دێرین جەمال
نووسەر، سلێمانی
………………….
دەنگۆی داواکاریی جیابوونەوەکە وەک بروسکەی سەرەتای هاوین، لە کاتێکدا ئاسمان هەوری تێدا نەبوو، بە ناو کۆڵانەکانی شاردا بە خێرایی بڵاوبووەوە. هیچ کەسێک نەیدەتوانی بڕوا بەوە بکات ئەو خێزانەی ساڵانێک بوو وەک هێمای بەختەوەری، خۆشەویستی و هاوسەنگی نیشانی خەڵکی دەدران، ڕێگەیان گەشتبێتە بەستەڵەکەی ساردی دادگا. ئەوان دوو هاوژین بوون، بە تەمەنێک لە دروستکردنی ماڵێک و پەروەردەکردنی دوو منداڵ، لە ناو کۆمەڵگادا بە خێزانە بەختەوەرەکە دەناسران. لە هەر ئاهەنگ و کۆبوونەوەیەکدا دەربکەوتنایە، دەستی باشەیان بۆ درێژ دەکرا و لە پرسەکانیشمدا خەڵکی ئیرەیییان بە بەختەوەرییان دەبرد.
بەڵام بڕیاری خانمەکە هەمووانی شۆک کرد. ئەم هەواڵە وای کرد لەهەموو کەس و کارەوە تەلەفۆن و پرسیارەکان وەک باران دەباریین، خانمەکە تەنیا بە هێمنییەوە دەیگوت: ئەوە بڕیاری خۆمە، هەرکەسێک منی خۆش دەوێت، با ڕۆژی دادگاییکردنەکە لە ناو دادگا ئامادە بێت.
ڕۆژی دادگاییەکە، هۆڵەکە وەک شارۆچکەیەکی بچووک جمەی دەهات. کامیراکانی ڕاگەیاندن لە دەرەوە ڕاوەستابوون و پەیامنێرەکان ئامادە بووبوون تا لە نهێنیی ئەم دۆسییە غەریبە بکۆڵنەوە. لە نێو ئامادەبوواندا، هاوسەرەکە و دوو منداڵەکەی لەسەر کورسییە دارینەکان دانیشتبوون، ڕووخساریان لە شۆک و بێباوەڕیدا مابووەوە و نەیاندەزانی بۆچی ئەم بڕیارە دراوە. لەو ناوەدا خانمەکە بە بەرگێکی سادە و هێمنییەوە دەرکەوت، ئەو داوای کردبوو پاشەکشەی لە گرتنی پارێزەر کردبوو و ڕایگەیاندبوو بە بێ هیچ نێوانگیرێک تەنیا ڕاستەوخۆ لەگەڵ دادوەردا قسە دەکات.
دادوەر لە سەر کورسییە بەرزەکەیەوە چاویلکەکەی هێنایە خوارەوە، تێڕوانینێکی قوڵی خستە سەر خانمەکە و بە دەنگێکی خەمخۆرانە گوتی: خاتوون، تۆ ئامادە نەبوویت هیچ پارێزەرێک پشتیوانیت بکات و وتت تەنها ڕاستەوخۆ لەگەڵ من قسە دەکەیت. ئێستا دادگا گوێت لێ دەگرێت، دەمەوێت بزانم بۆچی دەتەوێت لە هاوسەرەکەت جیاببیتەوە؟ ئەو کەموکوڕیانە کامانەن کە تۆیان هێناوەتە دادگا؟
بێدەنگییەکی قوڵ ڕژایە ناو هۆڵەکەوە کە تەنیا دەنگی هەناسەدانی بەپەلەی ئامادەبووان دەبیسرا. خانمەکە بە دەنگێکی بەرز، ڕوون و بێ شڵەژان گوتی: لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەم زۆر خۆش دەوێت!
وەڵامەکە وەک تەقینەوەیەک بە ناو هۆڵەکەدا پەخش بووەوە، چاوەکان زەق بوونەوە و خەڵک لە دۆشدا مانەوە. دادوەر بە سەرسوڕمانەوە تێڕوانیی و دووبارە پرسی: ئەوەی دەیبستم ڕاستە؟ تۆ ئەمە هۆکارەکەتە؟ خانمەکە سەری بەرز کردەوە و گوتی: بەڵێ، سەد جاری تریش لێم بپرسن دەڵێم زۆر خۆش دەوێت، بۆیە دەمەوێت جیاببەمەوە.
دادوەر بە سەختی برۆکانی گرژکردوو و گوتی: ئەمە ناکرێت و نەبووە! هیچ یاسایەک لە جیهاندا نییە کەسێک لە پێناو خۆشەویستیدا لە کەسێکی تر جیا بکاتەوە!
لەو ساتەدا، خانمەکە چاوەکانی پڕ بوون لە ئەزموونی ساڵانێکی درێژ لە بەخشینی بێئەژمار. بەرەو دادوەر هەنگاوێکی نا و گوتی: جەنابی دادوەر، من هێندە ئەم هاوسەرەم خۆش دەوێت کە هەموو ساتەکانی تەمەنم کردووەتە قوربانی بۆی. لەبەر ئەو پێدەکنیم تا دڵی خۆش بێت، ئەو پۆشاکەم دەپۆشی کە ئەو حەزی پێ بوو، ئەو خواردنەم ئامادە دەکرد کە خۆشم حەزم پێی نەبوو بەڵام لەبەر ئەو دروستم دەکرد. هەموو کار و هەڵسوکەوتێکم تەنیا لەبەر ئەو بوو. بەڵام ئەو… هیچ کاتێک لە مانای ئەم بەخشینەی تەمەن تێنەگەیشت. ئەو هیچ کاتێک لەبەر من هەوڵی نەدا گۆڕانکارییەک لە خۆیدا بکات. هەمیشە منی وەک ڕۆبۆتێک بینیوە کە تەنیا بۆ ئەوە دروست بووم خواستەکانی ئەوە بەجێ بگەیەنم. ئێستا تەواو ماندوو بووم… دەمەوێت ئیسراحەت بکەم و ئەوەی لە تەمەنم ماوەتەوە، لەگەڵ عیشقی خودای بێمەرج بەسەری بەرم.
سەری وەرگێڕا بەرەو ئامادەبووان، بەرەو ئەو چاوانەی ساڵانێک بوو بە ئیرەیییەوە لێیان دەڕوانی، و بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە گوتی: ئێستا زانیتان؟ هەموو بڕیارێک بە چاو دەدرێت، لە کاتێکدا هیچ کەسێک ناتوانێت ناخی مرۆڤەکان ببینێت!
کەلامی خانمەکە هۆڵی دادگای سڕ کرد. یاسا بێدەنگ بوو، چونکە هیچ بەندێک نییە سزای خۆشەویستییەک بپێوێت کە مرۆڤ لە ناوەوە دەکاتە خۆڵەمێش. دادوەرەکان لەبەردەم کەیسێکدا مانەوە کە نە یاسا توانای بڕیاردانی لەسەری هەبوو، نە ژیان دەی توانی وەک پێشتری لێ بکاتەوە.

