دەریا ھەورامی
شاعیر، سلێمانی
………………….
ساڵانێکە بێدەنگی
لە زمانم گەورەتر بووە.
وشەکان لەبەرانبەر
هەستەکاندا دەشکێن.
هەندێک ڕاز هەن
بۆ گوتن لە دایک نەبوون،
تەنیا لە دڵدا وەک گوڵی شەو
دەپشکوێن.
لە ناخدا ھەراسانییەکی
مەنگ ھەیە،
گەر ھەناسە پێش زار قسە بکات.
ڕەنگە دیوار گوێی لێ بڕوێ،
بۆیە یەکبەیەک
بە ڕازە شینەکانم وت:
ئسکوت بن، بەندیخانەیە.
برینێک بەئەندازەی گۆڕێک
لە سینەمدایە.
چاوەڕوانی کازیوەیەکم،
لە خوماری چاوم سڵ نەکات و،
لە نەخشی باڵی کۆترێکەوە
میلۆدییەک بۆ ئاوازی فڕینم دانێ.
نھێنییەک
لەژێر پرچە تەڕەکانمدا
شێی شینبوونی ھێنا.
نیگەرانم بەیانییەک
پێکەنینێک فێری چاوشارکێ ببێت و،
ژێر پەلکە تەڕەکان ھەڵداتەوە.
شەونمێک ببینێ ھۆنھۆن بگری!
لەو قووڵاییەی
وشە لە مانای خۆی دەکەوێت،
نەگوتراوێک دەژی،
نامەوێت فرمێسک
زمانی ئەو نامانە بێت
کە هەرگیز نەنووسراون.
هەر دڵۆپێک ئەستێرەیەکی شکاوە
لە چاومەوە دەبارێ،
دەترسم کەرتەکانی
بەر دڵی شکاو بکەون و
ئاسمان مەودای تەنگ بووبێت بۆیان.
ڕۆحم پەنای پەنهانێکە
لێوەکان لێی بێئاگان.
پەرێشانم،
پۆلە خەندەی زەردەپەڕێک
دەستی بگرن و
ئێوارەیەکی پیرۆز
بە شاباڵی نەسیم بیبەن.
لە هەر گۆشەیەکی شاراوەی بووندا
نەمامی ڕۆشناییەک بچێنن،
تا دڵم بەبیری بێتەوە!
پاییز ڕەنگی هیوای ژیانە
نەک تەنیا وەرزی دابڕان!

