فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە باوەشی دایکەوە تا وێرانبوونی ناخ

 

سه‌ردارقادر

شاعير و ڕەخنەگر، سلێمانی

………………………………….

 

خوێندنەوەیەک بۆ دەقێکی شاعیری کۆچکردوو (بەشدار سامی) كه‌ بۆ(دانا فایه‌ق)ی برای نووسیوه‌

ئەم دەقە قووڵ و پڕ لە هه‌ست و بارگاوییەی شاعیری کۆچکردوو، تێکەڵەیەکە لە ژانێکی دەروونیی قووڵ، گەڕانەوەیەکی نوستالژیایه‌ بۆ یادەوەریی منداڵی و زێد، و ئاوێتەکردنی زمانێکی کوردیی ڕەسەن و زاراوەیی، لەگەڵ هاواری تەنیاییدا.

شکانی ڕۆح و چەرخی بێپایانی ئازار

ئەم دەقە سەر بە شیعری نوێی کوردی (پەخشانی ئەدەبی)یە. شاعیر تێیدا دوورە لە کێش و قافیەی کلاسیکی، بەڵکوو پشت بە ڕیتمی ناوەکی، هەست و جووڵەی ناخ دەبەستێت. دووبارەبوونەوەی وشەی “دیسان” وەک بازنەیەکی داخراوی دەروونی وایە، کە تێیدا زمانێکی سادە بەڵام پڕ لە فەلسەفە و وێنەی تراژیدی بەکارهاتووە تاوەکوو وێرانیی ڕۆحیی مرۆڤ لە بەردەم قورسیی ژیاندا دەربخات.

 شاعیرلێره‌دا لە دەستپێکی شیعرەکەیدا بەدەم ژانێکی قووڵەوە دەڵێت:

ئای خوشکەکانم, دیسان دڵتەنگیتان

دیسان ژان و دیسان خەم و دیسان ترس و دیسان کەوتن/ دیسان بیرکردنەوە/ دیسان شەو نەخەوتن/ دیسان تاریک داهاتن/

دیسان گریام و دیسان گوتم: دایە/ دیسان گوتم: سەرمام بووە/ دیسان بابم/ دیسان گوتی: ئەم کەوتنە سەرما نایکات/

دیسان کەوتم. دیسان

شاعیرلە لوتکەی ترس و تاریکیدا، دەبێتە منداڵێک و هاوار بۆ “دایکی” دەکات و دەڵێت سەرمام بووە، بەڵام وەڵامی باوکی لوتکەی فەلسەفەی دەقەکەیە: (ئەم کەوتنە سەرما نایکات). واتە ئەم برینە ڕۆحی و شکاوییە ،بە جلوبەرگ و گەرمای دەرەکی چارەسەر نابێت، بەڵکوو ساردییەکه‌ لە ناخدایە کە نە مرۆڤ و نە کات ناتوانن بیشۆنه‌وه‌.

نیگای خوشکەکان و داڕمانی جەستەیی

لێرەدا نیگای خوشکەکان دەبێتە ئاوێنەیەک کە شاعیر ڕووخساری خۆی تێدا دەبینێت؛ ڕووخسارێک کە پڕە لە شکست و ماندووبوون.

بۆیه‌ شاعیرجارێكی تر بەدەم هەناسەی سارد و داڕمانی جەستەیییەوە دەڵێت:

دیسان، چاوی خوشکەکانم/ دیسان کەوتە سەر ڕوخسارم/ دیسان، ئای خوشکەکانم/

دیسان، دڵتەنگیتان/

دیسان، ئەژنۆم دەلەرزێنێ/

سەیرکردنی نیگای خوشکەکان بۆ شاعیر بارێکی دەروونیی قورسە و ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لاوازیی جەستەیی. ڕاسته‌ خوشکەکان  لێره‌دا سیمبولی سۆز و هاوسۆزین، بەڵام تەنانەت سۆزی ئەوانیش ناتوانێت ئازارەکە بشارێتەوە، بەڵکوو قووڵایی دڵتەنگییەکە زیاتر دەردەخات.

نوستالژیا بۆ زێد و یادەوەریی ڕەسەن

ئەم کۆپڵەیە قووڵترین و جیاوازترین بەشی دەقەکەیە، کە تێیدا شاعیر به‌ زمانێکی ناوچەیی و زاراوەیی ڕەسەنی هه‌ولێرو (ناوچەی مەخمور و دەورووبەری) بەکاردەهێنێت. لێرەدا شاعیر بەدەم خەیاڵ و نوستالژیایەکی پڕ لە سۆزەوە دەگەڕێتەوە بۆ یادەوەرییە ڕەسەنەکانی خۆی:

دیسان دەرێم برا، ئەمن وەکی کەوی در بە خەم/ بەوێ سبیانێ دەنگم نایەتە دەرێ لۆ گەردەن زەرد و بسک شۆری خۆم بخینم/ بەوی غەوسی مار لە بەغدایێ/ چەندی گاز دەکەم و گاز دەکەم/ لەبەر ئێشی دری خۆم، نازانم بە کێندەرێ دا هەربرێم/ ئەوجا دەرێم/

وەکی دێتەوە بیرم ئاوی بن بەردی لە دامێنی چیای قەرەچووغی بەرامبەر سوڵتان عەوڵای عارەبی، بە بەر دەرکەی ماری سمایلە سۆری دا شۆردەبووەوە لۆ باخچەی مەخموورێ/ ئەمنیش لێرەوە جەرگم ژان دەکات و فرمێسکم دەکەونە کۆشێ/  

 

شاعیر خۆی بە «کەوی در بە خەم» دەچوێنێت و لە غەریبی و ناخۆشیدا یادی زێدی خۆی دەکاتەوە: چیای قەرەچووغ، سوڵتان عەوڵای عارەبی و باخچەی مەخمور. یادەوەریی ئاوی بن بەرد و شوێنە ناسراوەکانی منداڵی، لە بێپەناییدا لێزمەیەک فرمێسک لە جەرگی شاعیردا هەڵدەقوڵێنێت. یادەوەری لێرەدا دەرمان نییە، بەڵکو برینەکە قووڵتر دەکاتەوە.

کۆتاییەکی تاڵ و بێئومێدیی ڕه‌ها

کاتێک هەموو پەناگەیەک (دایک، باوک، خوشک، زێد و یادەوەری) کۆتایی پێدێت و هیچ ڕووناکییەک نامێنێت، شاعیر لە کۆتاییدا بە بێئومێدی و وێرانبوونێکی خه‌سته‌وه‌ دەڵێت:

ته‌واو من هیچ ئومێدێکم نەما،

 دیسان گوتم:/ هاوڕێکانم, “لەم چرکە ناخۆشەدا بانگتان دەکەم“/

دیسان,

وێران ئەزم.

لێره‌دا شاعیر وەک دواهه‌مین پەناگە، ڕوو لە (هاوڕێکانی) دەکات. بەڵام ئەم بانگ کردنەيش بۆ ڕزگاربوون نییە، بەڵکوو دانپێدانانە بە کۆتاییەکی تاڵ؛ تەنها دوو وشەی بڕڕاو و کورت به‌جێدێڵێت کە ئه‌ویش قورسترین باری دەروونی دەگەیەنن: بۆیه‌ به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت

دیسان،

وێران ئەزم.