فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئاوازی باران

ئەیوب ئەحمەدی تینووکۆکەیی
شاعیر، بۆکان

……………………………..

برووسکەی هەوری ئاسمانە و ژەنینی سازی باران
بە چاوی دڵ دەبێ بێی و ببینی ڕازی باران

کە دەنگی پێی نمەی باران لە کۆساران دەبیستی
دەبێ گوێی دڵ سپێری بۆ نەوای ئاوازی باران

زەوی فەرشی گەڵا وگوڵزاری ڕاخستۆ لەبەر پێ
لەبەر پێی دەبنە سەودایی و دەکێشن نازی باران

تەم و مژ بۆتە میوانی وڵاتی سینەسووتاو
کەژ و کێو دەبنە سەوزایی بە پێی دڵخوازی باران

بە نەغمەی سەوزی باران بوو کە سەرمەستن وشەی هەست
لەگەڵ خۆشی هەموو دنیا ئەتۆ جیاوازی،باران

دەبێ پاراو، کە باران دادەکا ڕێژنەی ئەوینی
وشەیی هەڵبەستی تینوویی بە چاوی بازی باران

نەسیمی خۆش مروور دێنێ بەرامەی نۆبەهاران
بە گوێی هەردی دەچرپێنێ وتاری شازی باران