فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چیرۆک بۆ منداڵان

ئەسپەکە بۆ بێدەنگ بوو؟

عەلی حەمەڕەشید
نووسەر، سلێمانی

………………………

ئاسک و ئەسپ پێکەوە یارییان دەکرد. دوای ماندووبوونێکی زۆر، ئەسپەکە وتی: دەچم کەمێک پشوو دەدەم و دەخەوم. پــاش مـــاوەیــەک ئاسکەکــە تــەمــاشای کرد، ئەسپەکە لەناو تەویلەکەدا هێشتا هەر بەپێوە راوەستاوە و رانەکشاوە! ئاسکەکە چووە پێشەوە و سڵاوی لێکرد، کەچی هیچ وەڵامێکی نەبوو. ئەمە لای ئاسک بوو بە کێشە، بۆیە چوو بۆ لای مەیمون و پێی وت:- چووم بۆ لای ئەسپ و سڵاوم لێکرد، کەچی هەر بەپێوە راوەستابوو، هیچ وەڵامێکی نەدامەوە. بڵێی گوێی زیانی بەرنەکەوتبێت؟
مەیمونەکە وتی:- من وامزانی مۆزت بۆ هێناوم! نازانم، بڕۆ لە یەکێکی تر بپرسە.
ئاسک لەبەر خۆیەوە وتی:- (ئەمیش هەر خەمی ورگی خۆیەتی!)
پاشان چوو بۆ لای کەروێشک پێی وت:- چووم بۆ لای ئەسپ و سڵاوم لێکرد، کەچی هەر بەپێوە راوەستابوو، هیچ وەڵامێکی نەدامەوە. بڵێی گوێی زیانی بەرنەکەوتبێت؟
کەروێشک کەمێک پێکەنی و وتی:- هەر بەڕاست نایزانی؟
ئاسک وتی:- بمزانیبایە نەمدەپرسی!
کەروێشک وتی:- منیش نایزانم، بەڵام خۆزگە لەم رێگە دوورەی بڕیوتە و هاتووی بۆ لای من، هەندێک گێزەرت لەگەڵ خۆتدا بۆبهێنابامایە!
ئاسک دیسان لەبەر خۆیەوە دەیوت: (خۆ ئەمانە تەنیا خەمی خۆیانیانە)، ئیتر چوو بۆ لای رێوی و پێی وت: چووم بۆ لای ئەسپ و سڵاوم لێکرد، کەچی هەر بەپێوە راوەستابوو هیچ وەڵامێکی نەدامەوە، بڵێی گوێی زیانی بەرنەکەوتبێت؟
رێوی قاقا پێکەنی وتی:- نەخۆشی چی؟ ئەوە دیارە خەوتووە!
ئاسک وایزانی رێوی گاڵتەی لەگەڵ دەکات، بۆیە وتی: (با بڕۆم بزانم یەکێکی تر نادۆزمەوە کە پرسیاری لێبکەم).
کەمێک دوورکەوتەوە، لە دەشتێکدا زەڕافە و فیلی بینی، لەولاشەوە مەڕ و مانگایش خەریکی گیاخواردن بوون. کاتێک لە زەڕافە و فیل نزیک بووەوە، سڵاوی لێکردن وتی: چووم بۆ لای ئەسپ و سڵاوم لێکرد، هەر بەپێوە بوو، کەچی وەڵامی نەدامەوە. بڵێی گوێی گران بووبێت، یان نەخۆشکەوتبێت؟
مەڕ و مانگایش گوێیان لەم پرسیارەی ئاسک بوو.
فیل تەماشایەکی ئاسکی کرد وتی:- هاوڕێ گیان، ئەوە نیشانەی دڵسۆزیتە بەرانبەر هاوڕێکانت. بەڵام ئەوە بزانە کە ئەسپەکان سیستمێکی تایبەتیان لە ئەندامی جومگە و بەستەرەکانی قاچیاندا هەیە. ئەم تایبەتمەندییە رێگەیان پێدەدات بەبێ ماندووبوونی ماسولکەکانیان قاچەکانیان جێگیر بکەن، بۆیە دەتوانن هەر بەپێوە سەرخەوێک بشکێنن، بەڵام کاتێک دەیانەوێت خەوی قووڵ بکەن، زۆرجار پاڵ دەکەون. ئێمەی فیلیش بەهۆی قورسیی کێشی لەشمانەوە، زۆرجار هەر بەپێوە سەرخەوێک دەشکێنین، بەڵام بۆ خەوی قووڵ زۆرجار پاڵ دەکەوین، چونکە هەستانەوە و راکشان بۆ ئێمە وزەیەکی زۆری دەوێت.
زەڕافەیش بە چپە وتی:- ئێمەیش بەهۆی بەرزیی باڵامان و ترسمان لە شێر و پلنگ، زۆربەی کاتی پشوو، بە پێوە سەرخەو دەشکێنین. بەڵام خەوی قووڵمان زۆر کورتە و زۆرجار پاڵ دەکەوین. مانگا و مەڕیش هاتنە پێشەوە و وتیان:- ئێمەیش دەتوانین هەر بەپێوە بەدەم کاوێژکردنەوە سەرخەو بشکێنین، بەڵام بۆ ئەوەی بچینە قۆناغی خەوی قووڵەوە، پێویستیمان بەوە هەیە کە پاڵ بکەوین. ئاسک کە گوێی لەم وەڵامانە بوو، تێگەیشت کە ئەسپی هاوڕێی نەخۆش نییە، بەڵکوو تەنیا سەرخەوێکی شکاندووە. ئاسکەکە ئاسودە و دڵنیا بوو، چونکە زانیی ئەسپ کاتێک هەست بە دەنگەکەی بکات، بە دڵنیاییەوە وەڵامی سڵاوەکەی دەداتەوە.