فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست

ھیبە فەیسەڵ
نووسەر، دانیمارک

…………………….

وتم؛ گەر رۆژێ هات و تۆ مردیت، شین و خێرم وەك یەك بۆ کردیت. دڵنیابە لەو ڕۆژەوە هاتنم بۆ لات نزیکە، گیانیش لە جەستە دەرچووە دەمێکە. وتی من هەرگیز نەترساوم لە مردن. بەڵکوو دڵ لە دوای ئەو شڕ و شیتاڵەم کە لە پاش خۆم بەجێی دەهێڵم. مەگەر هەر پارچەیەکی چیرۆکێکی منن. زۆربەیان جێی شانازی و مشتێکیان نهێنی و ئەوەیشی مایەوە دەنگی ئەو بەرپەرچدانەوانە بوو کە ترس و تەنیایی لەمندا گەورە و بەخێوی کرد. لەو باوەڕەدام گەر ئەو پارچانە گڕوگاڵێکیشیان بکردایە، نەیان دەهێشت نە من نە خۆیان بە ڕۆژێك بچن کە حەز و ناحەز بە ویژدانی ڕۆژگاری ئێستاوە، زایە بێنرخ و بیفەوتێنن. بەسەریاندا قسەڵۆك بچننەوە و بەچاوی بەزەییەکی نابەجێ تەخشان و پەخشانیان بکەن. ئەو لە باسی خۆی گەرم بوو، من ویستم توند لە ئامێزی بنێم. بتوانم لێدانی دڵی لەگوێمدا توند بپەستێوم. ویستم پەنجەکانم بخشێنم لە نێوچاوانی، لە برۆ و لێو، ئینجا ڕوومەتەکانی. هەڵیگرم ئەو شێوەیە، گەرمی ڕووخسار و وشەکانی. بڵێم ئەی کە سەخت دەبێت دووریت، بەیانی و ئێوارانی. بڵێم خۆیشمویستی، زۆر زیاتر لەوەی کە توانیت بیبینی. تۆ تاکە پێداو بوویت کە لەگەڵ خودی خۆمدا بەشم کردبی. بەڵام ئاخ کە وەك کردارە بەد و شوومەکانی دی ژیانم، هەموو ئەم نییەتانە خیانەتیان لێکردم. جەردە ئاسا لە لێوەکانم هەڵاتن، ڕژان و دەم و زمانیان سوتاندم. وتم تۆ چۆن دەتوانیت ئەوها بە ئاسانی؟ هەست ناکەیت کە تاوانباری؟ چی لە خەون، نەخشە و دژوارییەکان بکەم بێ تۆ؟ ئەو ڕۆژانەی خۆم بە بچوکترین دەبینم ، ترس داگیرم دەکات و دەستەکانم دەلەرزن. هەنووکە ئەم کۆڵەبارە لەگەڵ کێ بەش بکەم. تۆ نازانی چەند خەوزڕێنە ژیان و نهێنییەکانی؟ وتی خەم ژەهرە بەڵام وەك عەشق، جوانترین، وردترین وردەکاری ناخی مرۆڤ دەهێنێتە بەر ڕووناکی. ئەوە خەمە کە هەنگاوێك نزیکت دەخاتەوە لە خۆناسین، ئاشکرابوون، و تێگەیشتن. لە ویژدان و لە بەها پێلێنراوەکانت. ناچارت دەکات بگەڕێیتەوە، دەستی گرنگییەکانت بگریت، هەڵبژاریان بکەیت. لەو جێگەیە دایانبنێیت کە شایەنین. خەم دۆخێکە هەتا بڵێی تەنیا، تایبەت و پڕ نهێنی. خەم وەك ناو بە خاوەنییەوە دەنوسێت. گەر وەك سوارچاکێك نەیگلێنی،چاوی سوور و چڕنووکی نیشان نەدەیت، ئەو وەك تۆزی ماڵەکەت زۆر لەسەرخۆ هەناوت دەخوات. بەڵام نەکەی ڕقی لێهەڵگری، چونکە هەر خەمێكیش بوو تۆی قەشەنگی بە ژیان و گیانی من ناساند. وتی دەی لەو باسانە گەڕێ ماڵت ئاوابێت! ئیدی چاوە ئازارمەستەکانی بڕییە چاوم و بە خەندەیەکەوە و پرسی، دەهێڵیت جار جار بێمە خەوت؟ منیش هەردوو گۆنام بەچەشنی سێوەلاسوورە و وتم، دەی تۆیش لە بەزمی خۆت ناکەویت