نهژاد عزیز سورمێ
شاعير، هەولێر
…………………
چ بەدبەختییەكە لە گیرفانێت بدەنێ و
لە دڵت لێت وەربگرنەوە..
جوبران خەلیل جوبران
(1)
سێبەری مێژوو ، دەستی لەكەلەكێ گرتووە..
لەگەڵ بارانی بەهاراندا بـڕۆ
هەمیشە خۆرێك هەیە
لـێوارە ماسكدارەكانی دونیا
دەلاوێنێـتەوە..
هەمیشە سپێدەیەك هەیە بـێباك
لە گومڕایی جەنگەڵان دەمانپارێزێ..
مەكۆی ئەرخەوان بوو ئەم وڵاتەی ئێمە
هاتن چاوتان
لەلاتـی و خەتی خێڵاتـیشمان بڕی..
هاتن مۆسیقای خاوەن شكۆتان لێ تۆراندین
بە كوێتاندا هەڵبڵـێم؟
بە ویندۆزە ڤایرۆسدارەكانتان
یاڕوانینی باڵدار ئاسا؟
بە كوێـتاندا..؟
(2)
/ تابلۆی بەردەرگای دكتۆران/ نەخۆشیان دەژماردن../
/گڵۆپەكان/ لە ڕووناكیان كوێر ببوون/ كۆخەكۆخی گزۆزە هەناو ڕەشەكان/
/ ئێستا وەختی / نووستنی / گوڵە سوور و سپیەكانە/
/ سەیری چ لەخۆنووسان و دەكۆڵخۆداهاتـنێكە/
بە ئومێدێـكی شێتەوە دەستم درێژكرد
بە ئومێدێـكی شێـتەوە باوەشم واڵاكرد
ئەفسووس لە دەنگی ڕۆحم نەگەیشتن
ئەفسووس دۆسیەی نێرگزتان نەخوێندەوە..
لە بیرتان كرد بە نوێژی نیوەڕۆ
چرای شەیداییمان،
لە ناوەڕاستی شەقامدا بـۆ پێ كردن..
لە بیرتان كرد
پیاڵەی بە تاڵ بۆ خۆمان و
هی پـڕمان بۆ ئێوە دانا..!!
(3)
/ ئهو چركە ساتانە/ لە یادەوەریمدا/ دادەكەم../
/ دەنگێك/ وێنەی مەستیـی ئێواران / نامۆیی
هەڵیدەلووشێ../ پەی چی / بیر/ لەوە بكەمەوە/
/ سۆمای چاوم/ پێشكـێشی ئێوە بكەم..؟
/ شەڕ هەڵیخەڵەتاندین../ شەڕ كوێـری كردین/ لاڵی كردین/
شەڕ كەڕی كردیـن/ كەری كردیـن.. /
/ ڕەوی كوللەیش ، بە بێشەڵاندا هاتن../
كارگەی ماسك و ڕووبەندانن
بۆ خۆیان لە هەموو شتێك دەگەن
لە نەزمی پۆشتەكردنی با..
لە ڕازاندنەوەی ئیـنجانەی بەر دەرگا..
ناسۆریش،
لە سەنگتراشیـی ئەوانەوە
كە چەندین دەریا و ئاسمانیان بـڕیوە
لە پرۆسەی (فرێـندلی فایەر – erif yldneirF) دا
مەدالیای بێـهاوتای ئێمە بووە..!
(4)
/ من ون نەببووم/ لێ/ قاچم/ لە هەر كوێ دانا/
/ زەنەك دەرچوو.. / من/ ون / نەببووم/ تەنیا/ ئەوەندە بوو/
/ ناسنامەكەم/ لە گیرفانی كراسەكەمدا/ لە بیر چووبوو../
ئاسمانێكی بەتاڵ دەرچوو
ئەو ئاسۆیەی ،
لە سەنتەرە بێ دووبانكە و بەرهەڵەكانـتانەوە
دەتانویست بـیبـینن..
چوارگۆشەكانتان تێكشكان
سێگۆشەتان ڕاست كردنەوە..
مێژوو؟..
مەپرسە لە چ قوڕگێـكی گیراودا ئاخنراوە..
بێ وچان
مەیدانگر.. نەورەس..
لەوە كارەساتتر هەموومان تاوانـبار بین؟
لەوە كارەساتتر هەموومان ژاڵە خواردوو..؟
ئەی كوا لاپرسەنی و بـێباكی (شەكسپیر) و
بۆنی پەلكەگیای (وایتمان) و
هاوارە كپكراوەكانی (ڕامبۆ) و (ڤرلین) و
بنیاتە پتەوە سانتاكانی (نیتچە) و
درەختە بەبەرەكانی (دانتی) و
فریسكۆكانی (داڤینشی) كوانێ؟
كوا شینگێڕییەكانی (ئیڵییەت) و
هەرێ و پەیمانەكانی (ڕۆسۆ) و
عەشقی ڕۆژهەڵاتیانەی (گۆتە) و
شێوازە دڵـنشین و دڵشكێـنەكانی
(بیكاسۆ) و (سیزان) و (براك) و
ماسكە خەمبارەكانی مۆدلیانی؟..
(5)
/ سرووتەكانی دوورگەی كرێت/ بە ڕووباری چەوردا
چوون / گەیشتنە (سكـڵیا)/ پەڕینەوە (ئیسپانیا)../ ئەو
پرۆسەیە/ تا ئێستا/ بۆراییشی/ دەرنەكەوتووە/ بۆ
ئاگاداریتان / ئێمە/ لە/ خەربەندەییمان / زیاتر / پێ/
دەكرێ/..
ویستم ئاگر لەسەر پشتی ماسییان بكەمەوە
گۆڕستانی ئوور
خانووە لە ناویەك و بە گەوەكانی چەرموو
برۆنزكارییەكانی لوڕستان
لە چیا قـژ درێژەكانی ئیتاڵیادا دەدرەوشایەوە..
ئەی مانگی تاراوگان!
مانگی بێ هێللانە و بێ سێبەر..
ئێمە بە تەنێ بووین
كە ئەوان ئاسمانیان تەی دەكرد
ئێمە بەتەنێ بووین
كە زەویان بە هەناسەبڕكێی
برسییەكانی ئەفەریقیا و
كۆستەكانمان دەدێـرا
ئەی مانگی تاراوگان
مانگی بێ هێللانە و بێ سێبەر!
ڕۆژێ نەمدی
هاتبن فێری كێڵانمان بكەن
ڕۆژێ گوێم لێ نەبوو ، نەم خوێندەوە
لە سۆتەڵ و نیگەرانی و دەستخەڵەتدان زیاتر
لە سەفەرە كورتەكانیان لە دوومابێ..
نەمدی ئەی مانگی تاراوگان
ڕۆژئاوای (مانێ) و (كلیمت) و (كامۆ) و
(كافكا) و (ئاراگۆن) و (دالی) و (دێلاكڕوا)
بواریان دابین بەمردنی خۆمان بمرین..
ئەدی ئەوە ئەسەف نییە، مانگی تاراوگان؟
نەهێڵن شیعرێـك بۆ شاروێرانی خۆمان و
هەنیەی ئارەقاویمان بنووسین..؟
ئەدی ئەوە ئەسەف نییە، هۆڵی ئاهەنگان
بەگریان بۆیە بكرێ؟!
مانگی بێ هێللانە، مانگی بێ سێبەر..!
باس هەر باسی گڵۆپ و چراخانی پایتەختانە
باس باسی نهێـنییە ئاشكراكانە،
كە زانیارییان بە بەرقەڵایێ سەردەخەن
تا پێڕا بگەن سەحەری لالەزار و مرواریان
غافڵكوژ كەن..
ئێمەش بێ ئاگا..
خەریكی پیشەی بێ هوودەی فەرهادین.
ئیتر تەواو مانگی تاراوگان ، كوورەی نوور!
ئیتر تەواو ئەو ساتە تێكچڕژاوە بێ (تـاو) انە
لە یادەوەریمدا هەڵدەگرم..
ئەو ساتانە،
لەو چاوە مەستانە هەڵدەگرم
ڕۆژێ لە ڕۆژان سروودم بۆ دەگوتن..
ئەو جار هەڵدێم ئەی مانگ
بە كوردی هەڵدێم
خۆشەویستیش لەگەڵ خۆم دەبەم
ئیتر شتێك نامێـنێ بەو ناوە
پرسیار ئەوەیە:
ئەو كاتە ئێوە چۆن دەژین؟
نیسانی 2007

