فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕامان

 

هەوار خەلیل
شاعیر، سلێمانی

…………………….

بەسە چیدی ڕۆحی پەژموردەم
مە ئاڵۆزێنە
من خاوەن پرچێکی خاوی
هەورئاسا و
دڵێکی ناسکی هەزارانجار شکێنراوم
ڕۆحم ئاڵۆزە وەک پرچم
ساتێ بۆ ژین پێدەکەنم
تەمەنێکیش لەقووڵایی غەمدا ونم
کانیلەی هەردووچاوانم
تاوێک دەبن بە بورکان و کڵپە
تاوێ دەبن بەڕەهێڵە و
بەگۆنامدا دێتەخوارێ
لەم ئێوارە ناوەختەدا
بێ ئۆقرەم و
لەدیمەنی پەشۆکاوی خۆم ڕاماوم
تک تک ئازارم لێدەتکێ
بەسە ئیتر لەوە زیاتر
هەست وناخم مەهەژێنە
لێمگەڕێ با
وەک کارژۆلە
بەدوای بەختی خۆما بگەڕێم
بەبارتەقای هەمووگەردوون
چاودەگێڕم تابزانم
کامە ڕێگە بۆلای تۆیە و لەکوێوە بێم
من گرێی  ئەم شەوە نووتەکەم
بۆ ناکرێتەوە
ڕەش دادەگەڕێم
بۆ دڵدانەوەیە کی خۆم
هەزاران کتێب لەسەرژیانی نەفرەتیی خۆم دەخوێنمەوە
من گرفتاربم
بارم قورسە و  پینەوپەڕۆ دادم نادات
وەلێ
گەر شادبم
چی سەحرای بوونە
دێراوییەکەم
من لە ما بەینی نەگبەتی و
بێ چارەییدا
گۆشەگیر و بێڕووناکیم
لەتاو ساردوسڕی
ئەم نەفسە  نغرۆبووەم
ئەشکەنجە دراوم
جارێ نەبوو  هەزاران جار بۆ هەڵهاتنی خۆری ڕووت
نزام کرد و
کەچی دیسان
تێکشکام و ڕۆحم هەپرون هەپرون بووە
دەسا خوایە
ئەبێ چۆن بێت
هەستی پاکی ساغ و گەرمی
ئەوینداران؟
چ ما بەشم بەم تەڵخییەوە  واخوساوە لەبەر باران
ئاخر
باران خۆی و بارینیشی جوانە
وەلێ ئەم بارانەی من هی هاوینێکی تاقەت پروکێنی پڕ گریانە.
من دەمەوێ
بۆلەمەودوا لەدەست زریان
ڕاپسکێم و
بە سەرباڵی سیمرغەوە
بە گەردووندا گەشت بکەم و
گوڵی ئازادی بچنمەوە.