چنار عەلی
شاعیر، سلێمانی
“””
هەرکات
پەنجەرەی یادەکان دەکرێنەوە
وێنەکانت
یەک بە دوای یەک دێنە پێش دڵ
لە پێش چاو ؛
دڵ هێندە بێ شەرمە لەئاست
خۆشویستنت
نایەوێ بەهیچ جۆرێک لەبیرت بکات.!
“””
چاوەڕوانی ژەهرێکی تاڵە
بێدەنگی تاڵتر و کوشندەتر
بۆیە دەڵێم
بێدەنگیت باش .!
“””
دەزانیت
ئەم چەپی سینەم بەناوی تۆوە لێدەدات ؟!
“””
کە زەردەخەنە جوودا نابێت لەلێوانم
مانای وانییە ئیتر بێ خەمم
نا .. هەرگیز .. نا
لەو رۆژەوەی چاوم بە دڵنیا هەڵهێناوە
من نووقمی خەمم
چونکە هەڵگری هێمای ڕەگەزی ژنم.!
“””
ئەی ئەو کەسەی
هیچ کەس جێگەت ناگرێتەوە
تەنها جارێک
قەینا .. یەکجار وەرە
وەرە و با درۆ دەرهەق بە نەهاتن بکەین
تابدات لە شەقەی باڵ و
بەیەک بگەین من و تۆ .!
“””
نۆتەی دەنگت
بەبەهاترین ئاوازە بۆ ژەنینی دڵی من
ئەی بێ مروەت .!
“””
بۆ گەیشتنم بە وەصڵی دیدارت
هەموو سورەتەکانی عەشقم لەبەرکردووە .!
“””
زیکری تۆ
بۆتە پیشەی ڕۆژانەم کەی تێدەگەیت
بەبێ تۆ .. زیندوویەکی مردووم .!
“””
هەرکات
ناوت دێ بە خەیاڵمدا
تەنها دڵ و چاو فرمێسک ناڕژن
بەڵکو وەک ئەو ماسییەم لێدێ کە لە ئاو دوور دەخرێتەوە ؛
وەک ئەو گوڵە کێوییەم لێدێ کە لە ئیسفاڵتی خیابانە جەنجەڵەکان دەنێژرێ .!

