ئەرسەلان حەسەن
نووسەر، سلێمانی
………………………..
کاتێک مامۆستا نەسرین هاتە ناو پۆل، بە پێکەنینێکی جوانەوە وتی:
– “قوتابییەکان، ئەمڕۆ باسی ڕۆژێکی گرنگ دەکەین”.
ئێمە هەموومان سەیرمان دەکرد. مامۆستا وتی:
– “ئەمڕۆ ڕۆژی مامۆستایە، ڕۆژێکە بۆ سوپاسگوزاری و ڕێزگرتن لە مامۆستا”.
ئێمە زۆر دڵخۆش بووین. دوای پۆل، لەگەڵ هاوڕێکانمان قسەمان کرد و بڕیارماندا ساڵی داهاتوو بۆ ڕۆژی مامۆستا شتێکی جوان و جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بکەین. وتمان:
– “با مامۆستاکان سوپرایز (هەژەند) بکەین!
ساڵی داهاتوو و هەفتەیەک بەر لە ڕۆژی مامۆستا، هەموو قوتابییەکان یەکگرتوو بوون. هەندێکمان گوڵمان ئامادە کرد، هەندێکی دیکە کێک و شەربەت، ئەوانی دیکەیش کارتی پیرۆزباییمان نووسی.
کاتێک لە ڕۆژی مامۆستا دا، مامۆستاکان هاتنە ناو ژووری پۆلەکان و چاویان بە گوڵ و کێک و ئامادەکارییەکان کەوت، زۆر سەرسام بوون. پێکەنین و زۆر دڵخۆش بوون.
مامۆستا نەسرین وتی:
– “زۆر سوپاس، قوتابییەکان! هەرگیز ئەم ڕۆژە لە بیر ناکەین”.
ئێمەیش زۆر دڵخۆش بووین، چونکە زانیبومان مامۆستاکانمان دڵخۆش کردوون.
ئەو ڕۆژە، ڕۆژێکی زۆر جوان و خۆش و جیاواز بوو، ڕۆژێک پڕ لە خۆشەویستی و سوپاسگوزاریی.

