فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چیرۆک بۆ منداڵان

بەچکە مەیمون و ئەزموون

ئەرسەلان حەسەن
نووسەر، سلێمانی

………………….

خێزانی بەچکە مەیمونەکە لەسەر دارێک دەژیان. ڕۆژێکیان کە بەچکە مەیمونەکە سەیری ژێر دارەکەی دەکرد، بینی گیاندارەکان هەر یەکە و بە شتێکەوە سەرقاڵن. چووە لای هاوڕێکانی و پرسی:
– “ئێوە دەزانن ئەو گیاندارانە چی دەکەن؟”!
هاوڕێکانی وتیان:
– “نەخێر نازانین، ڕەنگە خەریکی ژیانیان بن. ئێمەش وەک تۆ بچووکین و هێشتا زۆر شت نازانین.”
بەچکە مەیمونەکە هاتەخوارەوە. مێرولەیەکی بینی کۆڵێکی گەورەی بەکۆڵەوە بوو، جاڵجاڵۆکەیەکیشی بینی تۆڕێکی جوانی لە نێوان دوو لقی دارێکدا دەچنی. قالۆنچەیەکیش بە هەر دوو قاچی دواوەی تۆپێکی خڕی بەرەوپێش پاڵ دەنا. کاتێکیش چووە سەر ڕووبارەکە، کۆمەڵە مراویەکی بینی بەیەکەوە لە ئاوەکەدا مەلەیان دەکرد.
بەچکە مەیمونەکە لە هەر یەکێکیانی پرسی:
– “ئەوە چۆن فێری ئەم کارە بوون؟”
هەموویان پێکەوە وتیان:
– “لە ئەزموونەوە! ئەزموونی خۆمان و ئەوانی دیکە.”
بەچکە مەیمونەکە بەلایەوە سەیر بوو. لە دڵی خۆیدا وتی:
– “دەبێت ئەزموون بەری چ دارێک بێت؟! ئایا میوەیەکی بەتامە؟ با بڕۆم لێی بکەمەوە و تامی بکەم”!
خێرا گەڕایەوە سەر دارەکە و بەچکە سمۆرەکانی بینی پێکەوە یارییان دەکرد. باپیرەی بینی، پرسی:
– “ئەرێ باپیرە، ئەزموون چییە؟ ئایا میوەیەکی بەتامە تا بیخۆم و بیکەم بە ئەزموونی خۆم؟”
باپیرەی بە پێکەنینەوە وتی:
– “نا ڕۆڵەگیان! ئەزموون میوە نییە. ئەزموون واتە فێربوون لە ژیان. هەر کارێک بەردەوام دووبارەی دەکەیتەوە، شتێکی نوێی لێ فێر دەبیت؟”!
باپیریشی ئەو چیرۆکەی بەر ئاگردانی زستانانی بۆ گێڕایەوە نەنکی دایکی بۆی گێڕابۆوە کە (باوکی شوانی مەڕەکان دەبێت ڕۆژێک دەچێتە ژێر دار کرۆسکێک و دەبینێت کرۆسێکی زۆری پێوەیە. بڕیار دەدات کرۆسکەکان لێبکاتەوە و ئێوارێ لەگەڵ خۆی بیانهێنێتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام کە کرۆسکەکان لێ دەکاتەوە و لەسەر زەویەکەیان دادەنێت، دەبینێت کرۆسکەکان وەک ئەوەی سەما بکەنە بەرز دەبنەوە و دەگەڕێنەوە بۆ سەر دارەکە. ئەمەی بەلاوە سەیر دەبێت و دوای ئەوەی بیریان لێ دەکاتەوە، نانەبەرەکەی دەکاتەوە و دەیانخاتە ناو نانەبەرەکەوە.)
بەچکە مەیمونەکە کلکی ڕاوەشاند و بە دڵخۆشییەوە وتی:
– “ئەها! زانیم. کەواتە منیش هێشتا بچووکم، بەڵام کار دەکەم تا ئەزموون پەیدا بکەم. با لە کارەکەمدا هەڵە بکەم. ئەی باپیرە، دەکرێت ئەمڕۆ لەگەڵ تۆدا فێری دۆزینەوەی باشترین میوەکان بم؟ ئەمە دەبێت بە یەکەم ئەزموونی من؟”!