فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەناسە لەگەڵ تریفەی مانگ دەدوێ

 

سه‌ردارقادر
شاعير و ڕەخنەگر

……………………

(گفتوگۆی نێوان مانگ و ئەستێرەکان) یەکێکە لەچیرۆکە جوان وناوازە پڕ لە خەیاڵ و فەتانیازیاکانی نووسەری بواری منداڵان مامۆستا (چرۆ ڕەشید)،
لە ژمارە(٣٤٤) ی گۆڤاری پەپولەدا بڵاو کراوەتەوە.
ئەم چیرۆکە نموونەیەکی جوانی ئەدەبی منداڵانە، کە تێیدا خەیاڵ و زانست بە شێوازێکی هونەری و هارمۆنی تێکەڵ کراون. چیرۆکەکە تەنها باسکردنی دیاردەیەکی گەردوونیی نییە، بەڵکوو پردێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی سۆزداری لە نێوان منداڵ و سروشتدا.

نووسەر لەم چیرۆکەدا باس لە دیاردە سەیرو پڕ لە نهێنییەکانی گەردوونمان بۆ دەکات و دەڵێت:

«لە شەوێکی ئارام و بێدەنگدا، کاتێک ئەستێرەکان لە ئاسماندا یەک یەک دەدرەوشانەوە، وەک گەوهەرێک کە بۆشایی ئاسماندا بڵاوبووبنەوە، مانگیش بە ڕووخساری زیوینی خۆیەوە زەردەخەنەی بۆ دەکردن. (هەناسە) لە تەنیشت پەنجەرەی ژوورەکەیەوە دانیشتبوو و لە ئاسمان ڕامابوو…»
نووسەر بە لێهاتووییەکی زۆرەوە لە ڕێگەی وشەگەلێکی وەک (ئارام، بێدەنگ، ئەستێرەی وەک گەوهەر، مانگی زیوین) ژینگەیەکی هێمن و خەیاڵی دروست دەکات.
هەڵبژاردنی ناوی پاڵەوان یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگەکانی چیرۆک چونکە؟دەبێتەبەشێک لەڕووداوەکان و زۆرجار واتای تایبەتی دەبەخشێت، (هەناسە) وەک کچێکی پاڵەوان هەڵبژێردراوە، کە ناوێکی پڕ لە ژیان و ناسکییە. دانیشتنی لە تەنیشت پەنجەرەکەوە نیشانەی تێڕامان و پاکیی دەروونیی منداڵە کە دەڕوانێتە دەرەوەی سنووری ژوورەکەی خۆی.

نووسەر زۆر بە جوانی جووڵە و گۆڕانکاری لە چیرۆکەکەیدا دەکات و دەڵێت:
«…لەپڕ بینی ئەستێرەکان لە دەوری مانگ کۆبوونەتەوە و بە دڵخۆشی سەمایان دەکەن، مانگیش بە دەنگێکی نەرم گۆرانی بۆ دەچڕین. دواتر ئەستێرەکان لەگەڵ مانگ دەستیان کرد بە گفتوگۆ و (هەناسە)ش بە وردی گوێی بۆیان ڕاگرتبوون. ئەستێرەیەکی بچووک بە شەرمەوە وتی: “ئەی مانگی ئاسمانی بەرز، ئێمە هەموو شەوێک لە ئاسماندا ڕووناکی دەبەخشین، بەڵام زۆر لە بارەی تۆوە نازانین؛ ئایا دەتوانیت چیرۆکی ژیان و ئەرکی خۆتمان بۆ باس بکەیت؟”»
گرنگیدان بەخەیاڵ و تێکەڵکردنی بە ڕووداوەکان هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی دەقە ئەدەبییەکەیە
لێرەدا دیاردە سروشتییەکان وەک (مانگ و ئەستێرە) زەق کراونەتەوە و بەجوانی نمایش کراون؛ سەما دەکەن، گۆرانی دەڵێن و قسە دەکەن. ئەمە خەیاڵی منداڵ دەوروژێنێت. بەڕوونی دیارە پرسیاری ئەستێرە بچووکەکە دەبێتە بزوێنەری سەرەکیی ڕووداوەکان و دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی زانیاریی زانستی لە چوارچێوەی ئەدەبیدا.

نووسەر لەم چیرۆکەدا زۆر بە جوانی ناوەرۆک و پەیامی زانستی دەئافرێنێت و دەڵێت:

«مانگ زەردەخەنەیەکی کرد و وتی: “پرسیارەکەتم بە دڵ بوو. هەموو ئێوارەیەک لەگەڵ دەستپێکی خۆرئاوابووندا ئامادە دەبم بۆ دەرکەوتن؛ چاوەڕێ دەکەم تا دوایین تیشکی خۆر ئاوا دەبێت، پاشان دەست بە دەرکەوتن دەکەم. سەرەتا زۆر بە کاڵی دەردەکەوم و بە زەحمەت دیار دەبم، بەڵام وردە وردە ڕووناکتر دەبمەوە تا دەبم بە مانگێکی درەوشاوە و لە تەواوی ئاسماندا دەردەکەوم. لە ماوەی مانگێکدا گۆڕانکاریی زۆر لە شێوە و قەبارەمدا ڕوو دەدات…”» لێرەدا نووسەر بە زمانێکی زۆر سادە سوودی لە فۆلکلۆر و ئەدەبی منداڵان وەرگرتووە بۆ ڕونکردنەوەی قۆناغەکانی مانگ بۆ منداڵ، بێ ئەوەی هەستی پێ بکات کە وانەیەکی زانستی دەخوێنێت.
مانگ وەک دایکێکی میهرەبان یان مامۆستایەکی بەسۆز وەڵام دەداتەوە، کە ئەمەش متمانە و ئارامی لای منداڵ دروست دەکات.
لێرەدا نووسەر بۆ تەواوکردنی وەسفەکە و پشوودان دەڵێت:
«…”هەندێک جار نیوەی ڕوخسارم یان چارەکێکی دەردەکەوم، تا لە ناوەڕاستی مانگدا بە پڕی دەردەکەوم و سەیری زەوی دەکەم و دەبینم منداڵەکان بە ئارامی خەوتوون. ئەستێرەی بچکۆلانە، ئایا دەزانیت هەندێک کات لە پشت هەورەکانەوە خۆم دەشارمەوە و لە دوورەوە سەیری زەوی دەکەم؟ ڕەنگە لەو کاتەدا نەتوانیت بمبینیت، بەڵام من هەر لەوێم. دواتر دەست بە ئاوابوون دەکەم و شوێنەکە جێ دەهێلم بۆ ئەوەی خۆر بگەڕێتەوە. من کەمێک پشوو دەدەم و پاشان جارێکی تر دەگەڕێمەوە، تاوەکو کۆتایی مانگ کە وردە وردە دەست بە ئاوابوونی کۆتایی دەکەم.”»
زۆرجار بەستنەوەی گەردوون بە مرۆڤەوە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە وەک دێڕی (سەیری زەوی دەکەم ئەبینم منداڵەکان بەئارامی خەوتوون) هەستی پارێزراوی و سۆزداری بە منداڵ دەبەخشێت، واتە گەردوون چاودێری دەکات و دەیهەوێت بنوێت.
یان ئاماژەدان بە گەڕانەوەی خۆر و پشوودانی مانگ، ڕێکوپێکی و هاوسەنگیی سروشت فێری منداڵ دەکات.
لە کۆتایی چیرۆکەکەدا نووسەر بە زمانێکی منداڵانە چیرۆکەکە تەواو دەکات و دەڵێت:
«ئەستێرەکان زەردەخەنەیان کرد و وتیان: “ئەی مانگ، ئێمە زۆر بەختەوەرین کە تۆمان ناسی و لەگەڵتدا کار دەکەین، ئەمشەو زۆر شت لە بارەی تۆوە فێر بووین.” (هەناسە) بە وردی گوێی لەو گفتوگۆ شیرینەی نێوان مانگ و ئەستێرەکان بوو، هەستێکی زۆر خۆش بەسەریدا زاڵ بوو؛ وەک ئەوەی ئەوان هاوڕێی نزیکی بن. هەر بۆیە (هەناسە) پەنجەرەکەی جێهێشت، سەری خستە سەر سەرینەکەی و بە ئارامی چاوەکانی داخست، وەک ئەوەی خۆی پاڵەوانی ڕاستەقینەی ئەو چیرۆکە ئەفسوناوییە بێت.»
لێرەدا پەیوەندیی هاوڕێیەتی و سوپاسگوزاریی ئەستێرەکان بۆ مانگ بەهای هاوکاریکردن و ڕێزگرتن لە یەکتر فێری منداڵ دەکات.
کۆتاییەکی ئارام و خەواڵوو جووڵەی (هەناسە) بۆ سەر سەرینەکەی و داخستنی چاوەکانی بە ئارامی، جوانترین کۆتاییە بۆ چیرۆکێکی منداڵان؛ چونکە چیرۆکەکە ئامانجەکەی پێکاوە کە بریتییە لە ئارامکردنەوەی منداڵ و هاندانی بۆ نووستن لەگەڵ خەیاڵێکی شیریندا.
خاڵە سەرنجڕاکێشە گشتییەکانی ئەم چیرۆکە
جوانیی دەستپێک و دیمەنە ژینگەیییەکان پیشان دادات نووسەر بە وەسفێکی هێمنانەی شەو، ئەستێرەکان و مانگ، مێشکی منداڵ بۆ ناو کەشێکی ئارام و خەیاڵی دەبات، کە ئەمەش یارمەتیی هێمنبوونەوەی دەروونی منداڵ دەدات پێش خەوتن.
زانیاری گرنگ دەربارەی مانگ بەمنداڵ دەبەخشێت چۆنیەتی قۆناغەکانی مانگ و گۆڕانی قەبارەکەی، بە زمانێکی زۆر منداڵانە و لە ڕێگەی زمانی گفتوگۆی مانگ و ئەستێرەکانەوە ڕوون کراوەتەوە، کە ڕێگەیەکی نایابە بۆ فێربوونی زانستی بە چێژ.
لەڕوی پەیامی پەروەردەیی چیرۆکەوە ئەم چیرۆکە منداڵان فێردەکات کە سروشت زیندووە و نهێنی جوانی تێدایە، هەروەھا ڕووناکی دەداتە دەست منداڵ کە چۆن لە ڕێگەی خەیاڵفراوانییەوە دەتوانێت ببێتە بەشێک لە جوانییەکان.هیوای سەرکەوتن وبەردەوامی بۆ مامۆستا چرۆ ڕەشید دەخوازم.