کورتە چيرۆک
ڕەزا يارئەحمەدی – کارزان
چيرۆکنووس، مەهاباد
………………………
تەقینەوەیەکی نەناسراو لە دوورەوە هات؛ بە ناچاری، دەستی خستە سەر پڵتۆکی تفەنگەکەی.کاتژمێرێک لە دەوری جمگەی دەرکەوت. شووشەکەی چەند هێڵی چەپاوچەپی بە سەرەوە نیشتبوو. وادەرئەکەوێت کاتژمێرەکە باس لە بە تەمەنبوونی دەکات. ڕەنگە بۆ خۆی کۆنە کتێبێکە. کاریش بکا باشە.
هێشتا ناوم نەپرسیبوو. هێشتا نەمدەزانی ئەم پیاوە بە پاڵتۆیەکی خۆڵەمێشی و ڕیشێکی درێژ و بەو چاوە ماندووانە لەم ڕێگایەدا بەدوای چیدادەگەڕێت؟
کاتژمێر چواری ئێوارەیەکی ساردی ڕێبەندان، بەفر لە ژێر پێڵاوەکانم، ورد ورد، هەڵدەشێلدرا. با لە بەرزایيەکان دوابەدوای یەک، بۆ هاتنەخوار سەرەیان گرتبوو. وەک هەمووجار بۆنی کوێستانی کوردستانیان پێوەبوو.
سەیری چاوەکانمی کرد. نەک کامێراکەی دەوری گەردنم و نەک دەفتەر و پێنووسەکەی ناو دەستم.
وتی: “من کاوانم. ئەوە تۆی دەنووسی؟“
گوتم: “مەشق و ڕاهاتنی بۆ دەکەم. کاکە، منیش بارانم. تەمەنم 39 ساڵە، لەحەڵەب لەدایک بووم.”
وتی: “دەزانم. پێشتر تۆیان پێ ناساندووم. با بڕۆین. ئاخین چاوەڕوانمە. پەلە بکە.”
هەر ئەوەندە.
بۆی ڕوون نەکردمەوە ئاخین کێیە؟ نەیگوت بۆچی دەبێ بچێ بە شوێنیا؟ کاتێ بووینە ڕێبواری ڕێ، زانیم ئاخین کێیە. سەیر بوو! هەواڵی ئاخین و بنەماڵەکەی بە گوێم نەگەیشتبوو.
دوای دوو هەفتە، هێشتا بیرەوەری ئەو ڕێگایەم لەیاد نەچووە.
چەند کیلۆمەترێک لەودیو کۆبانیيەوە، کەمپی ئاوارەکان لەناو تەمومژدا، شاردرابووەوە.
شەڕوانان هەواڵیان پێگەیشتبوو لەوانەیە ڕێگاکان دابخەن. داعش لەسەر جادەکان دەرکەوتبوونەوە؛ وەک سێبەرێک کە پێت وایە نەماوە؛ بەڵام هێشتا شانبەشانت هەنگاو هەڵدێنێ.
کاوان وتی: “دەستم دەلەرزێت.”
ئەو نیشانی نەدا. وتی. دانى بەوەدانا. ئەو پیاوانەی کە دەلەرزن؛ دانی پێناهێنن. بەڵام کاوان بە سەر زاریا هێنا.
پرسیم: “بۆ چی؟“
گوتی: “ئەوە ڕێگا نییە کە ترسناکە، بەڵکوو تاریکییە. بیرکردنەوە لەوەی مرۆڤێک بانگم بکات و گوێم لێی نەبێت.”
بە ئۆتۆمبێلەکەم لە ڕێگا بەردەوام بووین.
کاتژمێرێک لەمەوبەر کە میوانخانەکەم بەجێهێشت؛ هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە لەگەڵ کەسێک هاوڕێ بم. پێم وابوو تەنیا بۆ نووسین هاتووم. پێم وابوو کامێراکەم و قەڵەم و دەفتەرەکەم تەواون.
کاوان وتی: “سێزدە ساڵ لەمەوبەر درەنگ گەیشتمە کچەکەم.”
قورساییەک کەوتە سەر سینگم. لە ترس نەبوو. لە ناسین بوو. لە وێکچوون. لە مانای ئەو دواکەوتنە. بە تەواوەتی هەستم بەو قورساییە کرد. دەمزانی چۆن تا کۆتایی ژیانت دەتباتە ناخی زووخاوەوە.
بە ترسەوە گوتم: “مرد؟“
گوتی: “نا، لە ژیاندایە. بەڵام لەبیرم نییە دەنگی چۆن بوو. ئەوەندە درەنگ گەیشتم؛ دەنگیشی بە تەواوی گۆڕدرا.”
ئەمەی وت و بێدەنگ بوو.
منیش بێدەنگ بووم. نەک لە بەر بێ قسەیی. چونکە هەندێک شت ناتوانرێ بگوترێن. تەنیا دەتوانێت بوونیان هەبێت.
ڕێکەوتین.
بەفر بە قورسی دەباری. جاروبار تایەکان لە سەر بەفر دەخلیسکان.
چەند جار، کاوان دەستی دەخستە سەر پڵتۆکی تفەنگەکەی، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت هێشتا دەست بە چەکە و دەتوانێ بۆ خۆپاراستن، کەڵکی لێ وەرگرێت.
حەوت کیلۆمەتری یەکەم بە بێدەنگی تێپەڕی.
پرسیم: “ئاخین تەمەنی چەندە؟“
وتی: “مانگێک، قژی بۆنی دووکەڵی لێدێت. هەر لەو ڕۆژەوە دایکی مرد؛ ئەو بۆنە لە ناو قژیا سووڕ دەخوات. هەموو شەوێک قژی دەشۆن؛ کەچی هێشتا بۆنی دووکەڵی هەر لێدێت.”
ئاخ و داخم هەڵنەکێشا. چوون لەم خاکەدا فێربووین چیتر ئاخ هەڵنەکێشین.
گوتم: “باشە؛ دایکی بۆ مرد؟“
وتی: “ڕاست ئەو ڕۆژەی ڕێگای مەنبەج تۆپ باران کرا؛ دووکەڵ ناوچەکەی داگرت. دایکی و چەند کەسیتر لەو ڕێگەدا شەهیدبوون. لەو ڕۆژەوە ئاخین بۆنی دووکەڵی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە.”
کاوان هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و پاشان وتی: “هەرچەند منیش بۆنی دووکەڵم لێدێت، بەڵام کەس بە من ناڵێت.”
پرسیم: “ناوی دایکی چی بوو؟“
وتی: “کۆرپەکەیان بە ناوی دایکیيەوە ناو نا. دایکیشی هەر ئاخینی ناو بوو. وتیان نابێ ناوی ئاخینی دایک، کوێر بێتەوە.”
گوتم: “چوارساڵ لەمەوبەر لە حەڵەب چەند خولەک درەنگ گەیشتم.
نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەک، پلیکانەکان بۆنی دووکەڵیان لێدەهات؛ نەک بۆنی ئاگر، بۆنی ژیانێک کە تازە مردبێ. دەرگام کوتا. کەس وەڵامی نەدامەوە. دەرکەم پاڵ پێوەنا. کرایەوە. چوومە ژوور. کوپێک چا لەسەر کورسيیەک داندرابوو. دەستم لێدا. گەرمای پێوە مابوو. بانگم کرد. هیچ وەڵامێک نەبوو. لەو ساتەوە گوێم لە دەنگی نەما. تووشی شڵەژاوی بووم. واملێهات؛ نەمدەزانی لە ژیاندا بووە یان هەرگیز نەبووە. تەنیا ئەو کوپە چایە نەبێ کە لە گلێنەی چاوما قەتیسما. هیچم نەکرد. هەرگیزیش ناویم نەنووسیوە. هەندێک جار نووسینەوەی ناوێک دەفتەرەکانیش قورستر دەکەن.”
کاوان بێدەنگ بوو. تەنیا گوێی لە قسەکانم گرتبوو. هەر ئەوەندە. تەنانەت نەیپرسی باسی چی و کێ دەکەم!
بازگەیەک دیار کەوت. گڵۆپەکەی کز بوو.
کاوان وتی: “خۆ دەزانی ئێرە سنوور نییە؟ ئەمە تەنیا بازگەیەکە. سەربازی عەرەبی سووری تێدایە. لە ئێستادا هیچ کارێکیان بە ئێمە نییە. بە ڕواڵەت ئەوان تەنیا دوای داعش کەوتوون. سنوور زۆر لەولاترە. ئەوە خەڵکانیترن کە سنوورمان بۆ دیاری دەکەن و بڕیار دەدەن چۆن یەکتر ببینین.”
ئۆتۆمبێلەکەم ڕاگرت. سەربازێکی چەک لە شان بە ڕووخسارێکی ماندووەوە لە جامی ئۆتۆمبیلەکەم نزیک کەوتەوە. چاوێک کە زۆر شتیان بینیبوو؛ بەڵام کوێراییان داهاتبوو.
سەربازەکە بە زمانی عەرەبی پرسی: “بۆ کوێ؟“
کاوان بە کوردی وەڵامی دایەوە: “کەمپی ئاوارەکان، بۆ ڕاگواستنی ئاخین.”
سەربازەکە وتی: “ئاخین؟! نازانم کێیە. بەڵام با بزانی؛ ئەم ڕێگایە ڕێی سەرەکی داعشە و تێیدا چالاکن. کاتێک تاریکی شەو بە تەواوی دادێت؛ کەس ناتوانێ بە ساکاری هاتوچۆی تێدابکات. کاتێک ڕۆیشتی؛ گەڕانەوەت بۆ نییە.”
کاوان بە ڕقەوە وەڵامی داوە: “بەڵام دڵنیابە من دەگەڕێمەوە.”
نیگای سەربازەکە، زۆری خایاند. وای لێهات بەفر لەسەر شانەکانی کەڵەکەیان بەست. پاشان وتی: “خۆتان دەزانن. بەس لەم ڕێگەیەدا، ئۆتۆمبێلەکەتان مەکوژێننەوە. رەنگە گەر ناچار بن هەڵبێن؛ کات نەبێ بۆ هەڵکردنەوەی.”
کاوان سەری بەرەو من سووڕاند و وتی: “گشت ڕێگاکە دەڕۆم. ئامادەم لە پێناو ئەم ئامانجە، ژیانم بەخەت بکەم.”
سەربازەکە دەستی هەڵێنا و ماڵاوایی لێکردین.
ئێمە تێپەڕین.
لە ئاوێنەدا بینیم خاڵی پشکنینەکە لەناو تەمومژدا ون بوو. وەک بیرەوەریەک کە کاڵ دەبێتەوە؛ بەڵام هەرگیز لە یاد ناچێت.
هێشتا چەند کیلۆمەترێک لە کەمپەکەوە هەر دوور بووین. لە پڕ تایەکەی ڕاستی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەم لەناو بەفرا گیری کرد. ئۆتۆمبێلەکە دوو جار بە شانی ڕاستدا سووڕی خوارد. کاوان نەشەمزا. تەنیا بە توندی دەستی خستە سەر داشبۆردەکە. ئۆتۆمبێلەکە لە لێواری ڕێگاکە وەستا. بەفر بەشێک لە تگەرەکەی داپۆشی. کاتێک دابەزین؛ بەوەمزانی.
کاوان دەرگاکەی کردەوە. بایەکی سارد هەڵیکرد.
کاوان وتی: “من بە پێ دەڕۆم.”
گوتم: “چەند خولەکێک ماوە تا بگەینە کەمپەکە. مەڕۆ!”
وتی: “ئەگەر ئەمشەو ئاخین بخەوێت؛ کەس ناتوانێ خەبەری بکاتەوە. هەواڵم لایە شەوانە لە خەودا دەگری.”
هەناسەم سواربوو.
وتی: “هەر بۆیە دەبێ زۆر زوو و بە پەلە برۆم. ناکرێ جارێکیتر گوێی لە دەنگم نەبێ. بە باوەشی خۆم گەیاندمە کەمپەکە. ئێستايش دەبێ بە پەلە ڕایگوازم. ئۆتۆمبێلەکەت بە لای چەپدا بسووڕێنەوە و بگەڕێوە.”
گوتم: “دڵنیا بە لە شۆفیڕیدا بە ئەزموونم. ئەم ئۆتۆمبێلە لە ناو بەفر دەردەهێنم. بەڵام دەزانم؛ تۆ پێتخۆش نییە من هاوڕێت بم. باشە گرینگ نییە؛ ئۆتۆمبێلەکە هەڵگرە و بە تەنیا بڕۆ.”
وتی: “نا نا وانییە. تۆ بگەڕێوە. ئەگەر ئۆتۆمبێلت پێ نەبێ؛ ون دەبیت. من هێزی بیستنی بێسەروشوێنی کەسێکی دیکەم نییە. بگەڕێوە.”
سەیرم کرد. چاوەکانی ماندوو بوون؛ بەڵام ئیرادەیان مابوو. وەک کەسێک، ماوەیەکی زۆرە تێگەیشتووە بەرەو کوێ دەچێ؛ بەڵام هێشتا هەر دەبێ بەردەوام بێت.
وتم: “چۆن بتبینمەوە؟“
وتی: “مەگەڕێ! خۆم دەتدۆزمەوە.”
کاوان جۆرێک ئەم قسەی وت؛ تێدەگەیشتی بڕیار نییە قەت بگەڕێتەوە و بۆ هەتاهەتایە دەبێتە ڕێبواری ئەم ڕێگایە.
هەنگاو بە هەنگاو لێم دوورکەوتەوە. ڕۆیشت و ڕۆیشت. لە ناو بەفر، لە ناو باییەک کە زۆر لە با نەدەچوو. زیاتر لە خەنجەرێک دەچوو کە بۆ دابڕدابڕکردنی ئەو ناوچە، دەوری هەڵگرتووە.
بەس نازانم بۆ بە گەڕانەوەی من فەرمانیدا؟ بە لامەوە سەیر بوو!
لەگەڵ هەر هەنگاوێکیدا، ئەو کوپە چایەی حەڵەبم بیر دەهاتەوە.
لە ترسا چوومە ناو ئۆتۆمبیلەکە و درگاکانم داخست. دەستم لەسەر سووکانەکە دانا.
پێم وابوو دەبێت ئێستا بمێنمەوە. نازانم بۆ هەستم بە نامۆیی ئەو ڕێگایە کرد. پێم وابوو ئەگەر بچم؛ ون دەبم. بەڵام دەمزانی ئەو خەیاڵە دوور لە ڕاستییە. بە خۆمم وت دەبێ بڕۆم.
دەترسام جارێکی دیکە درەنگ بگەم. لە بەر کاوان، تەنانەت لە بەر دڵی خۆم. ترسام لەوەی لە کاتی خۆی نەگەم و جارێکیتر ببینم کەسێک، گیانی لە دەست داوە و هەرگیز ناگەڕێتەوە.
لە حەڵەب بە هەمان شێوە لە سەر کورسی ئۆتۆمبێلەکەم دانیشتبووم. دەستم لەسەر سووکانەکە دانابوو. خولەکێک، سێ خولەک و پاشان چەند خولەک کە هەرگیز قەرەبوو نەکرایەوە.
سەیری کاتژمێرەکەم کرد. کات وەک ئەسپێکی بێلغاو لە غارداندا بوو. بە هەوڵدان و ماندویەتيیەکی زۆر، ئۆتۆمبێلەکەم لە بەفر دەرهێنا. ڕەنگە ٩ خولەکی پێچوو. دەستەکانم تەزین.
چاوەڕێ مامەوە. ٤ خولەک، ١٣ خولەک، ١٧ خولەک،…
کاوان هەر نەگەڕایەوە.
ویستم شوێنی بکەوم. بەڵام ترسام. بە باشی شارەزای ڕێگاکە نەبووم. بەفر شوێنپێکانی کاوانی داپۆشیبوو. وەک ئەوەی بەم ڕێگایەيشدا کەس تێنەپەڕی بێت. وەک ئەوەی کاوان لەبەرچاو و لە ناو مێشکمدا لە وەهمێک زیاتر، هیچیتر نەبووبێت.
کەوتەسەرم ڕێکەوم تا بە کاوان بگەم. گەیشتمە دووڕێیانێک. بە تیروپشک ڕێگای چەپم هەڵبژارد.
ماوەیەک ڕێم بڕی. ڕێک ٣٩ خولەک. زانیم بە هەڵەدا چووم. کاتێک گەڕامەوە دواوە؛ تەنیا سپیایی دەبیندرا. با گڤەی دەکرد. ڕێگاکە هێڵێکی کاڵ بوو کە لە ژێر بەفرا نیوەگیان مابووەوە.
ئەمجار ڕێگای ڕاستم گرتەبەر. دوای چەند خولەکێک لە دوورەوە ڕووناکی چرایەکم بینی. زانیم ئۆتۆمبێل نییە. لە ڕووناکییەکە نزیک بوومەوە. چەند کەسێک بە چراقوەوە بەرەو ڕووم دەهاتن.
لە ترسا، لە ئۆتۆمبێلەکە دانەبەزیم.
لەگەڵ نزیکبوونەوەیان؛ لە ژێر تیشکی چرای دەستییاندا، کابرایێکم بە پاڵتۆیەکی خۆڵەمێشی و ڕیشێکی درێژەوە بینی. لەناودڵما وتم ئۆخەی! کاوانیان لەگەڵدایە.
بە خۆشحاڵییەوە لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیم.
هاتنە پێش. بینیم بە هەڵەداچوم. کاوان نەبوو.
بە سەرسووڕمان و ترسەوە پرسیم: “ببورن؛ ئێوە کێن؟“
یەکێان وتی: “دەبێ ئێمە بپرسین تۆ کێیت و بۆ لەم کەمپە نزیک بوویتەوە؟“
وتم: “من دوای کاوان کەوتووم. ئەویش بەهۆی ئاخینەوە هاتوەتە ئەم کەمپە. ئێوە دەیناسن؟“
کابراکان سەیریان کردم. نەک لەو کامێرایەی بە ملمەوە هەڵواسرابوو. لە چاوەکانم، هەر وەک کاوان
یەکیێکی ديکەيان وتی: “پێشنیازی ڕادەستکردنی ئاخینی بۆ قامیشلۆ بە ئەنجام گەیاند و دواتر گەڕایەوە ئەو بازگە پشکنینەی سەربازەکانی لێبوو.”
دڵخۆش بووم بەوەی کاوانیان دەناسی و باسی ئاخینیان بۆ کردم. بەڵام سەرم سووڕما! کاوان بۆ گەڕاوەتەوە ئەو بازگە؟!
پرسیم: “بۆچی؟“
هەر ئەو کابرایە گوتی: “کاوان پێی گوتین؛ ئەو سەربازە وتوویەتی کەس ناتوانێ بگەڕێتەوە.کاوان گەڕاوە تا بیسەلمێنێ ترسێکی لە بەردەوامبوون و مانەوە لەم ڕێگایەدا نییە.
بێدەنگ بووم.
کابرا وتی: “ئاگاداریان کردینەوە؛ نیوکاتژمێر پێش ئێستا، داعش ئەو خاڵە پشکنینەی لێوەی هاتووی؛ لە ناو بردووە. گوێت لە تەقینەوە نەبوو؟“
لەجیاتی ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە پرسیم: “کاوان چی بەسەر هات؟“
کابرا هیچی نەوت. تەنیا سەری لەقاند.
ئەمڕۆ دوو هەفتە بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەڕیوە. ئێستا ئەم بیرەوەريیە وەک ڕاپۆرتێک دەنووسمەوە. هەڵبەت نە ڕێک ئەو کارەساتەی ڕوویدا؛ ئەو شتەی بە ڕواڵەت ڕووی نەدا. لە کاوان و ئەو ڕێگایەی گرتیيە بەر و خۆی تێیدا گیرساندەوە. لەو پیاوەی وتی: “لە پێناو ئەم ئامانجە، ژیانم بەخت دەکەم.”
ڕۆیشت بۆ ئەوەی کەسێکی تر بژی.
دوارۆژی ئەو ڕۆژە لە ڕادیۆ بیستم: “دواجار، ئاخین زاڕوکە نەشمیلانەکەی ماڵباتێکی کۆبانی، گەیشتە قامیشلۆ و سەلامەتە. بەڵام هێشتا قژی هەر بۆنی دووکەڵی لێدێت. (داپیرەی ئاخین دەڵێ: بە جێی دوو ئاخین، ئاخینێکم بۆ گەڕایەوە. تەرمی بووکەکەم لە مەنبەج مایەوە. تا بە ئیمڕۆيش ئاخینی نەوەم شەوانە لە خەودا دەگری.) جێی ئاماژەیە ئاخینی زارۆک، لە سکی دایکیدابوو کە باوکی لە شەڕی تل تەمرد، شەهیدبوو.”
چەند ڕۆژ لەمەوبەر، جارێکیتر بە هەمان بازگەدا تێپەڕیم. دیوارە کۆنکرێتییەکە، ڕەش داگیرسابوو. نیشانەیەک لە تەقینەوە.
ئەم جارە شەڕوانێکی کورد پاسەوانی دەکرد.
بۆ ئەوەی دڵنیا بم؛ پرسیم: “ئایا ئەمە هەمان ئەو شوێنەیە کە هێرشەکەی داعش تێیدا ڕوویدا؟“
شەڕوانەکە بە سەر وەڵامی ئەرێی دامەوە.
گوتم: “شەڕوانێک بە ناوی کاوان دەناسی؟“
ماوەیەک بێدەنگ بوو. پاشان ئاماژەی بە ڕێچکەیەک لە بناری شاخەکەی ئەوبەری کرد.
وتی: “نەماندیتەوە.”
ڕستەیەکی وشک و فەرمی، هەر ئەوەندە. چیتر قسەی نەکرد.
“ئاخین“
تەنیا ناوێک
تەمەن، مانگێک
بۆنی دووکەڵ
ئەو دەستەی لەسەر پڵتۆکی تفەنگ ئامادەبوو؛ بەڵام تەقەی نەکرد. ئەو پیاوەی لە ڕێگای بێهیوا و تاریک دەترسا؛ کەچی لە تاریکیدا ون بوو. هیچ هەواڵێک لە کاوان نەبوو. کەچی ئاخین گەیشتە قامیشلۆ.
وا ئەمڕۆيش بەفر دەبارێت. شەقام و کۆڵانەکانی ناو شاری کۆبانی داپۆشیوە. بیر لە حەڵەب دەکەمەوە. بیر لەو کوپەچا نیمچە گەرمە. لە ناوێک کە هەرگیز نەمنووسی. بەڵام کاوان و ئاخینم نووسییەوە.
هەندێک جار هێشتا دێتەوە بەرچاوم. شەڕوانێک بە پاڵتۆیەکی خۆڵەمێشی لە ناوتەمومژ دەرچوو. بە پەلە چەکەکەی خستە سەرشانی و وتی: “ئاخین چاوەڕوانمە. ئەمجار نابێ درەنگ بگەم.”
*****
جۆزەردانی 2726ی کوردی

