د.مستەفا زەنگنە
نووسەر و مامۆستای زانکۆ، هەولێر
………………………………….
کورتە چیرۆک
لە ئیش گەڕامەوە، هیلاک و ماندوو، بەدەم ڕێوە داڵغە بردبوومییەوە، کە گەیشتمە حەناس کەبابخانەکەی ڕەزا کەبابچی لەچاخانە حەسیرەکە، چەق و دووکەڵی کەباب هات بەسەرما، حەزم چووە کەباب و نەعلەتم لەشەیتانکرد
جا چی دەبێ، بائەمڕۆ تێر زگی خۆم نان بخۆم؟ لەوەتەی باوکم ڕایکردووە و بۆتە پێشمەرگە و مووچەکەی بڕاوە، منی داماو بوومەتە پەن، لەلایە مەکتەب دەکەم لەلایەکیش، بۆیاخچێتیی ماڵان. پاسکیلێکیشم نەبوو پێی بچمە سەر کارەکەم، جارێ واهەبوو هەر بەپا دوو قۆناغم دەبڕی، خۆشم نەمزانی چۆن قنج وقیت لەسەر کورسییەکی کەبابخانەکە دانشتبووم، شاگردێک هات و پێی وتم:- ئەمرکە.
دوو کەبابی حەیدەری و ماستاوێکی خەست وخۆڵ و شیشێ تەماتەی برژاوم بۆ بێنە، ئەوسا دوو کەباب و دوو نان و ماستاوێک بەدرهەمێک بوو جا چۆن کەبابێک، کلکی دەگەیشتە ئەمسەرو ئەوسەری نانەکە، هەردەست لێیکەوتایە، هەڵدەوەری.
خەریکی تێکدانی ماستاوەکەبووم، کابرایەکی کوڵەپنەی ڕەنگ داگیرساو، جلەکانی بەری بەپینە سواقدرابوون، کۆپەڵانێکی حەماڵیی بەپشتەوە بوو، هاتە پێش وەستاکە و وتی:-کەبابێکم بۆ بکە لەفە، بەپەلەم، کەرەکەم بەستۆتە عەموودەکەوە نەبا خۆی داپسێنێ و بڕوات، شاگردەکە کەبابەکانی نایە پێشم، بەدڵ وبەداو پاروویەکم پێچاوە، لەگەڵ یەکەمین قەپاڵا زرمەیەک هات، بووە غەڵبەغەڵب
،هەرچی نەفەرێک لە کەبابخانەکەیابوون ڕایانکردە دەرەوە، منیش لەگەڵیانا، کابرای حەماڵ دەیکێشا بەسەری خۆیا و دەگریا، خوایەگیان بۆ ڕەنج بێوەرت کردم، من ئیتر چۆن سێ مناڵی زەڕنەقووتە و ژنێکی نەخۆش بەخێوکەم، ئەم کەرە هەموو سەروەتەکەی من بوو، کەرێکت پێم ڕەوانەدی؟ تائەهات دووکاندارو ڕێبوارەکان گرد ئەبوونەوە، کەرەکەش بەکورتانەوە لەپاڵ عەموودی کارەباکەیا کەوتبوو، زمانی بستێک هاتبووە دەرێ و چوارپەلی لێڕاکێشابوو، چاوەکانی زەق زەق، وەکوو بڵێی دەیانویست دوا دیمەنی وەفای مام بارامی خاوەنی ببینن، کەس نەیدەوێرا لە کەرەکە نزیک بێتەوە، دیاربوو عەموودی کارەباکە شۆرتی تێکەوتبوو، کەرەکەيش لاملی پێی خوراندبوو، ئیدی زیڕەی لێهەڵسانبوو، کەرەکە تۆپی و مام بارامیش بەکوڵ بۆی دەگریا، دایەرەی کارەباهاتن وشۆرتەکەیان چاک کرد.
کابرایەکی ڕیش پاڕۆیی چارۆکەیەکی ڕاخست و جاڕی دا، کێ خێر دەکا بابڕێ پارە بخاتە ئەم چارۆکەیەوە و کەرێک بۆ ئەم حەماڵە داماوە بکڕین، مام بارام کورتانی کەرەکەی داماڵی و دای بەکۆڵی خۆیا، ئەلهەق پارەی کەرێک زیاتریان بۆی کۆکردەوە، مام بارام بەچاوی پڕ گریانەوە سپاسی ئەوخەڵکەی کرد و بە کورتانەکەوە، ملی ڕێگای گرت، کە گەڕامەوە کەبابخانەکە، خواردنەکەم ببوو بەدەمی مردوو
، ئیتر دڵم لێی تۆرا، چووم پارەکە بدەم ڕەزاکەبابچی وتی:- لەخەمی ئەوحەماڵە، پارە لە هیچ کەس وەرناگرم. منیش بەبرسێتی لۆژە لۆژ ڕێی ماڵەوەم گرتەبەر، ڕۆژی دوایی بەوێدا تێپەڕیم، خوانەکا کەناسەکان بیریان لەوە کردبێتەوە کەرەتۆپیوەکە لابدەن، سەگەبەرەڵڵا سەریان تێکردبوو، دیمەنێکی ناشیرین وجەرگبڕی بە ڕێبواران دەناساند،.
هەرچی هامشۆکەربوو، جنوێکی هەقەوەسێنی بەشارەوانی دەدا.لەوەدەچوو حکوومەتی ئەوسايش وەکووئەوانەی ئێستای بەغا نەک هەر ئاگایان لە میللەت نەبووە بگرە خەمی کەری تۆپیویشیان نەبووە..

