە دەرەوە دەست پێ دەکات و دەگوازرێتەوە بۆ ناوەوەی دەروونی تاک؛ تا ئەو ئاستەی ژن لەترسی چاوی کۆمەڵگەکەی تووشی نامۆبوون دەبێت، تا ئەو ئاستە پڕ مەترسیەی سێبەرەکەی خۆیشی لێی هەڵدێت (لەترسی خەڵک سێبەریشم ڕایکردووە). چاودێریی دەرەکی دەبێتە هەستێکی ناوخۆیی داخراو کە هەموو جووڵە و دەربڕینێک سنووردار دەکات.
مێژووناسی، بیرەوەری و زمان: سڕینەوەی ناو لە کۆمەڵگەدا بە مانای سڕینەوەی مێژوو و مافی خۆگێڕانەوە و ڕۆڵ دێت. دەقەکە جیاوازی دەکات لەنێوان مێژووی سەپێنراوی دەرەکی و مێژووی پەراوێزخراوی خود کە لە ڕێگەی گەواهیی زمان و شیعرەوە زیندوو دەکرێتەوە. هەروەها بێدەنگیی ئاسنەکان (ئاسن کوا دەنگی لێوە دێت؟!) لە ڕێگەی شیعرەوە بێدەنگی دەشکێت و دەبێتە دەنگی گەواهیدان.
دایکایەتی، جگەرگۆشەکانم پەروانە بوون… بەڵام ناوی باخەوانەکەیان دزی!
دایکایەتی وەک ئەزموونێکی ناسنامەیی و کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت کە تێیدا پرسی خاوەندارێتیی مێژوویی و ناوی دایک دەورووژێندرێت (ناوی باخەوانەکەیان دزی!). مردنیش تەنها کۆتایی نییە، بەڵکو ئەزموونێکی بەردەوامی ڕۆژانەیە کە بە ستەمی کۆمەڵایەتییەوە گرێدراوە و، کۆتایی دەقەکەش بە شێوازێکی تراژیدی و کراوە دەمێنێتەوە بێ ئەوەی چارەسەرێکی ساختە و ڕووکەشی باوەڕ بەخۆ هێنەر پێشکەش بکات.
کات، مردن و کۆتایی تراژیدی، مردن لە دەقەکەدا (بە بەراورد لەگەڵ چەمکی بوون لەبەردەم مردنی هایدگەر) تەنها کۆتایی نییە، بەڵکو ئەزموونێکی ڕۆژانەیە کە بە ستەمی کۆمەڵایەتییەوە گرێدراوە.
شیعرەکە ( کەچی ژیان باجی ھەناسەم لێ دەسەنێت، ڕامناگرێت بۆ خەمێکی تر!) چارەسەرێکی ساختە پێشکەش ناکات و تراژیدیاکە بەکراوەیی دەهێڵێتەوە.
دەتوانین بڵێین کە ئەم دەقە کۆمەڵێ خاڵی بەهێزی لەخۆ گرتووە و تێکڕای وێنەی سوریالیی جوان دەخولقێنن، وەک:
داهێنانی خەیاڵی شیعری و درووستکردنی وێنەی نامۆ و چڕ (وەک برینی سپی، دەریا لە گلێنەدا و هەورەتریشقە لە شەقەی باڵ).
شاعیر هەوڵی داوە توانای گرێدانی ئەزموونی تاکەکەسی بە پرسی گشتیی دەسەڵات، ناسنامە و مێژووەوە گرێ بدات.
لە گواستنەوەی جەستە لە سیمبولی کۆنترۆڵەوە بۆ سەرچاوەی داهێنانی زمانەوانی سەرکەوتوو بووە.
کارامەیی دەرکەوتووە لە بەکارهێنانی پارادۆکسەکان و هێشتنەوەی کۆتاییەکی کراوەی تراژیدی کە دوورە لە درووشمبازی.
هاوکات دەکرێ لەڕووی ڕەخنەییەوە هەندێ بۆچوون بۆ خوێنەر دەرکەوێت کە شاعیر تێیدا قەرەباڵغیی هێماگەری کردووە، یان لە هەندێک شوێندا خێرایی گۆڕانی وێنەکان (لە باخەوە بۆ دەریا، چاو، پەنجەرە و ئاسمان) زۆر خێرایە و پێویستی بە توخمێکی پردی بەیەکبەستنەوەی ڕوونتر هەیە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی تۆڕە سیمبولییەکان. هەندێک دێڕیش زیاتر مەیلیان بەلای گێڕانەوەی ڕاستەوخۆدا هەیە لەوەی مانا بە وێنەی چڕ دەرببڕن. لە کۆتاییدا دەتوانین ئەم دەقە شیعرییە، لەنێوان هونەری داڕشت و ژانرێکی خودی، تێکەڵ بە نووسینەوەی ژانی ژن و تۆمارکردنی مێژووی ژیان و ژیاری کۆمەڵگە بە شێوازێکی هێماگەری بخوێندرێتەوە، چونکە تەنها گێڕانەوەی برینە سپییەکانی خۆی نییە بەڵکو پانتاییەکی فراوانی ژنانی کوردەواری بەخۆوە دەگرێت.
دەقـــی شــیعرەکـە:
تـەونی خـودا، نەخشـی ژن
لە هەر ماڵێک کە ژن دەڕوات،
حەوشەیەک لە گوڵزار
فەرامۆشی وشکی دەکات.
چاوەڕوانی چاوی پەلکەکانی دادەخات،
بەرامەی بیر دەچێتەوە،
هەرچی ڕەنگە دەڕژێنە کاسەی سیسییەوە.
کەچی لە پەراوێزی ماڵێکی دوور،
ژنێک دڵی شکاوی
بەدیار مەرکانەیەکەوە دادەنێ.
گوڵی بەرکەمەری مەرکان،
دەیبەنەوە نێو گوڵزارە پەژمووردەکەی،
دەست لە گەڵاکانی دەدات،
گوڵ پێدەکەنێ و
باخچەیەکی نوێ دەڕسکێ.
من کچۆڵەی بن باڵی
نەنەیەکی چیرۆکخوانی
چیرۆکی بەر ئاگردان بووم.
ئێستا چیرۆکخوانی بەردەم مەرکان:
لە دایک نەبووم تا قاوغێک ببێتە قەڵغانی هەمیشەییم.
ناکرێ بە ژیاندا ڕەت بم و نەژیم!
دەمەوێ ھەناسە بدەم،
لەنێو وەرد و بێستانێکدا شین بم.
ئەی من ژن نیم؟!
یان ھیچ یاسایەک وەڵامی ئەو پرسیارەی لا نییە.
ھیچ دادوەرێک ھۆڵی دادگای پێ بێدەنگ نەکردووە!
با دەنگێک بڵێت:
بۆچی گوناھ لە جەستەی ئەودا
زەمەن دەیشواتەوە؟
گوناهـ لە ناوی ژن دەبێتە میراتی نەوەکان؟
مەگەر من دەریا نەبووم؟!
ئەی بۆ شەپۆلەکان کەفی خەتاکانمیان ڕانەپێچا،
بۆ گەرداوێک نقوومی نەکرد؟
بەیانییەک باران نەدەباری،
ھەر تەنیا ھەور بوو ژانی دەچۆڕاند،
بۆ دڵنیاییم بوو بە ھەوریی سەرم!
دیدار قیامەتە، بەڵام دڵم هەرگیز سەلامەت نابێت.
دوای جیابوونەوەی ڕەگ له خاک،
بوومە جێی باسوخواسی سەرگەمیی سەرگەرمەکان،
سەیرکردن هەبوو، سەیرێکی سەیر!
برینەکان …
ئای لە برینە واڵاکان،
ھەندێ جار سوور نین، سپی دەبن، ئەرخەوانی شەھید دەبن.
کەس پلەی شەھیدییان ناداتێ و، دەبنە سکووت!
چاوەکانم بە ئاوی سپی شۆرد
ئاو کوێرتر بوو لە بینینی وێنەی خەمم!
دەرگام بەئارامی داخست
ناوم بوو بە نانی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان،
ھەر ڕۆژەو بە زمانێک وەریان دەگێڕام و چاپ دەکرام.
کێ بوو گوتی: دار و دیوار گوێیان ھەیە؟
ئەی بۆ دیوارێک گوێی لێ نەگرتم؟!
سێبەری دارێک دوای سکاڵام نەیگرتمە خۆی!
سڕینەوەی ناو وەک سڕینەوەی خەم نییە،
زۆر دەیانەوێ لەسەر تەختەی ژیان خێرا ناومان بسڕنەوە.
چەقۆ تیژ دەکەن بۆ بەرانی قوربانیمان!
کلیلێکی تریان خستە دەستی ئەو، من قوفڵێک!
ئەو لە مێژووی خۆی دەژیا و
من لەمێژە لە مێژووی خۆم و لە گەواھی زمانەکان!
ڕێگە بۆ ئەو بوویە ئەفسانەی ئازادی. کات شانی گرت، کۆمەڵ برینەکانی بە هەتوانی سالاری تیمار کرد!
من تەنیاییم بوو بە فەقیانە و، لە مەچەکی ژیانم گرێ دا،
موتووربەی خولیاکانم کرد،
کەچی ئەوان سەرقاڵی بژاردنی پەنجەرەکانم بوون،
ئەو پەنجەرانەی تەنیا بە دیوی ناوەوە دەکرانەوە.
کۆڵان گەواھیدەری دژم بوو،
بەو کۆڵانە تەنگەبەرەشەوە تیایدا لەگەڵ خەم شانمان لەیەک دا.
لەترسی خەڵک سێبەریشم ڕایکردووە، چیتر بەدوامەوە نابێت.
لە ھەموو ساتێکدا دەرگاکان لەبەرچاوم چاو بوون، چاوەکانیش لەبەرچاوم چوار!
ئێستەش وا دەزانم گەلاوێژم،
شەڕ لەگەڵ گشت ئەختەرێک دەکەم!
ئەگەر قەرارە ڕووناکی تاوان بێت،
ناڵێم: (ئاگر سارد بەرەوە لەسەر جەستەم)*
وەلێ ھەرگیز شاگردی تاریکی نابم.
لە مناڵی فێریان کردم،
پێش دارەدارە لەسەر ناوم ڕێ بکەم،
پێیان نەوتم: ڕۆحت بپارێزە.
دەیانوت: جەستەت قەفەزە، دڵ باڵندە،
گەورە بووم زانیم دیدگا لێڵەکان ئەوان بوون!
جگەرگۆشەکانم پەروانە بوون،
لە باخی دایک کەوتنەوە، بەڵام ناوی باخەوانەکەیان دزی!
ھەر لەنێو گلێنەمدا دەریام بینی،
ئاوەکەی سوور سوور برین بوو!
پیاو دووبارە ژیان نوما دەکاتەوە بەبێ قیبلە.
دەڵێن مەرگ نابێتە ژیان،
ھەر زوو فرمێسکسڕیان ھەبوو!
ئەوان گوڵیان لە ئارەزووی سوواند،
پیرۆزییان لە پەرۆشی ھەڵخست!
ئەوە ژنە بۆ ڕووسووری،
دەبێت دان بە دڵی خۆیدا بنێت و بیخاتە نێو سندووقی بیرچوونەوە.
ژن ڕێک ژانە.
(ئەلیف)ەکە قەد و باڵایەتی لەنێو چەقی ژان چەقیوە!
بیرەوەرییەکان بە گەردنیدا ھەڵدەواسن.
(تەپڵ و نەقارەی ڕیسواییم لێ دەن
خەبەر شەیداییم بە شار و دێ دەن)*
مردن ھیچی ناوێ بەس بەڵێیەک بە دڵی نابەڵەدە سەر بێ پەنجەرەکان.
ئەوانەی سەری ژنیان ڕووەو نەریت لێ کردەوە،
دەبێ داپۆشین ھەر لای ژن بێت،
تا ڕووخساری ئینجانەکان داپۆشرێن.
ھیواکانم باڵیان ڕسکا،
ئاسمان لە مەودای خۆی بەگومان بوو،
نەیھێشت تخوبی ببینم و مەودای فڕینم دیاری بکەم!
من بینینم پێوانەی باڵەکانمە،
کاتێ دەفڕم، پەڕگەی ئاسمانم لێ دیارە.
هەورەتریشقە لە شەقەی باڵم دەنووسێت!
بەئەستەم خەندەیەکی فریو بە لێوم دەگرمەوە!
گوتیان: خەمی یەکەمی ساختە بوو،
ئەمە دەریایە، خنکانی تێپەڕاندووە،
چ باکی بە نقوومبوونە!
گریام، گوتیان: کارەکتەرێکی فێڵزانە.
کپ بووم، گوتیان: کپی نهێنیقوتدانە.
بێدەنگ بووم، گوتیان: بێدەنگی ملدانە!
بووم بە گوڵەگەنمێکی تەنیا،
گوتیان: خۆی وەردی خۆی تۆو کردووە، دەی با ژان بدوورێتەوە!
ویستم ئەزنەکێک بدەم، هەستمەوە،
وەک پەنجەرەیەک
کە ڕووی لە دیوار کردووە.
وەک دەنگێک
کە لە گەروودا مردووە.
وەک سایەیەک
کە خۆری خۆی ون کردووە.
دەستێک بخزێتە نێو تەنیاییم،
سەردەمی پادشاییش نەبوو،
کەچی جاڕیان دا بە شاردا:
ئەمە دڵی فرۆشرابوو!
گریام، تا کوژانەوەی بینین گریام.
تا چکبوونی دەنگ ھاوارم کرد.
یەعقووب بووم،
یووسفەکم بێ کراس بوو،
ئازارەکان دزەیان کرد،
بەهێواشی لە جەستەمدا ماڵیان دانا.
گریان فێری ئاخاوتن بوو،
پیری ژیری کردمەوە!
ڕەنگیش لەسەرخۆ لێم تۆرا،
فریای ڕاستکردنەوەی درۆی دەمڕاستەکان نەدەکەوتم.
تا من دەگەیشتم دەنگ نەدەما!
پێوانە! شاهید بە، لە ڕۆژی کێشاندا بڵێ:
با مانگیش ڕووزەرد نەبێت، توخودا بڵێ:
لە پەنجەی مندا هەرگیز ناو نەوەستا.
من ژن ناپێوم، ژن ناکێشم،
ئەو بیر و باوەڕانە دەکێشم
پێش هەر بزاوتێکی ژن، بۆسەیان لە سەری دادەنا.
ئەو چاوانە ھەڵەن کە بەھەڵە من ھەڵدەگرن،
منێک، لە دەستەکانمدا ھەرگیز مرۆڤ یەکسان نەبوو.
ئەو دەستانە بەداخراوی بگەڕێنەوە لای خودا کە پێش من بڕیاریان دا.
ئەوان لە من بێڕۆحتر بوون،
چۆن توانییان بە زمانی ڕۆحێک بدوێن!
دەمویست ھاوار بکەم:
ئاسن کوا دەنگی لێوە دێت؟
لە بێدەنگیی خۆم شەرمم دەکێشا،
بۆ وەڵامێک پرسیارێک دنەی داوم:
کێ بوو یەکەم جار وەزنی ویژدانی گۆڕی؟ کێ؟!
لەو ڕۆژەوە کێشی مرۆڤایەتی لە ویژدان سەنرایەوە،
بووم بە پێوانەیەکی شکاو!
دەترسم جەستەشم ببێتە زمزمێک بە پێکۆڵی شیعر هەڵقوڵێت،
تەنانەت گڕەوی خۆڵیش نەتوانێت کوێری کاتەوە!
ئێستاش، ھەموو ڕۆژێک، ماڵئاوایی تا سنووری بەربوونەوە دەمبا و دەگەڕێمەوە،
لە ھەر گوزەرێکدا
لەگەڵ مردن بەناو یەکدا تێدەپەڕین،
کەچی ژیان باجی ھەناسەم لێ دەسەنێت،
ڕامناگرێت بۆ خەمێکی تر!
*ٲلٲنبیاء ٦۹
*گۆرانییەکی عەباسی کەمەندی
……………………………………….

دەریا حەمەئەمین، دەریا هەورامی
شاعیر
……………………………………..

