ئەیوب ئەحمەدی تینوو کۆکەیی
شاعیر، بۆکان
…………….
غەریبان دەربەدەر،بێ ماڵ و حاڵن
غەریبان بێ کەسن چەشنی غەزاڵن
لە دەردی شەو دەگەن شەوگاری نامۆ
غەریبان وەک شنەی شەوبا لە یاڵن
غەریبان کۆچەرن،کۆچەر غەریبن
بە ڕۆژدا ڕێ دەپێون،شەو دەناڵن
شەهیدی گۆڕ غەریبی بێ وڵاتن
غەریبان هاودەمی سۆزی خەیاڵن
پەڕیوەی دوورەدەست و دوورە زێدن
غەریبان هۆگری بادی شەماڵن
غەریبان جەستە زاماری نەیارن
لە خوێنی سووری خۆیاندا شەڵاڵن
لە غوربەت هاونشینی مەرگی هەردەم
غەریبان خانەخوێی ئازاری تاڵن
ئەگەر شاە و ئەگەر میری مەزن بی
لە غوربەت دەرکی ماڵت پێدەماڵن
غەریبان دڵشکاو و چاو بە گریان
بە ئەسرین کۆسپی سەرڕێ ڕادەماڵن
منی تینوو لە زێدی خۆم غەریبم
غەریبان ببنە پاشا هەر ڕەجاڵن
15گوڵانی 26

