فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بكوژی بـاران

 

.

نه‌ژاد عزیز سورمێ

نووسەر، هەولێر

………………….

(تاریكایی لوتكه‌ و به‌نده‌نی داپۆشین ،

بروسكه‌یه‌ك دره‌وشایه‌وه‌و

ئاگرێ هه‌ڵبوو،

دونیا مه‌رگی باراند ،

هه‌رچی ده‌كه‌وت، ده‌بووه‌ خۆڵه‌مێش

                            داستانی گه‌لگامش )

(1)

/ ڕێژنه‌یه‌ك/ له‌/ نیوه‌شه‌ودا/ خه‌ونی/

/ له‌بیر/ بردمه‌وه‌/ نمه‌یه‌ك/ به‌بیری/ هێنامه‌وه‌/

/ له‌نێوان/ له‌ بیرچوونه‌وه‌ و/ وه‌بیرهاتنه‌وه‌دا/ له‌گه‌ڵ/

/ ئاوازه‌/ شه‌كه‌ته‌كانی/ سرووشتدا/ تێكه‌ڵ/ بووم/

په‌لكه‌گیای ته‌نیا ،

به‌ئاوی كڕدا ده‌چن ..

شه‌قامی ئه‌ستێران ،

چه‌ند مه‌ترێ هه‌ناسه ‌و

تاوێ بارانی ده‌وێ ..

شه‌قامی ئه‌ستێران ،

باجی خه‌رمانه‌ و ڕۆژلێبڕان ده‌خوازێ.

(2)

/ ئاسان/ نییه‌/ له‌/ نه‌زمی/ هه‌ڵبوون/ بگه‌ین/

/ ئاسان/ نییه‌/ شاره‌/ مێرووله‌یه‌ك/ له‌/ نیشتمانی/

/ ئاسانستاندا/ دڵنیا/ بكه‌ینه‌وه‌./

خۆت به‌ یه‌كته‌نی و بێنیازی بسپێره‌…

تارمایی دره‌ختان له‌ ته‌مدا

چه‌ند جوانه‌،

چه‌ند شۆخ..

با ئیتر بگه‌ڕێـیـنه‌وه‌

با بگه‌ڕێینه‌وه‌ په‌یكی له‌شان و پیل كه‌وتوو!

ئێمه‌ خه‌ریكه ده‌گه‌ینه‌

ئاسۆی ئاڵووده‌یی.

بابگه‌ڕێینه‌وه‌

خۆمان به‌ یه‌كته‌نی و بێنیازی

بسپێرین ..

(3)

/ گه‌ره‌كه‌/ قه‌سیده‌/ قه‌ڵمڕه‌وی/ به‌هه‌شت/ بێ/

 /گه‌ره‌كه‌/ زمانمان/ له‌/ وه‌رزه‌كانی/ زیاتر/

/ لێ/ به‌وه‌له‌د/ بێ../

/ گه‌ره‌كه‌/ مانگمان/ له‌/ هه‌رێمی/ دره‌وشانه‌وه‌/

/ ئاوا/ نه‌بێ/ ئاسمانمان/ بێـگه‌رد…/

من بۆیه‌ ده‌ڵێم چاوی دڵ

چاوی دڵ ،

ئه‌زه‌له‌، ئه‌زه‌ل.

بۆیه‌ ده‌ڵێم چرای ڕاز

چرای ڕاز ،

كوانووی

هه‌ڵوه‌دایانه ،‌ چرای ڕاز.

ئامان ژه‌نگاری په‌تیاره‌یی

ئامان!

(4)

/ دادپه‌روه‌ری/ له‌/ وشه‌دا/ نیییه‌/ دادپه‌روه‌ری/

/ له‌/ پیتدایه‌/

/ ئه‌ندێشه‌ی/ دوابڕاو/ پڕشنگ/ ئه‌دا./

/ نیوه‌شه‌و/ شه‌رابـێـكی/ سپی/ بوو/

/ ئێمه‌/ به‌/عه‌كسی/ شه‌راب/ له‌/ پیتێـك/

/ ده‌گه‌ڕاین/ پیتێـكی/ چارۆگه‌دار/ لاسه‌نگی/

/ هاوسه‌نگ/ بكاته‌وه‌/

/ ئێستایش/ ده‌گه‌ڕێین../

ده‌رگای ئومێد ،

به‌كلیكی بێئومێدی ناكرێته‌وه‌ .

شاباش بۆ ئه‌و گڕه‌ی دونیای سووتاند

دڵ باكی پێ نه‌بوو!

شاباش بۆ پاسه‌وانی

مه‌مله‌كه‌تی ته‌نپۆڵایی و ده‌رفه‌ت ..

(5)

/ په‌یامی/ بێهووده‌یی/ هه‌ندێ/ جار/ گه‌وهه‌ری/

/ لێ/ ده‌رده‌كه‌وێ/ وه‌ك/ ئه‌و/ مۆته‌كانه‌ی/

/ له‌/ بێداربوونه‌وه‌دا/ به‌/ زیندوویی/ لێـیان/

/ ئازاد/ ده‌بین./

له‌باران به‌هره‌ وه‌رگره‌ !

سۆزی مه‌ستیی لێ ده‌تكێ .

ڕووه‌ خه‌مباره‌كان ،

به‌لای خه‌راباتان وه‌رده‌گـێڕێ.

سه‌هه‌ندی پشكۆ!

نهێنی ئه‌و چاوانه‌ی ،

عاشقیان تێدا ده‌توێنه‌وه‌ ..

شێتیان له‌ ناودا ون ده‌بن ..

ئای باران!

شایه‌دی دوورونزیك

دوا په‌یمانه‌مان به‌ به‌تاڵی مه‌ھێـڵه‌وه‌.

(6)

/ په‌لكه‌زێڕینه‌/ ده‌بینم/ بڕوام/ به‌/ به‌رپابوونه‌وه‌/

/ له‌ق/ ده‌بێ/

/ نازانم/ ده‌توانی/ مانایه‌ك/ به‌/ غه‌فڵه‌تی/

/ شه‌وه‌زه‌نگ/ بده‌ی/؟/

/ نازانم/ ده‌توانی/ ئه‌و/ زه‌مه‌نه‌/ ڕابگری/

/ داگیركه‌رانی/ زه‌مه‌ن/

/ ئاو/ و/ هه‌وایان/ لێ/ بڕیوه‌؟/

/ ده‌توانی/ بۆ/ ڕۆژگارێـكی/ دیكه‌ی/ هه‌ڵده‌ی؟/

ئه‌و هه‌ناسه‌یه‌ چییه‌

نوقمی گێژه‌نه‌،

نه‌ ده‌خنكێ ، نه‌ ڕزگاری ده‌بێ؟!

ئه‌و دڵه‌ چ دڵێـكه‌

ده‌وه‌ستێ و له‌ لێدان ناكه‌وێ؟

ئه‌و مۆمه‌ چییه‌

تا ئه‌به‌د ده‌سووتێ؟

تۆ دووری ، ئه‌ی پرسیاری ناخ

داد نییه‌

به‌ تۆ گه‌یشتن

له‌ كێوی قاف

 دوورتر بێ.

(7)

/ سیڕه‌ی/ ده‌رگا/ له‌/ غه‌ریبیدا/ ئاهه‌نگێـكی/

/ ئه‌فسووناوی/ هه‌یه‌/

/ هاووڵاتییانی/ گه‌لگامش/ سه‌ریان/ له‌سه‌ر/

/ په‌یمانه‌یه‌ك/ دانا/ له‌/ ترسی/ ڕۆژگاره‌/

/ خۆڵه‌مێشییه‌/ دیماهینه‌هاتووه‌كان/

/ هه‌ڵبزڕكابوو../

بۆ تۆ، سه‌ر له‌ڕێ

كوێت بوێ ده‌چم ..

له‌م زه‌نه‌كه‌دا، به‌ ته‌نیا

ناتوانی بپه‌ڕیه‌وه‌

تا، تا، تا،

تا (هه‌تاو له‌ سنگمان ده‌ڕوێ)

له‌گه‌ڵت ده‌بم .

تا، تا، تا،

تا ئه‌م خاكه و خۆڵه‌ مابێ،

بۆ تۆ

سه‌ر له‌ ڕێ

كوێت بوێ ده‌چم.

(8)

/ مێژوومان/ وێنه‌ی/ قه‌سیده‌یه‌كی/ نیوه‌چڵ/

/ له‌/ كۆڵدا/ هاتووه‌/ ته‌بعی/ په‌ژمورده‌یی/

/ خه‌ره‌ندێكی/ هه‌زار/ به‌/ هه‌زاره‌/ به‌/ به‌ر/ چاوی/

/ ئاده‌مییه‌/ سه‌ر/ هه‌تاوه‌كانه‌وه‌/ هه‌ڵمانده‌لووشێ/

/ ده‌بێ/ نه‌هێڵین/ ئه‌و/ ڕوناهییه‌، بكوژێته‌وه‌/

هه‌میشه‌ ته‌سلیمی ئه‌و خه‌نده‌یه‌م،

له‌ سیماتدا هه‌ڵدێ.

ئه‌و ده‌روێشانه‌ ده‌بینم

به‌ هه‌ڵاوی جوانی ده‌سووتێن.

بار له‌ كۆنترۆڵ ده‌رچووه‌، كریڤ !

خه‌مسه‌رایه‌، خه‌مسه‌رایه‌، خه‌مسه‌را…..

                                          ئه‌یلوولی/ 2013