زۆرجار کاتێک دادەنيشين بۆ تەماشاکردنی فيلمێک، بە زۆری ئەو فيلمانەی باس لە ڕووداوە ڕياليستييەکان دەکات، هەر لە سەرەتا يان لەتەک تايتڵی ناوەکاندا ديمەنی شارێکمان نيشان دەدات و پاشان کاميرەکە ئاراستە و زوومەکەی لە سەر گەڕەکێک و ماڵێک يا فەرمانگەيەک ياخود قوتابخانەيەک يا هەر شوێنێکی دی کە مەبەست و دەسپێکی ڕووداوی فيلمەکەی بێت، هەڵبەتە هەر ڕۆمانە دەکرێتە فيلم، جا لێرەدا ئەو ديمەن نيشاندانە دەمانباتەوە بۆ شرۆڤەی وردی شوێن و ئێمە بە هەموو زيهن و ڕۆحمانەوە لە ناو ئەو شوێنە جێگير دەکات، شوێنيش وەک کات بنەما و کۆڵەکەيەکی سەرەکی ڕۆمانە، بە داخەوە ڕەخنەگرانی کورد تا ئێستا ئاوڕێکی دڵکارانەی شوێنيان لە ڕۆمان نەداوەتەوە، نەمازە لە ڕۆمانە ڕياليستييەکان کە شوێن لەم جۆرە ڕۆمانانەدا زۆر ئاسانترە لەو شوێنانەی کە لە ڕێگای ئەندێشەوە نووسەر دروستی دەکات، ئەوەی بە زۆری لای ڕەخنەگری کورد زێتر ديقەت دەدرێت ئەو شرۆڤانەيە کە خودی نووسەرەکەيش دڵی پێی ئاو ناخواتەوە، کە ئاراستەيەک بخاتەڕوو خودی ڕۆماننووس لە يادی کرد بێت تا لە کاری دادێی ڕەچاوی ئەو کەموکوڕيانە بکات، ئيدی ڕەخنە لای ئێمەی کورد نييە، يان هێرش و هەڵبەستنی قسەی نەشياوە يانيش ستايش و پێدا هەڵدانە، هەندێجاريش دەزگا ميدياييە وێژەييەکان نايانەوێت ڕەخنە ڕەوتی خۆی بگرێت، جارێکيان لێکۆڵينەوەمان لە بارەی نۆڤێلتی برادەرێکەوە ناردبوو بۆ يەکێک لەو گۆڤارە وێژەييانەی کوردستان، کەچی زەنگيان بۆ نووسەری نۆڤێلتەکە کرد بوو ، کە فڵان کەس بە خراپی لە بارەی نۆڤێلتەکەتانەوە ڕەخنە و لێکۆڵينەوەی نووسيوە چی دەڵێن، بڵاوی بکەينەوە، ئەو برادەرەيش وتبووی فڵان کەس برای منە، چی بڵێت لە بەرژەوەندی من دەڵێ، جا ئەوەيە ڕەخنە لە وڵاتێک کە خودی دەزگاکان ڕێگە نەدەن ئەدەبی کوردی هەنگاو بەرەو باڵابوون و دونيابوون بنێت، بێينەوە سەر خودی ژانرەکەمان، زۆر لە شرۆڤەکاران و ڕەخنەگران کۆکن لە سەر ئەوەی شوێن پەيوەندی بتەوی هەيە لەگەڵ کات و ڕووداو و کەسايەتييەکانی ناو ڕۆمانەکە و خودی گێڕانەوەکەيش، چونکە ئەوە هەموو ئەو شووێنانەی باسدەکرێن لە ڕێگای زمان و پاشان نووسينەوە بە خوێنەر دەگات، هەڵبەتە ئێمەيش هەمان ديدگامان هەيە بۆيە لە زۆربەی لێکۆڵينەوەکانمان هەڵوێستە لە سەر ئەم ژانرە گرينگ و هەستيار و کۆڵەکە و بنەما سەرەکييانەی ڕۆمان دەکەينەوە، دەمانەوێت بڵێين ڕەخنەگری کورد تەنها ئەوانە نين سەرپێيانە لە بارەی دەقێکی بەپێزەوە هەرەمەکيانە دەدوێن. (( شوێن لە ڕۆماندا توخمێکی زيادە نييە، نەک چەندين شیوە لە خۆدەگرێت و چەندين مانا دەبەخشێت بەڵکوو ئەو دەبێتە مايەی ئەوەی زۆرجار ئامانجی بوونی هەموو کارەکە دەبێت))’٩’ بابێينە سەر خودی ” خانەقای ميرزا” بەر لە دەسپێکی بڕگەکانی ڕۆمانەکە لە بەشی يەکەم ” ڕێگا دوورەکانی چاومان ” پێشەکييەکی کورتی ڕۆمانەکە دەبينين، لێرەدا کە پێويستی دەکرد بەو جۆرە کورت نەبا و هەندێکی دی تێيدا ئاماژەی بە شوێن بدابايە بە جۆرێك خوێنەری پەلکێش بکردبا بۆ ناو شار پاشان ماڵ و ژوور، بە داخەوە ئەوە نەکراوە و هەر لە سەرەتاوە هەوڵەکانی لە شرۆڤەی رووداوەکان کورتکردۆتەوە و بنەماکانی ديکە فەرامۆش کردووە، نها من وەک کەسێک کە خەڵکی سلێمانيم و هەرچەند ساڵانێکيشی تێیدا ژياوم ئێستايشی لە گەڵ بێت نەمزانی ماڵی ميرزا کەريم دەکەوێتە کوێی شارەوە، ئايە لە پيرمەسوورە يان لە سەرشەقام بەرەو خوار، ئەمە بۆ خوێنەر گرينگە چونکە : (( شوێن ئەرکێکی لە پێشينەی دياريکراوە، بەو پێيەی شوێنە بۆ سەرهاتی ڕووداوەکان، بەرەو فەزايەکی پانتایی بونيادی ڕۆمانەکە و، کاريگەری بە سەرييەوە دەبێت، لە گۆشەيەکی بنەڕەتييەوە، ئەو گۆشەيەيش ئەوەيە کە مرۆڤ لێی دەڕوانێت))”١٠” ئێمە وەک مرۆڤێک هەر لە سەرەتاوە هەست بە غيابی ئەو گۆشەنيگايە دەکەين.
با کەمێک خۆ بخزێنينە پێشەکييەکە بزانين چۆن ڕۆماننووس لە شوێن هەڵدێ و کرۆکی باسەکە دەبێتە خەمی و خوێنەر بەرەو ئەو ئاراستەيە پەلکێش دەکات، بەم جۆرە دەست پێدەکات: (( بەڵام … ئەو هەموومانی بۆ ژياندۆستی پەروەردەکرد، لە ڕۆژانێکدا مەرگدۆستی باڵی ڕەشی بە سەر ڕۆحی هەموو خەڵکی ئەو شارەدا کێشابوو، بە جۆرێک ترس لە مردن توانای هەستی لاواز کردبووين. وەکوو گياندارێکی زەليل و دڵشکاو، بێ ڕۆح، ژێردەستە و کۆيلە ژيانمان بەڕێ دەکرد. فێری کردين کە خۆ بەدەستەوەدان هەڵبژاردەی خۆمانە، بەڵام هيوا و ئامانج نييە. ))ل١١، تەماشا هەر لە سەرەتادا بە وشەی بەڵام و پاش ئەويش سێ خاڵ دادەنێت، ئێمە لە بارەی ئەم ” بەڵام “ەی لێرەدا هاتووە قسە و خوێندنەوەی خۆمان هەيە و هەر کاتێک هاتينە سەر ئەم لايەنە بە وردی باسی لێوە دەکەين، لێرەدا دەمانەوێت کەمێک بۆ دواوە بگەڕێينەوە بەر لەوەی بچينە سەر باسی شوێن، گەرەکمانە بێژين زۆر بە وردی هەوڵماندا شێوەی ڕێنووس لە ناو خودی ڕۆمانەکەدا چۆن هاتووە وەکوو خۆی بنووسينەوە و لێی لانەدەين، نەبا بە دوو ڕێنووس لێکبدرێتەوە. لەم دەسپێکی ڕۆمانەدا ڕۆماننووس هەر زوو و لە بەراييەوە بەرەو پرسە گرينگەکەی ڕۆمان پەلکێشمان دەکات، کاتێک دێتە سەر شوێن دەڵێ ” ئەو شارەدا ” پێمانوايە لە ديدگا و هزری خودەوە دەڕوانێتە ئەو شارە، کام شار، پێويستيمان بە ناوی شار نييە لێرەدا خوێنەر هەر لە سەرەتاوە نازانێت ڕۆمانێکی ڕياليستييە، بۆيە ناوی شاری بەلاوە گرينگ نييە، وەلی پێگە و وەسفێکی شار، زۆر بەداخەوە ڕۆماننووسانی کورد زۆر بە دەگمەن ڕێکدەکەوێت لە دوو ياخود شێ دێڕدا وەسفی شار يان شوێنێک بکات، ئێمە پێويستيمان بەوە بوو، ئەوە بۆ ئەو لايەنەيە کە ڕاستەوخۆ خوێنەر بەريتە ناو شوێنەوە چونکە پەيوەستبوونێکی ناچاری لە نێوان پاڵەوان و ڕووداو و شوێن و کات هەيە بە بێ يەکدی کەموکورتی هەيە، ڕۆمانيش بۆ خەڵکی تاکی شار و شوێنێک نانووسرێ تا وتت بەرلين ئيدی هەموو دەزانن پايتەختی ئاڵمانە، من وەک کەسێکی کورد و کوردستانی پێويستيم بە ڕۆماننووس هەيە بمخزێنێتە نێو ئەو گەڕەک و شوێنەی مەبەستی کرۆکی ڕۆمانەکەيە نەک بە ئاوەز وەلێ بە جەستەوە بچمە ئەو شوێنە و لەگەڵ کارەکتەرەکان ببمە کەسێک لەوان: (( ئەگەر لە شرۆڤەی گێڕانەوە ئەدەبييەکان تێڕاماين تێبينی دەکەين بە تايبەتی بايەخ بەلۆژيکی رووداو و کاری کەسايەتی و کاتی دەمودووەکان دراوە، هيچ تيۆرێکی خەياڵی بۆ شوێن نييە، بەڵام تەنها ڕێڕەوێکی گەڕان بە دیدەکرێت کە کە لاکردنەوەيەکی ناڕوونی تێدايە، ئەم ئاراستە زيندووە زێتر ” گاستۆن باشلار” لە کتێبی ” شيعرييەتی شوێن ” ئاماژەی پێداوە، بە توێژينەوەيەکی بەهای هێمایی پەيوەست بە ديمەنەکان کە ڕێ بۆ گێڕەڕەوە يان کەسايەتييەکان خۆش دەکات، جا لە شوێنی نيشتەنييان بێت وەک ماڵ و ژووری داخراو يان شوێنەکراوەکان، بە ديار و ناديارەوە، ناوەندێتی يان سەرەپێی… زۆری دی لە ململانێکان کە وەک ڕێگايەک کار دەکات، ئەندێشەی نووسەر و خوێنەری پێکەوە تێدا ڕوون ببێتەوە.)) “١١” لێرەدا ميران ئەبرەهام عاقڵانە کاری لە بيرکردنی شوێنی لای خوێنەر ڕەواندۆتەوە و لايەنی کۆتایی ئەو ديدگايەی لە بەرچاو گرتووە کە دەڵێ ” ئەندێشەی نووسەر و خوێنەری پێکەوە تێدا ڕوون ببێتەوە” ئەمە ڕێک وەک ئەوەيە کە دەڵێ (( لاتقربوا الصلاة )) و ( أنتم السکارە) کەی پەڕاندووە.
پاشان دەڵێ : (( بەو جۆرەش ئەوێ، بەردەوام غەريبەکان ڕوويان تێدەکرد))ل١١، هەموو پێش نووسينی ئەم دێڕە ” ئەو شارە ” مان خوێندەوە، ئێستايش ” بەو جۆرەش ئەوێ ” کام ئەوێ ئەوێيەکی ون خوێنەر وێڵ و عەوداڵ هەڵبەت وەک گوتمان هەموو خوێنەرێک نا، خوێنەری دڵکار. ڕۆماننووس هوردهورد دەيەوێ شوێنمان پێبڵێت، وەلێ زۆر بە نادياری منێکی خەڵکی ئەو شارە نەبم تەنها بزانم کە پيرمەسوور لە سلێمانييە، ڕەنگە بۆ خەڵکێکی دی ئەوە ناديار بێت کە دەڵێ ؛ (( لە فولکەی نۆبەچی ڕيزيان دەبەست، ژێر دارەکەی پيرمەسوور جێگەی حەوانەوەيان بووە. لە نيوەی شەودا لە دەرگەيان دەدا و دەيانگوت: ڕێگەی دوورمان بڕيوە و بۆ ئەم ماڵی خۆزگەيە هاتووين. وەکوو تەنيا ماڵ بێت لەو دەشتی زامايەدا.))ل١١، ئێمە هەر وێڵی شوێنە کراوەکەين، ئەو شووێنی کراوە و داخراو پێکەوە گرێدەدات، لێرەدا پێمان دەڵێ ئەو شارە سلێمانييە، بەڵام چۆن وتنێک کە هيچ تاکێکی خوێنەری ئاسایی درکی پێنەکات، زاموا ناوچەيەکی بەرفراوان بووە و لە دەرياچەی ورمێوە دەستی پێدەکات و مەڵبەندی سەرەکی دەشتی زاموايش شارەزوورە، لێکدانەوەکان دەڵێن بشێ هەڵەبجە نەبێت ئەو شارەی باسی دەکات، کاتێک مرۆڤ دواتر ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە تێدەگات کە ماڵی جەلالی ميرزا کەريم لە گەڕەکی جولەکان بووە و لێرەدا بۆيە ناوی پيرمەسوور هاتووە وەک دۆزينەوەی چەقی ڕووداوەکان لە شاری سلێمانی نەک هەڵەبجە، ئەوە سەبارەت بە شوێنە کراوەکە، دەربارەی شوێنە داخراوەکەيش پەلکێشمان دەکات بۆ ماڵ، جا دێت کەمێک بە وردی باسی ماڵەکەی خانەقاکەی ميرزا کەريم دەکات: (( بە بيرم دێت ميرزا کەريم گوتی: ” لە کاتی درسوتکردنيدا بەيانيان زووپێش وەستا و کرێکار خۆم لەوێ بووم، هەموو جارێک و تاوەکوو تەواوبوونی، دەمبينی دوو بارتەقای باڵای من خشت و بەرد کەڵەکە کراون، نەمئەزانی کێ هێناونی و لە کوێوە هێنراون”))ل١١و١٢، لە بری ئەوەی باس لە هێنانی خشت و بەرد بکردايە جوانتر بوو شوێن پێناسە بکات، دواييش هەر لە لاپەڕە ١٢ حەلاوەخان ديسان ئەويش باسی نهێنی ژووری زەخيرەکە دەکات، دەکرا ئەم دوو حاڵەتە لە ناوەوەی ڕۆمانەکە باس بکرايە لە بری ئەوە وەک چۆن بە نهێنی پێی وتين شوێنەکە سلێمانييە ئاوايش پێگەی جوگرافی و نەخشەی مالەکە و ژوورەکانی بە دەستەوە بدايە، تەماشا لە بڕگەی ٢ بەشی دووەمی ڕۆمانەکە پێمان دەلێ : (( لە نەخۆشخانە ديوار و سەرچەف و سەرجێگە سپييەکانم لێ ببوون بەبەڵا، هەستم دەکرد پەيوەندييەکيان بە ڕابردوومەوە هەبووە، بە تايبەتی ئەو بەنديخانەيەی ساڵ و نيوێک، لە سەرەتای شەستەکاندا، لێی بەند کرابووم. ژوورێکی تەنيایی و يەک مەتر دووجا.))ل٢١١، لێرە مرۆڤ هەم کات بەدی دەکات هەم تەوزيفی ژووری بەنديخانە و نەخۆشخانە، يەکسەر لەم جۆرە شيکارييە ئەگەرچی ورديش نييە مرۆڤ بەرەو ناو ژوورەکان دەبات، لە تەک ئازارەکانی جەلال دەژی، خۆ ئەوەيش هەر ميران ئەبرەهام دروستی کردووە جا بۆ لەوێ بەو جۆرە و لێرە کە بەراييە و خوێنەر پێويستی بە بەرچاو ڕوونييە، ئەوەی نەکردووە و بەڕای ئێمە ئەم حاڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو شارە وەک ئەوەی ماڵی نەک هەموو کوردێک بێت وەلێ ماڵی هەموو تاکێکی جيهان بێت، چونکی ئەگەر ئەم ڕۆمانە بەم جۆرە وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی ديکە لە ڕووی شوێنەوە زۆرناڕوون و ناتەواوە، بە تايبەت ناو شار لە ڕۆمانی ” خانەقای ميرزا ” کەموکوڕێ هەيە.(( پێويستە دياری بکەم کە ماڵ يەکێکە لە گرينگترين فاکتەرەکان کە بيرکردنەوە و ئەدگار و خەونی مرۆڤايەتی ئاوێتەی يەکدی دەکات، پرنسيپی ئەم ئاوێتە بوونە و بنەمانی خەونی رابوونە، ڕابردوو و ئێستا و دادێ دايناميکی جياواز بە ماڵ دەبەخشێت، کە زۆرجار تێکەڵاو دەبن، يان بەرهەڵست دەبن، و هەندێجاريش پێکەوە چوست و چالاک دەبن، لە ژيانی مرۆڤدا ماڵ فاکتەری سوپرايز کەمدەکاتەوە و بەردەوامی دەخوڵقێنێت، جا لە بەر ئەوە، مرۆڤ بێماڵ دەبێتە بوونەوەرێکی پەرشوبڵاو، ئەوە – ماڵە – لە زريان و مەترسييەکانی زەوی دەمانپارێزێت))”١٢، جا بەم هۆکارەوە بۆ ڕۆمانيش پێويست بوو ئێمە تەواو ئاشنای ماڵی ميرزا کەريم ببوواين، لێرەدا ڕەنگە فاکتەرێک بێتە پێشەوە کە ماڵ هەموو نهێنييەکی خۆی تێدايە و ناکرێ پەردە لە سەر هەرچی هەيە هەڵبماڵدرێت، نەک لە ڕۆمانەکەدا لە دەرەوەی ڕۆمانەکەيشدا وا باس دەکرێت کە خانەقای ميرزا ماڵی خۆی نەبووە ماڵی هەمووان بووە، بە داخەوە نووسەر نەيتوانيوە ئەم گەنجينە دەوڵەمەندەی شار بە جۆرێک وەسف بکات دەماودەم بگوازرايەتەوە، پێمانوايە ئەودەم ڕۆمانە زۆر لەوەی ئێستا هەيە سەرکەوتوو تر دەبوو، ئەوەی ئێمە لێرەدا باسی دەکەين بۆ ئەوەمان لە دادێ ئەو دەرفەتە گەورانە لە دەست نەدەين و بە هەل بيانقۆزينەوە چ بۆ گەياندنی مێژوويەکی جوانی گوند و شارەدێ و شارۆچکە و شار و پاشان وڵات و نەتەوەکەمان چ وەک بەرهەمێکی دانسقە کە بەهاکەی بۆ نووسەرێک دەگەڕێتەوە.
(( شڵپوهوڕ بە کەناری شيوەکەدا ڕای دەکرد، قاچی هەڵدەخزا، و خۆی بە ديواری ماڵەکان دەگرتەوە. بە سەر پردی گەڕەکی جوولەکاندا بۆ بەردەم ماڵی شەلەمۆی عەتار پەڕييەوە، لافاوی شيوەکە گەيشتبووە ژێر دارەڕای پردەکە، بەڵام هێشتا لە بۆگەنی ئاوەڕۆکەی کەم نەکردبووەوە. کاتێک بە ڕاکردن گەيشتە بەردەم دەرگای ماڵەکە، هێشتا پێڵاوەکانی بە سەر پێوە بوون. لە تەمەنی لاوێتييەوە کەس بە شەو نەيدەتوانی هاوپێی ئەو ڕێ بکات، هەر بەڕێوە پاڵتاوەکەی لە بەرکردبوو. کاتێک گەيشتە بەردەم ماڵی عەزيزی حەکيم، پاژنەی پێڵاوەکانی هەڵکێشان. سەعات لە دوازدە لای دابوو، دەستی توند نووقاند و بە مشتەکۆڵە کێشای بە دەرگە تەختەکەدا))ل١٣، نووسەر لێرادا لەم چەند دێرەدا خوێنەر پەلکێش دەکات بۆ چەندين شوێنی گرينگ و هەستيار کە وا دەکات خوێنەر بچێتە ناو گەڕەکێکەوە بە هەموو ئێستاتيکای زستانييەوە، لێرەدا هەموو هەست بە شەوێکی سەختی زستانە دەکەين، بەڵام باسی باران ناکات دەشێ خۆشی کردبێتەوە، بەڵام سەرنجی بۆ ديمەنە گرينگەکان دەبەين، کە تەواوی ئەو ديمەنانە شوێن، شوێنيش دەبێتە هۆی خوڵقاندنی وێنايەکی جوان و سەير وا لە خوێنەر دەکات هەست بکا خۆی لە ناو ئەو قووڕ و چڵپاوەدايە، شڵپوهوڕئەم وشە دەمانباتەوە بۆ زۆر شت لە پێيەکانييەوە دەست پێبکەين، ئاو و قووڕ چوونەتە پێڵاوەکانی، بەو هۆيەيشەوە قاچەکانی دەخزێت، جلەکانی بە جوانی لە بەر نەکردون بۆيە سەرقاڵی جل لەبەرکردنە و خۆ بە ديواری ماڵانەوە دەگرێتەوە، دەستی گيراوە و نايپەرژێتە سەری، سەرپردی شيوی جوولەکان ئەوە پێمان دەڵێ ماڵی لە گەڕەکی جوولەکانە و ڕووداوەکان لەو گەڕەکەوە سەرچاوە دەگرن، ديمەنێکی لافاومان نيشان دەدا کە تا بن پردەکە هاتووە، ماڵی شەلەمۆ خۆی لە خۆيدا جەختکردنەوەيە لەوەی بەڵێ گەڕەکەکە جوولەکەنشينە و تێکەڵەيە، تەمەنی ميرزا جەلالمان پێدەڵێت کە هيچ کەس لە تەمەنی لاوێتی نەيتوانيوە شەوڕێی لەگەڵدا بکات، دەڵێ بە ساڵدا چووە وەلێ گەنج نييە، کەواتە لێرەدا کۆمەڵێک شوێنی کۆکردۆتەوە و پێمان دەڵێ وەک ” گەڕەک، شوێن لە جەستەی مرۆڤ، شوێن لە خانوو، ديمەن لە سروشتی باراناوی” ئەوە هەموو شوێنن لە ڕۆماندا، (( وشەکان ئەفسوناوين کە دەست لە شوێنێک دەدات ودەيگۆڕێت بۆ شوێنێکی جياواز، زۆر لە واتا و هێما و جوانناسی هەڵدەگرێت، شوێنەکان چەند بچووک بن يان گەورە بن، هەرچەندە پان بن يان بەرتەسک ببنەوە، هەرچەندت لە بارەيانەوە وت زۆر يان کەم، لە ڕۆمانی باشدا کۆمەڵێک کليلی گەورە و بچووک دەمێنن، کە هاريکار دەبێت بەشێکی زۆری پەنهانييەکانی دەقی ڕۆمان بکاتەوە))”١٣” ميران لەم پێشەکييەدا کارێکی لەو جۆرەی کردووە کە زۆر لە پەنهانييەکانی شوێن لەم ڕۆمانە بکاتەوە وەلێ نەک هەمووی چونکە هەر لێرەدا غياب لە شوێندا بۆ کەسێکی خەڵکی سلێمانی نەبێت ناديارە جوولەکان دەکەوێتە کوێی سلێمانی، نەک هەر جوولەکان بەڵکوو زۆربەی شوێنەکان باسی دەکات وەک چايخانە و قوتابخانە و شوێن و شتی دیکەيش،(( کاتێک ڕۆماننووس لە بوژانەوەی ژيان لە ناو توخمی شوێندا لە ڕۆمانەکەيدا سەرکەوتوو دەبێت، ئەو دەم لە بەدەستهێنانی جيهانی بووندا سەرکەوتووە))”١٤” ئەوە ئێمەين لەو دەرگايەوە دەست بە توێژينەوە و خوێندنەوەی ڕۆمانەکان دەکەين، نەک بە ديدگايەکی لۆکاڵی لە چواچێوەی سنوورێکی ديلکراو نەترازا بێت، کە زۆر لە ڕۆماننووسانی کورد باسی شار يان گوند ياخود دەڤەر دەکەن بە دوو ديگا لێکدەدرێتەوە، يان ئەوەتا شار و گوند و دەڤەرچێتی لە ناخيدا گێنگڵ دەخوات و بۆ خۆی هەستی پێناکات، يانيش پێی وايە هەموو کەس وەک ئەو ئاشنای ئەو شوێنەيە.
مام زامن يەکێکە لە پاڵەوانە سەرەکييەکان بەو پێيەی تاکە جووە زۆر ناوی دێتەناوانەوە، ناکرێ جێ و ڕێی ناديار بێت لە ناو رۆمانەکەدا، هەرچەندە ڕۆماننووس لە ناو ڕۆمانەکەيدا بڕوبيانوی هێناوەتەوە بۆ نادياری شوێن دوکانی مام زامن، وەلێ ئەوەی بە پاساو لێ وەرناگيرێت، جوونکە لايەنێکی ئەم ڕۆمانە تايبەتە بە جووەکانيش تاکە پاڵەوانی جوويش لە ڕۆمانەکە مام زامنە، (( پەيوەستبوون بە شوێنەوە دەشێ بە پەيوەندييەکی سۆزداری و ئاگایی نێوان کەس و شوێنەکە دابنرێت، دەکارێ ئەو شوێنە وەک بارەگايەک کە بۆی بگەڕێتەوە بەهادار بکرێت، کەسەکە لەوێ هەست بە ئارامی و پشوو دەکات ))”١٥” نەک تەنها جەلال زۆر کەسی ديکە لە دوکانی مام زامن هەستيان بە ئارامی و پشوو کردووە ناکرێ ئەو شوێنە ناديار بێت و ڕۆماننووس لە بەردی بن گۆمی بنێت، ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان حەزمان دەکرد شوێنەکەمان بۆ دياری بکات، بزانين چۆن نووسەر ڕێی لێ ونکردووين و پاساو دێنێتەوە بۆ ئاشکرا نەکردنی شوێنەکە: (( تۆ بڵێی من کەسێکی تەواو بم، چونکە ڕۆژ هەبوو ڕێگەم نەدەچووەوە سەردوکانەکەی . ))ل٥٣، شاعيرێکی بليمەت و سەردەستەی نوێخوازی و بزوتنەوەی ڕوانگەی لێکردين بە کەسێکی وڕ و گێژ، ڕەنگە پاساو بێت، دەنا دەبووا ئەو شوێنە پەيوەندييە لە نێوان ڕۆحی مناڵ و دوکانێک، هەموو منداڵ بووين و زۆرجاران دوکانێک شوێنێک لە ماڵەوە گرينگتر بووە لامان، با بزانين چیتر دبێژێت: (( ئەو بە سەرسووڕمانەوە پێی گوتم : ” مام زامن؟ بۆ، دووکانی مام زامن لە کوێيە؟ “))ل ٥٣، ئەم پرسيارەی ميرزا کەريم باشترين دەروازەيە بۆ دۆزينەوەی شوێن، خوێنەريش ئيدی ئەو شوێنەی لە زيهنيدا لايەکی گرتووە، بووە بە مەلەفێک ژێر تەپوتۆز کەوتوو و لە بيرکراو سەر لە نوێ بەهزری دێنێتەوە و خوێنەر بە تاسوقی دوکانی مام زامنەوە ديسان دەکەوێتەوە سۆراغ، جا لەگەڵ درێژەدان بە خانەقاکە، باسوخاسی لابەلا دێت و وەک بڵێی مەراقێک بە خوێنەر بدات دەبێ لە کوێ بێت؟ بشێ پێی بلێت؟ (( ناونيشانەکەم پێ گوت، لە وەڵامدا پێی گوتم: کورە جەلال تۆ بۆ شێتم دەکەیت، ئەو شوێنەی تۆ ئەيڵێيت، کەی دووکانی لێيە! ئەوە ماڵی فڵان و فيسارە کەی لەو کۆڵانەدا دووکانی لێيە!)) جەلال دەڵێ: ” ناونيشانەکەم پێ گوت ” کە پێی گوتووە نووسەر بۆ لە بری ئەوەی وا بلێت ناونيشانەکە دياری ناکات، لێرەدا نووسەری ڕۆمانەکە چاوشارکێ لە خوێنەر دەکات، خوێنەريش لە تاو ڕووداوەکان بيری چووە بە دووی شوێن عەوداڵ بێت، ئەوە نەبێت ميران ئەبراهام بۆ خۆی بيری خوێنەر دێنێتەوە و هەر خۆيشی خۆڵ دەکاتە چاو و بيری خوێنەرەوە، سەرقاڵکردنی خوێنەر و دەرنەخستنی کات و شوێن پێی ناوترێ فەنتازيا لە ئەدەبدا، يان بە جۆرێکی ديکە و ڕوونتر بێژين بەخشينی تاموچێژ و عەوداڵبوونی خوێنەر بە دوایيدا ئەمەيان وەک کرۆکی باس و ڕووداوەکان نييە، تا زنجيرە بيری خوێنەر نەشێوێنێت، وەلێ خوێنەرێک کە عەوداڵە بزانێت ڕووداوەکان لە کوێن يان دوکانی مام زامن لە کوێيە چونکە يەکێکە لەو شوێنانەی کە بەردەوام بوونی لە ڕووداوەکاندا هەيە و کەچی نادياريشە، (( گوێ ڕووت، ئێستا پێشم بکەوە و دووکانی مام زامنەم نيشان بدە.))ل٥٤، شوێنەکەی وا ونکردووە ڕۆماننووس پێمان دەڵێ ئەوەتە پاڵەوانەکانيش بە شوێنەکەی نازانن، (( فەرموو پێم بڵێ کوا دووکانی مام، زامن؟))ل٥٦، هەر لە هەمان لاپەڕە پێش ئەم قسەيە پاڵەوان خۆێ گێڕەرەوەيە و دەڵێ : (( لە گەڵ باوکم گەيشتينە گەڕەکی مەڵکەندی و کۆڵانی دووکانەکەی مام زامن ))، ئێستا پێمان دەڵێ دوکانەکەی مام زامن لەم کۆڵانەيە وەلێ هێشتان ناديارە، شوێن لێرەدا باسوخواسی هەم ڕۆماننووسە هەم خوێنەرە هەم ڕەخنەگرە، کەواتە شوێن پێگەيەکی زۆر گرينگی لە ناو ڕۆماندا هەيە بۆيە ناکرێ فەرامۆش بکرێت، بە هۆی ئەوەی ڕۆمانەکەيش ڕياليستييە نووسەر ناتوانی شوێنێکمان لە دەرەوەی شوێنی ڕووداوەکان لە ڕێی ئەندێشەوە بۆ وێنابکات، بۆيە مشتومڕەکەی تەنها بۆ دۆزينەوە و دياريکردنی دوکانی مام زامن لە چوار لاپەڕەدا درێژەی پێدراوە، ديسانەوە لە هەمان لاپەڕەدا ميرزا چی دەڵێ : (( ئەوە ماڵی حازم بەگە و ئەوەی ئەو بەريش، ماڵی شێخ حەسەنی حەفيدە))ل٥٤. پێش ئێستا ئێمە باسمان لە سەرکەوتنی نووسەر لە شوێندا کرد کە دەبێت هۆی بە جيهانيبوونی دەقەکەی و لە لۆکاڵی دەردەچێت، کەچێ لێرە دەتوانين بێژين دەشێ زۆر لە خەڵکی شاری سلێمانی نەزانن ماڵی حازم بەگ و شێخ حەسەن لە کوێ بووە، جا چ جای بۆ منێکی خەڵکی دەرەوەی شار و کەسێکی دی خەڵکی پارچەيەکی ديکە و کە سانی ديکەيش لە وڵاتانی دونيا، ئەگەر ڕۆمانەکە وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی ديکە. (( ڕووی تاک يان کەسێتی : پەيوەندييە کەسايەتييەکە بە شوێنی تايبەتەوە دەگرێتەوە، وەک پەيوەست بوونی شوێن بە ئەو ژينگانەوە کە يادەوەری کەسەکان دەورووژێنێت، ئەم جۆرە پەيوەستبوونە هەستی دەروونی لەگەڵدايە))”١٦” جەلالی ميرزا کەريم يادگارييەکانی هەميشە بۆ ئەم دوکانە دەگەڕێنێتەوە، هەستێکی دەروونی لە گەڵدا تێکەڵ بووە، ئەوەيە ڕۆحی ئاوێتەبوون بە شوێنەوە، ئێستا لە ماهييەتی شوێن لە ڕۆماندا بەرچاو ڕوونييەکمان لا دروست بوو، پێمان وابێ ڕەنگە مافی خۆيمان پێدا بێت، هەرچەندە توێژينەوەکان لە دەيان کتێبدا خۆيان لە بارەوە دەبيننەوە، وەڵی بۆ شرۆڤەيەکی وەک ئەمە دەشێ ببينە نووسەرو مێوانێکی ڕەزاگرانی بەر هزر و دييەکانتان، لێرەدا ئەم لاپەڕە دادەخەين بەرەو لايەنێکی ديکە دەگوازينەوە. هەرچەندە گەڕان بە دوای شوێن لە ناو تەواوی ڕۆمانەکەدا، درێژەدارييەکی زياترمان تووش دەکات بۆيە لێرەدا دەگوازينەوە بەشی سێيەمی ئەم ناسينی ڕۆمانە.
١ – ڕۆمانی ” خانەقای ميرزا ” نووسينی ” ميران ئەبراهام ” لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر، ساڵی ٢٠٢٣.
٩ – بنية الشکل الروائي، الفضاء – الزمن – الشخصية، تأليف حسن بحراوي، المرکز الثقافي العربي – بيروت، ١٩٩٠
١٠ – جماليات المكان فى الرواية، أحمد زياد محبک، ديوان العرب ٦ / ٦ / ٢٠٠٥ ،
١١ – بنية الشکل الروائي، الفضاء – الزمن – الشخصية، تأليف حسن بحراني، المرکز الثقافي العربي – بيروت ١٩٩٠
١٢- هەمان سەرچاوەی پێشوو ل ٣٨
١٣ – جماليات المکان في الرواية السعودية ( السجن نموذجا) د. محمد بن يحيی أبو ملحة، موقع البلاد، ٣١/ ٣ / ٢٠٠٩
١٤ – هەمان سەرچاوەی پێشوو.
١٥ – العلاقة المتبادلة بين السخصية والمکان في رواية ( لأني أشتاق اليک ) لسناء أبو شرار، البحث من کتابة : د . دانا طالب پور و أ . شهريار نيازي، مجلة اللغة العربية و آدابها، جامعة طهران، ٦ / ٢٠٢٤ .
١٦ – هەمان سەرچاوەی پێشوو.

