فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کورتەچیرۆک

کچە ونبووەکەی باکانی ئاغ‌ئیسماعیل*

ڕەزا یار ئەحمەدی ” کارزان ”
نووسەر، مەھاباد

…………………………….

زیوەر، کچی ئاغ ئیسماعیل، کچی سەڵماس، کچی بای ونبوو؛ منداڵی ئەو عەردەی پێش ناسینی هەنگاوەکانی زیوەر، فرمێسکەکانی هەڵمژیبوو.
گوندی ئاغ ئیسماعیل، دراوسێی چۆمی زولاچای بە خوڕ، بە هێمنی لەسەر شانی زەوی خەوتبوو. وەک کۆرپەیەک کە لەسەر باسکی دایکی خەوتبێ.
بۆنی شیری تازەی گامێش و نانی گەرمی تەندووری دایکی، سەر لە بەیانییەکانی پاقژ دەکردەوە و هەستی منداڵی ئەمی سەرخۆش دەکرد.
زیوەر پێی وابوو کە ناوکی جیهان لێرە بڕدراوە. هەمان ئەو جیهانەی کە گەورەساڵان باسی دەکەن. بەڵام نەیدەزانی بۆ هەندێک جار جیهان بە فڕێدانی بەردێک، گۆماوێک دەشڵقێنێ؟ شەپۆلێک بەرز دەکاتەوە و ژین و ژیان لە مرۆڤ دەهاژێنێ و ڕاستییەکانی خۆی سەرئاو ئەخات.
زیوەر لە دایک و باوکی بیستبوو کە: سەڵماس لە سێبەری ڕەشی کوشتاری ساڵداتی ڕووس ڕزگاری بووە و جەنگی یەکەمی جیهانی خوێنڕێژ کۆتایی هێناوە.
زیوەر بە چاوی خۆی ئەو پیاوە نامۆ، خەنجەر لە ناو کاولانی بەر قایشی دەوری کەمەر و چەک لە شانانەی ئاغ‌ئیسماعیلی بینی کە گوندەکەیان ئاش بەتاڵ کرد و مۆلگەکەیان بە چۆڵ و هۆڵی بەجێهێشت و لەبەر چاوان ون بوون.
بەڵام زیوەر هەر هەستی بە خورپە و داڕمان دەکرد. چوون با وەک داڵ هەر لە بان سەری ئاغ‌ئیسماعیل سووڕی دەخوارد. بایەک کە بۆنی خۆڵەمێشی مردنی پێوە دیار بوو.
زەیوەر دەیگوت: “لە ناو باش چاک و خراپ هەیە.”
شەوێک لە شەوانی زستانی نەگریسی ساڵی ١٢٩٧ی هەتاوی، با توندتر لە جاران هەڵیکرد. بایەک کە تەزووی بەردابووە دەشتە بریندارەکانی سەڵماس و تەمێکی ساردی لەسەر سەری ئاغ‌ئیسماعیل هەڵوەراند. تەمێک کە هەموو شتێکی سەر لە نوێ، داڕماند.
ئەو شەوە چرای گڕسۆزی پاڵ دەرگای ماڵەکەیان سێبەری سەمای بێدەنگی ژماردنی مەرگی لەسەر دیواری بەرامبەری، خستبووە جووڵە.
ئەو شەوە، جەستەی پیاوانیش لە سێبەرێکی بێ تاقەت دەچوون کە بە دەرچوونی هەر فیشەک و سووڕانی هەر شمشێرێک، پەڕژ و بڵاویان پێدەهێنرا.
ئەو شەوە پرچی جوان و زێڕینی ژنانی حەشاردراو لە قوژبنی تەنگ و تاریکی ماڵان، مانای گوریسێکی بادراویان پەیدا کردبوو؛ بۆ بە بازنەکردن و تێچەپاندنی گەردنی وەک بلوریان بۆ لە سێدارەدان.
زیوەر تەواوی ئەم ڕووداوانەی لە زمان خۆی و بەجێماوەکانی ئەو هێرشانە، بۆ گێڕامەوە.
زیوەر لە ناو چوارچێوەی دەرکەی ماڵەکەیان ڕاوەستابوو. ئەو شەوە، چاوەکانی، متمانەیان بە خۆشیان نەمابوو.
میرزا محەممەدی باوکی بە تفەنگێکی کۆن و ژەنگاوی لە ناو دەست، بە پەلە لە ماڵ هاتەدەر.
ساڵانێک تێپەڕی تا زیوەر تێبگات؛ قارەمانە ڕاستەقینەکان نە چەکیان هەیە و نە زرێپۆشن؛ تەنیا ورەیەکیان هەیە کە لە لێواری مردن، شێرانە ڕادەوەستن.
زیوەر بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتی: “باوکە گیان مەڕۆ! ئەم بایە وا هەڵیکردووە؛ دلۆڤانی پێوە دیارنییە. تکایە، نامهەوێ بێ باوک بمێنم.”
تکای زیوەر، کزەی لە جەرگی میرزامحەممەد بەردا. هەر بۆیە لە جێی خۆی ڕاوەستا. سەری بۆ لای زیوەر سووڕاند و وتی: “ڕۆڵە زیوەر، بەو قسانە، کزە لە جەرگم بەرمەدە؛ بڕۆ بۆ لای دایکت و دەرگاکە دابخن. تا دەگەڕێمەوە لە ژوور نەیەنە دەر. منیش بە باشی دەزانم؛ دوژمن نامیهرەبانە. ئەوان….”
قسەکانی میرزامحەممەد بە تەواونەکراوی مایەوە؛ باسێک کە زیور دەیزانی هەرگیز کۆتایی نایەت.
زیوەر بە چاوی خۆی دی؛ گڕ و تینی ورەی باوکی هێندە بەرزە کە ڕەنگە شاخەکانیش بۆ ڕێز، کڕنۆشیان بۆ دابنێن.
ڕۆژی دوای ئەو شەوە، بە تەواوی زانیان جەستە و گیانی ئاغ‌ئیسماعیل پچڕپچڕ کراوە.
ژنان بە خووڕ فرمێسکیان دەڕشت. هاواریان بۆ ئاسمان هێنابوو؛ تا گەر بۆ ساتێکیش بووە؛ زەوی لە جووڵە ڕابوەستێنێت.
هەنسکەبڕکێ پێشی بە گریانی زیوەر گرتبوو. پروکەپروکی، بەو جۆرەیش لە شەپۆلێکی بن زریای هەژان دەچوو.
میرزای باوکی کە بە نووکی خامەی، میهرەبانی دەنەخشاند و دایکی کە کۆڵەکەی ئەهوەنی بنەماڵە بوو؛ بوون بە نیگارێک و لە سەر هەرد نەخشێندران.
زیوەر لە گەورەساڵە بەجێماوەکانی شەرە نابەرامبەرەکەی گوندەکەیانی بیست کە هەر ئەو شەوە دایک و باوکی وەک زۆر کەسی ئەو نیشتمانە، بە دەستی فەلەڕەشەکان تەختی سەر زەوی بوون و خاکی گوندەکەیان شەڵاڵی خوێن کردووە.
زیوەر کاتێ گەورە بوو؛ زۆر جار بە خۆی دەگوت: “بریا دایکم ئەو شەوە منی لە ژێر داروپەردوی هۆدە ڕووخاوەکەی حەوشەی ماڵەکەیان نەشاردبایەوە و ئەوکات گیانی منیش ئەکەوتە بەر تیغی تیژی شمشێری فەلەرەشەیەک و ئیمرۆ نەدەبوومە قاشمەجاری ئەم ڕۆژگارە.”
ئەو ڕۆژە زیوەر هەستی کرد؛ لە پێستی منداڵی داماڵدراوە و دەمارەکانی پڕبوون لە زووخاو.
لە کاتی کۆچی زۆرەملێ بۆ شاری خۆی، عەرد لە ژێر پێیان دەلەرزی؛ هەستی دەکرد گەر قورستر و زیاتر هەنگاو بنێن؛ ناو و نازناویان لە مێژوو دەسڕدرێتەوە. ڕۆحی دەیان کەس لەو کۆڕەوە ناوەختە بێ‌بەختە، لە بەر برسێتی و تینوێتی جەستە لەو سەرما و سەخڵەتە پڕقینە لە شەقەی باڵیاندا و بۆ هەتاهەتایە خۆیان لە ڕۆژگاری ڕووڕەش قوتار کرد.
دوای چەند مانگ ئازار و برین، خاڵی وتی: “هێرشی فەلەرەش کۆتایی هاتووە. دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دیلمان و لەوێشەوە بۆ ئاغ‌ئیسماعیل”
لە ڕۆژی گەڕانەوەیان لە شاری خۆی بۆ ئاغ‌ئیسماعیل، زیوەر لەسەر گاریەکەی خاڵی کە دوو ئەسپ بە دوای خۆیان ڕایاندەکێشا؛ دی ئاسمان ڕەنگێکی نێوان خۆڵەمێشی و شینی بە خۆیەوە گرتووە. خورپە جارێکی دیکە جەرگ و هەناوی زیوەری ڕاتڵەکاند. بۆیە ویستی بە ئەنقەست خۆی لەخەو بدا.
خەوێکی کەروێشکی بووە دیاری زیوەر
ئێوارەی ئەو ڕۆژە، دەنگێک هات بە گوێیدا. دەنگێ وەک شکانی باڵی باڵندەیەک
خەیاڵی کرد ئاخۆ گڵمەتێکی ڕەق یا بەردێکی بچوک، لە ژێر چەرخی گاریەکە تێقرماوە.
زیوەر ئەو کات نەیزانی ئەو دەنگە نهێنییەکی دیکەی پێوەیە. نەهێنییەک کە ئاشکرا کرا. زەوی ئەو بەسەرهاتەی بە وردی بۆ گێڕاوە. کەوتنەخواری برا بچکۆلەکەی دانیشتوو لە لێوار گاریەکە کە کەوتە ژێر چەرخی دوواوەوە. ئەو برایەی کە زەوی بۆ هەمیشە بردیە ناخی خۆیەوە و خەمی جیهانی لە ڕەگەوە بۆ بن بڕ کرد.
لەو کاتەوە زیوەر هەرگیز ئیزنی بە زەوی نەدا چیتر ئەو بیرەوەرە تاڵەی بۆ بگێڕێتەوە.
کات تێپەڕی. نە وەک ڕووبار، نە وەک با؛ وەک خەنجەرێک لە ناو قوڕگی برینداری.
زیوەر لە ئامێزی تەنیایی خۆی گەورە بوو.
لە گەڵ گەوەربوونی، زۆرێک لە خۆشەویستانی بوونە دلۆپێک ئاو و نوقمی عەرز بوون. بوونەوە خۆڵ و بە شەنی رۆژگار بەر با دران.
هەموو جار کە لە ئاوێنەوە  سەیری خۆی دەکرد؛ گۆماوی چاوەکانی، خۆشی و ناخۆشی بەرەیەکی پێوە دیاربوون.
هەموو کات بیری دەهاتەوە کە لە ڕۆژانی ئازار و خوێندا، خۆی و ئامۆزاکانی – ساریە و ئێران – لە یەک دابڕان و بۆ هەتاهەتایە ڕێگەیەکیان بۆ یەکتردیتنەوە؛ نەدۆزیوە.
ئەو زۆری پێچوو تا تێبگات؛ شەڕ، تەنیا ماڵەکان ناڕمێنێت و ناسوتێنێت. شەڕ ڕێگاگەلێک دەڕمێنێت و دەسوتێنێت کە ڕێرەوی ئەوین و خۆشەویستی مرۆڤن.
هەر ئێستایش لە شەوێکی درێژ، لە قوژبنێکی ئەم زەویە پان و بەرینە کە نازانێ چ ناوێکی لێ‌بنێت؛ لەگەڵ با قسە دەکا. ئەو بایەی کە تاکە هەواڵبەری ئیمرۆی جیهانە و منیشی ڕاسپاردووە ژیانی بخەمە سەر پەڕەی کاغز
زیوەر دەڵێت “هۆ با، ئەی تاکە هەواڵبەری جیهان، ئەگەر بەلای هەر کانیاوێک تێپەڕی؛ یا لە ژێر دارچنار و دار بەڕوویەک وژەت کرد. یا خۆ بەسەر هەر بەردێک، کە باوکم لەسەری وچانی دابوو؛ بازتدا. گەر لە سەر هەر خاکێک کە بە فرمێسکی دایکم ئاودرابوو؛ شنەت کرد؛ بڵێ زیوەر، دەنگتانی تا بە ئیمڕۆ لە ناو گۆشت و ئێسکی‌، ڕاگرتووە. بڵێ خۆزگە چیرۆکی تاڵی هەڵدڕینی دڵی پڕ زووخاوی باوکی نەدەبیست. بڵێ بریا پارچەپارچەکردنی جەستەی دایکی بە دەست ئەو کەسانەی کە تا دوێنێ بە پێکەنینەوە خۆیان بە میوانمان دادەنا؛ بەڵام دوایی تفەنگ و دەبانیان بەرامبەرمان ڕاگرت؛ بە گوێ نەدەگەیشت.
هەر ئێستا با دەستی خستە ناو قژە سپیەکانی زیوەر و ڕۆحی ئاغ‌ئیسماعیلی وەک بازنە لە دەوری جەستەی ئاڵاند و هەناسەی وەک وشە بە گوێی زیوەر داڕشتە کرد: “زیوەر، تۆ تازە ئەو کچە بچووکەی ئاغ‌ئیسماعیل نیت. تۆ چیرۆکی تەواونەکراوی ئەم خاکەیت. تۆ گۆرانیی نەوەیەکی ونبوویت. دوا باڵندەی ناو خۆڵەمێشی هیواکانی”.
زەردەخەنە کەوتە سەر لێوە چرچەکانی زیوەر، ئەو بڕوای هەیە کە، باوک و دایک و هەموو ئەو ژن و پیاوانەی، گیانیان بەختی نیشتمان کرد؛ لە دوندێکی بەرز، بانگی دەکەن. بۆیە هەست بە خۆشحاڵی دەکا و ئەم هەستەیش دەبێتە سوکنایی تەمەنێک ئازار، دەبێتە دیاری بۆ کچە ونبووەکەی باکانی ئاغ‌ئیسماعیل…

 

٢٠٢٥/١١/١٤
مەهاباد
*ئاغ‌ئیسماعیل: ناوی گوندێکە، سەر بە شاری سەڵماس