فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کەروێشکە سپی خۆشباوەڕبوو

هاوناز مستەفا
نووسەر و شارەزای گەشتوگوزار، سلێمانی

……………………………………….

کەروێشکەسپی لەدارستانێکی گەورەدا لەگەڵ دایکیدا لەماڵێکی خنجیلەدا دەژیان، ئەوان زۆر دڵخۆش بوون کەروێشکەسپی ڕۆژانە دەچوو بۆ قوتابخانەو هەمیشە لە وانەکانی سەرکەوتوو بوو ، کە دەهاتەوە بۆ ماڵەوە دایکی خواردنی خۆشی ئامادە دەکرد وەک شۆربای گێزەر و سەوزەکان، بەڕاستی ئەو کاتانە زستانێکی سارد بوو کەروێشکەسپی هاوڕێیەکی هەبوو ئەویش خاتوو سمۆرەی بچووک بوو ئەوان زۆر نێوانیان خۆش بوو ،
ڕۆژێکیان لە قوتابخانە ڕێویەکی لێبوو کە زۆران و ئاژاوە گێر بوو لە کاتی پشووی وانەکان چووە لای کەروێشکەسپی و وتی : ددەزانی سمۆرە چی بە من وت .؟
کەروێشکە سپی وتی : چی وت .؟
رێوی وتی : سمۆرە تۆی خۆشناوێ و تەنها لەبەر ئەوە هاوڕێی تۆیە چونکە تۆ زێرەکی باسی لەوە کرد کە دەیەوێت لە کۆتایی هەفتە دا تۆ تووشی کێشەیەکی گەورە بکات و دەیەوێت لەناو دارستانەکەدا بەجێت بهێڵێت .
ئای تۆچەند کەروێشکێکی خۆشباوەڕیت؟!
ئەو پلانەکەی بەمن وت : ئەوەی تریش خۆت دەزانی من ماندووم و دەچمەوە بۆ ماڵەوە بە قسەم بکە هاوڕێیەتی مەکە……
، کەروێشکەسپی باوەڕی بە قسەکانی رێوی کرد و ماوەیەک زۆر قسەی لەگەڵ سمۆرەدا نە دەکرد و سمۆرە هەستی کردبوو بەس نەیزانی چی بکات ڕۆژێک دوای قوتابخانە کەروێشکەسپی ڕۆیشتەوە ماڵەوە و زۆر غەمبار بوو دایکی کوپێک شیری گەرمی بۆ هێنا وتی : قسە بکە کچم بزانم کێشەت چییە …
کەروێشکەسپی هەموو شتەکانی گێڕایەوە بۆ دایکی دایکی دەیزانی رێوی فێلبازە بەڵام زۆر بە زیرەکانە وتی : کچم سمۆرە تاقی بکەوە من پلانێکم هەیە
سبەی لە قوتابخانە خۆت وا نیشان بدە ئازار بە قاچەکانت گەیشتووە و بگری بزانە کاردانەوەی سمۆرە چی دەبێت ئەگەر هات بۆلات و گریان و خەمی تۆی بوو ئەوا ڕێوی ڕاستی نەکردووە ئەگەر نەهات واتە سمۆرە تۆی خۆشناوێ و ڕێوی ڕاستی کردووە …
کەروێشکەسپی هەموو شتەکانی بە قسەی دایکی کرد و سبەی ئەو کارەی ئەنجام دا یەکسەر سمۆرە هات و گریا و کەروێشکەسپی لە باوەش کرد و گرنگی پێدا ئاوا یەکسەر کەروێشکەسپی هەستا و سمۆرە زۆر بەلایەوە سەیر بوو چووە لای ڕێوی وتی : تۆ ویستت هاوڕێیەتی ئێمە نەمێنێت بەڵام ئێمە بۆ هەمیشە هاوڕێ دەبین ڕێوی زۆر شەرمەزاربوو .
دواتر کەروێشکەسپی هەموو شتەکانی گێڕایەوە بۆ سمۆرە و بەڵێنیان دا کە هەمیشە متمانە بە یەک بکەن و هەتا کۆتایی ژیان هاوڕێی دڵسۆزی یەکبن .