د.مـسـتـەفـا زەنـگـنە
نووسەر و مامۆستای زانکۆ، هەولێر
…………………………………
پێکەوە ژیان هونەرێکی عاجباتییە، هیچ یاسایەک نییە، هیچ ڕەچەتەی پزیشک وکۆمەڵناس ودەروون زانێک و فەیلەسووفێک نەیتوانیوە و ناتوانێ نەخشەی بۆ دابنێت.
ژن و مێرد هەن کەڕو لاڵن، بەڵام واپەنجا ساڵە ژن و مێردن وهیچ کێشەکیان نییە، ژن و مێرد هەیە نەخوێنەوارن و هەڕی لەبڕی ناکەنەوە و کەچی وا سی چل ساڵە پێکەوەن و کۆزێ مناڵیان هەیە و تەققەی سەریان دێت و هیچ کێشەیەکیان نییە و ژنە لە قسەی مێردەکەی دەرناچێت.
ژن و مێرد هەیە نانی ئێوارێیان نییە و کرێچینە و دەرزەنێ مناڵیان هەیە و، بەنانی وشک دەژین و وەکوو گوڵ پێکەوە دەژین و هیچ کێشەیەکیان نییەو سەری زمان و بنی زمانیانیشیان شوکرانە بژێری خودان و ژنە ڕێزی مێردەکەی دەگرێت و شەو و ڕۆژ دەڵێ خوایە لێمان تێک نەدەیت.
ژن و مێرد هەیە بە مانگ، بە ساڵ یەک نابینن بەڵام هەردڵیان لای یەکە و، ژنەکە گلەیی ناکات و بێ کێشە ژیان بەسەر دەبەن. بەڵام لەولايشەوە پێچەوانەی ئەم جۆرە خێزانانە زۆرن، بەتایبەتی لەناو چینی خوێنەوارو دەوڵەمەند و خاوەن پێگەکەکاندا، ئەوەتانێ ژن و مێرد خاوەنی بڕوانامەی بەرزن، پارە و ماڵی باشیان هەیە بەڵام ماڵەکەیان جهەنمێکە بۆ خۆی، شەڕو ئاژاوە و بێڕێزی گەيشتۆتە ئەوپەڕی، ماڵ هەیە لە هەموو شتێکیان هەیە. پارە و ڕۆشنبیری و مناڵ و سەفەری وڵاتان و ئۆتومبێلی باش، کەچی ژن و مێردەکە لە سەرشتی سەیرسەیر دەیکەنە هەراو تەڵاقدان. بە زۆری ماڵی نەخوێنەوارو هەژارەکان زیاتر تەبایی و ئارامی و هاوکاری و ڕێزگرتنی تیا ماوە، بەڵام زۆربەی هونەرمەند و خوێنەوارو خاوەن بڕوانامە و پێگە و دەوڵەمەند، ماڵەکانیان پڕە لەبێ سەروبەری، پڕە لە ئاژاوە و کێشە و بێڕێزی. تەنانەت پڕە لە ململانێی سەروەت و شەڕی ئەوەیە ژن خانووی بەناو بکەیت و سەیارەی بۆ بکڕیت، ئەوانەيشی هەبێت ئەوا هەرکەسە و بۆخۆیەتی و زۆرترین خیانەتیش لەناو چینی خوێنەوارو دەوڵەمەند و خاوەن پێگەکاندا ڕوودەدات. ئەم دیاردانە مایەی تێڕامان وسەرنجن، پێویستە هۆکارەکانی بزانرێت، من نموونەی دایک و باوکی خۆم دێنمەوە. کەبەڕاستی فرۆیدیش سەری لەم هاوکێشە کۆمەڵایەتییە دەرناچێت..
باوکم لە خوێنەوار خوێنەوارتر بوو، کەچی دایکم نەخوێنەواربوو.ئەلف و بێشی نەخوێندبوو.
باوکم مامۆستای بیرکاری بوو، کەچی دایکم لەحیسابی پارەدا دەيوت، پەنجاو بیس دینار.
دایکم تەمەنی هەشت ساڵان بووە دراوەتە باوکم.
دایکم نەک خزمەتی چوارکوڕو دووکچی خۆی دەکرد بەڵکوو سێ مامەم و سیازدە تەلەبەی خزمانی زەنگنەيش لەماڵی ئێمەدا بوون، دایکم خزمەتی دەکردن ،
باوکم ساڵانێک لە بەغدا بوو لەدایکم دووربوو.
دایکم بیست وهەشت ساڵ خەسوویەکی نابینای بەخێو کرد
.دایکم، بەدەس جلی دەشوت، بە خۆی ڕۆژانە چێشتی لێدەنا، نانی گەرمی دەکرد.
دایکم پارچە کاغەزێکی بدۆزیازایەوە وایدەزانی زۆر گرنگە هەڵیدەگرت، کەچی باوکم نووسینی جوانی هەبوو.
باوکم هاوکاریی ماڵی باپیرەمی دەکرد و دایکیشم هاوکاری خزمان، کەچی دایکم و باوکم، هەشتا ساڵ ژیان، توانییان چوارکوڕو چوارکچ پێک بگەیەنن، ڕۆژێک شەڕێکیان نەبوو بۆجارێکیش هیچیان بێڕێزییان بەرانبەر ئەودیکە نەکرد نەجنێویان زەیەکدا، نەتۆران و خەڵک وخوا بکەوێتە بەینیانەوە. تامردن ڕۆحیان بەدیار یەکەوە بوو.
ئەوکات وجاران ژیان وابوو بێ فێڵ، بێ تەماح، ڕێزو تەقدیر هەبوو، کەچی ئێستا، ئەوانە نەماون،بۆیە بێڕێزی و هەرکەس بۆخۆی بۆیەتی و کەس حیساب بۆکەس ناکات ، لەئێستادا پارە هەمووشتێکە، خیانەت زۆربووە.
باشە پێم بڵێن بۆ وای لێهات؟ بەڕای من دەڵێم پێویستە ئەم پرسیارە ، لەحزبەکان بکەین.چونکە هۆکاری سەڕەکیی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵ ئەوانن

