فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەکەزێت ڕۆحم ڕابکێشە

بورھان بەرزنجی
شاعیر، کەرکووک

………………….

 

فەرهاد نیم و
هەزاران
پەیکەری خۆشەویستیت
لە شاخەکانی
لەدڵمدا دەتاشم .
بێستوون نیم و
سەرسنگم
هەزاران
وێنەی قسەخۆشی تۆی پێوەیە .
هەزاران جار
لەدامێنتدا
ئەم دڵەم خاچ دەکرێ و
دەست بەسەر عیشقمدا ناهێنی .
بەکەزێت
ڕۆحم ڕابکێشە ،
لەژوورێکی دڵتدا ،
بەخاک بمسپێرە .. من ڕازیم ،
نەوەک
ناحەزێ
گڵکۆی چاوەکانم هەڵبکۆڵێ و
وێنەیەکتم لێ بدزێ ،
چی بەیەزدانی خۆم بڵێم ؟
قەلەندەر خۆم .!
لەناو وڵاتاندا ،
دەنگۆی
بزربوونی هەناسەیەکی مەعشووقم
بڵاوبێتەوە ،
چی بەعیشقی پیرۆزمان بڵێم ؟
دوکاندارەکانی شیعر ،
هەر بەکاڵی
دێڕ بە دێڕی خەیاڵەکانم بفرۆشن ،
چی بە چاوەکانت بڵێم ؟
ڕۆژگار ،
شەنی
تەمەنم دەکات و ،
پەردەت ،
لەسەر ئەم عیشقەم لانەدا ، باوانی من .
بای
ڕەش وڕووتی شەوانی دووریت ،
قەشمەری
بە ناوماڵی برژانگم دەکات ،
خەوی ئەم عیشقەمان بزڕێنێ ،
چی بە ختەوریمان بڵێم ،
قەلەندەر خۆم .!

٢٠٢٦/٨/٢٣