فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بنیادنانی توانای منداڵ بۆ وەدەستهێنانی خواستەکانی

چرۆ رەشید قادر
شاعیر و چیرۆکنووس و پەروەردکار، سلێمانی

……………………………………………

خواست ئەو تایبەتمەندییەیە کە تاک ئارەزووی دەکات و دەیەوێت بە دەستی بهێنێت، بۆ ماوەیی نییە تا منداڵان لە باوانەوە وەریبگرن، بەڵکو پەیوەستە بەتێکەڵەیەک لە فاکتەری ژینگەیی و چالاکیی رۆژانە.

پێویستە منداڵ رێگەی پێبدرێت خۆی ئەو کارانە بکات کە لە سنووری توانای خۆیدایە نابێت گەورەکان کارەکانیان بۆ بکەن
بنیادنانی بە بەشێکی گەورەی پەروەردە و فێرکردن دادەنرێت، خێزان یەکەمین دامەزراوەی پەروەردەییە بەردی بناغەی کۆمەڵگەیە، هەر خێزانێک بە پێی نەریت بۆچوون، بەهاو پێوەری خۆی منداڵەکەی پەروەردە دەکات، هەمووشیان خوازیارن منداڵی باشیان هەبێت، بۆ ئەوەش پێویستە بزانن چۆن ئەو کارە بکەن، کە گرنگترینیان پەروەردە و رۆشنبیرکردنی خودی دایک و باوکە، بنیادنانی خواست پێویستی بەبوونی ئامانجی دیاریکراو، توانا بۆ خۆڕاگری، دواخستنی ئارەزووەکان، ئامادەیی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکاندا دەبێت، هەندێکجار بۆچوونەکان هەڵەن، دایک و باوک پێیان وایە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ هیچی پێ ناکرێت وا هەست دەکەن کە گەورە بوو درک بەشتەکان دەکات، تێگەیشتووتر دەبێت، داواکردنی بەرپرسیارێتی لە منداڵ لە سنووری توانای خۆییدا کارێکی دروستە.
پێویستە هەموو منداڵێک ياسا و رێسای سادەی ژیانی رۆژانەی بۆ دابنرێت وەک :کاتی خەوتن و هەستان لە خەو، دەست شتن پێش نان خواردن و دوای نانخواردن، کۆکردنەوەی یارییەکان پێش کاتی خەوتن، لە هەمانکاتدا پێویستە هەستی یارمەتیدانی تێدا دروست بکرێت لە خێزانەکەیدا. تا ئەگەر ئەو کارەی دەیکات پێویستی بە تەواوکاری هەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە بەم کارە ناتەواوانەی تواناى وەدەستهێنانی خواستی لا دروست دەکەیت.
بۆیە پێویستە رێگەی پێبدرێت خۆی ئەو کارانە بکات کە لە سنووری توانای خۆیدایە نابێت گەورەکان کارەکانیان بۆ بکەن، چونکە رێگە لە سەربەخۆییان دەگرن، پێویستە منداڵ تا گەورەتر بێت داواکاری دایک و باوک لە سەری زیاتر بێت.
کاتێکیش منداڵێکی چوار ساڵ داوای کڕینی بووکەڵەیەک لە دایکی دەکات، دایکەکە پێی دەڵێت لە ئێستادا ناتوانم بۆت بکڕم، بەڵام بەڵێن بێت جارێکی تر هاتینەوە بازاڕ بۆت دەکڕم، لێرەدا ئەگەر بەڵێنەکە جێبەجێ نەکرێت بێ متمانەیی لای منداڵەکە دروست دەبێت بەرامبەر دایکی، ئەمە لەلایەک لەلایەکی تریشەوە ئەگەر منداڵەکە هەرپێداگری کرد لەوەی دایکەکە بووکەڵەکەی بۆ بکڕێت بە گریان و بیانووگرتن دایکەکە بۆی کڕی، ئالێرەدا منداڵەکە بە مەبەستی خۆی دەگات ئارەزووی خۆی بەدەستدەهێنێت، بەڵام دایکەکە بەم رەفتارەی زیانی پێ دەگەیەنێت چونکە وا رایدەهێنێت کە نەتوانێت ئارام بگرێت و چاوەڕێی بکات خواستەکانی دوا بخات.
چونکە ویستی گەورە بە خواست و سەرکەوتن بە دەست نایەت، بەڵکو بە زاڵبوون بە سەر خود و خۆڕاگری بە دەست دێت، بنیادنانی لە منداڵدا بە بوونی توانای خۆڕاگری و دواخستنی ئارەزووەکانی و ئامادەیی بۆ زاڵبوون بە سەر گیروگرفتەکانی خۆیدا لە پێناو گەیشتن بە خواستەکانی دەبێت.
دایک و باوکی سەرکەوتوو ئەوانەن دەزانن دەبێت چی بکەن و چۆن مامەڵەی دروست بکەن.