فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەسەرهاتی ئەستێرە بچکۆلەکە

ڕۆنیا محەمەد
نووسەر و وەرگێڕی بواری منداڵان،سلێمانی

………………………………………….

لاوەند لەگەڵ خێزانەکەیدا لەگوندێکی بچووک لە دەشتێکی فراوانی نزیک ڕووبارێک دەژیان. خۆشترین کات لای ئەو شەوان بوو، چونکە بە شەو دەیتوانی سەیری ئەستێرەکانی ئاسمان بکات. ئەو هەموو شەوێک ئەستێرەکانی دەژمارد و زۆرچێژی لەوە وەردەگرت.

شەوێکیان، کاتێک لاوەند لەسەر بانی ماڵەکەیان دانیشتبوو، بینی ئەستێرەیەکی بچووک لە ئاسمان کەوتووەتە خوارەوە و لەناو ڕووبارەکەدا نوقم بووە. ئەستێرەکە سەری لێشێوابوو و نەیدەتوانی ڕێگای ماڵەوە بدۆزێتەوە. لەناو ئاوەکەیشدا کەمتر دەدرەوشایەوە و هیچ لە ئەستێرەکەی جاران نەدەچوو. لاوەند چووە لای و ویستی کەمێک دڵی بداتەوە، لێی پرسی: “ئەستێرەی جوان بۆچی نیگەرانی؟”

ئەستێرەکەیش بە پچڕپچڕ وەڵامی دایەوە: “ڕێگای ماڵەوەم ونکردووە و ئێستایش لەناو ئەم ئاوەدا ڕووناکی و درەوشانەوەم کز بووە، ئێستا ناتوانم یارمەتی هاوڕێکانم بدەم لە ڕووناککردنەوەی ڕێگاکەیان.”

لاوەند ئەستێرەکەی لە ئاوەکەدا هێنایە دەرەوە، ئەستێرەکەیش کەمێک نیگەرانییەکەی کەم بووەوە. دواتر لاوەند بە ئەستێرەکەی وت: کە لەگەڵیدا بڕواتە ماڵەوە و تا شەوی داهاتوو کەمێک پشوو بدات، بەڵام ئەستێرەکە قایل نەبوو، چونکە ئەو زۆر بیری دایک و باوکی خۆی دەکرد. دوای کەمێک بێدەنگی، لاوەند کونەپەپوویەکی بینی، فیکەیەکی بۆی کرد تا بێتە خوارەوە. ئەو کونەپەپووەکەی دەناسی و زۆر هاوڕێبوون بەیەکەوە، زۆرجار کونەپەپوویش لەگەڵ لاوەند سەیری ئەستێرەکانی دەکرد. کە هاتە خوارەوە لاوەند دۆخی ئەستێرەی ونبووی بۆ باسکرد و داوای لێکرد کە لەگەڵ خۆی بیباتە سەرەوە بۆ ئاسمان تا دایک و باوکی یان یەکێک لە دۆستەکانی بیبینن و بیناسنەوە. کونەپەپوو زۆر بەهێزبوو، دەیتوانی زۆر بەرز بفڕێت، ئەو بەخۆشحاڵییەوە قایل بوو. دوای ماوەیەک ئەستێرەکە دایک و باوکی بینی و هەموویان بەیەکدی شادبوونەوە.

ئەستێرەکە لە دوورەوە هاواری کرد: “سوپاست دەکەم لاوەند! هەرگیز چاکەکەت لەبیر ناکەم.”

لاوەند بۆی دەرکەوت کە یارمەتیدان بەهایەکی زۆر بەرزی هەیە و هەموو بوونەوەرەکان دڵخۆش دەکات. بۆیە بڕیاریدا یارمەتی هەموو گیانەوەران بدات بێ جیاوازی. لەو شەوەوە، هەر کاتێک لاوەند تەماشای ئاسمانی دەکرد، ئەستێرەکە بە شێوازێکی تایبەت دەدرەوشایەوە، وەک ئەوەی سڵاوی بۆ بنێرێت.