بەشی يەکەم
سەردار ڕەزا جاف
شاعير و ڕەخنەگر. ئەڵمانيا
………………………………
بەرکوڵ
ئەمڕۆ ڕۆمان هەم جيهانێکی تايبەت بەخۆی هەيە هەميش ڕەواج و خوێنەرێکی باشی بۆ خۆی دەستەبەرکردووە، بۆيە ڕۆماننووسی زيرەک لێرەوە دەکارێ ئامانج و مەبەستەکانی بگەيەنێت بە تاکی کۆمەڵ، کاريگەری زياتری لە دەزگا ميدياکانی ديکە هەيە، نەمازە ڕۆمانە مێژووييەکان يان ئەو رۆمانانەی لە بارەی کەسايەتييە ديار و ناسراوەکانەوەيە، ئيدی دەبنە سەر وێرد و دەماودەم وەک نەسيمی دەم بەيان لە کۆڵانەتەنگەکانی پيرمەسووری سلێمانييەوە بەرەو پانتایی دونیايەکی بەرفرە لە شەققەی باڵ دەدەن، ئيدی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا رؤمانی لەو جۆرانە پەل بەرەو سياسەت دەکوتێ و لە تەک ڕەوتی سياسی نهادا ئاوێتەی دەکاتەوە و شلوێ بوونێ لە ناڕێکی گێڕانەوە دەخوڵقێ..
ڕەنگە کەسانێکی ديکەيش لە تەک ڕۆمانی ” خانەقای ميرزا ” ی برای نووسەر ” ميران ئەبراهام ” دەمودوويەکيان کرد بێت و سەرنج و تێبينييەکانی خۆيان خستبێتەڕوو، کاتێک دەڵێين تێبينی و سەرنجەکانی خۆيان خستۆتەڕوو ديارە هيچ کەسێک و هيچ نووسينێک هەم بێخوێنەنەوەی فرە چەشنی نابێت هەميش بێ کەموکوڕی نابێت، کاتی خۆيشی برای بەڕێزمان ( سابير ڕەشيد ) پێی گوتين کە دەتوانن سەرنج بدەنە سەر نووسينی فڵان و فڵان لە بارەی ڕۆمانی ” کتێبفرۆش”ەوە، هەڵبەتە بەڕێز ميران ئەبراهاميش هەمان قسەيان کردەوە، ديارە ئێمە بۆ خۆمان ديدگای تايبەت بە خۆمان هەيە و لاسایی هيچ نووسەر و ديدگايەک ناکەين، نامانەوێ کاريگەری هيچ کەسێکيش بە سەرمانەوە هەبێت، ئێمە بە ديد و تێڕوانينی ئەو بيرکردنەوەی هەيە لە دەق دەڕوانين، تەنانەت لە زمان و دەربڕينيش ڕەنگاڵەیی و ڕەوتی تايبەت بە خۆ دەگرينەبەر، هەر ڕەخنەگرێک ديقەتی ئەو لێکۆڵينەوە و خوێندنەوە و ڕەخنەی بەر لە خۆي دابێت، ئەوا هيچ گومانێکی تێدا نييە ئەگەر لاساییشی نەکاتەوە کاريگەری بە سەرييەوە دەبێت، بۆيە ئێمە نەمانويست ئەو کاريگەرييەيشمان بە سەرەوە بێت و خۆمان، خۆمان بين.
بەر لە ڕۆچوونی شرۆڤەکەمان گەرەکمانە دوو قسە بڵێين، پێمان وابێت ساڵی ٢٠٢٣ لە پێشانگای نێودەوڵەتی فرانکفۆرت بوو بۆ يەکەمينجار ” ميران ئەبراهام “مان بينی، هەر ئەو دەم داوای کتێب ياخود باشتر وايە بڵێين ڕۆمانەکانمان لێ کرد، ئيدی نازانم بەر دەست نەبوو يان خۆی لە داواکەمان شاردەوە، ئەوە بوو هەر لەوێ چەند دانەيەکی بە کەسێکی گەنج و تازە دەستپێکی نووسين کرد، ئەلهەقی لە دڵمان نەگرت وەلێ زۆريشمان پێخۆش بوو، کەسێکی گەنج و لەم غوربەتە پەنای بۆ نووسينی کوردی بردبێت و بيەوێت لەو دەرگايەوە لە کوردبوونی خۆی دانەبڕێت و، قۆڵی چاکی لێهەڵماڵێت و لە دونيای ئەدەبی کوردييەوە بە خواستی دادێی بگات، زۆر بەداخەوەين کە ناوی ئەو کوڕە گەنجەمان نەزانی، ئەو دەمی تازە لە لێکۆڵينەوەی ڕۆمانی ” گۆشەگيری ” برای بەڕێز ئيسمائيل حەمە ئەمين تەواو ببووين، وامانزانی دەيانەوێت خۆيانمان لێبشارنەوە، وادەرنەچوو، جاری دووەم کە بەڕێز ميران ئەبراهاممان بينييەوە لە ئؤلدنبێرگ بوو ڕۆژی ٦ / ٩ / ٢٠٢٥ لە هۆڵی ماڵی ئێزيديان لە کۆنگرەی پێنی کوردی بوو، وەک سووکە گلەييەک پێمان گوتەوە، کتێبەکانمان هەر بە دەست نەگەيشت، ئەوە بوو داوای ئەدرەسەکەی لێکردين و بەڵێن درا پێمان بگات بە سپاسەوە ڕۆژی ٢٨ / ١٠ / ٢٠٢٥ چوار دانە لە ڕۆمانەکانی بەدەستمان گەيشت، کە بريتی بوون لە ” شەوگەڕەکان، خەمی مەستوورە، نيشتمانی سارا، خانەقای ميرزا ” شاگەشکە بووين، هەر بۆ ڕۆژی دوایی ٢٩ / ١٠ / ٢٠٢٥ دەستمان بە خوێندنەوەی رۆمانی ” خانەقای ميرزا ” کرد، دەشێت کەسێکی ئاسایی زۆر بخايەنێت بە دە ڕۆژ ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە، وەلێ خوێندنەوەی ئێمە هەڵوێستەکردن بوو لە سەر زۆر لە موفرەدات و بە وردی ڕۆچوونە ناوەخنی ڕۆمانەکە و ڕۆژی ١٥ /نيسانی / ٢٠٢٦ کات دوانزەی شەو لە خوێندنەوەی تەواو بووين، پێشتر زۆرمان لێرەولەوێ لە بارەی ڕۆمانەکاني بەڕێز ميران ئەبراهامەوە بيستبوو زۆر تامەزرۆی خوێندنەوەيان بووين، لە ” خانەقای ميرزا ” تامەزرۆکەی خۆمان بە يەکێک لە ڕۆمانەکانی شکاند، لەیاستیدا کەمتەرخەم نابين و ڕۆمان بۆ ئەوە هاتووە بخوێندرێنەوە، ئيدی لەمەولا دەستمان کەمێ واڵا دەبێت و بە پێی دەرفەت يا ئەوەتا لە ئاستياندا مينا ئاسای ئەم ڕۆمانە دەبين يانيش وەک هەر کەسێکی دی خوێنەر دەبين، لە کاتی خوێندنەوەيان ئەو بڕيارە دەدرێت، چونکە ناوەڕۆک کاريگەری دەکاتە سەر بير و شرۆڤەمان، نامانەوێ هيچ لە بارەیانەوە بێژين، ئەوەی لێرە دەيخوێننەوە ديدگامان بە دەردەخات، لێ خۆ دەناسين هەميشە بە دووی خاڵە نەرێنييەکان دەگەڕێين، لە پێناو بەرەوپێشردنی ئەدەبی کوردی بەگشتی و ڕۆمان بە تايبەتی، پێمانوايە هەموو ئەو برادەر و ئازيزانەی دوو حەرفمان لە بارەی کار و دەقەکانيان نووسی بێت گەواهی ئەوەمان بۆ دەدەن، بەردمان خستۆتە سەر بەرد يان ڕووخاندوومانە.
لەم ڕوانگەوە باسکمان لێهەڵماڵی و تەواوی ” خانەقای ميرزا ” مان زۆر بەوردی خوێندەوە، هەر بۆيە زياتر لە ” ١٦٠ ” کاغەزی ڕەنگاوڕەنمان لە سەرنجە ئەرێنی و نەرێنييەکان بە هەموو ئەو لاپەڕانەوە لکاندووە و سەرنج و تێبينييەکان لە بارەی هەر لايەنێکی ڕۆمانەکە بووبێت هێڵێکمان بە ژێر ئەو وشە و ڕستە و نيو لاپەڕە و لاپەڕانەيشدا کێشاوە و لەم خوێندنەوەيەدا دەيخەينە بەر ديدی خوێنەران، گەرەکمانە ئەوە بێژين، ئێمەيش لە تەک ئەم خانەقا هەم گرياين هەميش دڵخۆش بووين کە نووسەری وامان هەيە دەتوانێت پێ بخاتە ناو ژيانی ئەديبانمان، سەرباری سەرنجە نەرێنييەکانمان.
دوای بەرکوڵ
پێمانوايە خۆدان لە قەرەدانی ڕەخنە يان خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی بە هەموو ئاراستە و پەلوپۆيەکانی، ناکرێ سەرپێيانە بێت، نووسينی ڕۆمانێک چەندين مانگ ئەگەر يان زياتر لە ساڵيش دەخايەنێت، ناکرێ کەسێک کە خۆی بە ڕەخنەگر بزانێ بێت و لە چەند دێڕێکی مەجازيدا هيچی بەسەرهيچەوە نەهێڵی يان هێندە بە شانوباڵيدا هەڵبدا، ئيدی دۆنکيشوەتێکمان بۆ قووت بکاتەوە.
ڕؤمان دونيايەکی پانوبەرينی تايبەت بە خۆی هەيە، پەلوپۆ بۆ زۆر لايەن دەکێشێت و خودی ڕۆمانيش توخمگەلێکی فرەی هەيە ناکرێ ڕەخنەگر خۆی لێگێل بکات و خۆی لێدوور بگرێت هەروەک گوتمان ڕۆماننووسێک بە چەندين مانگ ڕۆمانێک دەنووسێت تۆی ڕەخنەگر ناکرێ لە شەووڕۆژێکدا ديدگايەکی کورتبين بخەيتەڕوو، بۆيە ئێمە ئەو شێوازە رەتدەکەينەوە و بە جۆرە زانستی و ئەکاديمی و شيتاڵە فرەييەکەييەوە دێينە دەنگ و نووسين و بەم جۆرەی خوارەوە، کە بەبڕوای ئێمە ڕۆمانناسييە، بە سەر توخم و بنەماسەرەکييەکان شرۆڤەکاری دەکەين، پێمان وايە ” زمان ” لە ڕۆماندا کرۆکی گەياندنی مەبەستە و کۆڵەکەيەکی سەرەکی ڕۆمانە، هەر بۆيە لە زمانەوە دەست پێدەکەين…..
يەکەم ؛ زمان
زمان لەناو دەقدا گەمە دەکات، بۆيە يەکێک لە گرينگترين بنەماکانی ڕۆمان بە لای ئێمەوە زمانە، لە ڕێی زمانەوە ئێمە بە خوێنەر دەگەين، هەر زمانيشە بنەمای هەموو پەيوەندييە کۆمەڵايەتی و نێودەوڵەتی و ديبلۆماسييەکانی نێوان وڵاتان و تەواوی مرۆڤايەتییە، کاتێک دەمانەوێ لە دەقێک تێبگەين تەنها زمانە پەلکێشمان دەکات بۆ ئەوەی بڕيار بدەين لە سەر بەردەوامی بە خوێندنەوەی دەقەکە يان وەلانانی و پەنا بردنە بەر کتێب و نووسينێکی دی، جا لە ڕۆماندا ئەم لايەنە لە سەروو پێويستەوە جێی سەرنجە؛ (( ڕۆمان بە گشتی دياردەيەکی فرە شێواز و زمان و دەنگە، شرۆڤەکار لەسەر هەندێ يەکەی شێوازی هاوشێوە دادەمێنێ، کە هەندێجار لە سەر ئاستی زمانە جياوازەکان دەبينرێت و، زمانی ڕۆمان سيستەمێکی زمانەکانە هەر بۆ خۆی هەمەچەشنی زمانی کۆمەڵايەتييە و، هەندێجاريش بۆ زمانەکان و دەنگە تاکييەکانە، هەمەچەشنی سيستەمێکی ئەدەبييە، بنەما پێويستييەکان وا دەخوازێت زمانی نەتەوەیی بە سەر شێوازە کۆمەڵايەتييەکاندا دابەش بکرێت و لە لايەن گروپێکەوە ” دەڤەرێکەوە ” بە جۆری داتاشراو پێی بئاخڤن)) “٢” ، تەماشا ئالێرەوە دەرگای ديکە و فرە لايەنمان بە سەر دەکاتەوە بۆ خوێندنەوەی زمان لە ڕۆماندا، چونکە زمان گێڕانەوەيە، جا گێڕانەوە کێيە ئايە خودی نووسەرەکەيە يان خودی پاڵەوانی ڕۆمانەکە؟ چۆن زمان ياری پێدەکرێ لە نێوان گێڕەر و دەقدا؟ دونيايەکی سەخت دژوار لەو نێوەندەدا هەيە، خوێنەری ئاسایی درکی پێناکات، ئەوە ڕەخنەگرە بە دوای وردەواڵەکان دەگەڕێت و دەيەوێت ئەو خوێنەرەی لێ بەئاگا بێنێتەوە و چمکێک لە ئەبستمۆلۆژی بۆ پاشخانی هزری بنێرێت وکۆگای بکات، دەبێ زمان دونيای ئەفراندنی ڕۆمان جوانتر بکات، هەر نووسەرێک لە ڕووی زمانەوە بە ئەو ئاراستەيە دەچێت کە بەدرێژایی تەمەنی نووسينی وەک پاشخانێک بونيادی ناوە، جگە لە جۆری زمانی نووسينی ڕۆمانەکە، شێوەزاری ناوچەييشمان هەيە کە ئەويش بە هەمان شێوە هەڵوێستە کردنی لە بارەوە گرينگە، ئێمە لە زمانی کورديدا جگە لەو فرە دەرگاييەی لێماندەکرێتەوە، لايەنێکی ديکەيش تەنگی پێهەڵچنيوين ئەويش ڕێنووسە، کەواتە لە شرۆڤەی زمان بۆ ” خانەقای ميرزا ” وردبينی دەوێت و خوێنەريش لە تەکمان هەناسەی دوورودرێژی هەبێت و کەم حەوسەڵە نەبێت….
أ – ڕێنووس :
ئێمەی کورد لە ڕێنووسی ” ئارامی ” کورمانجی ناوەڕاست ” سۆرانی ” کێشەی زۆر زەق و ديارمان هەيە و تائێستا هيج کام لە نووسەرەکانمان نايانەوێت بە ڕێنووسێکی يەکگرتوو يان يەکەی ڕێنووس بۆ خۆی پيادە بکات، ئەمە لە ڕووی يەکەی ڕێنووسەوە، لە بارەی خودی ڕێنووسيش بە گشتی ئايديا ماڵی ڕێنووسی بەقوڕدا گرتووە و بۆوە بە مۆتەکەيەک و هيچ کەسێک لە خەمی ڕێنووسدا نييە و تەنيا ئەوەی ئايدياکەی بۆی باس دەکات بە ڕاستی دەزانێت و گوێ لە ئەکاديميستەکانی زمان و ڕێنووسی کوردی ناگيرێت.
” خانەقای ميرزا ” لە هەڵەی يەکەی ڕێنووس و ڕێنووس بە شێوە گشتييەکەی بەدەر نييە، چاکتر وايە ئيدی بکەوينە نێو ڕۆمانەکەوە و لێرەولەوێ نموونەکانی بخەينە بەردەستی خوێنەری کورد، بە ڕای ئێمە يەکەی ڕێنووس لە ( ئە ) و ( دە ) پێشگری کردارەکانەوە دەست پێدەکات، ناکرێ نووسەر ئەم لايەنە فەرامۆش بکات، نووسەر لەم لايەنەوە سەرکەوتووانە و کارەکەی ئەنجامداوە و سەردەرکردووانە خۆی لەم لايەنەوە پاراستووە، جەغار لە دەمودووەکانی کارەکتەرەکان تێکەڵ و پێکەڵييەکی دروست کردووە، کە ناکرێ ئەمە باس نەکرێت، ئەمە لێدەگەڕێين بۆ باسکردنی شێوەزار لە ڕۆماندا، لە سووچێکيشەوە باس لەم ” دە ” و ” ئە ” يەی پێش کردارەکان دەکەين..
هەڵبەتە هەر لە ڕووی ڕێنووسەوە دەچينە سەر لايەنی ديکە لەم ڕۆمانە، وشەی ” دوکان ” کە مەبەست لێی ئەو دوکانانەيە کە شتومەک يان کەلوپەل و خزمەتگوزاری دەفرۆشێت، ئەم دوکانە بە يەک ” واو ” دەنووسرێت، ئەم وشە لە بنەڕەتەوە لە ناو فارسەکانەوە هاتۆتە ناو عارەب و تەنانەت خودی عارەبيش بە بێ” واو ” بەم جۆرە دەينووسن ” دکان “، لە کورديدا ئێمە هەمان وشەمان هەيە، وەلێ بە دوو ” واو ” کە ئەويش ” دووکان ” ديارە نموونەيش شارۆچکەی ” دووکان ” ی سەر بە پارێزگای سلێمانييە، ئەم ” دووکان ” ە، مەبەست لێی دوو کان يان دوو کانييە، بۆ بەڵگەيش هەر لەو سنوورەدا و لەپشت شارەدێی سەرگەڵوو ” سێکانيان ” هەيە، کەواتە مەبەست لە دوو کانييە، بۆيە بە دوو ” واو ” دەنووسرێت، بە داخەوە تا ئێستا ئەم دوو وشە لە يەک جيا ناکرێتەوە لای زۆربەی هەرە زۆری نووسەرەکانمان ئەوەتا ميران ئەبراهاميش هەمان هەڵەی کردووە و لە لاپەڕە ( ٥٤ ) يش دەڵێ : (( دووکانی مام زامن دەرگەيەکی دووتاکیی گەورەی کۆنی لە دار دروست کراوە)) هەر لە هەمان لاپەڕە دەڵێ : (( ئەو ڕۆژەی لەگەڵ باوکم لە باس و خواستی دووکانەکەی مام زامندا بووين )) لە لاپەڕەی دوای ئەوەيش دەڵێ : (( بەڵام ئەوەندەم لە بيرە کە پەلەم بوو زوو بگەين و دووکانەکەی مام زامنی نيشان بدەم و …. )) يان لە لاپەڕە ( ٥٨ ) دەڵێ : (( کاتێک ڕێگەم نەکەوتەوە سەر دووکانەکەی )) يانيش لە لاپەڕە ( ٦٢ ) دەڵێ : (( کاتێک پۆليسەکان ڕۆيشتن و دووکاندارەکان هاتنە سەر لاشەکەی)) لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لە تەواوی ڕۆمانەکە بەم جۆرە دوکانی کەلوپەل و کەرەستە فرۆشتنی بە دوو ” واو ” نووسيوە، هەر لە بارەی يەکەی ڕێنووسەوە لە تەنها يەک پەرەگرافدا دوواليزمی لە ڕێنووس خوڵقاندووە، کە ئەمە هەڵەيە و ناکرێت، تەماشا لە لاپەڕە ( ٥٣ ) و پەرەگرافی يەکەم بزانە چؤن ” ئاوەدانبێت ” و ” شوێنبزر ” پێکەوە دەلکێنێت و لە کۆتایی پەرەگرافەکەيش ” بە جێ هێشت ” دادەبڕێنێ لە يەک. ئەمە بۆ ڕێنووس و زمانزانەکان جێ دێڵم کەلەم ڕۆمانە زۆری وا بەرچاو دەکەون، پێمانوايە کاتێک نووسەرێ خۆی بە کامڵ دەزانێ زمان و ڕێنووسی لە لاگرينگ نامێبێت و جەخت لە کرۆک و مەبەست گەياندنەکە دەکات، هەموو ئەديبێک گەرەکە ئەوە بزانێت خوێنەر بە هۆی زمانەکەوە هەواداری ئەوە، کە زمان و ڕێنووسی تێکشکاند ئيدی هێدی هێدی ئەو ڕەواجبوونەی کاڵدەبێتەوە، هەر بەم هۆکارەوە ئێمە لە هەموو لێکۆڵينەوەکانمان لە بارەی ڕۆمانەوە هەنگاوی يەکەممان هەڵوێستەکردن بووە لە بارەی زمان و ڕێنووس، پێمان سەيرە ڕەنگە بەرامبەرەکە جا خودی نووسەر بێت يان خوێنەر بێژێت ڕەخنەکانی لۆژيکی نين و ئەوە ڕەخنە نييە و شرۆڤەکاری نييە دەکرێت، وەلێ دبێژين لە يەکدوو لاپەڕە حەوسەڵەت کۆمەکەوە و تەواوی ئەو لێکۆڵينەوە و شرۆڤەکارييە بخوێننەوە، کە تۆ هەناسە درێژيت هەبێت بۆ خوێندنەوەی سەدان لاپەڕەی ڕۆمانێک، گەرەکە ئەو تەنگەنەفەسييەيش بڕەوێنيتەوە و بۆ دەيان لاپەڕەی ڕەخنە خۆ کۆبکەوە و ئامادە بە، ڕەخنە تەنها سەرزەنشت يان پياهەڵدان نييە، گەرەکە هەموو پياهەڵكدانێک وا لێکبدرێتەوە کە دەرگاکانی سنوور بەزاندنی ئەو نووسينە کڵۆمدراو و داخراون دەبێ ئيدی داهێنان ڕابگيرێت، ڕەخنە هەميشە بۆ بەرەو پێشبردن و داهێنانی زياتروزياترە و دەرگا و پەنجەرەکان هەموو بە ڕووی داهێنان واڵا دەکات..

