فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە

 

سه‌ردارقادر

شاعير و ڕەخنەگر، سلێمانی

…………………………….

 

نیوەشەوە بە عەشقێکی تەڵخ و لێڵەوە،…
وەک پەرەسێلکەیەک بەدەم کۆچەوە،
سەرم پڕ لە خەونی تۆ کردووە.
سەرگەردان دەفڕم و ناگەمە هیچ ئاسمانێ!

ئەی خەیاڵی بێ‌سەروشوێنی من!
چەند ئاسمان لە خۆمم جیا دەکاتەوە؟
کەچی باهۆزی خەیاڵ لە توڕەییدا
هەر دەلوورێنێ…

هەندێ جار…
یادەکانت، وێنەکانت، نامەکانت،
لەناو کەروێشکەی خەیاڵمدا
ماندووبوونی خۆیان دەشکێنن.
لە ناو فرمێسکی پەنجەرەکەمدا،
مانگ وەک ماسییەکی سپی
خۆی دەشارێتەوە لێم.

من تابلۆیەکی ونبووم
کە هێشتا بۆنی دەستەکانی تۆی لێ دێت.
ئای، چەند خۆشە… با لەگەڵ دەنگی تۆدا
چاوشارکێ لەگەڵ هەستەکانمدا دەکات!
کاتێ ناوت دەهێنم،
شکۆفەی گوڵی ئینجانەکانم
گوێ لە ئاوازی خۆیان دەگرن.

ئەو ساتەی تۆ نیگام بۆ دەکەی،
سێبەرەکان کۆچ دەکەن بۆ لای ڕووناکی؛
داڤینشی فڵچەکەی دەشکێنێ،
چونکە زەردەخەنەکانت ئەو تلیسمەن
کە هیچ تابلۆیەکی هونەری نیگاری نەکێشاون.

بوومەلێڵە و من لەسەر باڵی شەپۆلێک دەڕۆم…
کە دەریای هەرگیز تیا لەدایک نەبووە.
ئەوەی لە ژێر پێمدایە ئاو نییە،
یادی سبەینێیەکە کە هێشتا نەهاتووە.

دریخا تۆ لە هەموو ئاوێنەکاندا پشت لە من دەکەی،!
بەڵام هەموو ئاوێنەکان
ڕوو لە من دەکەن!

کێ فێری ئاوی کرد وێنەی ئاگر هەڵبگرێ؟
کێ فێری شەپۆلی کرد کەنار بۆ پێگەیشتن بخوڵقێنێ؟
لە شەوێکدا، ئەستێرەیەک
لە ئاسمانی چاوەکانتدا کشا؛
بەیانی… هەموو ئاسمان کوێر بوو!

ئێستا هەرچەند تۆ وونی ،
بەڵام نەبوونت،
لە ئامادەبوونی هەموو شتەکان ڕاستترە.
من بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە بە تۆ ناگەم،
بەڵکو خەیاڵ…
هەر جارێک، بەسەر شەپۆلی منەوە
دەگات بە تۆ.

لە کۆتایی شەودا،
کاتێ چراکانی خۆی خامۆش دەکات،
تەنها ئەو خەونە دەبینێ کە نەخەوتووە.
شاید خودا دونیای لە تاریکی دروست کردبێ،
بەڵام عاشقەکان…
تاریکییان لە ڕووناکیی موتەربە کردبێ.

لە ناو باخێکی بێ‌بەهاردا،
با نامەیەکی کۆنی دەخوێندەوە؛
پەڕەکان هەموو سپی بوون،
تەنها بۆنی دەستەکانی تۆ «وشە» بوو!
ئەو کاتە تێگەیشتم:
مرۆڤ هەرگیز لە شوێنێکدا ناژی،
لە بیرکردنەوەی شوێنەکاندا دەژی.

ئەمشەو کاتژمێر سکوتی لە ئەژنۆ گرتووە،
چرکەکان وەک مۆم بە ناو تەمەنمدا دەچۆڕێنەوە.
من لەگەڵ سێبەری خۆمدا قسە دەکەم،
بەڵام سێبەرەکەم
هەر جارێک بە دەنگی تۆ وەڵامم دەداتەوە.

ڕەنگە لە ژیانی پێش لەدایکبوونماندا،
ئێمە دوو گوڵی ئاوی بووبین لە ڕووبارێک
کە ئێستا هیچ نەخشەیەک نازانێ بۆ کوێ دەڕوات…
بۆیە هەر کاتێک باران دەبارێت،
دڵم بۆ شتێک بە تەنیا دەگری،
کە هەرگیز لەبیرم نەبووە چییە.

ئەگەر مردن دەرگایەکی تر بێت،
من تەنها یەک پرسیارم هەیە:
ئایا لەو دیوی کاتیش،
خەیاڵ هێشتا شەپۆل دروست دەکات؟
یان ئەویش… وەک تۆ لە پێشمەوە دەڕوا و
من بەدوای بۆنی ڕەنگەکانتدا ئاوارەم؟

چونکە هەندێک دیدار لە زەویدا ڕوونادەن؛
دەبێت ئاسمان، خەوی خۆی تەواو بکات،
تا دوو دڵ لە یەک خەوندا
یەکتر بدۆزنەوە.