فەرھاد قەرەگۆلی
تەنزنووس، نەرویژ
…………………….
تازە هاتبووم بۆ ناو حیزب هیچم لە پێشمەرگە بوون و شتی وا نەدەزانی، تەمەنم زۆر کەم بوو….
کاک ڕەسووڵ و شۆڕشی ئامۆزای لە من گەورەتر بوون و پێکەوە بووین، بە هۆکاری هاوگوندی و هاوناوچەیی بوون لە منەوە نێزیک بوون….
جا لە ماڵی دەیانگووت تۆ تەمەنت کەمە هەر چی کاک ڕەسووڵ و شۆڕش وتیان بڵێی بە چاوان بە قسەیان بکە، با ئابروومان نەچێت ئەوێ وەک گوندی خۆمان نییە خەڵکی بێزار بکەی….
کاک ڕەسووڵ و شۆڕشی ئامۆزای باش بابەتەکەیان دەزانی من دەبا لە جلوبەرگ شووتنی ئەوانە را بگرە تا نان حازرکردن و ئێواران کە هەوا فێنک دەبوو پشتی کاک ڕەسووڵم ماساژ دابا پێیان دەکردم.
لای شۆڕشی بووم و رۆژانە فێری دەکردم چۆن مریشکی بدزم.
دواتر چاوم لێکرد ئەوانە باسی ئەدەب و هونەر و ئەدەبیات دەکەن، شیعر دەڵێن و لە کۆبوونەوەی نێوان خۆیاندا بە شان و باڵی یەکتری دا بژی بژی دەڵێن.
منیش وتم وەڵا دەبێت منیش خاوەن لێهاتوویی و رێچکەی خۆم بم، منیش دەمهەوێ وەک ئێوە کتێب بنووسم و وەرگێڕانی بکەم.
وتیان باشە بەڵام دەبێت سەرەتا لە چای دانان و خزمەتگوزاری بۆ میوانان دەست پێ بکەیت.
دوو مانگ گوزەرا خەبەری نەبوو، تا رۆژێک دیتم وا سوڵتانی شەش مانگ دەبێت خەو و خواردنی لە خۆی حەرام کردووە و خەریکی وەرگێڕانی کتێبی ئەسکەندەری مەکدۆنییە….
لە ناکاو فکرەم بۆ هات کە چی بکەم.
کچێکم فێرکرد کە سوڵتانی لە خشتە بەرێت و بڵێی بە ئەو شەرتەی وەڵامت دەدەمەوە کە کتێبی بە ناو من وەرگێڕانی بۆ بکەی، ئەو کات من هی تۆم….
سوڵتانی وتی وەڵا حازرە ئەوەتا سبەینێ شەو دەیهێنم بۆ تۆ….
شەو هات سوڵتانی بە دزی چووە پشت ماڵی کچە، ئێتر ئەوە ئاگادار نییە من پێشتر براکانی کچەم ئاگادار کردووەتەوە کە سوڵتانی دێت بو ئاشقی…
براکانی کچە سوڵتانی دەگرن دوای دارکاریکی باش هەڵدێت، بەیانی کە چووم دیتم کتێبێک لە سەر زەوی کەوتووە، کە چاوم لێکرد ئەوە ئەو کتێبەیە کە سوڵتانی شەش مانگ خەریکی وەرگێڕانی بووە…
کتێبەکەم هەڵگرت بۆ خۆم و لە چاپم دا، ئەو ساڵە من یەکەمی هەرێمی کوردستانم هێناوە…
سوڵتانی دەچێت شکایەتم لێدەکات کە ئەوە دزی ئەدەبی کردووە و خاوەنی ئەو وەرگێڕانە منم….
بەڵام من حاشام لێکرد، وتم لە حەسوودی وا دەڵێت.
شۆڕشی ئامۆزای کە دیتی لە ئەدەبیات و هونەر چی دەست ناکەوێت، رۆژێک بە تەلەفونی قسەی لەگەڵ کچێکی دەکرد، دەیگوت ئەگەر هاتی بۆ ناو حیزب تا نەڵێیت شۆڕش دۆشکە کەس نامناسی….

