فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دیوارەکان درەنگ ڕووخان

ڕەزا یارئەحمەدی” کارزان”
نووسەر، مەھاباد

………………………….

بۆنی بۆدرەی منداڵ و پەڕۆ کۆنەکان، هەوای ژووری دانیشتنەکەی قورس کردبوو.
“ئێلۆنا”ی تەمەن ٩٩ ساڵ، لەسەر کەنەپەکە پاڵی دابووەوە. جەستەی لاوازی لەژێر پەتووە ناسکەکەی نزیکی داشاردرابوو. چاویلکە زەڕەبینییەکەی کەمێک داخزیبوو. بەڵام تەمەنی درێژی، هێشتا نەیتوانیبوو تین و وزەی مێشکی دابەزێنێت.
بەروارەکان، ناوەکان و ڕووخسارەکانی لەبیر مابوو. کەچی کەسانی دەوروبەری، زۆر شتی ڕابردوویان لەبیر کردبوو.
گەر “مارتا” لە گفتوگۆیەکی خێزانیدا ناوی کەسێکی بە هەڵە بگوتایە؛ دایەگەورەی هەر لەو ساتە، هەڵەکەی ڕاست دەکردەوە.
جاری وا بە گاڵتە و جەفەنگ، پێیان دەگوت: «قوربانی نەنکی سەر باڕۆکەمان بین.»
ڕۆژی یەکشەممە، وەک زۆربەی یەکشەممەکانی دیکە، مارتا لە ژووری دایەگەورەی، بەرامبەر پەنجەرەکە دانیشتبوو.
مارتا ڕۆژنامەنووسێکی ناسراو و چالاکە. زیاتر لە هەواڵەکانی ڕۆژ، حەزی لە مێژوو و چیرۆکی مرۆڤەکانە. لە ڕابردووی کۆمەڵگا. ئەو بەشەی، شوێنپێی بە باشی لە کتێبە مێژووییەکاندا نەدەدۆزرایەوە.
تەلەفیزیۆنەکە هەڵکرابوو.
مارتا بە مۆبایلەکەی هەواڵەکانی ڕۆژی دەخوێندەوە. لەناکاو پەنجەی لەسەر شاشەی مۆبایلەکەی ڕاوەستا.
وێنەی ماتۆڕسیکلێتێکی ژەنگاوی، شاشەکەی داگیر کرد.
لەژێر وێنەکە نووسرابوو:
«ئاگۆستی ٢٠٢٦ – ماتۆڕسیکلێتێکی سەربازیی ئەڵمانی لە جۆری DKW NZ 350-1 ، دۆزرایەوە.»
مارتا گوتی: «دایەگەورە، ئەم ماتۆڕەت دیتووە؟»
ئێلۆنا دەستی بۆ سەماعەکەی برد.
+ «چیت وت؟»
مارتا مۆبایلەکەی بەرز کردەوە.
– «دەڵێم لە کاتی شەڕی دووەمی جیهانی، ئەم جۆرە ماتۆڕانەت بینیوە؟»
ئێلۆنا کەمێک سەیری شاشەی مۆبایلەکەی مارتای کرد. لە ناکاو، وێنەی تەلەفیزیۆنەکە، سەرنجی زیاتر ڕاکێشا.
+ «چ هەڵکەوتێکی سەیر!»
پێشکەشکاری تەلەفیزیۆنەکە گوتی: «لە دوای دابەزینی بێوێنەی ئاستی ئاوی ڕووباری دانوب، جارێکی‌تر لە هەندێک بەشی بنەڕەتی ڕووبارەکە شوێنەوارەکانی شەڕی دووەمی جیهانی دەرکەوت. لەنێو ئەو دۆزینەوانەدا، ماتۆڕسیکلێتێکی جۆری DKW NZ 350-1 و ڕوفاتی دوو سەربازی ئەڵمانی بیندراوە.»
مارتا کۆنترۆڵەکەی هەڵگرت. دەنگی تەلەفیزیۆنەکەی بەرز کردەوە.
وێنەی ماتۆڕسیکلێتەکە لەسەر شاشە دەرکەوت. ژەنگاوی و قوڕاوی و زیانلێکەوتوو.
ئێلۆنا لەناکاو سەری بەرەوپێشەوە برد.
چەند چرکەیەک تێپەڕی. لێوەکانی لەرزین.
+ ماتۆڕی «DKW…»
مارتا سەیری کرد.
– «دەیناسی؟»
ئێلۆنا هیچ وەڵامێکی نەداوە. چاوەکانی لەپشت جامی چاویلکەکەی، گەیاندەوە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکە.
مارتا بە دەنگێکی نزمەوە گوتی: «دایەگەورە…»
ئێلۆنا گوتی: «”مەم”یش DKWی هەبوو. باکی بەنزین و چرای پێشەوەی، هێشتا لەبەرچاومایە. دەنگی ماتۆڕەکەی لە دەنگی هەموو ماتۆڕەکانی‌تر جیاوازتربوو. کاتێک مەم دەهاتەلام، پێش ئەوەی خۆی ببینم، دەنگی ماتۆڕەکەیم دەبیست. کاتێک ئەم وێنەم بینی؛ بۆ ساتێک هەستم کرد؛ گەڕاومەتەوە ٨٠ ساڵ پێش ئێستا.»
مارتا مۆبایلەکەی لەسەر مێزەکە دانا.
– «مەم؟… ناوێکی سەیرە!… کێ بوو؟…»
ئێلۆنا بزەیەکی خستە سەر لێوەکانی.
+ «هەمان مەم کە هەرگیز پرسیارت لێ‌نەکردم.»
مارتا چەند چرکە بێدەنگ مایەوە. پاشان گوتی: «هەرگیز ناوت نەبردووە؛ تا پرسیارت لێ‌بکەم.»
ئێلۆنا ڕووی وەرگێڕا.
+ «هەندێک شت هەن، بۆ باسکردن نابن.»
– «بۆچی؟»
+ «هەندێک بیرەوەری گەر باس بکرێن؛ وەک برینی کۆن سەرلەنوێ زار دەکەنەوە. دڵ و مێشکت دەجوون و لە ناوی دەبەن.»
مارتا زیاتر لە ئێلۆنا نزیک بووەوە.
– «دایەگەورە گیان!»
مارتا بە هەست و سۆزەوە، ناوچاوانی چرچی دایەگەورەی ماچ کرد.
– «خۆشەویستەکەم، هیوادارم هەر وا تەمەن‌درێژ بی. بۆ خۆم لە ٢٠٢٧ جەژنی لە دایکبوونی ١٠٠ ساڵەییت بۆ دەگرم. بەڵام گەر دەتهەوێ تەوەرێکم بۆ ڕوون بکەیتەوە؛ ئێستا کاتی هاتووە.»
ئێلۆنا بەهێمنی چاویلکە و پەتە گرێدراوەکەی، لە سەر سنگی بەرداوە.
+ «حەڤدە ساڵم بوو.»
مارتا بە نیانی پرسی: «حەڤدە؟»
+ «زستانی ساڵی ۱۹٤٥ی بوداپێست، پاش هەشتا ساڵ، جارێکی‌تر لە مێشکمدا زیندوو بووەوە.
بوداپێست چیتر وەک شار نەمابوو. دەنگی تۆپخانە لەم بەر و ئەو بەری دانوبەوە دەهات. خواردن دەست نەدەکەوت. خەڵک بۆ لەتە نانێک چەند کاتژمێر لە سەرە ڕادەوەستان. سووتەمەنی کەم، کارەبا و ئاوی خواردنەوە کێشەی زۆریان هەبوو. شەقامەکان مەترسیدار بوون. هەموو دەنگێک دەیتوانی دەنگی تۆپ و تەقینەوە بێت. ژمارەیەکی زۆر لە خانوو و بیناکان زیانیان پێگەیشت. پەنجەرەکانمان بە پەتوو و بەتانی داپۆشاند. خەڵک بە ناچاری لە ژێرخان و شوێنە پارێزراوەکان، خۆیان دەشاردەوە.
لەو ڕۆژە ناخۆشانە، تەنیا کەسێک کە دڵی خۆش دەکردم؛ مەم بوو. مەم سەربازێکی جوانخاسی سپای ئاڵمانیا بوو. بەڵام جیاواز لەوانی‌تر.»
مارتا پرسی: «چ جیاوازیەکی هەبوو؟»
+ «ئەو زمانی مەجاری دەزانی. مەم لە ڕاستیدا، شارەزایی باشی بە سێ زمانی: مەجاری، ئاڵمانی و کوردی هەبوو.
مەم لە هەندێک سەربازی دیکە نەدەچوو. ئەو بە خواستی خۆی بەشداری لە شەڕدا نەکردبوو.»
مارتا بە سەرسووڕمانەوە گوتی: «تێنەگەیشتم؛ ڕەچەڵەکی کوێندەری بوو؟!»
ئێلۆنا پێکەنی.
+ «باوکی مەم لە شەڕی یەکەمی جیهانی، لە لایەن سوپای عوسمانییەوە ناردرابووە بەرەی شەڕی ئاڵمانیا و هاوشانی ئەوان شەڕی کرد. دوای جەنگ، نەگەڕایەوە عوسمانی و هەر لە بەرلین لەگەڵ کچێکی بە ڕەچەڵەک مەجاری، هاوسەرگیری کرد. مەم و برایەکی دیکەی لەم خێزانە گەورە بوون. باوکی کورد بوو و کوردی فێرکرد. دایکی مەجاری و لە قوتابخانەیشدا ئاڵمانی فێربوو. بۆیە کاتێک مەم گەیشتە بوداپێست، بۆ وەرگێڕان بردیانە نووسینگەی فەرماندەیی ئاڵمانییەکان.
مەم دایکی زۆر خۆش دەویست. بەڵام دایکی بە شێرپەنجە دەمرێ. ئەو کات مەم ٢١ ساڵی تەمەن بوو. باوکیشی چەند مانگ دوای مردنی “ئیلا”ی هاوسەری، دەمرێ. مەم دەمێنێ و برایەکی کە ٣ ساڵ لە مەم گەورەتربوو. بەڵام ماوەی ساڵێک بوو؛ بنەماڵەی بەجێهێشتبوو و بۆ کەسابەت، چووبووە میونیخ. مەم هەواڵێکی وای لێ‌نەبوو.
پاش ماوەیەک، بە زۆر مەم دەبەنە بەرەی شەڕ لە بۆداپێست.»
مارتا بێدەنگ مایەوە.

ئێلۆنا بەردەوام ما: «تەمەنی مەم لە کاتی گەمارۆی بوداپێست گەیشتبووە ٢٢ ساڵ، یادی بەخێر! تەواوی ئەم زانیاریانەم کاتی خۆی لە مەم بیست.
بابەتێکی سەرنج ڕاکێش لە ناو قسەکانی مەم ئەوە بوو. دەیگوت: کاتێ برا گەورەکەم لە دایک بوو؛ باوکم بە دایکم دەڵێ: تۆ ناوێک بۆ کوڕەکەمان هەڵبژێرە. ئەویش ناوی مەجاری “ئیشتوان”ی لە سەر دادەنێت. ناوی منیش هەڵبژاردەی باوکم بوو.»
مارتا گوتی: «چ سەرنج ڕاکێش! پلەی سەربازی مەم چی بوو؟»
ئێلۆنا پێکەنی.
+ «لەو ڕۆژانەدا، من زیاتر سەیری چاویم دەکرد. پلەی سەربازییم بۆ گرینگ نەبوو.»
مارتا پێکەنی.
+ «مەم خۆی ماتۆڕسیکلێتێکی لێ دەخوڕی. زۆربەی شەوان بە ترس و دڵەڕاوێکەوە، لە لێواری دانوب، شان بە شانی یەک دادەنیشتین و بە ئەوینەوە، لە گەڵ یەک دەدواین.
شەوێک گوتی: “گەر شەڕ کۆتایی بێت و زیندوو بمێنم؛ دەگەڕێمەوە و داوای هاوسەرگیریت لێ دەکەم.”»
– «تۆ چیت وت؟»
+ «بە ناز و پێکەنینەوە گوتم: سەرەتا زیندوو بمێنەوە؛ پاشان داوای هاوسەرگیری بکە.»
مارتا سەرلەنوێ پێکەنی. بەڵام ئێلۆنا پێنەکەنی.
+ «ئەڵقەیەکیشی لەگەڵ خۆی هێنابوو.»
– «ئەڵقە؟»
+ «ئەڵقەیەکی سادەی زیو، مەم دەیگوت لە پیرەپیاوێکی دەستفرۆشی گۆشەی مەیدانی دێئاکی کڕیوە.»
– «هێشتایش لەلاتە؟»
ئێلۆنا سەرێکی لەقاند.
+ «نەخێر، لێم وەرنەگرت. ئەڵقەکە لەلای خۆی مایەوە.»
مارتا پرسی: «دواتر چی ڕوویدا؟»
+ «مەم گوتی: “گەر بە هەر هۆیەک لە بوداپێست دەرچووم؛ نامەیەکت بۆ دەنێرێم و ئاگاداری ژیانمت دەکەمەوە.”»
ئێلۆنا سەری بەرەو پەنجەرەی لای چەپی سووڕاند.
+ «بەڵام قەت مەمم نەدیتەوە.»
مارتا بە هێمنی پرسی: «گیانی لە دەستدا؟»
ئێلۆنا ڕووی کردە مارتا.
+ «چەند ڕۆژێک دوای ئەم چاوپێکەوتنە؛ لە تەنیشت دانوب، لەو شوێنەی زۆر جار چاومان بە یەک دەکەوت؛ لەنێو گڕ و دووکەڵ و بەفر و ئاسنی سووتاو، ماتۆڕسیکلێتێکم بینی.»
مارتا قسەکەی بڕی: «هەمان DKW؟»
+ «لەوان دەچوو.»
– «تەرمی کەسێک کەوتبوو؟»
+ «بەڵێ، لە تەنیشت ماتۆڕەکە، تەرمی سەربازێکی ئەڵمانی کەوتبوو.»
مارتا چەند چرکە بێدەنگ مایەوە. پاشان پرسی: «ڕووخسارت بینی؟»
+ «بە سەر سکا کەوتبوو و کڵاوە پۆڵایینییەکەی، ڕووخساری داپۆشاندبوو.»
– «ئەی چۆن زانیت ئەو تەرمە، هی مەمە؟»
ئێلۆنا نیگای کزی بۆ دەرەوەی ژوورەکە ئەنگاوت و چەند خولەک بێدەنگ ماوە.
+ «ئەوی ڕاستی بێ؛ نەمزانی. جەرگم بڕابوو. لەو ڕۆژانە هەر سەربازێکی ئەڵمانی کە لە تەنیشت دانوب دەکوژرا؛ دەیتوانی مەم بێت. نەمتوانی بەدواداچوونی بۆ بکەم. ڕەنگە لە ترسی پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی، نەمویست بزانم.
دوای چەند ڕۆژ خەم و پەژارە و گریان، لە دڵی خۆمدا گوتم: ئەوە تەرمی مەم بوو. گەر زیندوو بووبایە؛ بە دڵنیاییەوە تا ئێستا هەواڵێکی لێ دەپرسیم.»
مارتا پرسی: «واتە هەرگیز دڵنیا نەبوویت؟»
+ «نازانم. شایەت بەڵێ، شایەت نەخێر»
ئێلۆنا بە نابەدڵی پێکەنی. پێکەنینێکی مەیلەو تاڵ و ترش
+ «لەو ڕۆژەدا، بڕواکردن بە مردن لە بەرگەگرتنی نەزانی، ساکارتر بوو.»
مارتا بە دلۆڤانی، دەستی دایەگەورەی گرت.
– «گیانەکەم، بۆچی هەرگیز ئەمانەت بۆ نەگێڕاوینەتەوە؟»
ئێلۆنا وەڵامی نەداوە.
مارتا بەردەوام ما: «من ساڵانێک وام دەزانی هەموو ژیانت باوەگەورە و منداڵ و نەوەکانتە. نەمدەزانی پێش ئێمە…»
ئێلۆنا قسەکەی بڕی.
+ «مەم گشت ژیانی من نەبوو. بەهاری ١٩٤٦ لە گەڵ بنەماڵەم بەرەو شاری تازە بنیادی “مێشکۆڵتس” کۆچمان کرد و هەر لەوێش بوو بە حەسرەتەوە لە گەڵ باوەگەورەت، هاوسەرگیریم کرد.»
مارتا سەیری کرد.
ئێلۆنا بە ئارامی گوتی: «بەڵام هەموو ژیانم بە یادەوەری ئەو بەردەوام مایەوە.»
مارتا گوتی: «هەست دەکەم هەر بەو هۆیەیش بوو؛ پاش مردنی باوەگەورە،گەڕایتەوە بۆداپێست.»
ئێلۆنا بزەیەکی خستە سەر لێوە چرچەکانی و گوتی: «باشی بۆ چووی.»
ئەو شەوە مارتا بە باشی خەوی لێ نەکەوت.
هەواڵی ماتۆڕسیکلێتەکە چیتر بۆی تەنیا هەواڵێکی ئاسایی نەبوو. پرسیارێکی ڕۆژنامەوانی لە مێشکیدا دەسووڕایەوە: «گەر ئەوە تەرمی مەم نەبووبێ؛ ئەی کەواتە مەم چی لێ بەسەرهاتووە؟»
ڕۆژی دواتر چوو بۆ “پەیمانگا و مۆزەخانەی مێژووی سەربازی وەزارەتی بەرگری” بوداپێست لە قەڵای بودا، لە شەقامی تۆت ئارپاد، ژمارە ٤٠، ١٠١٤
گیۆرگی، ڕاوێژکاری بەشی مێژوویی بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە، بە جوانی گوێی لە قسەکانی مارتا گرت.
مارتا گوتی: «لەوانەیە یەکێک لەو دوو ڕوفاتی سەربازەی لە تەنیشت ماتۆڕەکە دۆزراوەتەوە؛ مەم بێت.»
گیۆرگی وەڵامی دایەوە: «ناسنامەی ئەو دوو کەسە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.»
– «گەر یەکێکیان مەم بێت؟»
گیۆرگی گوتی: «بەشێکی گرینگی تاریکی چیرۆکەکەتان ڕووناک دەبێتەوە.»
مارتا گوتی: «گەر نەبێت؟»
گیۆرگی سەیری کرد.
× «ئەو کات دەبێ بڵێین گرێی چیرۆکەکە بە نەکراویی دەمێنێتەوە.»
چەند ڕۆژ دواتر، ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ڕووفاتی ئەو دوو سەربازە دیاریکرا. مەم لەنێویاندا نەبوو.
مارتا کاتێک هەواڵەکەی بیست؛ لە یەک کاتدا هەم خۆشحاڵ بوو؛ هەم زیاتر سەرسام مایەوە!
بە گیۆرگی گوت: «کەواتە دەبێ بزانین چی بەسەر مەم هاتووە؟»
گیۆرگی گوتی: «بۆ ئەم مەبەستە دەبێ ڕاپۆرتێکی فەرمی لە ئەڵمانیا وەربگرین.»
گیۆرگی ساڵانێک پێشتر لە پرۆژەیەکی مێژووییدا لەگەڵ توێژەرێکی ئەڵمانی بە ناوی “ماتیاس کلاین” ئاشنا بوو. بۆیە ئیمەیلێکی بۆ نارد.
ناوی خێزانیی مەمیان نەدەزانی. بەڵام ئەو زانیارییانەی کە ئێلۆنا لە بیرەوەرییە نایابەکەیەوە ئاشکرای کرد؛ هێدی هێدی بازنەی گەڕانەکەیانی تەسکتر کردەوە.
“زستانی ١٩٤٥، مەم، سەربازێکی گەنجی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک کورد، زمانی مەجاری و کوردی و ئاڵمانی دەزانی. وەرگێڕی نووسینگەی فەرماندەیی ئاڵمانییەکان لە بۆداپێست، خزمەت لە یەکە سەیارەییەکان، بەکارهێنانی ماتۆڕسیکلێتی جۆری DKW”
ماتیاس وەڵامی دایەوە: «تەنیا ئەو چەند زانیارییە تەواو نییە. دەبێت بە دروستی یەکە، پلەی سەربازی، یان ناوچەی خزمەتی یان ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی وەک زانیاری ڕەوا بدۆزینەوە.»
گەڕان لە ئەرشیف و تۆمارەکاندا دەستی پێ کرد.
لە ئەرشیفە سەربازییەکانی ئەڵمانیا، زانیاریی سەربازەکان، یەکەکان، پلەکان و مێژووی خزمەتی مێژووی خزمەتیان پشکنین کرا.
ڕۆژانێک تێپەڕین.
پاش چەند ڕۆژ، ماتیاس لیستی چەند سەربازێکی بۆ گیۆرگی نارد. یەکێک لە پەڕاوەکان سەرنجی ڕاکێشا.
لە تێبینییەکدا نووسرابوو: “مەم، ناوی تەواوی، مەم حەمۆ، لە بەرلین لەدایکبووە. یەکەی ماتۆڕسیکلێت، ناوچەی خزمەت هەنگاریا، نێوان ساڵەکانی ١٩٤٤ و ١٩٤٥”
بەڵام هێشتا هیچ شتێک بە دڵنیایی بەردەست نەبوو.
ماتیاس لە پەیامێکی دیکەدا نووسی: «گەر زانیارییەکانی دایەگەورە دەربارەی ماتۆڕەکە و ڕەچەڵەکی کوردیی مەم ڕاست بێت؛ ئەم پەڕاوە شایەنی لێکۆڵینەوەی زیاترە. چوون ناوی مەم و حەمۆ هەردوو، کوردین.»
چەند ڕۆژی دیکە تێپەڕی. ئیمەیڵێک لە ئەڵمانیاوە گەیشت.
گیۆرگی شاشەکەی کردەوە. چەند دێڕێک زیاتر نەبوو. مارتا لەتەنیشتی وەستابوو.
– «خۆیەتی؟»
گیۆرگی گوتی: «هێشتا نازانین.»
کۆتاکەی خوێندەوە.
× «مەم بە دڵنیایی لە لیستی کوژراوان یان ونبوواندا تۆمار نەکراوە.»
گیۆرگی بەدڵخۆشییەوە بەردەوام ما: «کەواتە لەوانەیە زیندوو مابێتەوە.»
***
لێکۆڵینەوەکە بەردەوام ما.
ئەمجارە زانیارییەک دۆزرایەوە کە هیچ کامیان چاوەڕێیان نەدەکرد:
“مەم لە بوداپێست دەرچووبوو. گەیشتبووە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا. دوای شەڕ لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا ژیا و لە ساڵی ۱۹۷۰ کۆچی دوایی کرد.”
مارتا لە شاشەکە زەق بووەوە.
– «واتە دایەگەورە…»
گیۆرگی گوتی: «هەشتا و چەند ساڵ بە هەڵە بیری کردووەتەوە.»
کاتێک هەواڵەکەیان بە ئێلۆنا گەیاند؛ چاویلکەکەی لابرد و چەند چرکەیەک واق و وڕ ما.
+ «وتت تا کەی ژیا؟»
– «۱۹۷۰»
ئێلۆنا سەرلەنوێ چاویلکەکەی خستە پێش چاوی.
+ «کەواتە…»
دەنگی لەرزی.
+ «مەم دوای شەڕ زیندوو ماوەتەوە!»
مارتا دەستی گرت.
– «بەڵێ، نزیک ٣٥ ساڵ…»
ئێلۆنا چاوەکانی نوقاند.
+ «من هەموو ئەو ساڵانە بۆ قارەمانێک ماتەمم گرت کە ٣٥ ساڵ دوای شەڕ لە ژیان مایەوە.»
گیۆرگی لە ماتیاسی داوا کرد بۆ بنیچەی خێزانیی مەم، بەدواچوون بکات و وەڵامی ئەم پرسیارە بدۆزێتەوە: «مەم دوای شەڕ، لە ئەڵمانیا سەرقاڵی چی بوو؟»
ماتیاس دوای هەوڵ و پرسیار ناوی یەکێک لە کەسەکانی مەمی دۆزییەوە. ئەو کەسە “فریدریش” بوو.
فریدریش، پیاوێکی ٨٢ ساڵە، لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٤، لە خانەی بەساڵاچووانی بەرلین دەژیا.
گیۆرگی پەیوەندیی پێوە کرد.
× «بەڕێز فریدریش، دەربارەی مەم لێکۆڵینەوە دەکەین. ئەو چی ئێوە بوو؟»
فریدریش پاش کەمێک بێدەنگی، گوتی: «مەم مامی من بوو.»
× «مام؟!»
> «بەڵێ، باوکم لە ساڵی ١٩٢٠ لەدایک بوو. مەم لە ۱۹۲۳، باوکم لە شەڕی ڕاینلاند، گیانی لەدەست دا. کاتێک مامم گەڕایەوە ئاڵمانیا، بۆ دۆزینەوەی باوکم، دێتە میونیخ، بێ خەبەر لە کوژرانی و بێ خەبەر لە هاوسەرگیری نافەرمی لە گەڵ خاتوونێکی کرێکاری کارخانەی BMW بە ناوی “گرێتا”، ئەو شوێنەی باوکیشم کاری تێدا دەکرد. بە ناونیشان لە کرێکارانی کارخانەکە، منی لە “وایزەنهاوس”ی میونیخ دۆزییەوە. دایکم منی بەو شوێنە سپاردبوو و بۆ هەتاهەتایە بەجێیهێشتم. کەس نەیزانی سەری خۆی بۆ کوێ هەڵگرت؟ بۆیە هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ مامم گەورە بووم.»
گیۆرگی گوتی: «بۆ ئەو ڕووداوە بەداخم!… دەربارەی ئەو ماوەی بە هۆی شەڕەوە، مامت لە بوداپێست بوو؛ شارەزاییت لا هەیە؟»
ڕەنگی ڕووخساری فریدریش گۆڕا.
> «بوداپێست؟… مامم هەمووکات باسی بوداپێستی بۆ دەکردین. دەیگوت دڵدارەکەی لەوێ بە جێهێشتووە. بەڵام هەرگیز ناوی پێ‌نەگوتین. دەیگوت زایەڵەی دەنگ و بۆنی خۆشەویستی دایکم، لەو کچە مەجارییەدا بینیوەتەوە.»
× «فریدریش با بزانی؛ ناوی ئەو خاتوونە ئێلۆنا بوو.»
فریدریش بۆ ساتێک بێدەنگ بوو. پاشان گوتی: «ئەم ناوەم هەرگیز لە مامم نەبیستووە. بەڵام دەیگوت گەر ڕۆژێک بگەڕێتەوە بوداپێست، ئەوە هاوسەرگیری لەگەڵدا دەکەم. زۆر جار دەیویست نامەیەک بگەیەنێتە ئەو خاتوونە.»
گیۆرگی گوتی: «تکایە با پەیوەندییەکی ڤیدیۆییمان لەگەڵ یەکتردا هەبێت.»
فریدریش ڕازی بوو.
پاش یەک دوو کاتژمێر، پەیوەندیی ڤیدیۆییەکە کرایەوە.
فریدریش لەسەر شاشە دەرکەوت. پیرەمێردێکی لاواز، بە چاویلکەیەکی زەرەبینی و سەماعەیەک لە گوێی چەپیدا.
ئێلۆنا لەبەردەم کۆمپیوتەرەکە دانیشتبوو.
چەند چرکەیەک تەنیا سەیری یەکتریان کرد.
گیۆرگی ڕووی کردە فریدریش و گوتی: «ئەم خاتوونەی لە پەنام دانیشتووە؛ ئێلۆنایە.»
فریدریش بۆ ماوەیەک لە ئێلۆنا زەق بووەوە. پاشان گوتی: «مامم زۆر باسی ئێوەی دەکرد. هەندێک جار گۆرانییەکی مەجارستانی بۆ خۆشەویستیت دەگوتەوە. بەڵام هەرگیز ناوی ئێوەی نەهێنا. دەیگوت گەر ناوتان بدرکێنێ؛ ئەوە بیرەوەرییەکی خۆش لە دەست دەدات.»
ئێلۆنا دەستە لەرزۆکەکەی ڕاستی خستە سەر سینگی.
+ «مەم زیندوو مایەوە و من نەمزانی. هاوار بە ماڵم!»
دەنگی ئێلۆنا لەرزی.
+ «ڕاستە دەڵێن تا ساڵی ۱۹۷۰ ژیا؟»
> «بەڵێ، تا ساڵی ۱۹۷۰ ژیا.»
ئێلۆنا چاوەکانی بەست.
فریدریش بەردەوام مایەوە.
> «ئەو هەرگیز هاوسەرگیری نەکرد.»
+ «بۆچی؟»
خەم و شادی بە تێکەڵی لە ڕووخساری فریدریش دەرکەوت.
+ «دەیگوت دڵدارەکەم لە بوداپێست چاوەڕێی دەکات. بەڵام هەرگیز نەیگوت کێ؟ بۆیە منیش نەمزانی تا کۆتا ژیانی بۆ کێ گەڕا؟!»
فرمێسک لە گۆشەی چاوەکانی ئێلۆنا هاتنەخوار.
+ «بۆ هەوڵی پتەوی بۆ دۆزینەوەم نەدا؟»
فریدریش بە نابەدڵی سەری ڕاوەشاند.
> «هەوڵی نەدا؟…
خاتوون گیان، دوای شەڕ هەندێک خەڵک کۆچیان کردبوو. مامم هەرگیز خێزانیی ئێوەی نەدۆزییەوە. بوداپێستێک کە ئەو بینیبووی؛ وەک جاران نەمابوو. کەس نەیتوانی یارمەتیدەری بێت.»
+ «بریا قەت ڕوومان لە مێشکۆڵتس نەنایە!»
فریدریش لە کامێراکە نزیک بووەوە.
> «بۆیە مامم نەیتوانی بتاندۆزێتەوە. تەنانەت نەیتوانی هەرگیز نامەیەک کە بۆ ئێوەی نووسیبوو؛ بنێرێت.»
+ «بۆچی؟»
> «مامم وتی: “گەر ڕۆژێک گەڕامەوە بوداپێست؛ بۆ خۆم نامەکە ئەدەمە دەست دڵدارەکەم.” ئەو نامە بۆ مامم بەڵگەنامە بوو.»
چەند چرکە بێدەنگی نێوانیان سازبوو.
ئێلۆنا بە دەنگێکی لەرزۆکەوە گوتی: «من بڕوام هێنا. مەم بەئەمەگ مایەوە. زۆری هەوڵدا. چاوەڕێی کرد. نامەی نووسی. بەڵام وا دیارە کات و سنوور، ڕێگریان بوو. بەڵام من بێ وەفا مامەوە.»
فریدریش گوتی: « مامم پاکەتە نامەکەی لەنێو شتە کەسییەکانی هەڵگرت. دوای مردنی، کەوتە بەرچاوم. بۆتانی پۆست دەکەم.»
کاتێک نامەکە گەیشتە بوداپێست؛ مارتا پاکەتەکەی لەبەردەم دایەگەورەی دانا. گیۆرگیش لەوێ بوو.
ئێلۆنا دەستە لەرزۆکەکانی بەرەوپێشەوە برد. دەستی بە سەر پاکەتەکەدا کێشا. چاویلکەکەی ڕاست کردەوە. بوغز گەرووی گووشی: «خەتی خۆیەتی.»
مارتا بە سەرسووڕمانەوە لێی پرسی: «دەیناسی؟!»
ئێلۆنا پێکەنی.
+ «بیرەوەرییەکانم لە چاوەکانم گەنجتر و بەهێزترن. لەو چەند هەفتەیەی یەکترمان ناسی؛ دوو بۆ سێ جار بە وردی و هەست و سۆزەوە، خەتی جوان و ئەویندارانەی مەمم بینی.»
پاکەتە نامەکەیان کردەوە.
مارتا بە دەنگێکی ئارام، دەستی بە خوێندنەوە کرد.
«ئێلۆنای خۆشەویستم
گەر ڕۆژێک ئەم نامەیە بێ من گەیشتە دەستت؛ بزانە نەمتوانی بگەڕێمەوە لات. فەرمانیان پێداین بوداپێست بەجێبهێڵین. من ڕێگای ئەڵمانیا دەگرمەبەر. نازانم زیندوو دەمێنمەوە. نازانم دەگەڕێمەوە یان نا. نازانم شەڕ چیم بەسەر دێنێت؟ لەم بارودۆخە هەستیار و نامۆیەدا تەنیا ئەوەندە دەزانم؛ نامەوێت دوا شت کە لە بوداپێستەوە لەگەڵ خۆمدا دەیبەم؛ ترس بێت.
هەموو کات چاوە جوانەکانت لەبەرچاومان. هەندێک جار هەست دەکەم دەنگت دەبیستم. بە مەجاری گۆرانی “یەکشەممەی خەمناک” دەخوێنی کە لە کاتی پێکەوە بوونمان و تەنانەت لە کاتی تەقینەوەکاندا بەیەکەوە گەڕەلاوژەمان دەکرد:
“یەکشەممەی خەمناک، لەگەڵ سەد گوڵی سپیدا؛ چاوەڕێم کردی.
ئەی گیان، لە ناخی نزا و بێدەنگیدا.
بە دوای خەونە ونبووەکان
یەکشەممەی پڕ لە ڕووناکی، ئەی خەمەکانم!
سەرم بەسەرتاندا شۆڕبووەوە.
بەبێ تۆ، ژیان تەنیا گەڕانەوەیە بۆ دووبارەبوونەوەی هەمان خەونە خەمناکەکان.
لەو ڕۆژەوە، هەموو یەکشەممەیەک بۆ من، پەیامێکی خەمناکە.
ئاواتەکانم بوون بە فرمێسک، نانی ڕۆژانەم خەمە.
یەکشەممەی خەمناک، ساتێ بێ تۆ،
پڕە لە بێدەنگی و ئاگر و پەژارە.
یەکشەممەی کۆتایی!
وەرە، ئەی دەنگی نزیک،
تابووتی بێدەنگ و کفنی سپی، دارمەیتێک بە بۆنی گوڵاو،
لە ژێر سێبەری دارستاندا.
ڕێگای کۆتایی من ڕووناکە.
چاوەکانم لە حاند تۆدا کراوەن.
مردووش بم؛ دەستپاکیت بۆ دەخوازم.
تۆ دەتوانی ژیانم بپارێزی.
ئەی شلکی شەوان و ڕۆژانم.
خەم گەورەترین هاوڕێی منە.
یەکشەممەی خەمناک، شەو و ڕۆژ تۆم لە باوەش دەگرت.
ئێستا من و خەمەکانم، لەگەڵ بێدەنگییەکەدا دەمێنینەوە.
ئەوە یەکشەممەیەکی‌تر نزیکە.
ئەی دڵی گوشراو.
چاوەڕێی مردن و کفن و تابووتی سپی.
گوڵەکان بۆ من دەگرین. باڵندەکان بۆ من لە فڕین دەکەون.
یەکشەممەی خەمناک، ئەی دوایین یەکشەممەی ژیانم.
ئەمە کۆتا نامەیە. کۆتا پەیام. کۆتا نوێژ.
لەگەڵ خەمەکانم، بەرەو کۆتایی دەڕۆم.
ئەی خۆشەویستی ونبوو. چاوەڕێی تۆم.
لە کفن و تابووت و سێبەری گوڵاودا.
ئەی یەکشەممەی خەمناک، ئەی کۆتا یەکشەممەی من.”
ئێلۆنا گیان، دەمەوێت بپرسم: ئایا تۆ چاوەڕێم دەمێنیتەوە؟
با باش بزانی؛ ئەڵقەکە هەر لای خۆمە. دوا شەوم لە بۆداپێست، لە ژێر بەفر و تەقینەوەکاندا؛ بە خۆمم گوت: گەر زیندوو مامەوە و توانیم بگەڕێمەوە؛ ناهێڵم جارێکی دیکە دابڕانم بێت. بەڵام گەر نەمتوانی بگەڕێمەوە و گیانم لە دەستدا؛ ئەوە با ئەم نامەیە شاهید بێ کە من تا کۆتایی ژیانم بەئەمەگ مامەوە. هیوادارم ئەم نامە بە هەر شێوازێک، بە ساغی بکەوێتە بەردەستت.
ئەوینداری ڕاستەقینەت، مەم
فێبریوەری ١٩٤٥
بوداپێست»
ئێلۆنا نامەکەی بە سنگیەوە نووساند. بوغزێک دایگرت.
+ «ئەو دەیویست بگەڕێتەوە لام. بە کوێرەوەری خۆی گەیاندە ئەڵمانیا. بەڵام مەخابن، نەکرا یەکتر  ببینینەوە!»
مارتا گوتی: «دایەگەورە، نامەکەی مەم گەییشت. ئەو هەرگیز وازی لە خۆشەویستی تۆ نەهێنا.»
مارتا ئەڵقەکەی هەڵگرت و خستییە ناو پەنجەی دایەگەورەی. ئەڵقەکە کەمێک گەورە بوو. ئێلۆنا دەستی بەرز کردەوە. بە وردی سەیری ئەڵقەکەی کرد. بۆ ساتێک چاوی لەسەر لابرد و لە پەنجەرەی ژوورەکەیەوە، چاوی بڕییە ئاسمانی زەردەپەڕی بوداپێست.
مارتا دەستی دایەگەورەی خستە ناو دەستی.
ئێلۆنا بە ئارامی گوتی: «مەم… تۆ بەڵێنەکەت بردە سەر. تۆ بەئەمەگ مایتەوە…»
کاتێک ئەم قسانەی وت؛ فرمێسک بە سەر گۆنای ڕژایە خوار. پێکەنینێکی مەیلەو مەیخۆش
+ «بە داخەوە! زۆر درەنگ گەییشت!»
مارتا هیچی نەگوت.
ئێلۆنا بزەیەکی لێدا. چاوی هەر لەسەر زەردەپەڕی ئاسمان بوو.
+ «بەڵام نا… مەم درەنگ نەگەیشت. دیوارەکان درەنگ ڕووخان. دیواری بێرلین درەنگ ڕووخا. دیواری سیاسەتی بەرامبەر یەکی رۆژئاوا و رۆژهەڵات درەنگ هەرەسی هێنا.»
چەند ساتێک بێدەنگی لە نێوانیان پەیدا بوو. تەنیا دەنگی بای ئێوارە بوو کە بە درزی پەنجەرەکەدا هاتوچۆی دەکرد.
ئێلۆنا چاوەکانی نوقاند.
کاتێک چاوی کردەوە؛ بە هەنەسکەوە، وتی: «ئێستا دەزانم؛ هەموو ئەو ساڵانە، مەم چاوەڕێی من ماوە. تکاتان لێدەکەم؛ بڕوا بکەن تا بە ئیمڕۆیش مەم لە ناو جەرگ و هەناوی منیش هێلانەی کردووە.
ئێوە چوزانن ڕفاندنی ژنانی مەجاری لەلایەن هێزەکانی ڕووس و ناردنی زۆرەملیان بۆ کارکردن لە کانگاکانی یەکێتی سۆڤیەت، کە زۆرجار بە مردن کۆتایی دەهات چ هەستێکی کوشندەبوو؟ من مێردم کرد تا خۆم لەو قەیرانە ڕزگار بکەم. من دان بەوەدا دەنێم کە هیچ دڵدارییەک نێوان من و ئۆلیڤەری مێردم ڕووی نەدا.»
مارتا دەستی گووشی.
گیۆرگی چاوی لە هەردووکیان کرد و بە هێمنی گوتی: «هەندێک خۆشەویستی، هەرچەند، کات و مەودا، جیایان دەکاتەوە؛ بەڵام هەرگیز نامرن.»
ئاگۆستی ٢٠٢٦، ماتۆڕسیکلێتی DKW NZ 350-1 لە دانوب دەرهێنرا و بۆ پەیمانگا و مۆزەخانەی مێژووی سەربازی وەزارەتی بەرگری گوازرایەوە. لەوێش کەوتە ژێر پڕۆسەی پاراستن و لێکۆڵینەوە.
هەمان ئەو ماتۆڕسیکلێتە ڕاستەقینە کە لەگەڵ ڕووفاتی دوو سەربازی ئەڵمانی لە بنەڕەتی دانوبەوە دەرهێنرابوو.
مارتا لەتەنیشت ویترینەکە وەستا و گیۆرگی لەتەنیشتی.
مارتا بە سەیرکردنی ویترینەکە گوتی: «سەیرە، ئەم ماتۆڕە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە مەمەوە نەبوو.»
گیۆرگی پێکەنی: «بەڵام گەر نەدۆزرابایەوە؛ لەوانەیە هەرگیز چیرۆکی دایەگەورەت نەبیسترایە.

ئەم پارچە ئاسنە، بوو بە بیانووی کردنەوەی دەرگای ڕابردوویرکی تاڵ و شیرین»
گیۆرگی لە تەنیشت ویترینەکە، پلاکێکی بچووکی دانا. نە ناوی مەم، نە ناوی ئێلۆنا، نە ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی خۆشەویستییەک کە زیاتر لە ٨٠ ساڵ نێوان دوو لای ئەورووپا ون بووبوو. هەر ئەوەندە: «دیوارەکانی کات»
ئێلۆنا چاویلکەکەی کەمێک بەرز کردەوە. سەماعەکەی لابردبوو. مارتا دەستی دایەگەورەی گرت.
ئێلۆنا چاوی لە چاوی نەوەکەی بڕی و بە بزەوە گوتی: «مێشکم هێشتا هەمان مێشکی کچە حەڤدە ساڵانەکەیە کە ڕۆژێک لە بوداپێست عاشق بوو. تەنیا شتێک کە پیر بووە؛ کاتە.»
مارتا دەستی زیاتر گووشی. پاشان گوتی: «دایەگەورە، کەس ناتوانێت کات بگەڕێنێتەوە؛ بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە بەڵێن و یادەوەرییەکانن. ئەمەگ و وەفای مەم خۆی بردنەوەیەکی گەورەیە.»
ئێلۆنا چاوی لە سەر ویترینەکەوە بەرەو دانوب سووڕاند. ڕووبارەکە لە ژێر تیشکی ئێوارەی زەردەپەڕدا، بە ئارامی بە تەنیشت بوداپێستدا تێدەپەڕی. هەمان ئەو ڕووبارەی ڕۆژێک ماتۆڕسیکلێتێکی لە نێو گڵ و لمی خۆیدا شاردبووەوە و پتر لە ٨٠ ساڵ دواتر، بێ ئەوەی خۆی بزانێت؛ دەرگای ڕابردووێکی لەبیرکراوی کردەوە.
ئێلۆنا بە هێمنی گوتی: «دەیان ساڵ تێپەری تا نامەیەک لە گەمارۆی بوداپێست ڕزگار بێت. مەم نەگەیشتە مەبەست؛ بەڵام نامەکەی، دواجار، گەییشت. ئێستا دەزانم هەرگیز وازمان لە یەکتر نەهێنا. تەنیا ڕێگاکان بوون کە درێژ کرانەوە.»
مارتا دەستی ئێلۆنای گرت و بە ئارامی گوتی: «دایەگەورە با بگەڕێینەوە بۆ ماڵ، پەردەی ڕەشی ئاسمان وردە وردە خەریکە دائەکەوێت.»
ئێلۆنا بە زەحمەت و لەرزین بە یارمەتی گۆچانی دەستی لە جێگەی خۆی هەستا. پێش ئەوەی هەنگاو هەڵبێنێت؛ جارێکی دیکە سەیری ماتۆڕسیکلێتەکەی ناو ویترینەکەی کرد. چاوەکانی پڕ بوون لە ئارامی و پەشیمانییەکی شیرین…
+ «مەم گیان، من و تۆ ئێستا جیا نین. چونکە تۆ لە ئەمەگداریدا مایتەوە و منیش لە یاددا. ئەوە خۆی لە خۆیدا زۆر پیرۆزە.»
گیۆرگی گوتی: «ئەم چیرۆکە دەبێت لە مۆزەخانەکە بمێنێتەوە.»
مارتا پێکەنی و گوتی: «نەخێر، ئەم چیرۆکە نابێت لە پشت جام و پلاکدا بمێنێتەوە. ئەم چیرۆکە دەبێ بڵاوبکرێتەوە تا جەماوەر بزانن خۆشەویستی چۆن لە نێو شەڕ و کاتدا دەمێنێتەوە.»
ئێلۆنا و مارتا لە مۆزەخانە دەرچوون.
مارتا بە پەنجەکانی ژێر باڵی ئێلۆنای گرت.
لە دەرەوە، دانوب هێشتا لە خوڕیندا بوو. بە بێ ئەوەی بزانی چەندین چیرۆکی نەگوتراوەی دیکەی لە قوڵایی خۆیدا شاردووەتەوە.
زەردەپەڕ پەڕی و بۆداپێست نوقمی ئێوارە بوو. ئێلۆنا و مارتا بە سەیارەکەیان گەیشتنە سەر پردی زنجیرەکان.
ئێلۆنا سەیری دانوبی کرد و گوتی: «ئەو شەوەی مەم بە منی گوت: “گەر زیندوو بمێنم؛ دەگەڕێمەوە.” ئەو گەڕایەوە؛ بەڵام بە شێوەیەکی دیکە. وەک ئەو نامەیەی کە زیاتر لە ٨٠ ساڵی خایاند تا گەییشت. هەرچەند دیوارەکان درەنگ ڕووخان. ئەمە لە خۆیدا بردنەوەیە.»
مارتا لە تەنیشتی وەستا و گوتی: «بەڵێ، دیوارەکان درەنگ ڕووخان. بەڵام کۆتا ئەنجامی ئازادی بوو.»

٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی