فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕەگێك وچان

هیبە فەیسەڵ

……………….

 

ئەوە من بووم ڕۆژانە تاکە ورتەم ئەم نزایە بوو؛ بڕۆ هەر خوایەك هەبێت، باڵی بێبەڵایی خۆی بئاڵێنێت لە باڵات. بەڵام ئەمڕۆ زۆر جیا لە ڕۆژانی دی. لە بەیانییەکەیەوە وەك گلاراوم بێت. زووتر لە جاران خەبەرم بۆوە و هەستام دەستێکم بەم ئەنوایەدا هێنا. کەوتمە بژارکردنی ئەو برنجە کوردیەی لە گوندەوە بۆ ڕۆستەم گیان هاتبوو. ئەمجارە چەڵتوکی لە خۆی زیاتر بوو! لە سەر توورەکەکە نووسرابوو؛ هەڕەشەی سووتاندن، دروێنەی ئەمساڵمانی بێ سەروبەر کرد.

من بە نیازبووم لەسەر ئەو تەباخە ناکەسبەچەیە ئاشێکی ڕەسەن لێبنێم. بەڵام ئەو لەو ڕۆژەوەی من بەرمیلە ئاوەکەم لە توڕەییدا قڵپ کردۆتەوە، تینی گڕی مۆمێکە و نێڵەی جارانی نەماوە. من بە دەم پیاز ئەنجنکردنەوە، لە خەیاڵی ئەو خەوەی کە دوێنێ شەو بە هەنسکەبڕکێ دایچڵەکاندم، سێ و دووی دڵی خۆمم دەکرد کە چی بکەم بە ساقەسەری. هێندەم زانی دەنگی ترازانی دەرگای حەوشە هات. لەپڕ هەناسەم گیرا و ئیدی دڵ و ئەژنۆم پێکەوە کەوتنە لەرزین. بەجۆرێك کە تەنها هەواڵی کۆچی جوانەمەرگ گەیاندمییە ئەو دۆخە. چەقۆ و پیازم لە دەست فڕێدا و بەرەو حەوشە بە نەرمە ڕاکردنێك ڕۆیشتم. لە عەزرەتدا بیری ئەو سینگە ڕەق، زێدە هەستیار و بەژانەم نەبوو کە چەند ڕۆژە نە بە شێلانی گەرما و نە بە بەیبوون و نە بە زەیتوون ژانی ناکەوێت. دەمارە سەوزەکانی وەك ڕەگی پیرەدارێك سەرکەوتبوون و هێندە نەمابوو لەو پێستەوە بێنە دەر.
من گەیشتمە بەردەم تارمەکە و بینیم ڕۆستەمم چۆن چوو بوو، هەر بەو بەرگەوە، بە هێمنی خۆیەوە. بە ئارەقی ژێر باڵ و خەندەیەکەوە لەسەر خۆ دەرگەی حەوشەی داخستەوە. من بە ڕاکردن و بە هەموو هێزم خۆمم هەڵدایە ئامێزی. مەگەر ئەو هەروەك جارانی منداڵی، هێندەی چروساو، هێندە بەهێز بوو، دەیتوانی هەموو جارێك بمگرێتەوە.
لە ئامێزیدا بۆنی خنك و خاك گڕێکی سەیری لە گیانم بەردا. ئەو توند هەردوو باڵی لە کەلەکەم ئاڵاند و مشەی بێڤڵە تەسکی هەروەك جاران. نازانم هەناسەی قوڵی، هەڵمژینی حەوانەوە بوو یان بەرامی لاملی من بوو پەرۆشی سییەکانی پێ دامرکاند!.
ئیدی دەستی ڕاستی خشاندە ژێر لەچکۆکەکەم و گوتی؛ دۆتمام خۆ پرچت نەبڕیوە؟
منیش لێوەکانم بە ناسکە خەندەیەك کشان و وتم؛ قەزای ئەو گومانەت لە دوژمن کەوێت.
ئیدی بە ناچاری لە خۆمم کردەوە و ماچێکی ناوچەوانیم کرد. لەم دڵە بە گوڕەی خۆمدا وتم؛ ئەو خوایە چەند منی خۆش دەوێت و دەبێت منیش چەند قەرزداری ئەوبم. نەك تەنها بە خۆشگوزاریم بە بۆنی تۆ، بەڵکوو بەو وزەیەی لە هەموو وەرزێکدا من بە پێوە دەهێڵێتەوە. ئەو توانایەی وەك شەپۆل بەرز و نزمە بەڵام بنەڕەتییە. کە من خۆم لە خۆمدا و سەرەڕای ئەم هەموو نەهامەتییە، کۆڵەکەی ماڵێکی گەرمم. کە چی دی گرنگ نییە چەند پلیکانەی دڵی تۆم بڕیبێت، بەڵکوو من بەردەوام ئەو پێویستییەی تۆم کە بە نەبوونی، مەحف دەبیتەوە.
دەستێکم هێنا بە تیسکی تۆزاوی، چڵکن و لە ئارەقدا بە دڕك بووی. گرژ و ڕەپ وەك جاران. وتم ئاو گەرمە. بڕۆ دەستێك لە خۆت بدە، دەبێت بچینە سەردانی ماڵی باجی بەهێ. دەڵێن هەڵگوردی کوڕیان بە برینداری هێناوەتەوە و حاڵی باش نییە.