فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مریەم، شازادەکەی کێوەڕەش

سەلما تۆما کاکۆ
نووسەر، ئەڵمانیا

…………………….

 

ڕۆمانی «مریەم، شازادەکەی کێوەڕەش»ی بابانزادە محەمەد فەرەج
خوێندمەوە

 

ڕۆمانی «مریەم، شازادەکەی کێوەڕەش» بەرهەمێکی ئەدەبیی مێژوویی نوێی کوردییە لە نووسینی (بابانزادە محەمەد فەرەج)ـە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە و (٢٤٤ لاپەڕە)یە.
ڕۆمانەکە بەگشتی باس لە ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگای شوانی و خێڵایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم. بەتایبەتیش باس لە ژیانی مریەم دەکات، کە کچێکی بێکەس و هەتیو بوو، مام ئاڵی بەگی دەوڵەمەند و مەڕدار و دەنگخۆشی کێوەڕەش، گەورەی دەکات. بەڵام لە کۆتاییدا دەبێتە قوربانی دەستی حاجی بایزی دەوڵەمەند و چاوچنۆک، دوای ئەوەی لە هەوڵی بەزۆر بەدەستهێنانی بۆ دامرکاندنەوەی حەزە چڵیسەکانی شکست دێنێت، دەیکوژێت.
کارەکتەری ڕۆمانەکە زۆرن، لەوانە: مام ئاڵی، پوور ئەسڵان، پوور سوڵتان، مام باپیر، مریەم، حاجی بایز، حاجی ژن، غەفوورخان، پوورخەیاڵ، ئەڵڵای کاڕەسوڵ، سەید حەسەن، مەولود گاوان، زوڵفان، سوندس، بسکۆڵ، سەرونازخانم و زۆریتریش، کە هەریەکەیان ڕۆڵێکی جیاواز دەبینن لە ڕۆمانەکەدا.
نووسەر ڕۆمانەکەی بەسەر بنەمای مێژووی ڕاستەقینەدا داڕشتووە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕووداوەکان لیستێکی درێژی سەرچاوەی زانستی هێناوەتەوە کە لە دوا لاپەڕەکانی کتێبەکەدا نووسراون.
پەرەگرافێکی سەرنجڕاکێش لە ڕۆمانەکە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
یەکێک لە کاریگەرترین پەرەگرافەکان لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، وتەی پوور ئەسڵانی دایکی مام ئاڵییە (ل. ٢٤-٢٥)، کە ئاماژەیە بە ژیری ئەو پیرێژنە تەمەن سەد ساڵەی کە هێشتا لەسەرخۆ و لێزان بوو لە قسەکردن و لەو کاتەدا ڕوانینی لە پرسی ژنانی بە گرنگ زانیوە و هەمیشە دەیگوت:
« تا ئێستا هیچ ئافرەتێک بەهۆی هەژارییەوە لەگەڵ پیاوی هەژاردا نەمردووە، بەڵام زۆر ئافرەت لای پیاوی نامەرد لە خەما خۆیان کوشتووە یان خۆیان سووتاندووە یان مردوون.»
ئەم وتەیە بە زمانێکی سادە و کورت، ژیانی ژنێک پیشان دەدات کە خۆی تەمەنێکی زۆری بە هەژاری لەگەڵ هاوسەرەکەی ژیاوە. پەیامەکەی ئەوەیە کە مەردایەتیی پیاو لە سامانەکەی زۆر گرنگترە، بەمەیش پێشبینییەک دەکات بۆ چارەنووسی مریەم، کە لە دەستی پیاوێکی دەوڵەمەندی نامەرد هەڵدێت و خۆی بە ماڵ و سەروەت ناگۆڕێتەوە، تا دەبێتە قوربانی.
زمانی نووسین
ـــــــــــــــــــــــــــ
سێ دەنگی جیاواز لە زمانی ڕۆمانەکەدا بەدی دەکرێن:
١- دەنگی وەسفی و شیعری:
نووسینەوەی سروشت و ژیانی شوانی، بە زمانێکی دەوڵەمەند و پڕ لە هێما (بۆ نموونە وەسفی وشکەساڵی و کۆچی کۆچەری لە ل. ٥-٩).
٢- دەنگی ڕاستەوخۆی نووسەر: نووسەر ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنەر گفتوگۆ دەکات لەسەر ئەرکی ڕۆمان، باسی گونتەر گراس و ڕۆمانەکانی ئەریک ماریا ڕیمارک دەکات لە مەرگە ساتەکانی هەردوو جەنگی جیهانی (ل. ١٤٠) و مریەم بە هەزاران ژنی تری کورد بەراوورد دەکات کە بوونەتە قوربانی لە ئاکامی جەنگ و ململانێی دەسەڵاتەکان.
٣- دەنگی ئەکادیمی – مێژوویی: نووسەر پەراوێزی زانستی بۆ ناوی شوێن و کەسایەتی مێژوویی (وەک گردی مامەیارە لە ل. ٣٠، ڕێگای ئاشووری ساڵی ٧١٤ پ.ز لە ل. ١٢٥، قەڵای ئەردەڵان لە ساڵی ١٦١٦-١٦٣٦ لە ل. ١٣٥) و زۆری تریش داناوە.
ئەم چەند جۆرییە لە زمانی نووسین، زمانەکە دەخاتە نێوان ڕۆمانی چیرۆکی و بەڵگەنامەی مێژوویی، بۆیە ئەگەری زۆرە بکەوێتە بەر ڕەخنەی خوێنەر.
تەوەرەکانی ئەو ڕۆمانە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
برسیێتی و کارەساتی جەنگی جیهانی یەکەم:
ڕۆمانەکە وەسفی ساڵانی ١٩١٧-١٩١٨ دەستپێدەکات، کاتێک کۆمەڵگای کوردستان تووشی وشکەساڵی و برسیێتی و نەخۆشی بووە،(ل.٣)
١-کۆمەڵگای شوانی، خێڵایەتی و بازرگانی:
بەشێکی زۆر لە نیوەی یەکەمی ڕۆمانەکە تەرخانکراوە بۆ گێڕانەوەی ژیانی مام ئاڵی و کۆچی وەرزیی خێڵەکە بۆ کوێستان، هەروەها پەیوەندییە بازرگانییەکانی سەید حەسەن و چوونی بۆ بەغدا و موسڵ (ل. ١٠٥)، کە ئەمەیش وێنەیەکی ئاشکرا لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆنی کوردستان پیشان دەدات.
٢-تراژیدیای مریەم و توندوتیژی پیاوسالاری:
کە ئەم ڕووداوە ناخ هەژێنە دڵی ڕۆمانەکەیە، ململانێی نێوان مریەم و دەسەڵات و ئارەزووی پیاوانی دەوروبەری دەگێڕێتەوە.
٣- تێڕوانینی نیشتیمان بۆ ژن:
بۆ نموونە، دوای مردنی مریەم، شاخەکە بەناوی «گۆڕی مریەم» ناودەنرێت وەک هێمایەک بۆ ڕێزگرتن و زیندووهێشتنەوەی کچێکی غەدرلێکراو لە نیشتیمانێک کە لەبەر جیاوازی چینایەتی و ئاکامەکانی جەنگ، بەردەوام ئەو جۆرە قوربانیانەی لێ دەکەوێتەوە.(ل ٢٤٠)
٤- داگیرکاری و دابەشکردنی دەرەکی:
لە ڕۆمانەکە ئاماژە بە هێزە دەرەکییە جیهانییەکان دەکات،کە کوردستان بەر پزیسکی ئاگرەکەیان کەوتووە، لەوانە (دوو زلهێزی عوسمانی و قاجاری لەلایەک و ڕووسیاو هاتنە ناوەوەی بەریتانیا و فەڕەنسایش لەلایەکی تر)، (ل. ٢٠).
٥- نەبوونی متمانە وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی:
لە بەشی کۆتاییدا (ل. ٢٤٠)، نووسەر ڕاستەوخۆ دەڵێت کە بێباوەڕی مریەم بە حاجی، وێنەیەکی بچووکی بێمتمانەیی گشتی کۆمەڵگای کوردییە.
٦-کەسایەتییە یارمەتیدەرەکان وەک هێمای خۆڕاگری. پوورخەیاڵ (ژنێکی بەتەمەن کە هەرچەندە خۆی ناتوانێت بڕوات بەڵام ڕێگا نیشان دەدات، ل. ١٩٨-٢٠٠) و ئەڵڵای کاڕەسوڵ (شوانی گەنج کە بێ هیچ قازانجێک یارمەتی مریەم دەدات، ل. ٢١٠ و ٢٣٥) و زۆریتریش، ئەو کەسانەن کە لە ناو کۆمەڵگای دەسەڵاتدار و نامرۆڤانەدا، هێشتا لە یارمەتیدانی یەکتری درێغ ناکەن.
٧- سروشت وەک هێما:
لە وشکەساڵی سەرەتادا (ل. ٣) هەتا بارانی کۆتایی کە بۆ شوشتنی خوێنی مریەم داوا دەکرێت (ل. ٢٤٠)، سروشت بەردەوام کاراکتەرێکی چالاکە کە ڕەنگدانەوەی هەستی مرۆڤەکان دەنوێنێت.
پەیامی نووسەر
ـــــــــــــــــــــــــــ
پەیامی ناوەندی ڕۆمانەکە ئەوەیە کە خۆشەویستی و ئازادیخوازیی ژنانە زۆرجار لەژێر دەسەڵاتی پیاوسالاری و خێڵایەتیدا وردوخاش دەبێت، بەڵام ئەو قوربانییە بەخۆڕایی ناچێت: مریەم بە جەستە دەکوژرێت، بەڵام ناوی لە سینگی سپی لاپەڕەکانی مێژوودا دەمێنێتەوە و کێوێک بەناویەوە دەکرێت (ل. ٢٤٠).
بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە، مریەم بە نموونە دێنێتەوە بۆ دەیان ژنی تری کورد کە بوونەتە قوربانی جەنگ و دەسەڵاتی ناوخۆیی (ل. ١٤٠)، بەمەیش تراژیدیای تاکێک دەبێتە هێمای تراژیدیای گەلێک.
ڕەخنە و کەموکوڕی
ـــــــــــــــــــــــــــــ
وەک خوێنەرێک، لە ئەنجامی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە ئەو وردە کەموکوڕییانەم لێ هەڵچنیوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەڵێم: مەرج نییە ئەو خاڵانە لای خوێنەری تر بە کەموکوڕی و ڕەخنە ئەژمار بکرێن، چونکە هەر خوێنەرێک ئازادە لە تێگەیشتن لە ڕۆمانەکە.
1. پێکهاتەیەکی نایەکسان.:
ئەمە لەوانەیە گرنگترین کەموکوڕی پێکهاتەیی ڕۆمانەکە بێت،چونکە ڕۆمانەکە ناوی خۆی لە مریەمەوە وەرگرتووە، کەچی لە سەد لاپەڕەی سەرەتادا کەمتر ناوی هاتووە، تەنها دواتر وەک کارەکتەرێکی چالاک دەردەکەوێت.
٢- دووڕەنگی نێوان دوو دەنگی نووسین:
گواستنەوە لە دیمەنێکی درامیی بۆ وتارێکی ئەکادیمی (وەک باسی گونتەر گراس لە( ل. ١٤٠) دەتوانێت لە کاریگەری هەستیی دیمەنەکە کەمبکاتەوە، بەتایبەت بۆ خوێنەرێک کە چاوەڕوانی ئەنجامی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەیە.
٣- زۆریی ناوی شوێن و کەسایەتی مێژوویی:
ئەمەیش کێشەیەکە بۆ خوێنەری نامۆ بە دەڤەرەکە. ڕۆمانەکە بە چڕی ناوی شوێنی ڕاستەقینە و کەسایەتی مێژوویی بەکاردەهێنێت، لەگەڵ پەراوێزی زانستی بۆ هەریەکەیان (وەک قەڵای ئەردەڵان لە ل. ١٣٥ یان ڕێگای ئاشووری لە ل. ١٢٥). بۆ خوێنەرێکی کورد کە شارەزای مێژوو و جوگرافیای سلێمانییە، ئەمە دەوڵەمەندکردنی زانیارییەکانە. بەڵام بۆ خوێنەرێکی نامۆ بە دەڤەرەکە، ئەم قەبارە زانیارییە دەتوانێت ڕەوانی خوێندنەوە بشکێنێت و هەستی ون بوون دروست بکات.
هەرچەندە لەلایەکی دیکەوە، دەکرێت بڵێین لەوانەیە ئەم شێوازە هەڵبژاردەیەکی بە ئاگایانەی نووسەربێت بۆ خوێنەری کورد کە مێژووی خۆی بناسێتەوە.
٤- وتەی کۆتایی زۆر ڕاشکاوانە و ڕوونە:
لە ل. ٢٤٠دا، نووسەر ڕاستەوخۆ دەڵێت کە بێمتمانەیی مریەم بە حاجی، وێنەی بێمتمانەیی گشتی کۆمەڵگای کوردییە. کاتێک هێمایەک وا ڕوون دەکرێتەوە، خوێنەر کەمتر پێویستی بە بیرکردنەوەی خۆی دەبێت و ڕاستەوخۆ لە مەبەستی نووسەر دەگات.
٥- دووبارەبوونەوە لە ڕستەکان:
_لە دیمەنی لێدانی مریەم (ل. ٢٣٥)، دەستەواژەی کەوتنی گوللـە بەر قاچی، لە ڕستەیەکی کورتدا سێ جار دووبارە دەبێتەوە («دوو گوللـە بەر قاچی کەوت… دوو گوللـە بەر قاچی مریەم کەوت و گوللـەکان بەر ئەژنۆی کەوتبوون»).
_ هەروەها دووبارە بوونەوەی وەسفی جوانی مریەم کە دەنووسێت[ هێندە جوان بوو هەر دەتگوت مریەمی دایکی عیسای مەسیحە ل. ٦٢ ل ١١٧]
_ نووسینەوەی چەند دێرێک لە حەیرانەکەی مام ئاڵی [ گوڵە سوێسنێ دەیگوت…] (ل،٥٠ و ل، ٧٦ ). ئەم دووبارەبوونەوەیە ئەگەری زۆرە لە چێژی خوێندنەوە و وێناکردنی دیمەنەکە کەم بکاتەوە.
٦- ناکۆکییەک لە هەڵسوکەوتی کەسایەتیدا:
پوور ئەسڵان، دایکی مام ئاڵی، قەت کوڕ و نەوەکانی هان نەدەدا بۆ ئەوەی بە ئەفسانە سەرقاڵ بن، چونکە دەیزانی ئەفسانە فێری خەڵەتاندن و فریودانیان دەکات (ل. ١٩). کەچی مام ئاڵی، کوڕی پوور ئەسڵان، سەری خۆی هەڵگرت و ڕۆیشت بۆ ئەوەی زوو دڵنیا بێت لەو ڕەمووزنە یان شتە ئەفسانەییە بە سامەی کە لەو سەردەمە باو بوو (ل. ٣٤) — هەڵسوکەوتێک کە لەگەڵ فێرکردنی دایکی ناگونجێت.
بە گشتی، ئەم ڕەخنانە لە ڕووی شێوازی نووسینەوەن و لە چێژ و مانای ڕۆمانەکە کەم ناکەنەوە. بابەتی ڕۆمانەکە — تراژیدیای مریەم و هێمایی کردنی بۆ نیشتیمان — بەهێزە و کاریگەرە و وردەکارییە مێژووییەکان دەریدەخەن، کە نووسەر بە پابەندییەکی ڕاستەقینەوە دەستی داوەتە ئەم پرۆژە گەورەیە.
سەرنجەکان
ـــــــــــــــــــــــ
شایانی باسە کە نووسەر زۆر دەوڵەمەندە لە وشەی ڕەسەنی کوردی، و گەلێک زانیاری لەو ڕۆمانە هەن کە بۆ من نوێ بوون و ڕەنگە لای زۆربەی خوێنەرانی تریش نامۆ بن، لەوانە:
١- ئاوی گافڕێن، لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆری لێخنکاوە، بۆیە بەو دۆڵەی لای سەنگەسەر دەڵێن «ڕووباری شەهیدان» (ل. ١٥).
٢- ڕوونکردنەوەی پەندی( نۆیش بابێتە سەر دەی) کە ئەگەری هەیه لە مەلا محەمەدی ئیبن ئادەم، وەرگیرابێت. (ل.٣٢)
٣- پێش ئەوەی ئیسلام بگاتە شاخی سەفین، ناوی شاخی خانی بووە؛ خانیش بە مانای کەشتی دێت، بۆیە ناوەکەیان عەرەباندوویانە و کردوویانەتە سەفین، بە مانای کەشتی،
(ل. ٢١).
٤- زانیاری لەسەر ناوی گردەکان و گۆڕانی بۆ ناوی نوێتر و نەمانی ئاسەواری هەندێکیان، لەوانە: گردی گاوران، گردی فەرووتی، گردی گولان کە کراوەتە گردی مامەیارە، و زۆریتریش.
٥- ڕوونکردنەوەی مانای زۆر ناو و وشە لە پەراوێز، کە لە گفتوگۆی ڕۆژان، کەمتر دەکەونە بەرچاوان، بۆ نموونە:
ترەختان، چوارناڵە — جۆرێکە لە ڕاکردنی ئەسپ
هوما — هەڵۆی مێ
سیوانە — واتە نەورەس
ئەسپۆن — گیایەکە وەک سابوون کەف دەکات
ئەوانە و زۆریتریش کە دەکرێ لە بواری نووسینی شیعر و پەخشان و جۆرەکانی تری نووسین سوودیان لێوەربگیرێت.